عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ئه‌و رۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو، یه‌ک هه‌ڵوێست و یه‌ک چاره‌نووسمان نەبوو/ بەشی پێنجەم.
سوپای عێراق به به‌رده‌وامی هێزه‌کانی له جوڵه‌دا بوو، ده‌زگای پێشمه‌رگایه‌تی له به‌ر ئه‌گه‌ری هێڕشی سوپای عێراق، رێنمایی بۆ هه‌موو باره‌گاکانی پێشمه‌رگه ده‌رکرد، سه‌نگه‌ره‌کان قایم بکه‌ن، ئێشکگری شه‌وان توند بکه‌ن، کونه ته‌یاره دروست بکه‌ن، ده‌زگای راگه‌یاندن به‌خێرایی کونه ته‌یاره‌یه‌کیان دروست کرد،فریای ئهوهنهکهوت بوون سه‌ری کونه تهیارهکهیان بگرین، سه‌عات 10-ی به‌یانی 9ی ته‌موزی 1980 هه‌ڤاڵ و هاوڕێکانی له ژێر که‌پره گه‌وره‌که‌ی ناوه‌ڕاستی خێمه‌ی باره‌گاکه‌یان دا، سه‌قاڵی ژماره 9 –ی هه‌واڵنامه بوون، هه‌موو لاپه‌ره‌کانیان به ریز له ژێر که‌پره‌که‌دا بڵاو کردبووه، هه‌ندێ لاپه‌ره‌یان خستبوه سه‌ر یه‌ک، یه‌کێکیش ده‌رزی لێ ده‌داو یه‌کێکی تریش گۆڤاره‌کانی سه‌فته ده کرد.
پێشمه‌رگه‌یه‌ک وتی: ئێمه خۆمان به‌م بڵاوکراوانه‌وه ماندوو ده‌که‌ین، بڕوا ناکه‌م حکومه‌ت هه‌ر به بوونیشمان بزانێ.
له ناکاو چه‌ند فرۆکه‌یه‌ک گه‌یشتنه سه‌ر ئاسمانی نێو زه‌نگ، هه‌موویان له ژێر که‌پره‌که‌وه دهردهپهڕێن، فرۆکه‌کان به‌ره‌و ئاڕاسته‌ی ئه‌وان داده نوێتهوه،هه‌ریه‌که‌یان به‌ره‌و لایه‌ک راده‌که‌ن، هه‌ندێکیان به‌ره‌و کونه ته‌یاره‌که و هه‌ندێکی تر به‌ره‌و په‌ناگه‌ی تر، هه‌ڤاڵ به‌ره‌و کونه ته‌یاره‌که رای کرد، چاویشی لێ بوو فڕۆکه‌کان بۆمبه‌کانیان به ئاڕاسته‌ی ئه‌وا ن ده‌هاوێ، کونه ته‌یاره‌که 8 هه‌نگاو له که‌پره‌که‌وه دووربوو، هێشتا بۆمبه‌کان به‌ر زه‌وی نه‌که‌وت بوو، زۆریان خۆیان هه‌ڵداوه‌ته ناو کونه ته‌یاره‌که، ئه‌وان له ناو کونه ته‌یاره‌که‌دا بوون، ناڵه‌ی و هه‌وای به‌هێزی ته‌قینه‌وه‌ک خه‌ریک بوو په‌رده‌ی گوێیان بدڕێنێ، یه‌کسه‌ر ده‌ستیان به گوێیانه‌وه گرت و ده‌میان کرده‌وه، هه‌ڤاڵ سه‌ری ههڵىڕی، له‌و کاته‌دا فه‌رهادی بیمی به‌ره‌و لای ئه‌وان غاری ده‌دا، دیاربوو سه‌ره‌تا به‌ره‌و شوێنێکی تر رای کردبوو، دواتر گه‌ڕابووه به‌ره‌و کونه ته‌یاره‌که، له‌و ساته‌دا زرمه‌یه‌ک له زه‌وی هه‌ستا، له گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌که، سه‌دان تهلزم و خڕکه به‌رد به‌سه‌ر سه‌ریان دا گیڤه‌ی کرد.
ئازاد عه بدوڵا سدیق له‌و کاتە خۆی فڕێ دایه ناو کونه ته‌یاره‌که، هاواری کرد ئای قۆڵم، هه‌مویان له‌ناو کونهتهیارهکهدا له ناو دوکه‌ڵ و ته‌پوتۆزدا نقوم بوون، خه‌ریک بوو ده‌خنکان، ده‌نگی فڕۆکه‌کان نه‌ما، هه‌ڤاڵ به ئاسته‌م سه‌ری له ناو باروتی نقوم بوی له چاڵه که وه برده ده‌ره‌وه، دوکه‌ڵ و ته‌پوتۆز سه‌راپا زه‌وی وئاسمانی داگرتبوو، مه‌ودای بینین زۆر کزبوو، سه‌ری برده ناو چاڵه‌که‌وه، بیری به‌دوای فه‌رهادا وێڵ بوو.
(ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌کان گه‌یشت و فه‌رها د نه‌گه‌یشت، ره‌نگی مردن گه‌یشت و فه‌رهاد ناگات، فه‌رهادم بینی به‌ره‌و لای ئیمه رای ده‌کرد، به‌ڵام نه‌گه‌یشته ناو کونه ته‌یاره‌که.
هه‌ڤاڵ، دڵی خۆی به‌وه ده‌دایه‌وه ره‌نگه به‌ر له‌ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌کان خۆی دابێته په‌نایه‌ک.
لێره‌دا نوسه‌ر باسی (بورهان مسته‌فا مه‌عروف) ناسراو به (فه‌رهاد) ده‌کات، له یه‌که‌م دیداره‌وه بوون به هاوڕێی خۆشه‌ویستی یه‌کتریی، فه‌رهاد کادرێکی چالاک و رۆح سوکی راگه‌یاندن بوو، رۆژانه کاری باره‌گاکه و به‌شی نوسینه‌کان به په‌نجه‌ی ئه‌و تایپ ده‌کران، ئه‌وه‌نده بابه‌ته‌کانی به پوختی تایپ ده‌کرد و هه‌ڵه‌چنینی نه‌ده‌ویست.
لێره‌دا نووسه‌ر دێته سه‌رباسی یاده‌وه‌ریه‌کی نزیک، به یادوه‌رییه‌کی دێرین و ده‌بێت به فلاش باکی مه‌رگه‌ساتێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو:
(هه‌فته‌یه‌ک زیاتر بوو، فه‌رهاد نامه‌یه‌کی بۆ ئه‌و کچه نوسیبوو که چه‌ند ساڵێک بوو ئه‌وینداری یه‌ک بوون، نامه‌که‌ی ئاماده کردبوو، به‌لام قاسدێک نه‌بوو بیگه‌یه‌نێته ده‌ستی خۆشه‌ویسته‌که‌ی، هه‌موو خۆرئاوا بوونێک، فه‌رهاد خۆی ده‌گه‌یانده لای هه‌ڤاڵ، گه‌ر ته‌نیا هه‌ردوکیان بونایه، نامه‌که‌ی له گیرفانی چه‌پی کراسه‌که‌ی ده‌رده‌هێنا، به هێمنی و به ده‌نگێکی پڕ له سۆزی قوڵێ پڕ له حه‌سره‌ته‌وه وشه و رسته کورته‌کانی ناخی کپی بۆ ده‌خوێنده‌وه، جار جارێکێش له ژێر بژۆڵه درێژه‌کانی یه‌وه، بروسکه‌ی تێشکی چاوه ره‌شه‌کانی ده‌گرته ناو چاوه شینه‌کانی هه‌ڤاڵ، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ دیمه‌نی سوێی دووری و ئازاره‌کانی چۆن له روخساری هاوڕێ که‌ی دا ده‌رده‌که‌وێت.
فه‌رهاد دوا دێڕێ نامه‌که‌ی به‌م شیعره‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت کۆتایی هێنابوو
من بشمرم باکم نی یه…..
نه دایکم هه‌یه بۆم بگری و
نه وێنه‌شم له جانتای
هیچ کچیکی شۆخ دا جێ ده‌مێنێ
فه‌رهاد به خه‌یاڵیش بیر له مه‌رگ نه‌ده‌کرده‌وه، هه‌موو خه‌ونێکی ئه‌وبوو، ئه‌و نامه‌یه‌یه بگاته ده‌ست ئه‌وینداره‌که‌ی.
ئه‌و رۆژه فرۆکه‌کان به به‌رده‌وامی ئاسمانی تووژهڵهوهیان تهی ده‌کرد، گرمه‌و ناڵه‌ی ته‌قینه‌وه‌یان له دۆڵه‌که‌دا ده‌نگ ده‌دایه‌وه، دوای نه‌مانی ده‌نگیان، هه‌ڤاڵ سه‌ری له ناو چاڵه‌که ده‌رهێنا بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رهاد ببینێ، له دوکه‌ڵ و ئاگری خێمه‌که‌یان زیاتر هیچی تر نه‌بینی، بۆمبێک به درێژایی چه‌ند مه‌ترێک و به‌قوڵایی چه‌ند مه‌ترێک چاڵێکی له نێوان که‌پرو کونه تهیارهکهیاندا هه‌ڵکه‌ند بوو، فه‌رهاد له‌و شوینه‌وه به‌ره‌و لای ئه‌وان رای ده‌کرد.
هه‌موو دۆڵه‌که بۆنی مه‌رگی لێ ده‌هات، پێشمه‌رگه‌کان ویستیان له کونه ته‌یاره‌که بێنه ده‌ره‌وه، به‌ڵام هاشه‌و گرمه‌ی فڕۆکه‌کان بوار ناده‌دا بێنه ده‌ره‌وه، ئه‌م جاره‌یان بۆردومانی باره‌گاکانی سه‌ره‌وه‌ی کرد، تووژه‌ڵه-یان نوقمی باروت و ئاگرو دوکه‌ڵ کرد.
دواتر فرۆکه‌کان له ئاسمانی تووژه‌ڵه وون بوون، هه‌ڤاڵ روانییه سه‌رو خوارو لای چه‌پ و راست، فه‌رهاد دیار نه‌بوو، مه‌رگی فه‌رهاد ده‌بیستێت، ده‌یه‌وێت بڕوا به گوێیه‌کانی نه‌کات، مه‌رگی فه‌رهاد ده‌بینێت، ده‌یه‌وێت باوه‌ڕ به چاوه‌کانی نه‌کات.
هه‌موو خه‌ون و خۆزگه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی راگه‌یاندن، ئه‌و گۆڤار‌و بڵاوکراوانه بوو بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ده‌ستی پێشمه‌رگه‌و هه‌موو بستێکی کوردستان، ئه‌وان وا بیریان ده‌کرده‌وه له‌و جوغرافیا دیاریکراوه‌ی ئه‌و دۆڵه‌ی سه‌ر سنوور، له‌لای تۆتالیتاره‌کانی به‌غداده‌وه بونیان نییه، دوای چه‌ند چرکه‌یه‌ک فرۆکه‌کان، بۆمب و مه‌رگیان به‌سه‌ردا باراندن.
هه‌موو خه‌ونی فه‌رهادی پێشمه‌رگه‌و رۆژنامه‌نووس ئه‌و نامه‌یه که به خوێنی دڵێ نوسیوی بووی بگات به‌ده‌ستی ئازیزه‌که‌ی، نامه‌که‌ی فه‌رهاد نه‌گه‌یشت، دایک و خوشک و برای هاتن، گۆڕه‌که‌یان هه‌ڵدایه‌وه، له بری نامه‌که ته‌رمه‌که‌یان بردوه بۆ ده‌زگیرانه‌که‌ی له سلێمانی.
نوسه‌ر له فه‌نتازیایه‌کی زۆر قوڵدا مه‌رگی ئازیزه‌کانی به‌سه‌فه‌ر داناوه، له بیر‌و خه‌یاڵ و رۆحی دا سه‌فه‌ره‌که زۆر زۆر دووره، نابێت که‌س ناویان بهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک مردوو باس نه‌کرێن، وه‌ک زیندوو له هه‌ست و نه‌ست و رۆحی دا بی یان پارێزێت، ته‌نانه‌ت ناچێته سه‌ر ئارامگاکه‌ی بۆئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی مردن به‌چاو و رۆحی خۆی نه‌بینێت.
هه‌قیقه‌ت ده‌بێت به ئه‌فسانه‌ی ئاوێنه‌یه‌ک و له ئاسمانه‌وه ده‌که‌وێته سه‌ر زه‌وی و هاڕه ده‌کات، هه‌ر پارچه‌یه‌کیش نهێنی هه‌قیقه‌تێکی له ناو خۆیدا هه‌ڵگرتووه هه‌موو تێڕانینهکانی نووسه‌ر تێکه‌ڵ به فڵاش باک ده‌بن.
له کاته‌وه هه‌ڤاڵ له کونه ته‌یاره‌که‌دا دێته ده‌ره‌وه، توشی هیستریا ده‌بێ، فه‌رهاد له هه‌موو شوێنێکدا ده‌بینێ، بۆ پارچه به پارچه‌ی ئه‌و هه‌قیقه‌تانه‌ی له بن بهردوبن پنچکه گیا‌و ناو ده‌وه‌نه ههڵکڕوزاوهکان ون بوون ده‌گه‌ڕێ، نه پاهچهکانی بۆ کۆده‌کرێته‌وه و نهدهبنهوهبه ئاوێنه‌ی جارانی هه‌قیقه‌ت.
هه‌ڤاڵ کوێستانی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ناسه‌یه‌کی دلنیای ببه‌خشێ به رۆحی خۆی و فه‌رهاد، له یادیک دا ئه‌م شیعره‌ی له‌رۆحی فه‌رهاده‌وه نوسی بۆ ئه‌وه‌ی له بری ئه‌و نامه‌یه‌ی نهگهیهشت، ئه‌م شیعره بگات به ده‌زگیرانه‌که‌ی
ئه‌گه‌ر گوڵ بای،
ره‌نگه به‌سه‌ر سنگی کچێکی شۆخه‌وه بای
تا سیس ده‌بووی،چه‌ند جارێ بۆنی ده‌کردی، له دوای دا فڕێ ی ده‌دای..
یان ئه‌وه‌تا، به‌سه‌ر لاسکه سه‌وزه‌که‌ی خۆته‌وه،
بۆ چه‌ند رۆژێ وه‌ک ئه‌ستێره دادهگیرسای،
له‌دوایی دا به‌سه‌ر گه‌ڵاو رهنگهکانتا، ههڵدهپڕووکای
به‌ڵام هاوڕێ، خۆ تۆ گوڵ نیت… تۆ شه‌هیدی
نهسیس ده‌بی و نه دهشوهری….
تۆ وه‌ک خوین و خۆشه‌ویستی و ئازادی وای
له ناو دڵی پڕ ئومێدی هه‌موومان دای.
ئه‌وه‌ی مایه‌ی تێڕامانه هه‌ر که هه‌ڤاڵ له خوێندنه‌وەی شیعره‌که بووه‌وه، فه‌رهاد به توندی باوه‌شی پیا کرد پێ ی گوت:
– شیعرێکی زۆر جوانه، خۆزگه بۆ دوای شه‌هید بوونی منت هه‌ڵده‌گرت.
نووسه‌ر له رادیۆ سۆنی – یه بچکۆله‌که‌یه‌وه گوێی له سه‌دام حسین بوو رێکه‌وتنی 6 –ی ئازاری1975له گه‌ڵ شای ئێران دا مۆری کردبوو، هه‌ڵی وه‌شانده‌وه، کاتی خۆی توانی به رێکه‌وتنه‌ی جه‌زائیر هه‌ره‌س به شۆرش-ی ئهیلوول بهێنێت، دوای روخانی شا په‌لاماری ئێرانی دا، له 4 نیسانی 1980 جینۆسایدی کورده فه‌یلییه‌کانی کرد.
له‌سه‌رده‌می شۆرشی نوێ و شۆڕشی گوڵان، هه‌ردوولا به گرێی ئاڵۆزی جه‌لالی و مه‌لای هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی یه‌کتریاندا، شه‌ڕی عێراق –ئێران به‌رده‌وام بوو،سه‌رکردایه‌تی کوردیش پێشمه‌رگه‌ی ئه‌م نیشتمان کرد به‌قوربانی شه‌ڕی ناوخۆ و کوشتنی براکان و به‌هاکانی ئه‌خلاقی پێشمه‌رگایه‌تی به‌ره‌و کاڵ بونه‌وه برد، له هه‌ندێک شوین پاره له خه‌ڵک ده‌سه‌نرا، بێ ڕێزی به هاوڵاتیانه‌وه ده‌کرا، داوین پیسی سه‌ری هه‌ڵدا، خه‌ڵك هه‌بوو بێ لێکۆڵینه‌وه دادگایی ده‌کوژرا، هه‌ندێک فه‌رمانده توشی له خۆ بایی بون بوون، حسابیان بۆ کادرانی رێکخستن نه‌ده‌کرد، هه‌رێمی یه‌ک و فه‌رمانده‌که‌ی رووبهروور ره‌خنه‌یه‌کی زۆر ببونه‌وه، پێگه‌ی عه‌شایه‌ری رۆڵی هه‌بوو بۆ دیارده خراپه‌کان، لیژنه‌یه‌ک بۆ لێکۆلینه‌وه پێک هات، به بڕیاری سڕکردنی محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود و جێگره‌که‌ی و ژماره‌یه‌ک له کادیره‌کانی کۆمه‌ڵه کۆتایی هات، ئه‌وانیش بوون به حسک و نه‌وشیران مسته‌فا یان ده‌سگیر کرد.
دوای ده‌ربازبون و گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا یه‌که‌مین کۆنفراسی کۆمه‌له له7-ی ئایاری 1981 له بناری چیای مالیمۆس به ئاماده‌بونی 185 ئه‌ندام به‌ڕێوه چوو، نه‌وشیروان مسته‌فا راپۆرتی خۆی خوێنده‌وه به‌م شوێوه‌یه بوو:
-(کۆمه‌ڵه له سێ گروپ پێک دێت،گروپی مام جه‌لال، گروپی شه‌هید شه‌هاب، گروپی خۆی و هاوڕێکانی ).
باسی کێشه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی خسته روو، کێشه‌کان زیاتر شه‌خسی بوون و ململانێی سه‌ر ده‌سه‌ڵات بوون.
نووسه‌ر زۆر به‌وردی هه‌موو هه‌ڵه‌و که‌م و کوڕییهکانی شۆڕشی بهزمانیک تۆمارکردوه که هه‌ستی که‌سی برینار نه‌کردووه، به‌ڵام ههقیقتهکانیش چه‌ند تاڵن به زمانێکی لۆژیکانه وه‌ک دۆکۆمینتێکی مێژوویی خستیویهته روو، به بێ هیچ مه‌به‌ستێک رووه باش و خراپه‌کانی وه‌ک خۆی تۆمار کرده‌وه.
دوای کۆنفرانسی یه‌ک، نوسەر هه‌ستی کرد که هه‌موو خه‌ونه رۆمانسی یه‌کانی ئه‌و بۆ ئه‌وه بوو، که ببێ به کۆمه‌ڵه‌و پێشمه‌رگه، به‌ڵام ئێستا به‌ره‌و کۆتایی ده‌چێ، ئه‌مجا زانی سه‌رکرده سیاسییه‌کانی کورد ئه‌کته‌رێکی لێ هاتون ده‌توانن له سیناریۆکانیاندا رۆڵی ده‌یان جۆر که‌سێتی جیا جیا ببین بۆ چه‌واشه‌کردنی پێشمه‌رگه‌و شۆڕش و جه‌ماوه‌ر، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سکه‌وت و ده‌سه‌ڵاتی نه‌رجسیه‌تی خۆیان و خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌کانیان.
کۆنفراس کۆمه‌ڵه‌ی کرد به دوو به‌ره‌ی ئاشکراوه،کوردستانی و داش عیراقی.
هه‌ڤال بیروبڕوای کوردستانی بوو، بڕوای به یه‌ک به‌رنامه‌یی و یه‌ک ستراتیژیی خه‌باتی گه‌لی کورد له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان هه‌بوو، به‌ڵام له هاوڕێ یه‌تی و هه‌ڵوێست و مه‌سه‌له‌ی چینایه‌تیه‌کان له کاری رۆژانه، له داش عێراقیه‌کانه‌وه نزیک بوو.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا نامیلکه‌یه‌کی 40 لاپه‌ڕه‌یی له باره‌ی بوونی پارتێکی چه‌پی کوردستانی نوسی. به‌مه‌ش هه‌ڤاڵ یان له راپۆرتێکا به (ئیسلام دۆست و کۆنه‌په‌رست) ناو برد.
ئیواره‌یه‌کیان هه‌ڤاڵ له گه‌ڵ نه‌وشیران مسته‌فا پیاسه‌یان له‌سه‌ربانی باره‌گای ناوه‌ندی ده‌کرد.
نه‌وشیروان مسته‌فا پێی وت:
– باسی راپۆرته‌که له بیری خۆت ببه‌ره‌وه، سیاسه‌ت له‌م وڵاته‌دا ئاوایه. هه‌ریه‌که‌و بۆ ئه‌وی تر له که‌مین دایه، به‌تایبه‌تی که بزانن، شتێک له تۆدایه ده‌بێته کۆسپ یا هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر شوێنی ئه‌وان.
– حه‌ز ده‌که‌م یه‌ک ئامۆژگاریت بکه‌م، تۆشاعیریت، ئێمه له ناو کۆمه‌ڵه‌دا ته‌نیا یه‌ک شاعیرمان هه‌یه، گه‌ر به‌رای من ئه‌که‌ی تۆ هه‌ر به‌شاعیری بمێنه‌ره‌وه،هه‌قت به‌سه‌ر ناکۆکییه‌کانی ئێمه‌وه نه‌بێ، خۆت مه‌که به ته‌ره‌فی هیچ لایه‌کمان، تۆ شاعیری هه‌موومان به، ئه‌مه بۆ خۆت و کۆمه‌ڵه‌و شۆڕشیش باشتره، من ئه‌م ته‌جروبه‌ی خۆمه پێت ده‌ڵێم:
– من ئه‌گه‌ر وه‌ختی خۆی ئه‌و بیرکردنه‌ی ئێستام هه‌بوایه، هه‌ر خه‌ریکی کاری رۆژنامه‌وانی و ئه‌ده‌بیات ئه‌بووم، توخنی سیاسه‌ت نه ئه‌که‌وتم، ئه‌وه تازه بۆ من دره‌نگه، به‌ڵام بۆ تۆ هێشتا زووه.
هه‌ڤال به بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی ئه‌وسا، نه‌یتوانی سوود له ئه‌زمونی نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌رگرێت، پێی وابوو ئه‌گه‌ر کاری سیاسی نه‌کات، ئه‌ی بۆ بووه به پێشمه‌رگه، له‌شار ده‌یتوانی خه‌ریکی شیعر بێت، به‌و جۆره‌ش وه‌ڵامی نه‌وشیروان مسته‌فای دایه‌وه، دیاربوو ئه‌ویش وه‌ڵامه‌که‌ی هه‌ڤاڵ-ی به‌دڵ نه‌بوو، پێی وت: ئاره‌زووی خۆته، من له‌وه‌زیاتر هیچی ترم نی یه بیڵێم.
هه‌ڤاڵ زۆر ده‌ره‌نگ تێ گه‌یشت، ئه‌مجا زانی هه‌ڵه بووه.
شاعیر‌و نووسه‌رێک به‌و په‌روه‌رده تایبه‌تمه‌نده‌وه له ناو ئه‌و هه‌موو ململانێ و ناکۆکیانه‌دا، هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی نه‌بێت. له سه‌ره‌تای چونه ده‌ره‌وه‌ی دا ته‌مه‌نی 23ساڵ بوو، پله‌ی سه‌رکردایه‌تی ره‌ت بکاته‌وه، ته‌نیا به شیعر‌و نوسین و هه‌ڵوێسته پڕ له جورئهتهکانی بیه‌وێت خزمه‌ت بکات، ئه‌وانیش به راپۆرته‌کانیان خۆیان پێشکه‌وتوخوازو ئه‌ویش به کۆنه‌په‌رستی دابنێن، چۆن نوخبه‌ی خاوه‌ن هه‌ڵوێست جێگای له ناو ئه‌و سیاسیه سه‌قه‌ته‌دا ده‌بێته‌وه که زۆربه‌یان به کوتله‌و کوتله‌کاریی و راپۆرتنوس و ملشکاندن و خۆبردنه پێشه‌وه بوون به سه‌رکرده، کاریان تێکشکانی کاره‌کته‌ری نوێیه به‌تواناکان بوو، بۆ سڕینه‌وه‌ی توانا‌و هه‌ڵوێسته‌کانیان.
به‌ڵگه‌کانیش روون و دیارهکاتی خۆی له‌شاخ و و له دوای راپه‌رینه‌وه له شار بواریان نه‌دا، هیچ که‌س و ئه‌لته‌رناتیڤێک دروست بێت.