عەبدوڵا کەریم مەحموود: سوپاى عێراق.
له 6- 1- 1921 تا گۆڕانکاریی 9- 4- 2003 ، سوپای عراق له ماوهی 82 ساڵی دهسهڵاتی دهوڵهتی پاشایهتی و کۆماری عێراق، ئامرازی سهرهکی بووه بۆ جینۆسایدی کوردو خاپورکردنی باشووری کوردستان.
سوپاى عێراق و زنجیره تراژیدیاکانی
جەعفەر عەسکەرى هەموو تواناى خستە گەڕ بۆ دروست کردنی سوپاى عێراق، لەسەرەتادا 9 ئەفسەریى کۆکردەوە، 5 یان کورد بوون و بە دامەزرێنەرى سوپا دادەنرێن، لە (6) ى کانوونی دووەمی 1921 دا یەکەمین سوپایان پێکهێنا، بەناوی فەوجی (امام موسى کاضم) لە بەغدا.
دەوڵەتی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە دامەزرێنرا، سوپاش بەهەمان شێوە، دواتر مەشق بە سوپاکەى کراو پەروەردەکرا، بۆئەوەى ڕۆڵى پۆلیس ببینێ، بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوەوەى عێراق و جێگیرکردنی دەسەڵاتی کاربەدەستان، فەیسەڵى یەکەم مەلیکی عێراق، ئەو ئەرکەى لە سوپا خواست، ژمارەى سوپاى عێراق 900کەس بوو. سوپای عێراق به هاوکاریى هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا سلێمانیان داگیر کرد، بۆ رووبهرووبونهوهی شۆڕشی کورد بەسەرکردایەتی شێخ مەحمود(1).
بەریتانیا له عێراق دەسەڵاتی سیاسی بەخشى بە کەمایەتیەکی قەومی_سونی عەرەبی، خەڵکى چەند شارێکی دیارى کراو، عێراق نیشتمانی چەند نەتەوەیەک و چەند مەزهەبێکە، لەبەر ئەوەى دەسەڵاتداران سونی بوون، سوپاکەش هەر سەر بە سونی بوو، چەند کێشەیەکی مەزهەبی و نەتەوەیی سەریان هەڵداو تا ئێستاش هەر بەردەوامە.
سوپاى عێراق لە 1- 6- 1921 لەسەرەتاى دامەزراندنییەوە تا 2003 کە 82 ساڵە، وەک هێزێکى داگیرکەرى بێگانە، هەڵسوکەوتی له گهڵ گهلی کوردا کردووە، بەپێى هەلومەرجە جیاجیاکان، ههمووتەکنۆلۆژیای عەسکەریان لە کوردستاندا تاقی کردۆتەوە، بێ ڕەچاوکردنی هیچ دەستوور و یاسا ورێساو دادگاییەک، دوور لە پەیڕەوکردنی مافی نەتەوەیی و مافی مرۆڤ، هەزاران کوردیان جینۆساید کردووە وشارۆچکەکانیان بۆردومان و خاپور و سوتماک کردووە، دەیان ئەفسەرى سوپاى عێراق، لەسەردەمی دەسەڵاتە یەک لە دواى یەکەکان، پلەو پایەى دەسەڵات و مەدالیاى سەرکەوتنیان بەهۆى ڕەشەکوژى ژن و منداڵ و پیاوی کوردەوە پێ بەخشراوە.
سوپا و کۆمەڵ کوژى کورد:
* لە 1923-1927 سوپای عێراق بە یارمەتی هێزى ئاسمانی و زەمینی بەریتانیا دژى خەباتی گەلی کورد بە سەرکردایەتی شێخ مەحمود.
* لە 1930-1931 سوپای عێراق بە یارمەتی هێزى ئاسمانی بەریتانی دژى خەباتی گەلی کورد بەسەرکردایەتی شێخ مەحمود.
* لە 1931-1932 سوپای عێراق بەیارمەتی هێزی ئاسمانی بەریتانی دژی شۆڕشی بەرزانیەکان.
* لە 1942-1947 سوپای عێراق بە یارمەتی هێزى ئاسمانی بەریتانی دژى خەباتی گەلی کورد بەسەرکردایەتی بارزانی.
* لە 1961- 1975 سوپای عێراق دژى شۆڕشی ئەیلوول.
*7619 تا 9/4/2003 سوپای عێراق دژى شۆڕشی نوێ ی گەلەکەمان(2).
سوپای عێراق و زنجیره کۆدهتاکانی
سوپاى عێراق تایبەتمەندە، بە سوپایەکی کودەتاى سەربازی، رۆڵی سهرهکی له کاروبارى سیاسی وڵات ههبوو، بۆ پارێزگارى ڕژێمێکى نادیموکراتی، هێنانه سەر کارى دەسەڵاتێکى دیکتاتۆرى، سوپاى عێراق لەناو سەراپا سوپاى وڵاتانی عەرەبی دا یەکەم سوپایە، بە نەریتی داهێنەرانەى (إنقلاب) ناسراوە، وەکو ناسنامەیەک عێراق خاوەنی (11) هەوڵدانی سەرکەوتووە و سەرنەکەوتوی کودەتای سەربازی بووە.
* لە 1935 کودەتای سەرکەوتووی بەکر سدقی.
* لە 1936 کودەتای سەرکەوتووى ئەفسەرانی قەومی دژى بەکر سدقی.
* لە 1941کودەتای سەرنەکەوتووی (4) عەقیدە قەومیەکە بەسەرکردایەتی ڕەشید عالی گەیلانی.
* لە14ى گەلاوێژى 1958 کودەتای سەرکەوتووى عەبدولکەریم قاسم دژى ڕژێمی پاشایەتی.
* لە1959 کودەتای سەرنەکوتووى ئەفسەرانی قەومی(الشواف) دژى قاسم.
* لە8ى شوباتی 1963 کودەتاى سەرکەوتووى قەومی و بەعسیەکان دژى عەبدولکەریم قاسم بەسەرکردایەتی عەبدولسلام عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر.
* لە 1963 کودەتای سەرکەوتووى عەبدولسلام عارف دژى بەعسیەکان.
* لە 1965 هەوڵدانی سەرنەکەوتووی عارف عەبدولڕەزاق.
*لە 1968 کودەتای سەرکەوتووی بەعسیەکان، بەسەرکردایەتی ئەحمەد حەسەن بەکر.
* لە 1969 کودەتای سەرنەکەوتووی عەبدولغەنی الراوی.
* لە 1979 کودەتای سەرنەکەوتووی باڵێکی حزبی بەعس دژى سەدام حسێن(3).
ئەمە ئەزموونی دەسەڵاتدارانی عێراق بوو لە بوارى کودەتا بە پاڵپشتی سوپاى عێراق چەندان سیناریۆى پڕ لە تراژیدیایان دروست کردووە، دەیان تراژیدیای پڕ لە جینۆسایدیان هەڵگیرساندووە، ئەم (11) کودەتا یەک لە دواى یەکەى سوپاى عێراق، لە ماوەى (45) ساڵ دا، بووبە هۆى سەرهەڵدانی دەیان دیاردەى سلبی، لەناو کاربەدەستە باڵادەستەکانەوە شۆڕبونەتەوە بۆ ڕێزەکانی سوپا. هیچ شتێک لە ناو سوپادا بەهای متمانە و ئاسوودەیی و دڵنیایی نەدەبەخشی، سوپا ئامێرێکى نوێ بوو، بۆ کودەتا یەک لە دواى یەکەکان، بۆ جینۆساید و بێ سەروشوێن کردنی خەڵک، حکومەتەکانی عێراق کە بەپێ ی کودەتاکان دەسەڵاتیان دەگرتە دەست، هەموویان تەواوی توانای خۆیان دەخستە گەڕ بۆ گۆڕینی بارى دیموگرافی ناوچەکانی کوردستان.
سوپا و حوکمى عورفى:
لەو کاتەوەى دەوڵەتى عێراق پێکهێنرا، گەلى عێراق به گشتی و کورد به تایبهتی، هەرگیز ژیانى دیموکراتى بەخۆیەوە نەبینیوە، بەهیج جۆرێک ماف و ئازادى بیروباوەڕ وڕۆژنامە نوسین و دامەزراندنی ڕێکخراوی سیاسی و پیشەیی و خۆپیشاندان و مانگرتنى نەبووە. هەرگیز مافی ئازادی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانێکى نەبووە، نوێنەرى ڕاستەقینەى خەڵک بێت، هەرکاتێک خەباتی کۆمەڵانی خەڵک لە پێناوی مافە قانونیەکانی خۆیاندا گەیشتبێتە قۆناغێک، مەترسی بۆ سەر ڕژێم دروست کردبێت، گەر دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەمن و پۆلیس نەیانتوانیبێت دایبمرکێننەوە، پەنایان بردۆتە بەر بەکارهێنانی سوپا، بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و پارێزگارى دەسەڵاتەکەیان.
* لە (1948) خەڵکى عێراق لە پێناوى ئازادی و دیموکراتی، لە دژى پەیمانی عێراق- بەریتانی ڕاپەڕین، ڕژێمی پاشایەتی سوپای بۆ دامرکاندنەوەى ڕاپەڕینەکە بەکارهێنا، سوپا کاروبارى وڵاتی گرتە دەست، حوکمی عەسکەرى ڕاگەیاند، دادگای عەسکەرى پێکهێنا، بۆ ڕاونان و گرتن و سزادانی ئازادیخوازان.
* لە 1952 دا کۆمەڵانی خەڵک مانیان گرت، خۆپیشاندانیان سازکرد، بۆ بەدەست هێنانی ئازادى و دیموکراتی، سەر لەنوێ سوپا بۆ پارێزگارى ڕژێمى پاشایەتی ڕژانە سەر جادە و کاروبارى عێراقیان کۆنترۆڵ کرد، حوکمی عەسکەریان ڕاگەیاند، ئازادیخوازانی عێراقىیان بۆ دادگاکان ڕاپێچ کردو بزووتنەوەکەیان سەرکوت کرد.
* لە 1956 خەڵکى عێراق پشتیوانیان لە میسر کرد، دژى دەست درێژى سێ قۆڵى ئیسرائیل- ئینگلیز- فەرەنسی ڕاپەڕین، بۆ بەدەست هێنانی ئازادى و دیموکراتی، سوپا خۆى هەڵقورتاند بۆ دامرکاندنەوەى ناڕەزایی گەل، حوکمی عورفی ڕاگەیاند.
* لە 1958 دواى کودەتاکەى عەبدولکریم قاسم، سوپای عێراق، به حوکمی عورفی رۆڵی سهرهکی له کاروبارى گشتی وڵات و ژیانی تایبەتی خەڵک بینی، دادگای عەسکەرى و حاکمی عەسکەرى، دهسهڵاتی کۆماری و سوپا دەستوور و یاسایان پێشێل کرد، مافی هاوڵاتی بونیان سڕییهوه، ڕاونان و گرتن و کوشتنی هاوڵاتیان لەلایەن سوپاوە کارێکى ئاسایی ڕۆژانە بوو، تا گۆڕانکاری 9- 4- 2003(4) ئەرکی سوپا کوشتن و بڕین و بێ سەرو شوێنی مرۆڤی کورد بوو. سوپای پیادهی عێراق و هیزی ئاسمانی عێراق به هاوکاری دهزگاکانی ئیستخبارات و ئهمن و موخابهرات رۆڵی سهرهکی یان بینی بۆ ئهنفال و ژههربارانی ههڵهبجهو نیشتمان و جینۆسایدی کورد و گۆڕه بهکۆمهڵهکان.
سهرچاوه/ عهبدوڵڵا کهریم مهحمود، رهشهبای ژههرو ئهنفال، بهرگی دووهم ، ل3-ل7.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگاییکردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts