عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ئه‌و رۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو، یه‌ک هه‌ڵوێست و یه‌ک چاره‌نووسمان نەبوو/ بەشی چوارەم.
هه‌ڤاڵ له دوای نیوه‌ڕۆی دوا رۆژی هاوین، به نامه‌یه‌کی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌وه له گه‌ڵ هێزێکی پێشمه‌رگه‌دا روو ی کرده هه‌رێمی( 7 و 14 ) له ده‌ڤه‌ری باڵه‌کایه‌تی و دۆڵی ئاکۆیان بۆجیاکردنه‌وه‌ی رێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه، به رێگاکانی قه‌ندیل دا تێ دهپهڕاین، هه‌وراز به هه‌ورازیان بڕی.
سمایل ناسراو به هاوڕێ (سمکۆ) به ته‌مه‌نترین پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه بوو، دووساڵ له‌وه‌وبه‌ر گونده‌که‌یان خاپور کرابوو، بۆ ئۆردوگای چوار قورنه گوێزرابوونه‌وه، ئه‌و به ژیانی نێو ئۆردوگادا رانههات، به‌یانیان و ئێواران له سەربانی خانوهکهیانهوه به‌رامبه‌ر به قه‌ندیل باڵی خه‌یال ده‌فڕێ: سمکۆ به قه‌د ئه‌و حه‌یوان و باڵندارانهشت پێ ناکرێت، بیان به‌نه هه‌ر شوێنێک، دوایی هه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان.
سمایل له‌وه زیاتر نه‌یتوانی بوو له ئۆردگا بمێنێته‌وه، هاوسه‌ره‌که‌ی و دوو کوڕه‌که‌ی به‌سه‌ر باوک و دایکی دا به‌جی هێشت، بوو به پێشمه‌رگه.
هه‌ڤاڵ کاره‌کانی رێکخستنی له‌و که‌رته ته‌واو کرد، باریکه رێگاکه‌ی گرته به‌ر بۆ لای قادر خه‌بات له گوندی (خه‌زێنه)، سنووری هه‌رێمی 7 باڵه‌کایه‌تی پێک هاتبوو له دۆڵی باڵه‌یان، باڵه‌کایه‌تی، ناوچه‌ی حاجی هۆمه‌ران، چۆمان، گه‌ڵاڵه، وه‌رتێ و دۆڵی ئاکۆیان و ره‌واندز.
به سێ هه‌فته هه‌موو رێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی له هه‌موو که‌رته‌کان له هه‌موو ئه‌و شوێنانه له یه‌کێتی جیا کرده‌وه، قادر خه‌بات – جێگری فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی حه‌وت، خه‌ڵکی( خه‌زێنه)-ی دۆڵی باڵه‌یان بوو، رهشتاڵهو باڵا کورت بوو، چالاک و ئازا‌و به‌ده‌ست و برد بوو، جوتیارێکی هوشیار بوو، دوای ئاش به‌تاڵ هه‌ر یاخی بوو، به پێشمه‌رگه مایه‌وه، بوو به کۆمه‌ڵه‌و پێشمه‌رگه‌ی مه‌فره‌زه سه‌ره‌تاییه‌کان.
هه‌ڤاڵ له گه‌ڵ قادر خه‌بات و برایمی حاجی کوێخا و پێشمه‌رگاکان شه‌وه‌که‌ی به ناو ره‌بایه‌ی جاش و سه‌ربازو که‌مینه‌کانیان دا خۆیان گه‌یانده ناو ماڵه‌کانی قه‌سرێ، کوڕێکی گه‌نج له یه‌کێک له ماڵه‌کان، پێڵاوه‌کانی هه‌ڤاڵی بینێ دڕاوبوو، پێڵاوه‌کانی خۆی پێ به‌خشێ، هه‌رچه‌نده ژماره‌یه‌ک له‌وه‌ی خۆی بچوکتر بوو.
هه‌ڤاڵ له‌و ساته‌دا گه‌ڕایه‌وه بۆ فلاش باکی یاده‌وه‌رییه‌کانی منداڵی، ئه‌و کاته‌ی پێڵاوه‌کانی دڕا بوون، باوکی چوو بۆ شار، دوای کڕینی جوتێ پێلاوی تازه‌ی لێ ده‌کات، هه‌ڤاڵ به تاڵهبهنێک ئه‌ندازه‌ی پێییه‌کانی دیاری کردبوو، که بابی له شار گه‌ڕایه‌وه، پێڵاوه‌کانی بۆ هێناوه، که له پێی کرد، به پێی ته‌نگ بوو.
هه‌ڤاڵ ئه‌و دوو دیمه‌نه‌ی له دوو زه‌مه‌نه جیاوازدا به ته‌کنیکێکی سه‌رنج راکێشه‌ر بهکامێری وشه‌ی پڕ له مۆسیقای شیعر گرتوو.
گه‌ر بیره‌وه‌ریی ژیانی منداڵی تیا تۆمار نه‌کرێ، وه‌ک جه‌ستیه‌کی وشک وایه، ناتوانێت گرێی که‌سێتی یه‌که، به لایه‌نی باش و خڕاپی وه بخرێته روو، یادوه‌ری منداڵی چه‌ند زیندوه ئه‌وه‌نده‌ش ده‌بێته رۆحێکی درامی قوڵ و هه‌ناسه‌ی به‌رده‌وامی زه‌مه‌نی زنجیره رووداوه‌کان.
هه‌ڤاڵ له یاده‌وه‌رییه‌کانی دا به توانا‌و سه‌لیقه‌ی خۆی زۆر شاره‌زایانه یادی منداڵی له گه‌ڵ یاده‌وه‌ری زه‌مه‌نی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی، له کات و شوینی ویستگه جیا جیادا له فڵاش باکی رووداوه‌کان دا تۆمار کردووه، وه‌ک هونه‌ری فه‌نتازیای سیناریۆی فیلمی سینه‌ما.
لێره‌دا له دنیای فلاش باکه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌و بۆ ئه‌و کاته‌ی هیزه‌که‌یان له ناو دێ ده‌رده‌چن، ده‌سڕێژێک هه‌نگاوه‌کانیان ده‌وه‌ستێنێت، له سه‌ر رێگای به‌ره‌و حاجی هۆمه‌ران جاش که‌مینی بۆ داناون یه‌کێک له ده‌لیله‌کان به قادر خه‌بات ده‌ڵێت:
– تا له هه‌ڵگیرانی دوا که‌مین-ه‌که دڵنیا نه‌بین، نابێت له قه‌سرێ ده‌رچین.
جێگاکه‌یان قایم نه‌بوو، رهباییهکانیش زۆر نزیک بوو لێ یانه‌وه به بێ دووربین ده‌بینران.
قادرخهبات پێی وتن: خۆتان له ناو ئه‌و ده‌وه‌نانه ون بکه‌ن ، حکومه‌ت به جوڵه‌ی ئێمه‌ی زانووه.
کۆپته‌ره‌کان له به‌یانی یه‌وه تا ئێواره به‌ئاسمانی ده‌ڤه‌ره‌که‌دا ده‌سوڕانه‌وه، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان له ناو ده‌وه‌ن و پنچکه گیا خۆیان حه‌شار دابوو، نزیک ره‌بایه‌کان بوون،کۆپته‌ره‌کان دوور له‌وان به‌سه‌ر ناوچه‌ی گه‌ڵاڵه‌و حاجی هۆمه‌ران دا ده‌سوڕانه‌وه، مهتارهکانیان ئاوی تیا نه‌مابوو، نانێکی که‌میان پێ بوو،
ئه‌و ئێواره‌یه ئاراسته‌ی جهولهکهیان به‌ره‌و چیای کارۆخ گۆڕی، له‌وکاته‌دا ده‌بوایه له جاده‌ی خانه‌قا بپه‌ڕنه‌وه گوێ یان له زرمه‌یه‌ک بوو، که‌سێک که‌وت و به‌ئاگای هێنانەوه.
– وریابن له‌وه ده‌چێت که‌مین بێت.
چه‌ند ده‌سڕێژێک ده‌وربه‌ره‌که‌ی هه‌ژاند، هه‌موویان یه‌کسه‌ر خۆیان دا به‌سه‌ر زه‌وی دا، ئه‌و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ی له جاده‌که ده‌په‌ڕینه‌وه، به خێرایی له که‌مینه‌که هاتنه ده‌ست تا هه‌موو پێشمه‌رگه‌کان گه‌یشتنه ئه‌و به‌ری جاده‌که، هه‌موویان له ناو خڕێکی پڕ له ژاڵه‌و تاوێره به‌ردی گه‌وره گیرسانه‌وه، ده‌سڕێژ هه‌ر به‌رده‌وامه. چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک به‌ئاڕاسته‌ی شوێنی ده‌سڕێژه‌کان ته‌قان کرد، پێشمه‌رگه‌کانی تر به‌دوای شوێنێکی له باردا ده‌گه‌ڕان لێ ی دامه‌زرێن، دوای نیوسه‌عات ته‌قه نه‌ما.
قادر خه‌بات هه‌موو پێشمه‌رگه‌کانی به‌سه‌رکرده‌وه، به سه‌غڵه‌تی یه‌وه ده‌ڵێت: پێشمه‌رگه‌یه‌کمان دیار نییه، کوا سمایلمان له گه‌ڵ نییه؟
پێشمه‌رگه‌یه‌ک ده‌ڵێت: من گوێم له ده‌نگی یه‌کێک بوو، نه‌مزانی کێیه، به‌ڵام وتی: به‌جێم مه‌هێڵن.
قادر خه‌بات و برایمی حاجی کوێخا روویان کرده شوێنی ته‌قه‌کان، داوای ماوه‌یه‌ک سمایل له گه‌ڵ خۆیان دا دێننه‌وه، جه‌سته‌ی سمایل شه‌ڵاڵی خوێن بوو، دیمه‌نی ئه‌و مه‌رگه‌ساته هه‌موو پێشمه‌رگه‌کانی نوقمی بێ ده‌نگی و خه‌مێکی قوڵکرد، چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک به بێ ده‌نگی ده‌گریان.
دڵی سمایل هێشتا له لێدان نه‌که‌وتوه، ئه‌وه‌نده خوێنی له به‌ر رۆیشتبووه له زمان و گۆ که‌وتوبوو.
هه‌ڤاڵ دیویست شتێک له زیندوێتی خۆی پێ ببه‌خشێ، ده‌ست ده‌خاته ناو ده‌ستی، پێڵوه‌کانی لێک ده‌نێت، په‌نجه‌کانی سمایل له ناو له‌پی هه‌ڤاڵ دا ورده ورده سارد و ساردتر ده‌بنه‌وه، تا ده‌ستی له ده‌ستی ده‌ترازێ، مه‌رگ له ئامێزی ده‌گرێت.
قادر خه‌بات وتی: که گه‌یشتینه سه‌ری، هێشتا له زمان نه‌که‌وتبوو.
پێ ی وتین: دڵم خه‌به‌ری دابوومێ، ئێوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌رم و به‌جێم ناهێڵن،گه‌ر بشمرم باکم نییه، مادام ژن و منداڵه‌کانم ده‌زانن هاوڕێ پێشمه‌رگه‌کانم به برینداری به جێیان نه‌هێشتووم، ئاگاتان له ژن و منداڵه‌کانم بێت.
هه‌ڤاڵ له گه‌ڵ قادر خه‌بات و سێ پێشمه‌رگه‌ی ده‌سته‌که‌ی روویان کرده سنووری هه‌رێمی (14)له دۆڵی ئاکۆیاتی بریتی بوو له (دۆڵی بۆتێ، دۆڵی گوڵان، دۆڵی پڵنگان، دۆڵی شاورێ، دۆڵه ره‌قه )هه‌موو گونده‌کانی ئاوه‌دان بوون، خه‌ڵکه‌که‌ی به‌کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵدارییه‌وه به داهاتێکی که‌م ده‌ژیان .ناوچه‌یه‌کی عه‌شایه‌ری بوو، سوار ئاغا فه‌رمانده‌ی هه‌رێم و ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی ی. ن. ک بوو، سنوره‌که‌یان 6 کم له هێزه‌کانی رژێمه‌وه دوور بوو، به‌ڵام هیچ شه‌ڕو پێکدادانێک له نێوانیان دا رووی نه‌ده‌دا.
عه‌لی نه‌بی فه‌رمانده‌ی که‌رت بوو له‌و هه‌ڕێمه، پێش ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 1978 ببێ به پێشمه‌رگه کۆمه‌ڵه بوو، فرمانده‌یه‌کی ئازا‌و چالاک و به‌توانا بوو، هه‌موو پێشمه‌رگه‌ی که‌رته‌که‌ی کۆمه‌ڵه بوون، هه‌ڤاڵ به‌هاوکاری عه‌لی نه‌بی به 3 رۆژ هه‌موو کاره‌کانی ئه‌وێ ی ته‌واو کرد.
له جهولهکهیان دا (زینووی ئه‌ستێرۆکان ) و دۆڵی شاورێیان لێ ون ده‌بێت (کوێستانی مه‌کێ) سهردێنێ، ئه‌و کوێستانه له چاوه‌کانی هه‌ڤاڵدا،
له زه‌خره‌فه‌ی مافورێک ده‌چێ، له لاپاڵی شاخێک ئه‌و هه‌موو بێری و مه‌ڕو بزن و رهشماڵانهش نه‌خشی سه‌ر فه‌رشه‌که‌ی جوانتر‌و دڵگیر تر کردبوو.
لێره‌وه گه‌یشتنه به رهشماڵهکهی ماڵی کاڵێ ره‌شماڵێکی گه‌وره بوو، له‌نزیک په‌ڵه‌دار گوێزێک دا بوو، له یه‌که‌م روانین دا هه‌موو ئه‌وانه سه‌رنجی هه‌ڤاڵی راده‌کێشا. ههرزاڵێک و چه‌ند ده‌سته نوێنێکو ئاگردانێک و چه‌ند لبادێک به ده‌وریدا، فانۆسێک) چیغهکانی چوار ده‌وری ڕه شماڵهکه به هه‌موو ره‌نگه‌کانییه‌وه هه‌ریه‌که‌یان له تابلۆیه‌کی هونه‌ری ده‌چوون، ئه‌و شته سادانه و ئه‌و ره‌شماڵه لای هەڤاڵ جوانترین و خۆشترین ماڵی دنیا بوو. ئه‌و ماڵه بوو پێش ئەوه‌ی بچن بۆ هه‌رێمی 14، چوار شه‌و له ناویان مانه‌وه، چی له‌وه خۆشتره له‌و ژیانه دابراوه سه‌رنجی گه‌رم و پڕ له‌هه‌ستی کچێک به‌لای خۆ‌یا رایبکێشێت.
ئه‌وکاته‌ی ئه‌وان گه‌یشتنه به‌رده‌م رهشماڵهکه ،کاڵێ مه‌شکه‌ی ده‌ژاند ، هه‌ڤاڵ خه‌ریکی چاک وچۆنی بووله‌گه‌ڵ مام پیرۆت و خێزانه‌که‌ی ،کاڵێ به‌جامێک دۆوه ده‌گه‌ته به‌رده‌میان، هه‌ڤاڵ بێ ئه‌وه‌ی سه‌ر هه‌ڵ بڕێ، جامه دۆکه‌ی لێ وه‌رگرت، له گه‌ڵ یه‌که‌م فڕدا گه‌ڕایه‌وه بۆ فلاش باکی سه‌رده‌می منداڵی زۆر حه‌زی له خواردنه‌وه‌ی کۆکا کۆلابوو، پاره‌ی شوشه‌یه‌ک کۆکا کۆلای له باوکی وه‌رگرت، له چاخانه‌که‌ی (شاڵی)به 25 فلس شوشه‌یه‌ک کۆکا کۆلا کڕی، له گه‌ڵ هه‌ڵپچڕاندنی سه‌ری شوشه‌که، چاوه‌کانی ده‌نوقاند، به توندی ده‌می پێوه ده‌نا، دوو که‌ڵێکی شین باو له هه‌ردوو کونه لوتی دردهچوو، له‌دوا قوم دا:
(خودایه تو گه‌وره‌یی خۆت، یه‌کێک له رووباره‌کانی به‌هه‌شت بکه‌ی به کۆکا کۆلا. جامه به‌تاڵه‌که ده‌داته‌وه ده‌ستی کاڵێ بێ ئه‌وه‌ی ته‌ماشای بکات
– ده‌سته‌کانت خۆشبن، دۆیه‌کی زۆر به‌تام بوو.
– با جامێکی که‌شت بۆ تێکه‌م.
ئه‌و ده‌نگه له‌ره‌ی مۆسیقایه‌کی ئه‌فسوناوی بوو، سه‌ری هه‌ڵنه‌بڕی، له‌یه‌که‌م نیگا دا جوانیه‌کی پڕ له سسیحری ئه‌فسانه‌یی وا بینی، له تێڕامانێکی قوڵدا، دڵه کوتێیهکی توند گرتی، چاوهشینهکانی هه‌ڤاڵ له چاوه سه‌وزه‌کانی کاڵێ دا ون بوو.
کاڵێ هه‌سته‌کانی خۆی به نیگای قه‌رسیلی سه‌وز چاوه‌کانیه‌وه ئاڕاسته‌ی هه‌ڤاڵ کرد و توشی شڵه‌ژانی کرد، یه‌ک وشه‌ی پێ نه‌وترا، هه‌ستی به کاس بوون ده‌کرد، به ناوی ماندوو بونه‌وه روخسه‌تی سه‌ر خه‌و شکاندنێکی خواست.
هه‌ڤاڵ له‌سه‌ر لبادێک له پاڵ گاشه بهرردێک پێڵوه‌کانی لێک نا، خه‌و چاوه‌کانی دانه‌گرت، کڵافه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی هه‌ر له لای یه‌که‌م نیگای کاڵێ بوو، به دزییه‌وه نامه نیگایه‌کی بۆ نارد.
جارێکی تر له فلاش باکێکی ترادا، گه‌ڕایه‌وه بۆ سه‌رده‌می منداڵی/ کۆلاره و پێشبڕکێکی خۆی و هاوڕێکانی، کۆلاره‌ی کامیان به‌رزتره و گهیشیوهته قوڵای ئاسمان، هه‌ڤاڵ و هاوڕێکانی، په‌ره کاغه‌زێک کون ده‌که‌ن و به ناوی نامه‌و له رێی ده‌زووه‌که‌وه ده‌ینێرن بۆ کۆلارهکانیان.
– نامه‌که‌ی من زۆری نه‌ماوه بگات.
– ئه‌وه‌ی منیش.
هاوڕێکانی گوێیان به توند بوونی بایه‌که ناده‌دا، چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی نامه‌کانیان بوون، ده‌زووی زیاتریان له داوه‌که ده‌دا، هه‌ڤاڵیش له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ک باکه کۆلاره‌که‌ی له ده‌ست بفڕێنێ، چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی نامه‌که‌ی نه‌کرد، به په‌له ده‌زووه‌که‌ی هه‌ڵکرده‌وه.
له‌و کاته‌دا کاڵێ له‌شتنی قاپه‌کان ببوه‌وه‌و خه‌ریکی گسکدانی جێ ی دانیشتنی ئێواره بوو، ناو به‌ناو سیحری نیگاکانی ده‌گرته هه‌ڤاڵ، په‌پوله‌ی نیگاکانی هه‌ڤاڵیش به‌ره‌و گوڵی روخساری ئه‌و ده‌فڕین، کاڵێ بروسکه‌ی خه‌نده‌یه‌کی گرته هه‌ڤاڵ، له نێوان دزه نیگای هه‌ڤاڵ و بزه‌ی لێوی ئه‌ودا. هیچ مه‌ودایه‌ک نه‌ما.
هه‌ڤاڵ له‌ژێر سووره چناره‌که‌ی ده‌م جۆگه‌که‌ی ئاوه‌که دانیشت بوو، خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی کتێبێک بوو، نیوه‌ی هۆشی لای کتێبه‌که‌و نیوه‌ی تری لای کاڵێ بوو. پێش ئه‌وه‌ی ئاوازی ترپه‌ی پێیه‌کانی کاڵێ بگاته گوێی، بۆنی گوڵه کێوییه‌کانی به‌رباخه‌ڵی سییه‌کانی هه‌ڤاڵ پڕ کرد، ویستی له به‌ری هه‌ستێ، قاچه‌کانی له گۆ که‌وتن. کاڵێ گه‌یشته لای هه‌ڤاڵ له پاڵیا داده‌نیشێت، هه‌ڤاڵ شڵه‌ژا.
– خودایه ئه‌و هه‌موو ئازایه‌تیه چیه به‌وت داوه‌و ئه‌و هه‌موو ترسنۆکیهش به من.
– ده‌ڵێ ی پێت ناخۆشه هاتووم؟
پێم خۆشه، به‌ڵام کێشه‌ی من ئه‌وه‌یه، خۆشم نازانم چیم ده‌وێت؟
– نا پێم نا خۆش نی یه، به‌ڵام …
– به‌ڵامی چی؟
– من پێشمه‌رگه م، پێشمه‌رگه‌ش موڵکی بیر‌و باوهرهکهیهتی، نه‌ک خۆی.
– ئێوه به بیر‌و باوه‌ڕه‌که‌تانه‌وه، جوانن.
– ئه‌گه‌ر ماڵه‌وه‌تان بمان بینن؟
– که‌سیان له ماڵه‌وه نین، دایکم نه‌بێ، دایکم به هه‌موو شتێکی من ده‌زانێ.
– سبه‌ینێ ده‌ڕۆن و ده‌شترسام وا به ئاسانی نه‌تبینمه‌وه.
– به‌ڵێ سبه‌ینێ ده‌ڕۆین، پێشمه‌رگایه‌تی ئاوایه، وه‌ک ده‌روێشی گهڕیدهین، هه‌ر رۆژه‌ی له شوێنێکین.
– ئه‌رێ پێشمه‌رگایه‌تی، که‌ی ده‌بڕێته‌وه؟
– شۆرش درێژ خایه‌نه، ئێمه ده‌بڕێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و نابڕێته‌وه.
هه‌ڤاڵ سه‌رنجێکی قوڵی کاڵێ‌ی دا چاوه‌کانی پڕ بوون له فرمێسک.
یه‌که‌م جار بوو ئاوا به‌دیقه‌ته‌وه لێی بڕوانێت. چاوه‌کانی سه‌وز سه‌وز، له سه‌وزایی گۆماوێکی ژێر سێبه‌ری په‌ڵه داربیهکی چڕ سه‌وز تر بوون، پێستێکی کاڵ و ته‌نک، لێوه ئاڵه‌کانی له چوزه‌ره رێواسی تازه‌ی سه‌ر له به‌فر ده‌رهاتووی لاپاڵی قه‌ندیل ده‌چوون، ده‌نگی له هه‌موو مۆسیقایه‌ک زیاتر ناخی هه‌ژاند.
هه‌ڤاڵ له ناو نیگاکانی کاڵێ دا به جۆرێک ون بوو، هیچ وشه‌یه‌کی بۆ نه‌وترا، کاڵێ به‌هانایه‌وه دێ به ده‌نگێکی ئارامتر به گوێی دا ده‌چرپێنێ: هه‌ڤاڵ
هه‌زار هه‌ڤاڵ له ناخی دا ده‌نگی ده‌دایه‌وه، به هه‌موو ته‌مه‌نی، هه‌ڤالی له هه‌زاران که‌س بیستووه، به‌ڵام قه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی ئێستا ناوی هه‌ڤاڵی لا خۆشه‌ویست و شیرین نه‌بووه.
– هه‌ڤاڵ شتێک له تۆدا هه‌یه، له هه‌موو ئه‌و پیاوانت جیا ده‌کاته‌وه که من دیومن، شتێکی تایبه‌تمه‌ند له تۆدا هه‌یه، منی شه‌یدات کردووه، شتێک هه‌یه نازانم چی یه، رۆژ نییه پێشمه‌رگه نه‌یه‌ته ماڵمان، زۆریان به‌چاوی هه‌وه‌سه‌وه ده‌ڕوانن، من قه‌د حه‌زم له‌و پیاوانه نه‌بووه به چاوی برسیه‌وه له ژن ده‌ڕوانن، که پیاوێک به‌چاوی برسی یه‌وه لێم ده‌ڕوانێت، به‌قه‌د هه‌موو دنیا بێ تاقه‌ت ده‌بم.
له‌کاتی قسه‌کردندا، کاڵێ گۆناو لا ملی له لێوه‌کانی له هه‌ڤاڵ نزیک ده کردووه، هه‌ر بینه چپه‌کان بوون به ماچ.
– ده‌زانم ئه‌من شێتی تۆ بووم، ئه‌وه‌ش ده‌زانم، به‌ڵام هیچ، پێ ناچێ ئه‌تۆ بۆمن وابی.
به ده‌نگێکی پڕ له حه‌سره‌ته‌وه ده‌پرسێ:
– ژنت هه‌یه؟
– نا… نیمه
هه‌ڤال خۆی له به‌رده‌م کاڵی دا راده‌گرێ و خۆڕاگریهکهشی به‌سێ تاوان داده‌نێت:
* جارێک دڵی کاڵێ ده‌شکێنێت و جاڕێک دڵی خۆی و جارێكی تر دڵی خوا.
پێش ئه‌وه‌ی دایکی بانگی کاڵێ بکات ده‌ڵێت: ئه‌تۆ مه‌یلی خۆته، به‌ڵام من عاشقی تۆبووم.
له‌م یاداشته‌دا نووسه‌ر زۆر به وردی ناخ و باری ده‌رونی و رۆحی کەسێتی ناو دیمه‌نی رووداوه‌کانی تۆمارکر دووه، باری ده‌رونی و رۆحی که‌سێتیه جیاجیاکانی وه‌ک خۆی گه‌یاندوه‌ته خوێنه‌ر، لێره‌دا ئه‌و هه‌موو دیمه‌نه تراژیدیا‌و رۆمانسیانه‌ی نووسه‌ر به‌و زمانه پاراوه‌و به فه‌نتازی نوێ تۆماری کردووه، ناخ و ویژدان و ده‌رون و رۆحی خوێنه‌ر داگیر ده‌کات، نووسه‌ر زیره‌کانه به‌پێی هه‌لومه‌رجی روداوه‌کان زمانی رۆژنانهوانی و زمانی په‌خشانه شیعری له رسته‌ی کورت و چڕدا به‌کار هێناوه، ههردیمهنێکی رووداوی ئه‌م یاداشته چیرۆکێکه، به ته‌کنیکی رۆمان چنراوه.