بورهان شێخ رەئوف: دواى ڕاستاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواجار دادگاى فیدراڵى عێراق کۆتایى بەو مشتومڕە زۆر هێنا سەبارەت بە ئەنجامى هەڵبژاردنەکان کە لە لایەن هێزەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکانەوە لە ماوەى ڕابردوودا وەکو فشارێک بەکاردەهێنرا لە هەمبەر کۆمیسیۆن و دادگاو ڕەوتى سەدریش.
هەرچەندە یاساى هەڵبژاردنى نوێى ساڵى 2020 ئەوەى دەستنیشانکردووە کە گەورەترین فرکسیۆن ئەوەیە کە زۆرترین دەنگ و کورسى هێنابێت لە هەڵبژاردن، بەڵام تائێستاش لایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى باس لەوە دەکەن کە گەورەترین فراکسیۆن لە ناو ئەنجومەنى نوێنەران پێکدەهێنن، بەڵام هەرزوو موقتەدا سەدر وەڵامى دانەوە ووتى من ئەیاد عەلاوى نیم.
بە هەرحاڵ ئێستا بەڕێز موقتەدا سەدرو ڕەوتەکەى لە بەردەم گەورەترین و سەخترین ئەزمووندان بەو پێیەى زۆرترین دەنگ و کورسیان هێناوە لە هەڵبژاردنە پێشووەختەکەى 10/10/2021کە (73) کورسیە ،لەدوا تویتیشیدا بە قەڵەمى سوور نووسیوویەتى حکومەتێکى نیشتمانى نە خۆرهەڵاتى و نە خۆرئاوایی، ماناو مەدلوولى زۆرى هەیە، واتە من سەرۆک وەزیران دەستنیشان دەکەمو قەڵەمى سوورى دەدەمە دەست.
بەڵام پێکهێنانى کابینەى وەزارى لە عێراقدا کە پێویستى نیوە +1 هەیە واتە 165 دەنگ لە کۆى 329 دەنگى ئەنجومەنى نوێنەران، ئایا سەید سەدر دەتوانێت بە داخوازییەکانى سوونە کە دوو فراکسیۆنى گەورەیان هەیە تەقەدم (37) دەنگ و عەزم (15) دەنگ، کوردیش یەکێتى و پارتى (48) دەنگ، بێلایەنەکانیش قایل بکات بۆ ئەوەى دەنگ بە کابینەکەیان بدەن بێ ئەوەى داخوازییەکانیان جێبەجێ بکات، لە کاتێکدا بانگەشەى ئەوە دەکات کە حکومەتێکى دوو لە بەشبەشێنەى تائیفى و ئتنیکى دادەمەزرێنێت؟
بەڵام ئەوەى جێگاى تێڕامانە تائێستا ناوەڕۆکى ئەو حکومەتى زۆرینەنیشتمانیە ڕوون و ئاشکرا نیە کە چۆن دەبێت، چونکە دەڵێن نەحکومەتى سازانە و نە حکومەتى زۆرینەى بەشبەشێنە.
سوونەکان لە نوێترین کاردانەوەیاندا زۆر بە ئارامى لەهەمبەر بڕیارى داداگاى فیدراڵى بە ڕاستاندنى ئەنجامەکان لەزارى محەمەد حەلبوسى سەرۆکى هاوپەیمانى تەقەدم خۆشحاڵى خۆى دەربڕى و وتى (کۆدەنگى لە سەر پابەند بوون بە بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى لە سەر ڕاستاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن هەنگاوێکە بەرەو جێبەجێکردنى ئاڕاستەى دیموکراسى دوور لە ئاژاوەو پاشاگەردانى )، هەر لە هەمان کاتیشدا خەمیس خەنجەر سەرۆکى هاوپەیمانى عەزم پیرۆزبایى خۆى بە هەموو براوەکان ڕاگەیاند و وتى چاوەڕوانین بە خواستێکى نیشتمانیەوە ڕێڕەوى پرۆسەى سیاسى ڕاست بکەنەوە، کە ئەمانەش پیشاندانى نەرمى و قایل بوونە بۆ خۆسازدان و مەیل بۆ بەشدارى لە حکومەت.

بێلایەنەکان
سەدر پێویستى بە دەنگى بێلایەنەکانیشە هەرچەندە تائێستا خۆیان بە تەواوى نەناساندووە بە رەسمى لە پەرلەماندا، بەڵام ئەمانە نوێنەرانى خۆپیشاندەرانى تشرینن دژ بە بەشبەشێنەى تائیفى و گەندەڵى بە دەنگ هاتبوون، ئەمانە تەنگیان بە حەشدى شەعبى و دەوڵەتى قانون و ڕەوتى حکمەو ئەوانى تریش هەڵچنى و دەنگەکانى ئەوانیان بۆ خۆیان برد و ئاویان کردە ژێرییان سەرەڕاى ئەوەى فشاریان زۆر لێکرا.

کورد
هەرچەندە هەردوو هێزى سەرەکى هەرێمى کوردستان ( یەکێتیى و پارتى) لە ماوەى ڕابردوودا هەندێک لێدوانى دژ بەکیشیان دا، بەڵام دواجار لە کۆبوونەوەى دەباشان لە سلێمانى هەردوو مەکتەبى سیاسى بە ئامادەبوونى باڤڵ جەلال تاڵەبانى ڕێککەوتووون بە وەفدى هاوبەش بچنە بەغدا وتوێژ ى پێکهێنانى حکومەت بکەن، ئەمەش ئەرکى سەدر ئاسانتر دەکات، داخوازییەکانى کورد ڕوون و ڕەوانە و من لە وتارى هەفتەى پێشوودا بە درێژى باسم کردووە لە کورتترین مانایدا جێبەجێکردنى دەستوورى عێراقە.

بەربەستەکان
چوارچێوەى هەماهەنگى بەربەستى گەورەى بەردەم ڕەوتى سەدرە بۆ پێکهێنانى کابینەى حکومى ،چونکە چەند گروپێکى چەکدارییان هەیە، بەتایبەتى هەڕەشەکانى کەتائیبى حزبوڵا، دواى ڕاگەیاندنى بڕیارى دادگاش، ڕایانگەیاند کە ئەوان بەشدارى حکومەت ناکەن، عەسائیبى ئەهلى هەقیش نیگەرانى خۆیان بە ڕاستاندنى ئەنجامەکان لە لایەن دادگاى فیدراڵیەوە ڕاگەیاند.
لە کۆتاییدا پێکهێنانى حکومەت ئاسان نیە، بەڵام خواست و نەرمى سەدر لە گەڵ لایەنەکان کوردو سوونەو دۆخى شپرەزو نالەبارى عیچراق پێویستى بە حکومەتێکى خزمەتگوزارى نیشتمانى و دڵسۆز هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت