دانا مەنمی: پارتی لە کوێی سیاسەت و ئەخلاقی سیاسیدایە؟!
پارتی حیزبێکە لە ڕووی سیاسییەوە هەمیشە شکستخواردووەو هەڵەکانی خۆی لە سیاسەتدا نابینێ و بە پیلانگیڕی و دەستی دەرەکی دەیزانێ، هەڵەکانی دەخاتە ئەستۆی نەیارانی و دەست دەبات بۆ گوتاری حەماسی پۆپۆلیستی، پارتی شکستی سیاسی خۆی پینەو پەڕۆ دەکات و بەرامبەر تاوانبار دەکات، پارتی ھەمیشە وەکو هێزێکی”میتا-پاوەر” خۆی نمایش دەکات، بەردەوام خۆی وەکو ھێزێکی فریشتەو ڕزگاریکەرو فریادرەس و ئەوانی دیکە وەکو ھێزی تاوانبارو خیانەتکارمانفێست دەکات، بەنموونە لەریفراندۆم داهەمووان و پارتیش دەیانزانی کە سەربەخۆیی بە حەماسییەت بە دەست نایەت و دەیانزانی نەک هەر سەر ناگرێ، بەڵکوو دەبێتە کارەسات بۆ کۆمەڵگا، کەچی چەپڵەی هەندێک سەرکردەو گەنجی نابینا سەرمەستی کردبوون بەبێ لێکدانەوەو تێگەیشتن و گوێگرتن ، چیان بەسەر ئەو وڵاتە هێنا!
سیاسەت لای پارتی زیاتر لەمەزاج و عاتیفە و دونیای شاشەکانەوە سەرچاوە دەگرێ، دور لە عەقڵانیەت لە فکرو لە زانست تەفسیری بابەتەکان دەکات، هەر ئەم تێگەیشتنەی پارتیش ڕەنگدانەوەی لە سەر پارتییەکان هەیە و پارتیەکانیش بە عاتیفە و حەماسیەت و بەبێ فیکر دیدو ڕوانینی خۆیان دەردەبڕن و دۆخێکی کوشندەیان دروست کردووە، وەلێ پارتی دەیەوێت لەڕێگای جۆشدانی جەماوەر و دروستکردنی حەماسەتی سیاسییەوە تەواوی کۆمەڵگە بیخاتە دوای دروشمەکانی خۆی، ئامانجی پارتی ئەوەیە کە وزەو جەستەو عەقڵی کۆمەڵگا کەوی بکات، هەر بۆیە پارتییەکانی ناو پارتی زیاتر سایکۆلۆجیاو زیھنیەتیان شێواوە و توانای بینین و بیرکردنەوەی سیاسییان تا ئاستێکی نزم و کۆمیدییە!
دونیای سیاسەت دونیایەکی فراوانە و روانینی جیاواز هەیە بۆ پێناسەکردنی سیاسەت و سیاسەتیش بەگشتی پرۆسهی بریاردان، هونهری کهڵک وهرگرتن له دهرفهتهکان، خزمەتکردنی مرۆڤهکان، ململانێ یە لە پێناو چاکەی گشتی دا، سیاسەت لای ئەفلاتۆن ( 347- 428 پ.ز.)،كارێكی جەماوەریەو دەڵێ” سیاسەت و ڕەوشت لێک جیاناکرێنەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە ڕەگێکی بەھێزی ھەبێت، سیاسیەکان دەبێت ڕەوشتیان ھەبێت”. ئەرستۆ سیاسەت وەک ھونەری خزمەتکردنی کۆمەڵگا دەڕوانی بە شێوەیەک کە خێر بۆ مرۆڤایەتی بەرھەم بھێنێ، لای جان جاک رۆسۆ خۆشگوزەرانی میللـەت هەموو شتێکەو حکومەتی باشیش ھێزی خۆی شۆڕ دەکاتەوە بۆ ناو خەڵک تا ماف و کەرامەتیان بپارێزێت، وەلێ کایەی سیاسی گرێدراوە بەکایەی ئەخلاقەوەو پێوەندییان بەیەکەوە هەیە، ئەخلاقیش یەکێک لە بەشەکانی فەلسەفە وفەلسەفەی ئەخلاقی سیاسی بابەتێکی بەربڵاوەو قسەی زۆر هەڵدەگرێت، فەلسەفەی ئەخلاق لە یۆنانی کۆنداو لەلایەن سێ فەیلەسووفی گەورەی وەک ئەفلاتوون، ئەرستۆ و سوقرات هاتە گۆڕی و هەرسێ فەیلەسوفەکە ئەخلاق بە کۆڵەکەی سیاسەت دادەنین، دواتریش لە سەدەی هەژدەدا ئیمانوێڵ کانت( 1724- 1804) پێی وایە کە مرۆڤی سیاسی دەبێ خاوەنی ئەخلاقێکی باش و شایستە بێت.
دواجارهەموو ئەو بەهایانەی کە پارتی لە کایەی سیاسەتدا کاریان پێدەکات بەهای فیکریی و سیاسیی و یاسایی نین، بەڵکو بەهای شەخسیین و پارتیش لەو جۆرە حیزبانەیە کە لە سەر سیاسەت دەژی، هەڕەشەیە بۆ سەر کۆمەڵگاو مەترسییە بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتیی، ئەم تێگەیشتنەی پارتی و ئەم فۆڕمەی ئێستای سیاسەتکردنی پارتی لەگەڵ هیچ تیۆرو فەلسەفە و رێبازیکی فیکری و زانستی دا یەکناگرێتەوە، خەون خولیاو دونیابینی پارتی لە کایەی سیاسەتدا هێندە بچوکە هيشتا عەقڵی سەدەی حەڤدەیەمی جێنەهێشتووە، خەونی پارتی لە کایەی سیاسەتدا پەرتەوازەیی و پاشا گەردانیی و وێرانکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و بونیادنانی ژینگەیەکی پڕ لە ترس و نائارامی و شکاندنی شکۆو کەرامەتی ئینسانەکان و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانە، ئەوەی کە بیری لێ نەکراوەتەوە سیاسەتە بەمانا عەقڵانی و زانستییەکەی و نایانەوێت سیاسەت ئەرکێک بێت لە ئەخلاق.