لوقمان مصطەفا صاڵح: لەساڵیادی سوپایەکی داپڵۆسێنەردا.
واخەریکە 101 ساڵ بەسەر یادی دروست بوونی سوپای شومی عیراقدا تێد ەپەرێت،
کە مێژووی دامەزراندنی ئەم سوپایە دەگەڕێتەوە بۆ 6 كانونی دووەمی ساڵی (1921)، یەكەمین یەكەی سوپای عێراق لەسەردەمی ئینتیدابی بەریتانی بەناوی (موسا كازم) لە بەغدا پێكهێنرا، دواتر لەساڵی (1931) هێزی ئاسمانی عێراق پێكهێنرا لەساڵی (1937) دا هێزە دەریاییەكان پێكهێنرا.
لەكۆتاییەكانی جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا، ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق گەیشتە لوتكەو بوو بە یەك ملیۆن سەرباز، ساڵی (2003) دوای هێرشی هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان بۆسەر عێراق، (پۆڵ بریمەر) حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق بەبڕیارێك سوپای عێراقی هەڵوەشاندەوەو سەر لەنوێ دەستكرا بەبنیادنانەوەی ئەو سوپایە.
خەڵكی هەرێمی كوردستان بە تایبەت و عیراق بەگشتی نەهامەتی و ماڵوێرانی زۆریان بە دەست ئەو سوپایەوە چەشتووە، كەناوی ؛سوپای عیراقە؛ . لەیادی دروستكردنی ئەو سوپایەشدا ڕەخنەی ئەوە دەگیرێت چۆن دەبێت یادی سوپایەك بكرێتەوە لە جیاتی ئەوەی بەرگری لەخاك و شكۆمەندی گەلانی عیراق كردبێت بە درێژای مێژوو ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
هەموو تاکێکی کورد ئەوە دەزانێت کە سوپای عیراق سوپایەكی داپڵۆسێنەر و نانیشتمانی بووە و خەڵكی كوردستان هیچ كاتێك خێری لە دەستی ئەو سوپایە نەبینیو، بۆیە نابێت یادی سوپایەك بکرێتەوە، كە لە جیاتی بەرگری كردن لە دانیشتوانی ووڵاتەکەی بکات،کەچی بە پێچەوەوانەوە بەردەوام خەریكی داپڵۆسین و كوشتن و بڕینی خەڵكی بێ دیفاع بووە و هەر لەسەر دەستی ئەو سوپایە گەورەترین جینۆساید بەرامبەر بە كورد كراوە.
رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عیراقیش بەردەوام ئەم سوپایەیان بۆ مەرام و بەرژەوەندیە سیاسەیەكانی خۆیان بەكارهێناوە و گەورەترین كارەساتیش لەسەردەمی رژێمە تۆتالیتارێکەی سەدام حسێن دا ئەم سوپا وەحشی گەریە بەسەر كوردیدا هێناوە، لە ئێستاشدا هاوڵاتیانی كورد مافی خۆیەتی داوا بكات لە جیاتی ئەوەی یادی سوپای عیراق بكرێتەوە، ڕۆژێك بۆ یادی پێشمەرگە دیاری بكرێت.
لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراقیش سەرەڕای ئەوەی كورد و پێكهاتەكانی تر بەشداریان لە بینادنانەوەی سوپاكە كردووە، بەڵام تا ئێستاش ئەو سوپایە مۆركی تایفی و مەزهەبی بە سیمایەوە دیارە، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە كە ئەم سوپایە هەرگیز سوپایەكی نیشتمانی نەبووە.
هەر لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراق و دروستكردنەوەی سوپا وا پێویست بوو رێژەی كورد لەو سوپایەدا 17% كەمتر نەبێت، بەڵام بە پێی تازەترین زانیاری رێژی ئێستای كورد لە سوپادا ناگاتە 2%
هەرتاکێکی کورد بدوێنی ئەوەت پێدەڵێت کەیادكردنەوەی سوپای عیراق بە پێویست نازانێ، چونكە هەرگیز ئەو سوپایە گوزارشتی لە پاراستنی كەرامەتی پێكهاتەكانی عیراق نەكردووە.
ئەوەی پێویستە لەم قۆناغەدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەكبخرێت و ببێتە جێگەی شانازی هەموو لایەنێك نەك شانازی بە سوپایەوەكەوە بكەین جگە لە ناهەمەتی بۆ گەلانی عێراق هیچ بەرهەمێكی تری نەبووە”.
ئەم سوپای عێراقی بەناو نوێیەش لە جیاتی ئەوەی شكۆمەندی خۆی و خەڵك بپارێزیت بۆتە داردەستی ووڵاتانی دەوروبەر .
لە هەموو وڵاتان سوپا شكۆمەندی خۆی هەیە، بەڵام بەداخەوە سوپای عیراق لە دروستبوونیەوە تا ئێستا نەیتوانیوە شكۆمەندی خۆی خەڵك و پێكهاتەكانی عیراق بپارێزێت.
ئێمە دەبێت سەركۆنەی سیستمە سیاسیەكانی عێراق بكەین، كە سوپایان وەك پێكهاتەیەكی گرنگ بەکار هێناوە، كە هەمیشە وەسیلەیەك بووە بەدەستی سیستمە خراپەكانی دەسەڵاتدارێتی لە رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عیراقەوە.
بۆیە پێویستیەکی هەنوکەییە كە رۆژێك بۆ پێشمەرگە دیاری بكرێت و لە و رۆژەدا شكۆمەندی و خەباتی پێشمەرگە بەرزبنرخێنرێت و ئەو رۆژەش بكرێتە پشوو فەرمی، چونكە ئێستا ناو و ناوبانگی پێشمەرگە لە تەواوی جیهاندا دەنگی داوەتەوە ، ئەمە جگەلەوەی رۆڵێكی باشی لە خەباتی شاخدا دژی رژێمە سەركوتكەرەكانی عیراقدا بینوە و لە ئێستاشدا لەسەنگەرەکانی پێشەوەی دژ بە داعش دەجەنگێ.
بە پێچەوانەوە سوپای عیراق لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتە دیكتاتۆرە یەك لە دوا یەكەكانی عیراق و بۆ سەركوتكردنی گەلانی عیراق و كوردستان دامەزراوە، هەمیشە هاوڵاتیانی سەركوت كردووە و سەر و ماڵی خەڵكی بە تاڵان بردووە.تاوانی ئەنفال و زیندەبەچاڵكردنی 182 هەزار هاوڵاتی كورد و ئاوارە بوونی زیاتر لە یەك ملیۆن كەس لە كۆڕەوەكەی ساڵی 1991 بۆ سنورەكانی ئێران و توركیا لە سەر دەستی ئەو سوپایە بووە”.
هەربۆیە جێی شەرمە سوپای عیراقی بە سوپای خۆمان بزانین و ڕۆژێكی بۆ دابنێین، جگە لەوەش دەبێت لە رێی نوێنەرەکانمانەوە فشار بخەینە سوپاسالاری سوپای عیراق کە داوای لێبوردن لە گەلانی عیراق بكات، بەهۆی ئەو كارەساتانەی لە سەر دەستی سوپاكەی بەسەر پێكهاتەكانی عیراقدا هاتن”.
بەڵام تا ئێستاش بەبەردەوام لە لایەن بەشێك لە فەرماندە و پلە باڵا سەربازیەكانی ئەو سوپایەوە هەرەشە لە كورد دەكرێت، ئەمە جگەلەوەی لە عیراقدا چەندین هێز و میلیشیای شیعە دروستبووە كە زۆرجار بونەتە هۆی پەشێوی و ئاڵۆزی لە پارێزگاكانی تری عێراق، مەترسی ئەم میلیشیا شیعانە گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدا كە هەڵوەشانەوەیان بۆتە ئەستەم .
پێشتر هەرێمی كوردستان ساڵانە ئەم رۆژەی دەكردە پشوی فەرمی، خۆشبەختانە یەک دووساڵێکە بەشەرمەوەو ئەو یادە ناکاتەوە لە پشوەکانی ساڵیشدا دەرکراوە.
بە پێی یاساش و بەهیچ شێوەیەك 6 ی كانون لەناو ئەو رۆژانەدا نییە كە پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی كردوویەتییە پشوو.
دەبێت کۆدەنگیەک دروست بکرێت و بەئاشکراو بێ ترس و دوودڵی ئەو رۆژە رەتکرێتەوە ئەو یادە شومە كە بەهیچ شێوەیەك لە هەرێمی كوردستان یادی دامەزراندنی سوپای عێراق نەكرێتەوە و لەبەرامبەریشدا رۆژێك بۆ پێشمەرگە دیاری بكرێت. هەموو ئەو پشووانەی كە پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی بڕیاری لەسەردراوە دیار و ئاشكرایە و بەهیچ شێوەیەك 6 ی كانون یادی دامەزراندنی سوپای عێراق لەو پشووانەدا نییە كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بڕیاری لەسەر دراوە.
- Latest Posts by لوقمان مستەفا سالح
لوقمان مستەفا: ھەسەدە نەبنەماڵەیە و نە میرنشین.
-لوقمان مستەفا: هەڵبژاردن تەنھا ڕێگایە بۆ گۆڕانکاری.
-لوقمان مستەفا: لە پشتی یاساوە لە کەرکوک چی دەگوزەرێ!
- All Posts