عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ئه‌و رۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو، یه‌ک هه‌ڵوێست و یه‌ک چاره‌نووسمان نەبوو/ بەشی دووەم.
هه‌ڤاڵ کوێستانی قه‌ڵه‌مێکی خاوه‌ن ئه‌زموونی شاخ و به‌های خه‌ونی پێشمه‌رگایه‌تی، ته‌کنیک و هونه‌رێکی نوێ له یاده‌وه‌رییه‌کانی دا تۆمار کردووه، ههنگاوێکی نوێی به ئاڕاسته‌یه‌کی جیاواز ناوه، پێش ئه‌و به‌و شێوه‌یه تۆمار نه‌کراوه، کاتی له زۆربه‌ی زنجیره رووداوه‌کانی یاده‌وه‌رییه‌کانیدا دانه‌ناوه، بۆ ئه‌وه‌ی رووداوه‌کان به جۆره فه‌نتازیاییه ک بنوسێت، کاریگه‌ری رووداوه‌کان، هه‌ژان لای خوێنه‌ر دروست بکات.
هه‌ڤاڵ بۆ یه‌که‌مجار له‌شاخ له ماڵی شێخ حه‌سه‌ن له قۆپی قه‌رداغ گیرسایه‌وه، له‌وێ یه‌که‌م مه‌فره‌زه‌ی پێشمه‌رگه‌م بینی، له فلاش باکێک دا،
ئێواره‌ی نه‌ورۆزی 1976ی هاته‌وه یاد، قوتابیانی زانکۆی سلێمانی له هۆڵی زانکۆ گویان له هۆنراوه‌کانی هه‌ڤاڵ و چه‌ند شاعیرێک ده‌گرت، به شیعره‌کانیان به هێمای هه‌ڵوێستی ته‌حه‌دایان، لۆژیکانه دژ به ده‌سه‌ڵات وه‌ستانه‌وه، بوون به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌پۆلی خۆپیشاندانی قوتابیانی زانکۆی سلێمانی، به سروود‌و هوتافکێشان رژانه سه‌ر شه‌قامه‌کانی شار، ئه‌منه‌کان به قۆناغه تفه‌نگ و زله‌و شه‌ق دایان گرتنه‌وه، قوتابییه‌کان به پرتاو خۆیان کرد به ناو کۆڵانه‌کانی گه‌ڕه‌کی شێخان و ماڵه‌کان، له‌و رۆژه‌دا هه‌ڤاڵ به هۆی سه‌لاح و دواتر (حه‌مدیه ره‌سول و وه‌سفیه به‌نی وه‌یس) په‌یوه‌ندی کرد به کۆمه‌ڵه وه، ئه‌و دیمه‌نانه تێکه‌ڵ به‌یه‌که‌م ساتی بینی ( مامۆستا ئه‌نوه‌ر) –ی کارگێڕی لق و به‌رپرسی کۆمه‌ڵه‌ی هه‌رێمی 5- ی قه‌ره‌داغ بوو، مامۆستا ئه‌نوەر که چکلێته نامه‌که‌ی رێکخراوی شاری خوێنده‌وه، ناوی هه‌ڤاڵ کرد به (زمناکۆ) و کردی به کادری رێکخستنی کۆمه‌ڵه، له ناوچه‌که.
تاریک و لێڵی به‌یانی به تێشووی به‌یانییه‌وه مه‌سافه‌یان وه‌رده‌گرت و روویان ده‌کرده نێو قه‌دپاڵی کێوه‌کان، دوای نهێنی شه‌و و سه‌عاتی خه‌فه‌ریات و خه‌ونی نێو گاشه به‌رد و دوڵ و ته‌لانه‌کان و دواتر کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر جوغرافیای قه‌ره‌داغ و گه‌رمیان بۆ گه‌نجێکی زانکۆ له‌سه‌ره‌تادا دژواربوو.
70 بۆ 80 پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی 5ی قه‌ره‌داغ، به‌چه‌کی ساده ناوبه‌ناو له سنووی قه‌ره‌داغ و گه‌رمیان چالاکیان ئه‌نجام دادا. ئیستیخباراتی عه‌سکه‌ری سوپای عێراق و جاش، به پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له جاسوس و موختاره‌کانه‌وه پیان ده‌گه‌یشت. به‌هێزی پیاده‌و کۆپته‌ر ده‌گه‌یشتنه هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی یپێشمهرگهی لێ بوو. پێشمه‌رگه‌کان خۆیان له ناو دارودره‌خته چڕه‌کانی چیای زه‌رده‌دا حه‌شار ده‌دا، له‌و کاته‌دا سۆزی ده‌نگی شمشاڵه‌که‌ی حه‌مه ته‌له ( شاهۆ)، هه‌ڤاڵ و هه‌موو ئه‌و ده‌ورو به‌ره‌ی هه‌ژاند. میلۆدیه‌که‌ی پڕبوو لەههناسهی چیرۆکی عه‌شق به ئاکام نهگیوی نازه حه‌مه ته‌له له شوانی و له پێشمه‌رگایه‌تی دا وه‌ک فه‌رهاد به شمشاڵه‌که‌ی کێوی ( زه‌رده) ی بۆنازه ده‌کرد به‌داستان، هه‌موو خه‌ونێکی حه‌مه ته‌له ئه‌وه بوو نازه گوێی له سۆزی شمشاڵه‌که‌ی بێ، بۆ ئه‌وه‌ی به سۆزی شمشاڵه‌که‌ی نیگاری نازه له زه‌رده بنه‌خشێنێ.
رۆژێک حه‌مه ته‌له بۆ بینێکی نازه له چیاوه رووده‌کاته سه‌ربازگه‌یه‌ک و ته‌سلیم به رژێم ده‌بێته‌وه، ئه‌فسه‌رێک به ده‌یان رسته نابه‌جێ، ناخی حه‌مه ته‌له بریندار ده‌کات جارێکی تر حه‌مه ته‌له به برینه‌کانی رۆحییهوهو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئامیزی چیاوپێشمهرگایهتی و تفه‌نگ و شۆڕش، عه‌شقی نازه و خاک حه‌مه ته‌له‌ی کرد جیڤارا، له چالاکی و داستانه‌کان دا به ئازایه‌تی و جه‌ربه‌زه‌ییه‌کانی بوو ئه‌فسانه‌ی نوێ قه‌ره‌داخ و گه‌رمیان.
نووسه‌ر به کامێرای چاوه‌کانی به فۆتۆی وشه‌و رسته‌ی کورت، دیمه‌نی ئه‌و شه‌وه‌ی ناو داربه‌رووه‌کانی به‌رزایییه‌کانی سه‌رووی سێوسێنانی خستوه‌ته روو، دوای شه‌هید کردنی سیروان تاڵه‌بانی، مسته‌فا چاوره‌ش وه‌ک فه‌رمانده‌یه‌ی هه‌رێم کۆبوونه‌وه به پێشمه‌رگه‌کان کردوه، دوای نیوه‌ڕۆکه‌ی له ناکاو پۆلێ کۆپته‌رێک به نزمی ده‌گه‌نه سه‌ریان، ئه‌وانیش له بن به‌ردو دره‌خته‌کان داده‌مه‌زرێن، سه‌ربازو جاشه‌کان له لای چه‌پی ئه‌مانه‌وه داده‌به‌زن، بست به‌بستی کێوماڵیان کرد، به‌دوای پێشمه‌رگه‌دا ده‌گه‌ڕان، نووسه‌ر لێره‌دا وه‌ک پسپۆرێکی ده‌روون ناسی باسی چرکه‌کانی ترس و نزیک بوونوه ی مرۆڤ له تارمایی مه‌رگ ده‌کات، به حه‌سره‌ت و قوڵی ئه‌و چرکه‌ساته دژواره تیژ تێپهرهی ترسی خستووه‌ته روو، که بارێکی ده‌رونی ئاڵۆزه‌و له ناخی کپی سێ که‌سی جیاوازی ( پێشمهرگهوسهربازو جاش )دا له په‌خشانه شیعرێک داتۆماری کردوه، به‌های جوانی هه‌ڤال له‌و تێڕوانینانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دا، هه‌موو ژیان و سروشت له بۆته‌ی شکۆی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی دا ده‌بینێ.
له دوا زه‌رده‌ی خۆر ئاوابوون دا، کۆپته‌ره جه‌نگییه‌کان ئاسمانی ئه‌وێ جێ دێڵن، سه‌ربازو چاشه‌کان بهشپرزهیی و ترسه‌وه به په‌له به‌ره‌و کۆپته‌ره بار هه‌ڵگره‌که هه‌نگاو ده‌نێن، له ناکاو پێشمه‌رگه‌کان ده‌ستڕێژ له سه‌ربازو جاشه‌کان ده‌که‌ن، چه‌ند سه‌ربازو جاشێک بریندار‌و ده‌کوژن و هه‌ندێکیان به‌دیل ده‌گرن، کۆپته‌ره جه‌نگییه‌کان ده‌گه‌ڕێنه‌وه هه‌ڤاڵ له‌وێ ده‌بێ به خاوه‌نی تفه‌نگێک و چه‌ند مه‌خزه‌نێک فیشه‌ک.
نوسه‌ر زۆربه به ئه‌مانه‌ته‌وه گرنگی به‌و روداوه تراژیدیانه داوه که رووبه‌رووی هاوڵاتی ئاسایی بونه‌ته‌وه به‌هۆی پێشمه‌رگایه‌تی یه‌وه، مه‌رگه‌ساتی شه‌هیدبوونی دوو پێشمه‌رگه و کوشتنی عوسمان و ئه‌ندامانی خانه‌واده‌که‌ی و عومه‌ر له شار‌و له‌شاخ.
ئه‌فسانه‌ی چێرۆکی پارتیزانی ئاسۆی ده‌لاک له جه‌نگی پارتیزانی له شاخ و له ناو شه‌قام و کۆڵان وگه‌ڕه‌که‌کانی شار، دیمه‌نی گۆڕینه‌وه‌ی جله‌کانی ئاسۆی ده‌لاک و هه‌ڤاڵ و دوا ماڵ ئاوایی ئاسۆی ده‌لاک، جارێکی تر بۆ هه‌تا هه‌تا یه‌کتریی نابیننه‌وه.
دواتر مه‌لابه‌ختیار و هه‌ڤاڵ جه‌وله‌یان بۆچه‌ند گوندێکی قهرهدغ کرد، مه‌لا به‌ختیار زانی هه‌ڤاڵ قه‌ڵه‌مێکی به‌توانایه و له‌بواری راگه‌یاندن دا رۆڵی دیاری ده‌بێ پێشنیاری بۆ کرد له‌و بواره‌دا پێشمه‌رگایه‌تی بکات، دوا گوند سه‌ردانی گوندی ته‌نگی سه‌ر ئه‌و ماڵه‌یان کرد جوته پێڵاوه لاستیکه‌که‌ی شه‌هید ئارامیان وه‌ک تابلۆیه‌کی به به‌ها له ژوورێک دانابوو، ناوی ئارام ببوو به‌وێردی سه‌رزمانی خه‌ڵکی ناوچه‌که و سه‌ردانی ئارامگه‌که‌یان کرد.
ئارام سه‌رکرده‌یه‌کی خاکی گه‌نج به تێڕوانینێکی نوێ و به به‌رنامه‌و نه‌خشه‌یه‌کی نوێ و ئه‌زمونێکی نوێ بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تی وخه‌ڵک له دۆگمای عه‌قڵی خێڵه‌کی و ئاینی دووربخاته‌وه، له ناو ئه‌و ململانیانه‌دا، له قه‌ندیله‌وه گه‌یشتبوه قه‌ره‌داغ و بازیان، تراژیدیای شه‌هیدکردنی ئارامی سه‌رکرده له ته‌نگی سه‌ر، ده‌یان پرسیاری بێ وه‌ڵامی هه‌ژان.
ئارام له‌وسه‌رده‌مه دژوار‌و سه‌ختانه‌دا بۆ له قه‌ندیل نه‌مایه‌وه؟، بۆ ئه‌و جوغرافیا ستراتیژییه‌ی به‌جێ هێشت، له جوغرافیاک دا جه‌وله‌ی ده‌کرد، هه‌موو چرکه‌یه‌ک، مه‌ترسی کێوماڵ سوپا و،جاش و مه‌رگی له‌سه‌ر بوو، ئه‌و نامانه‌ی نێوان ئارام له قهرداغهوه بۆ سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵه‌و ی.ن. ک له ناوزه‌نگ، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌و سه‌دان پرسیاری تر ده‌داته‌وه، نامه‌کانی ئارام و سه‌رکردایه‌تی لای کێن؟، له کوێن؟، نامه‌کان ئارام و سه‌رکردایه‌تی ئه‌و دیکۆمێنتهن، هه‌موو نهێنییه په‌نهانه‌کان شۆڕش و شاخ و کێشه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌خه‌نه روو.؟.
بۆئه‌و نامانه دوای چه‌ندان ساڵ هه‌ر له په‌ناو پهسێردا له‌م لاو ئه‌ولا حه‌شار دراون، دیاره بڵاو کردنه‌وه‌یان کارێکی قورس و دژواره‌و نهێنی تراژیدیایه‌کی تاڵ تاڵه. یه‌کێک له ته‌کنیکی هونه‌ری ئه‌م یاداشته رۆمانه ئه‌وەیه نوسه‌ر باسی زۆر له‌و پێشمه‌رگه‌و فه‌رماندانه ده‌کات که له گه‌ڵ نه‌هامه‌تی و رۆژه تاڵه‌کاندا خۆیان به توانای له بن نه‌هاتوی خۆیان په‌ره‌ورده‌و دروست کردوه، له ناونههامهتی و ئه‌زمونه دژواره کان دا قاڵ بوون و خۆیان که‌سێتی یه‌کی نمونه‌یی وباڵاو به‌هێزیان به رۆحێکیانهوه بۆ خۆیان داڕشتووه ، بۆ خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی و خه‌ڵک ،وه‌ک خالید گه‌رمیانی فه‌رمانده‌یه‌کی خاوه ن ئه‌زمونی جه‌نگی پارتیزانی و خۆشه‌ویستی سه‌راپا گونده‌کانی قه‌رداغ و گه‌رمیان بووه ،به ئازایه‌تی و جوامێری و هه‌ڵوێسته کانی ده‌بێته مایه‌ی تێڕامان.
دوای 40 رۆژ هه‌ڤاڵ له گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌دا له جێ شانهوخوار عهواڵانهوه به شیوه‌که‌ی نێوان سلێمانی و بهکرهجۆله جاده‌ی سلێمانی –که‌رکوک له ئاستی باخی به‌ختیارییه‌وه ده‌په‌ڕنه‌وه بۆ پشتی قلیاسان، له‌وێوه رێگای دۆڵه رووت ده‌گرنه به‌رتا ده‌گه‌نه قزله‌ر، به چیای ده‌ماوه‌ندا سه‌رده‌که‌ون ده‌گه‌نه مالومه، له‌وێ به جه‌مالی عه‌لی باپیر –ی فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی(4) ده‌گه‌ن.
له گوندی باڵخ ـه‌وه رێگا ده‌گرنه به‌ر تا هه‌رزانه ناوه‌ستن، له رێگا نمه نمه‌ی نه‌رمه باران جه‌وێکی شاعیرانه دروست کردووه، رۆحی هه‌ڤاڵ له فلاش باکێک دا، ئالوده‌یی دیمه‌نی ئه‌و کچه ده‌بێ که به چه‌ترێکه‌وه به ناو لێزمه‌ی باران به نازو به هێمنی یه‌وه هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌م دیمه‌نه رۆمانسیانه تێکه‌ڵ به‌و ساتانه ده‌بێ که منداڵ بووه دڵۆپه‌ی بارانی ژووره‌که‌یان له‌نیوه شه‌ودا له خه‌وی شیرینی کردوه، بۆ ئه‌وه‌ی له و خه‌وه خۆشه نه‌بێ، جێگه‌ی نوستنه‌که‌ی راکێشاوه‌ته لایه‌کی تره‌وه دڵۆپه نه‌یگرێته‌وه و لێفه‌که به‌سه‌ری خۆیدا داوه‌ته‌وه، بەڵام دڵۆپه له‌وێش دایده‌گرێته‌وه، به ناچاری لهپێخهفهکهی دێته ده‌وه‌وه، فانۆزه کزه‌که خۆش کردوه‌و و چووه‌ته سه‌ربان بۆ بانگێڕان، تا به‌ته‌واوی هه‌موو درزه‌کان نهپهستێ ناهاتوهتە خواره، به‌جله ته‌ڕه‌کانی یه‌وه خۆی خزاندوه‌ته ژێر لیفه‌که‌ی، لێره‌دا بارانێکیان ناخ و رۆحی ده‌هه‌ژێنێت و بارانێکی تریان دڵۆپێکی تاڵه له یاده‌وه‌ریه‌کی کاڵ. دوای چه‌ند ههورازو نشێوێک ده‌گه‌نه سه‌ر زێی (بێژوێ)له‌وێ به سیمێک ده‌په‌ڕنه‌وه بۆ ئه‌وبه‌ری زێ، به ناوگونده ئاوه‌دانه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا رێگای باره‌گای سه‌رکردایه‌تی ده‌گرنه به‌ر، هه‌نگاوه‌کانیان به ناو ئه‌و ههموودارو دره‌خت و باخه چڕوپڕانهدا خێرا تر ده‌که‌ن، دیمه‌نی جوانی خانوی گونده‌کانی رۆژه‌هه‌ڵات سه‌رنجی راده‌کێشێ له به‌ردو قوڕ به شیوه‌ی ئه‌ندازه‌یی دوو نهۆم به په‌نجه‌ره‌ی گه‌وره دروست کراون.
هه‌موی چه‌ند مانگێک بوو رژێمی (محه‌مه ره‌زا شا) روخابوو ، خه‌ڵكه‌که هیوایان به رژێمی نوێ هه‌بوو، گه‌یشتنه باره‌گای ملازم عومه‌ر –ی لێپرسراوی مه‌کته‌بی عه‌سکه‌ری پشویان دا، ئێواره‌که‌ی هه‌ڤاڵ له گه‌ڵ ملازم عومه‌ر و مه‌لا به‌ختیار به دۆڵه‌که‌دا هه‌ڵکشان تا گه‌یشتنه باره‌گای مام جه‌لال.
مام به هه‌ڤاڵی راگه‌یاند
– هه‌ڵوێستی تۆ‌و ئه‌و شاعیرانه به چه‌کی وشه‌و قه‌ڵه‌م له میهرجانی شیعری کوردی شه‌ڕێکی پڕ به‌های باڵا بوو، هیچی له‌جه‌نگی پارتیزانی و پێشمه‌رگانه که‌متر نه‌بوو، له کاتێکی باش دا هاتیت، دوای جیابونه‌وه‌ی باڵه‌که‌ی ره‌سول مامه‌ند له بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی کوردستان، ئێمه سه‌ر له‌نوێ خه‌ریکی رێکخستنه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی بزوتنهوهین. پێم باشه تۆ وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌ک له سه‌رکردایه‌تی نوێی بزوتنه‌وه دانێین، نامه‌م بۆ چه‌ند براده‌رێک ناردووه، ماوه‌یه‌کی تر دێنه ده‌رێ، به‌مه‌ش به هه‌موومان ده‌توانین بزوتنه‌وه هه‌ستێنینه‌وه.
هه‌ڤاڵ داوای لێبوردنی له مام جه‌لال کرد وتی:
– من توانای ئه‌و پۆسته‌م نی یه، ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌م و ناتوانم له رێکخراوێکی تر کار بکه‌م.
مام پێ ی وت:
– ده‌زگای راگه‌یاندن بۆ تۆ باشه
ئه‌و هه‌ڵوێسته باڵایه‌ی هه‌ڤاڵ وه‌ک گه‌نجێكی 23ساڵ خاوه‌ن خۆزگه‌و خه‌ونی گه‌وره زۆر له پله‌و پایه‌و پۆست و ده‌سکه‌وت گه‌وره‌ترو به بههاتربوو، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و کادێرانه‌ی به هۆی کوتله‌و کوتله کاری یه‌وه پۆستیان پێ دراوه و هیچیان له بار نی یه. که‌سێتیه‌کی لاوازن و دروست کراون، به راپۆرت نوسین و مل شکاندنی هاوڕێکانیان پله‌و پۆستیان به ده‌ست هێناوه.
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
-عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ره‌شه‌بای ژه هروئەنفال، سێیه‌مین تاوانی جینۆسیده له جیهان – بەشی کۆتایی.
-عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئەنفال، سێ یه‌مین تاوانی جینۆسایده له جیهان – بەشی سێیەم
- All Posts