چێنەر عەوڵا: تەنگەتاوی ڕوسیا لەبەر دەرگای ئۆکرانیا!
لە دوای ئەوەی چەند ساڵێک بەر لە ئێستا ئەمریکا روسەکانی تۆمەتبار کرد بە پێشێل کردنی پەیماننامەی نێوانیان لەبارەی کۆنترۆلی موشەکە بالستیەکان و کڵاوە ئەتۆمیەکان بۆیە بەربەرەکانی ئەو دوو هێزە کەوتە قۆناغی تازەوە. وە نەرمی مامەڵەی ئیدارەی ترەمپیش بۆ پۆتین و زیادە رەویەکانی روسیا لە مەودای بە چەک کردنی بۆشایی ئاسماندا (دواتر لەسەری دەنوسین). وەستاندنی روسیای لای ئەمریکیەکان کردۆتە پێویستی. بەڵام بە شێوازێکی ئەو پەڕی زیرەکانە(شەیتانانە) و لەسەر حسابی چەند کارەکتەرێکی لاواز لە ناوچەکەدا، چۆن؟
ئەوەی ئێستا لە سنورەکانی نێوان ئۆکرانیا و روسیا دەگوزەرێ لە راستیدا دەستوەردانێکی زیرەکانەی ئەمریکایە لەسەر حسابی ناتۆ، هاوشێوەی هەمان ئاڵۆزیەکانی کێشەی کوبایە لە ساڵانی شەستەکان لە نێوان (یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا)، بەڵام بە پێچەوانەییەوە. ئەوکات سۆڤیەت ویستی چەکە ئەتۆمیەکانی لەبن دەرگای ئەمریکا جێگیر بکات ئامانجی ناچارکردنی ئەمریکا بوو بە رێکەوتن بۆ وەستاندنی فڕۆکەی U2 ی جاسوسی بۆسەر ئاسمانی سۆڤیەت و لابردنی چەکی ئەتۆمی ناتۆ لە تورکیا کە تەهدیدێک بوو بۆ سەر سۆڤیەت.
هەرچەندە روسەکان، ئەمریکا تۆمەتبار دەکەن بە شکاندنی ڕێکەوتننامەی ساڵانی نەوەدەکان بەوەی ناتۆ پەل نەهاوێ بۆ بنەوپاڵی خاکی روسیاو نزیک مۆسکۆ وە مێژوو نیشانی داوە ئەم دوو هێزە هیچ کات راستەوخۆ روبەروی یەک نەبونەوە وە دوای هەموو ئەزمەیەکیش رێکەوتنێکی فراون و کۆنکرێتی لێ کەوتۆتەوە.
روسەکان ئەم چەند ساڵانەی دوایی دەیانەویست ببنەوە بە جەمسەری هێز لە ناوچەکەدا، بۆیە تەوقیتی ئەم کاتە هەستیارە بە پێدانی چەند چەکێکی کاریگەر بە نرخی 600 ملیۆن دۆلار بە ئۆکرانیا لە لایەن ئەمریکا و نزیک بونەوەی ئۆکرانیا لەوەی ببێ بە ئەندامی ناتۆ بە تەواوی دەماری روسەکانی گرتووە، چونکە هەست بە هەڕەشە دەکەن بۆ سەر مۆسکۆ. لە راستیدا ئامانجە شاراوەکەی ئەمریکا وەکو ساڵانی کێشەی کوبا ناچارکردنی روسیایە لە چوارچێوەی رێکەوتنێکی نێودەوڵەتی ئەویش
1- سنوردار کردنی وجودی روسیایە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست.
2- ناچارکردنی روسە بە دۆزینەوەی زەمینەی هاوبەش بۆ روبەروبونەوەی چین لە داهاتوو.
3- دۆزینەوەی بیانویەکە بۆ دەرهێنانی ئەوروپا لە وابەستەگیەتی بە گازی سروشتی روسی کە سەدا 35 ی داهاتی روسیا پێکدەهێنێ.
وە لە کۆتایدا ئەمریکیەکان باش دەزانن ئۆکرانیا توانای وەستاندنی روسیای نیە لە سنوری دورودرێژی 2300 کیلۆمەتری نێوانیان، بۆیە ئۆکرانیەکان ئامادە دەکەن بۆ شەری پارتیزانی و گورز وەشاندن لە هێزی روسی لەناو خاکی ئۆکرانیادا بە پێدانی چەکی مەودا کورت و کاریگەر دەیانەوێ کابوسی ساڵانی 80 ی ئەفغانستان بۆ سوپای روسیا زیندوو بکەنەوە تا ناچاری رێکەوتنی بکەن ئێستاش نەبێ دوای زیانێکی زۆر مەجبور دەبێ… هەموو ئەمانەش لەسەر حسابی وێران بوونی چەند وڵاتێکە، ئەگەر رێکنەکەون!
ئەو سەرچاوانەی سودم لێوەرگرتون
* https://www.rferl.org
* https://www.history.com
* https://www.washingtonpost.com
* https://daily.jstor.org