ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: به‌دیع باباجان، له‌نیگاركێشییه‌وه تا دیزاینی دراوی عیراقی.
دوای خوێندنه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی ژیانی، زۆر سه‌رسامی به‌هره و سه‌لیقه و وردكاری بلیمه‌تێك بووم، له‌به‌ر شاره‌زایی و لێهاتوویی به‌به‌هره‌ی جوانی توانیویه‌تی به‌هێزترین په‌یوه‌ندی نێوان هونه‌ری شێوه‌كاری و ئه‌ده‌بی كوردی دروست بكات، یه‌كه‌مین شێوه‌كاری كورده به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی خوێندووه، هێڵكاری چه‌ندین كاری دانسقه‌ی كێشاوه، ته‌نانه‌ت دیزاینی پاره‌ی عیراقی كردووه، زۆر كه‌م به‌دوای پاره و سامانه‌وه بووه، كه‌چی ناوبانگێكی زۆری په‌یداكردووه، بێگومان ئه‌و شایانی ئه‌وه‌یه چه‌ندان بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرای ده‌رباره بنووسرێ، كه‌چی ئه‌و له‌گۆشه‌یه‌كی خامۆشدایه و كه‌متر ده‌رباره‌ی ده‌زانین، ئه‌و زاته پڕ به‌هره و ورده‌كاره هونه‌رمه‌ندی نیگاركێش به‌دیع باباجانه، به‌دیع كوڕی حسین باباجان له‌ساڵی 1923له‌شاری كه‌ركوك، له‌گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسم له‌دایك بووه، دكتۆر حسین باباجانی باوكی پزیشكی نهشتهركاربوو، له‌ئه‌سته‌نبوڵ پزیشكی خوێندبوو، له‌شاری كه‌ركوك خانوویه‌كی گه‌وره و حه‌وشه‌یه‌كی فراوان و باخێكی پڕ له‌میوه‌ی تێدابوو، له‌و ماڵه‌دا چه‌ند ژوورێكی ته‌رخان كردبوو بۆ بینینی نه‌خۆش، دیوه‌خانێكی گه‌وره‌شی هه‌بوو له‌لایه‌ن دۆستان و براده‌ران، زۆرجار كۆڕی ئه‌ده‌بی تیادهبهسترا، حوسه‌ین ئه‌فه‌ندی له‌به‌ر ده‌ستبڵاوی ڕۆژانه چی ده‌ستبكه‌وتایه خه‌رجی ده‌كرد.
سه‌رده‌می منداڵی
به‌دیع باباجان له‌ته‌مه‌نی 5-6 مانگی‌دا باوكی كۆچی دوایی ده‌كات، له‌سۆزی باوكی بێبه‌ش بووه، به‌و هۆیه‌وه خۆی و هه‌ردوو براكه‌ی و دایكیان له‌هه‌ژاری و نه‌هامه‌تیدا ژیاون. هه‌ر به‌منداڵی له‌ناو باخچه‌ی ماڵه‌كه‌یاندا هه‌ستی هونه‌ری شێوه‌كاری له‌ناخیدا سه‌رهه‌ڵده‌دات، به‌درێژایی رۆژگار له‌كاغه‌زی ره‌نگاوره‌نگ شێوه‌ی گوڵ و دار، له‌قوڕی سوور په‌یكه‌ری فیل و باڵنده، له‌كارتۆن فڕۆكه‌و خانووی دروست ده‌كرد.
به‌دیع باباجان بۆ خوێندن چۆته سلێمانی و له‌ماڵی ئامۆزاكانی نیشته‌جێ بووه، كاتێك ده‌چێته قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی هه‌مان حه‌زو خولیای هونه‌ریی خۆی بۆ ئه‌وێ ده‌بات، له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی ده‌فته‌ره‌كه‌ی ره‌سمی چۆله‌كه‌و باڵنده‌ی ده‌كێشا، به‌و هۆیه‌وه رۆژێك یه‌كێك له‌مامۆستاكانی به‌تووڕه‌ییه‌وه ده‌ست ده‌خاته‌سه‌ر ده‌فته‌ره‌كه‌ی و به‌پیسترین قوتابیی وه‌سف ده‌كات! به‌دیع خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌سلێمانی ته‌واوكردووه، پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه كه‌ركوك، قۆناغی ناوه‌ندی له‌كه‌ركوك ته‌واوكردووه.
یه‌كه‌م كورده به‌شێوه‌ی ئه‌كادیمی هونه‌ری خوێندووه
به‌دیع باباجان له‌ساڵی1945چۆته په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا، خۆی ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی هه‌بووه له‌به‌شی مۆسیقای كلاسیكی وه‌ربگیرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یزانیوه نۆته بنووسێت، له‌وبه‌شه وه‌رنه‌گیراوه، ناچار چۆته به‌شی وێنه‌كێشان و له‌ساڵی1950سه‌ركه‌وتوانه به‌پله‌ی (امتیاز) به‌شی هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدای ته‌واوكردووه، دواتر وه‌ك فه‌رمانبه‌رێكی هونه‌ری لهمساحهی گشتی به‌غدا دامه‌زراوه، له‌به‌ر لێهاتوویی یه‌كێ بووه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی نێردراون بۆ خولی نه‌خشه‌سازی له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی عیراقی‌دا له‌ساڵی 1964 چوونه‌ته سویسرا، به‌ڵام ته‌نیا هونه‌رمه‌ند به‌دیع باباجان له‌خوله‌كه‌دا سه‌ركه‌وتووبووه. له‌به‌ر لێهاتوویی ساڵی1973به‌مامۆستای به‌شی خۆشنووسی و زه‌خره‌فه له‌په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا دامه‌زراوه و ماوه‌ی چوار ساڵ به‌رده‌وام بووه.
به‌دیع باباجان و به‌هره هونه‌رییه‌كانی
به‌دیع باباجان له‌قۆناغی پاش سه‌ره‌تایی لهپیشانگاكانی وێنه‌دا به‌شداری ده‌كات، وه‌كو قوتابییه‌كی نیگاركێشی لێهاتوو ده‌ناسرێت، به‌دیعی به‌هره‌مه‌ند و عه‌وداڵی جیهانی هونه‌ر، خۆی وتویه‌تی: “له‌منداڵیه‌وه خوا منی بۆ كلاسیك خه‌لق كردووه، تاشتهكان به‌سروشتی خۆیان بگوازمه‌وه” دوای ته‌واوكردنی خوێندن به‌دیع له‌به‌غدا سه‌رقاڵی تابلۆكێشی ده‌بێت، هه‌ر جارێك تابلۆیه‌ك ده‌كێشێت دۆستێك ده‌هات و ده‌یبرد، ئیدی به‌و هۆیه‌وه وازی له‌و پیشه‌یه هێنا، دواتر بۆ بژێوه‌ی ژیان، له‌شه‌قامی ڕه‌شیدی شاری به‌غدا له‌گه‌ڵ خۆشنووسێكی دیكه به‌ناوی مه‌هدی جبوری نووسینگه‌یه‌كیان به‌ناوی (الخط العربی) بۆ هێڵكاری و خۆشنووسی كرده‌وه.
به‌دیع خۆیشی چاوه‌ڕێی هیچ پاداشت و نرخ وه‌رگرتنێكی نه‌كردووه، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و وێنه و تابلۆ هونه‌رییانه‌ی كێشاویه‌تی، وه‌ك دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار نوسیویه‌تی: به‌دیع باباجان بڕیاریدابوو هه‌رچی كارێكی هونه‌ری په‌یوه‌ندی به‌كورده‌وه هه‌بێت، تاژیانی ماوه به‌خۆڕایی و بێ پاره ده‌یكا، له‌به‌رئه‌وه كاره هونه‌رییه‌كانی له‌نوسینگه دوو جۆربوون. یه‌كێكیان داهێنانی هونه‌ریی، ئه‌مه‌یان بێ پاره بوو، ئه‌ویتر كاری تهمغهو ماركه‌ی بازرگانی بۆ ده‌زگاو كۆمپانیا و خهڵكیتر، ئه‌مه‌شییان بۆ پاره‌بوو له‌پێناو بژێوی ژیان و باری دارایی خێزانیی بوو.
كه‌سایه‌تی به‌دیع باباجان له‌مێژووی هونه‌ری شێوه‌كاری كوردیدا پێگه‌یه‌كی به‌رزی هه‌یه، ده‌كرێت جۆری كاره‌كانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده له‌دوو جۆر ڕیزبه‌ندی بكه‌ین، كه یه‌كه‌میان ئه‌و كاره هونه‌ریانه بووه بێ به‌رامبه‌ر ئه‌نجامی داون، جۆری دووه‌م ئه‌و كاره بازرگانیانه‌ی بۆ بژێوی ژیانی ئه‌نجامی داون.
وێنه هێڵكارییه‌كانی مێژووی ئه‌ده‌بی كورد
به‌دیع باباجان وێنه و هێڵكاری زۆر له‌كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی كێشاوه، ساڵی 1939-1949 وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاو هێڵكاری و وێنه‌ی گۆڤاری گه‌لاوێژی كێشاوه، ساڵی 1948-1949 له‌گۆڤاری نزار به‌هه‌مان شێوه ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه. له‌ساڵی1970نه‌خشه‌ی دروشمی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد و وێنه‌ی به‌رگی چه‌ندین په‌رتوكی كێشاوه، به‌درێژایی پتر له نیو سه‌ده ژماره‌یه‌كی زۆر تابلۆ‌و وێنه‌ی به‌نرخ و نایاب و سه‌رنجڕاكێشی بۆ ناوهڕۆك و به‌رگی زۆر له‌گۆڤارو كتێبه ئه‌ده‌بییه كوردییه‌كان كێشاوه.
له‌ساڵی1950كه تازه به‌دیع باباجان په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی ته‌واوكردووه، مامۆستا عه‌لائه‌دین سوجادی داوا لهبهدیع باباجان ده‌كات به‌هێڵكاری پۆرتێتی شاعیره كلاسیكیه‌كان بكێشێت، به‌دیع باباجان و مامۆستا عه‌لائه‌دین واڕێكهوتبوون، مامۆستا عه‌لائه‌دین سوجادی پێناسه‌ی شێوه و شكڵی شاعیره‌كان بۆ باباجان بكات، ئه‌میش به‌پێی پێناسه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شاعیره‌كه تێیدا ژیاوه هێڵكارییهكه بكێشێت، مامۆستا عه‌لائه‌دین سوجادی له‌نامه‌یه‌كی چه‌ند لاپه‌ڕه‌ییدا به‌شێوازی سیناریۆی فیلم و كێشانی وێنه به‌وشه، داوا ده‌كات ئه‌م هونه‌رمه‌نده كورده وێنه‌ی پۆرترێتی شاعیرانی كلاسیكی كوردی بۆ بكێشێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ باسكردنی ئه‌و شاعیرانه له‌كتێبه به‌نرخه‌كه‌یدا( مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی) وێنه‌ی ئه‌و شاعیرانه دابنێت، كێشانی وێنه‌ی شاعیرانی به‌رزی كورد، كارێكی سایكۆلۆجی و كۆمه‌ڵایه‌تی گرنگ بوو له‌دروستكردنی سیما و ئه‌دگاری هه‌ڵكه‌وتووانی كورد له‌ئه‌ندێشه‌ی تاكی كورد. كه‌سێتی شاعیره كلاسیكییه‌كانی كورد پانتایه‌كی فراوانی له‌ئه‌ندێشه‌ی كه‌سێتی كورد داگیركردووه، واتا ئه‌و هێڵكارییانه‌ی له‌كتێبی (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی)ی عه‌لائه‌دین سوجادی بڵاوكراوه‌ته‌وه، هۆكارێكی گرنگ بووه بۆ ناساندنی ئه‌و شاعیرانه، ئه‌ویش له‌ڕێگای ئه‌ندێشه و داهێنانه‌كانی هونه‌رمه‌ندێكی به‌سه‌لیقه‌ی وه‌كو به‌دیع باباجان ئه‌نجامدراوه، به‌دیع هێڵكاری چه‌ندین شاعیری كوردی وه‌ك: (مه‌لای جه‌زیری، بێسارانی، خانی، نالی، سالم، مه‌وله‌وی، كوردی، بێسارانی، بابا تاهیری هه‌مه‌دانی، فه‌قێ ته‌یران، حاجی قادری كۆیی، مه‌حوی، سالمی سنه، ئه‌ده‌ب، شێخ ره‌زای تاله‌بانی… هتد) كێشاوه.
له‌وانه‌یه بیرت بۆ ئهوهبچێ به‌دیع باباجان چۆن وێنه‌ی ئه‌و شاعیرانه‌ی كێشاوه؟ چۆن ڕوخسار‌و ئاماژه ده‌رونیه‌كانی كێشاوه، وه‌ك وتمان كێشانی وێنه‌ی به‌شی هه‌ره زۆری شاعیرانی كلاسیكی كوردی له‌لایه‌ن به‌دیع باباجان، زاده‌ی بیر‌و ئه‌ندێشه‌ی زانای گه‌وره‌ی كورد، مامۆستا عه‌لائه‌دین سوجادییه، مامۆستا سوجادی به‌هزری خۆی له‌سه‌ر تێبینی شیعره‌كانیان به‌نامه شێوه و دیمه‌نی رووخساری شاعیرانی كلاسیكی كوردی بۆ به‌دیع باباجان نووسیوه و ئه‌و پۆرترێته‌كانی كێشاون، بۆ نموونه سوجادی به‌م شێوه‌یه وه‌سفی شاعیرانی بۆ به‌دیع باباجان كردووه:
“سالم 1800- 1866 ته‌مه‌نی 66 ساڵه، پیاوێكی لاواز بووه، باڵا به‌رزبووه، ڕوومه‌تی پان، سمێڵی ئه‌ستوور، لووتی درێژ، ڕیشی تاشیوه، مشكی و جامانه‌ی به‌شێوه‌ی سلێمانییانه به‌ستوه. چاوی گه‌وره‌بووه، له كۆتایی ته‌مه‌نیدا زۆر غه‌مبار بووه.”
“مه‌حوی 1830- 1904 ته‌مه‌ن 74 ساڵ، پیاوێكی به‌دیمه‌ن بووه، سوور و سپی بووه، چاو گه‌وره و برژانگ زۆر درێژنه‌بووه، قه‌ڵه‌وبووه، مێزه‌ری كوردانه‌ی له‌سه‌ر ناوه، كه‌وا و سه‌ڵته و جبه‌ی له‌به‌ركردووه، لووتی به‌رانی بووه، ڕیشه سپییه‌كه‌ی قه‌ڵه‌م نه‌كردووه، به‌ئه‌ندازه‌ی دوو په‌نجه ده‌یهێشته‌وه، سه‌رگۆنای به‌رزبووه و باڵا به‌رزبووه.”
به‌دیع باباجان خۆی له‌چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌رباره‌ی ئه‌و وێنانه‌ی كتێبه‌كه‌ی عه‌لائه‌دین سوجادی به‌ناوی (مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی) ده‌ڵێت:
“له‌ساڵانی دوایی چله‌كاندا ته‌كلیفی لێكردم كه له‌به‌غدا بووین، ته‌ركیزی ده‌خسته‌سه‌ر وه‌سفی سه‌رو سیمایان، به‌تایبه‌ت هی حاجی قادری كۆیی زۆر ماندووی كرد تا وه‌سفی سه‌ر و سیمای دۆزیه‌وه، ڕۆژێك پیاوێكی زۆر به‌ته‌مه‌نی دیبوو، كه خۆی حاجی قادری به‌چاوی خۆی دیبوو، عه‌لائه‌دین سوجادی له‌خۆشیدا وه‌خته‌بوو باڵ بگرێ، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و وه‌سفه سكێچی یه‌كه‌م و دووه‌می په‌یكه‌ره‌كه‌ی حاجی قادرم كێشا”.
به‌دیع باباجان به‌م كاره‌ی توانی به‌هێزترین په‌یوه‌ندی نێوان هونه‌ری شێوه‌كاری و ئه‌ده‌بی كوردی دروست بكات، مارف خه‌زنه‌دار لهنوسینێكدا ده‌ڵێت: ئه‌گه‌رچی له‌ده‌وروبه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانی و پاش جه‌نگ به‌دیع وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی شێوه‌كاری كورد ناوبانگی په‌یداكردبوو، به‌وه‌ی هه‌ندێ له‌به‌رهه‌مه‌كانی له‌رۆژنامه‌و گۆڤاری كوردی بڵاوده‌كرده‌وه. به‌تایبه‌تی له‌گۆڤاری گه‌لاوێژ، نزار، به‌ڵام ناوبانگی ته‌واوی له‌سه‌ره‌تای په‌نجاكاندا په‌یداكرد، له‌وكاته‌وه‌ی وێنه‌ی هێڵكاری كۆمه‌ڵێك له‌شاعیرانی كلاسیكی كوردی كێشا بۆ كتێبی مێژوی ئه‌ده‌بی كوردی، له‌سه‌ر داوای عه‌لائه‌دین سوجادی.
یه‌كێكی تر له‌و هێڵكارییانه‌ی به‌دیع باباجان به‌یه‌كێك له‌كاره سه‌ركه‌وتووه‌كانى خۆی ناوی ده‌هێنا، تابلۆی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی بووه. كه كتێبی شه‌ره‌فنامه‌ی پێڕازاوهتهوه و ئه‌وپه‌ڕی به‌هره‌مه‌ندی و ئه‌ندێشه فراوانی و ورده‌كاری ئه‌م هونه‌رمه‌نده ده‌رده‌خات.
هه‌ژار موكریانی كاتێك له‌وه‌رگێڕانی كتێبی (شه‌ره‌فنامه) بووه‌وه، داوای وێنه‌كێشانی پۆرترێتی شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی لێكردووه و ئه‌ویش پۆرترێته‌كه‌ی بۆ دروست كردووه، هه‌ژار هێنده‌ی تێكستی شه‌ره‌فنامه به‌و وێنه‌یه‌ی شه‌ره‌فخان دڵخۆش بووه.
وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگی بۆ كتێبی ئهلف و بێ ی كوردی كێشاوه
سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانی كتێبی ئهلف و بێ ی كوردی مامۆستا (ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار) چاپی 1957 به‌شێوه‌یه‌كی كورده‌واریانه هه‌موو وێنه‌كان له‌لایه‌ن به‌دیع باباجانه‌وه كێشراون، به‌چاپێكی تازه و جوان و ڕه‌نگاوڕه‌گ خرایه به‌رده‌ست منداڵانی كورد، له‌م چاپه‌دا هونه‌رمه‌ند چه‌ندان وێنه‌ی ره‌نگاوڕه‌نگی بۆ دارا دوو داری دی و مێوژی مام زۆراب و دۆی داده رژاوه و زۆری تر كێشاوه، له‌چاپی ساڵانی دواتر لاسایی وێنه‌كانی كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌بی ئه‌وه‌ی یه‌ك كه‌س ئاماژه به‌ناوی به‌دیع باباجان بدات.
دیزاینی دراوی عیراقی كردووه
یه‌كێكی تر له‌و كاره گرنگانه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده كورده كردوویه‌تی، وێنه‌كێشان و دیزاینی دراوی كانزایی عێراقی بووه، له‌ساڵی 1967 له‌لایه‌ن بانكی مه‌ركه‌زیی عێراقه‌وه بانگهێشت كراوه، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك له‌سه‌ر ئاستی عێراق ڕاسپێراوه بۆ كێشانی نه‌خشه‌سازی دراوی عیراق، باباجان وێنه‌و نه‌خشه‌كانی كێشاوه خۆشنوسێكیش نووسینی سه‌ر ئه‌و دراوانه‌ی نوسیوه.
به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی تر
ئه‌م هونه‌رمه‌نده تادوا ساته‌كانی ژیانی به‌رده‌وام بووه لههونهرو كاری هونه‌ری و داهێنانی، كار‌و چالاكی ئه‌م هونه‌رمه‌نده له‌وێنه‌ی دیزاین و مۆر‌و پاره‌و پۆرترێت و خۆشنووسی و دیزاینی ڕیكلام، تا ده‌گاته به‌رگی كتێب و گۆڤار و وێنه‌ی ده‌م و چاوه‌كان، بۆ نموونه: وێنه‌ی سه‌رۆكی عێراق عه‌بدولكه‌ریم قاسمی كێشاوه به ره‌نگاو ره‌نگ و زۆر كه‌سایه‌تی تریش، نوسه‌ر و رۆشنبیرانی كورد داوای وێنه‌ی هێڵكارییان لهبهدیع ده‌كرد بۆ به‌رگی كتێب و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیه‌كانیان.
هه‌میشه نووسه‌ر و ڕووناكبیرانی تر سه‌ردانیان كردووه و تێكه‌ڵاویان لهگهڵیداههبووه، نوسه‌ر و روناكبیری گه‌له‌كه‌مان محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم، ئه‌م هونه‌رمه‌نده براده‌ری چه‌ند ساڵه‌ی بووه له‌به‌غدا، باسی به‌دیع باباجانی كردووه، ده‌ڵێت:” به‌دیع مرۆڤێك بوو، ڕوخسارێكی عاریفانه‌ی هه‌بوو، به‌ڕیشه چهرمووهكهی له‌گه‌ڵ دوو چاوه سه‌وزه‌كه‌ی له‌ژیان و هونه‌ری ده‌ڕوانی..
زۆرجار ڕۆژانه له‌به‌غدا ده‌چووم بۆ لای به‌دیع باباجان، كه‌مێك قسه‌م ده‌كرد و باسی هونه‌ر و ڕۆشنبیریمان ده‌كرد، به‌قه‌ڵه‌مێكی ره‌ساس خه‌ریكی تابلۆ كێشان، یان خه‌ریكی خۆشنووسی بوو، جارجار به‌ده‌م قسه‌كانیه‌وه پێی ده‌وتم: “كاكه حه‌مه سه‌یرێكی ئه‌م تابلۆ تازه‌یه‌م بكه بزانم به‌دڵته؟”.
محمدی مه‌لا كه‌ریم له‌درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا له‌گۆڤاری (ره‌نگین)دا نوسیوێتی” سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگا پاشكهوتوهكهت ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ نه‌ڕه‌خساندبووی ئۆتۆمبێلێكی ساده و بچكۆڵهت پێ بێ بچیته سه‌ر كاره‌كه‌ت و بگه‌ڕێیته‌وه ماڵه‌كه‌ت، به‌ڵكو ئه‌وه‌نده‌یشی بۆ نه‌ڕه‌خساندبووی پاش پتر له‌په‌نجا ساڵ خزمه‌ت خانوویه‌كت هه‌بێ به‌دڵێكی بێ خه‌مه‌وه شه‌وی تیا رۆژ بكه‌یته‌وه..”.
به‌دیع باباجان شاعیریش بووه و چه‌ندین شیعری به‌كوردی و عه‌ره‌بی و فارسی نوسیوه. لهخۆشنوسیشدا ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه، چه‌ند په‌رتوكێكی به‌خه‌تێكی خۆش نوسیووه. ئه‌ندامی خۆشنووسانی عێراقی بووه، ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌درێژایی ته‌مه‌نی پڕ له‌داهێنان و كۆشش و خزمه‌ت تاكۆچی دوایی به‌ئارامی و بێده‌نگی، خزمه‌تێكی مه‌زنی به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی كرد
به‌دیع باباجان ڕۆژی 15ی تشرینی دووه‌می ساڵی 1996 بۆدواجار ماڵئاوایی له‌ژیان كردووه و له‌شاری به‌غدا به‌خاك سپێردراوه.
تێبینی/ وێنەکە کێشراوی دەست ڕەنگین ڕیبوار کەریم ـە