شێرکۆ حەمەی کاکەلی: دوورتر لەلافاوەکانی هەولێر، دکتۆر بەرهەم و گیسکەکەی هەیاس!

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دانیشتنی یەکەمی پەڕلەمان بەجۆرێ نمایش دەستی پێکرد کەپێشتریش هاوشێوەی هەبوە و عاقیبەت خێریش نەبوە، بۆیە خەڵک بەگشتی ئەوەندەی چاوی لەجوڵەی کرداری و پاراستنی بەرژەوەندیە گشتیەکان و دژایەتیکردنی گەندەڵی هەیە ئەوەندە بەلایەوە بابەت نییە ئاخۆ ئەو جلانەی لەبەر دەکرێن دشداشەی تازەیە یا دڕاو، کفنە یا قاتی کوردی، ئەمانە وەک کۆمەڵێ نمایشی سواو و بگرە ئیستفزازیش سەیر دەکرێن لەلایەن خەڵکەوە.
کۆی هەمو ئەو بابەتانەش کە ئێستا دەگوزەرێت بەناوی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە مەهزەلە زیاتر هیچیتر نییە، تایبەت کە سێ سەرۆکایەتیەکە وەک خۆیان بمێننەوە!
خۆ ئەگەر وەک خۆیان بمێننەوە و نەگۆڕێن! ئاماژەیەکی ڕونە بۆ نەبونی سەروەری سیاسی لەعێراق و ئاڕاستەکردنی سیاسەت و سیاسیە عێڕاقیەکان لەدەرەوەی خواست و بەرژەوەندی گەلی عێڕاق(ڕاستییەکە ناشاردرێتەوە)، وە ئاماژەشە بۆ شەکەت بون و هەپرم بەهەپرم بونی کۆی سیستەمی سیاسی لە عێڕاق(ئەمەشیان واقعە و نکوڵی لێ ناکرێت)و ئەوەی کە پێویستە گۆڕانکاری تێدا بکرێت خودی ئەو سیستەمە سیاسیەیە کە عێڕاق بەڕێوەدەبات(تەبعەن بەهەرێمی کوردستانیشەوە).
لە ئەگەری مانەوەی سێ سەرۆکایەتیەکە، کورد کە خاوەندارێتی پشکی سەرۆک کۆمار دەکات، لەکوردستانەوە چی ئامادەکردوە و چی دەکات لەپەڕلەمان؟
ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت، پارتی ئەوەندەی مەبەستی بەخاوەن بونی بڕیاری سیاسی کورد و بەمەرجەع بونی بارزانیە ئەوەندە بەلایەوە گرنگ نییە ئەو پۆستە بۆ یەکێتی بێت یا هەر حزبێکیتر(بەمەرجێ کاندیدەکە ئیلتزامیان پێوە بکات).
لەولاشەوە یەکێتی ئەوەندەی لەهەوڵی جێگیرکردنی کاندیدەکەی خۆیدایە ئەوەندە ئاگای لە بڕیار و خاوەندارێتی پرسە گشتیەکان نییە، بەتایبەت لەئێسیادا کە لەوادەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان نزیک دەبینەوە(ئەگەر دوانەخرێت) مەبەستیەتی بونی خۆی پیشاندانی جەماوەرەکەی بدات، دڵنیایە لەوەی لەئەگەری جێگیرنەکردنی کاندیدەکەی ئەوەندەیتر لەڕوی پێگەی جەماوەریەوە هاڕە دەکات و خەڵکەکەی نائومێد دەبێت لەتوانا و سیاسەتی یەکێتیە نوێکەیان(پێدەچێت ئەمەش خاڵێکی لاوازیان بێت بۆ ڕادەستکردنی کاندیدەکەیان، تایبەت لەئێستادا کەدۆخی ئێران والاواز بوە ناتوانێت ڕۆڵەکەی جارانیان بۆ ببینێت).
کاندیدی زەقکراوەی یەکێتیش کە دکتۆر بەرهەمە، باگگراوندێکی فەرهەنگی و ئەکادیمی هەیە و پەیوەندیەکی باشی ناوخۆیی و دەرەکیشی هەیە، دەکرێت خاڵی بەهێزی بێت و وابکات شیاوترین و ئامادەترین کاندیدی کورد بێت، بەڵام ڕاستی حاشاهەڵنەگر ئەوەیە ئەگەر دکتۆر بەرهەم بێتەوە سەرۆک، کاندیدی یەکێتی نابێت بەتەنیا، بگرە بەئەندازەی جیاوازی کورسیەکانیان کاندیدی پارتی دەبێت و گوێڕایەڵتر دەبێت بۆ پارتی وەک لە یەکێتی (زیاتر لە دکتۆر فوئاد معسوم بچێت نەک دکتۆر بەرهەمی دوو ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەی)، ئەم هۆکارەش بڕیاری بون یانەبون بەسەرۆک کۆماریی دەدات و وای دەبینم بشبێت، تایبەت کە ناوبراو هەیمەنەی بەرژەوەندیە کەسیەکانی بەسەریدا زاڵە و یەکێ لەخاڵە لاوازەکانی دونیای سیاسییەتی.
لەئەگەری هەر کاندیدێکیتری ناڕاستەوخۆی یەکێتی(بەوپێیەی یەکێتی پێشینەی ئەم جۆرە یاریە ناوخۆییانەی هەیە) جگە لەوەی دکتۆر بەرهەم قوربانی بابەتەکە دەبێت، ئاماژەیەکیش دەبێت بۆ ڕێککەوتنی ژێربەژێری پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و بەشی زۆرینەی سیاسەتیان لە بەغداد(بەفشاری وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی خاوەن بەرژەوەندی).

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت