ڕێباز مام شۆڕش: یه‌کێتیی نوێ دوای 8ی تەمووز یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی له‌ به‌غدا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پوخته‌:
ره‌نگه‌ سێگۆشه‌ی نوێی بڕیارده‌ر (شیعه‌ سەدر و كوردی زۆنی زەرد و سوننه‌ی پاشکۆ) له‌ به‌غدا، به‌هاندان و گوشاركردن له‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی، بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كایه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئامانجیان بێت یه‌كێتی له‌ زۆنی سه‌وزدا گۆشه‌گیر بكه‌ن.

ناساندن:
هاوكێشه‌ی سیاسی له‌ عێراق به‌خێرایی ده‌گۆڕێت. سێ گۆشه‌ی ناوخۆ و بڕیارده‌ر له‌ عێراق له‌ (شیعه‌ی سەدر – كوردی زۆنی زەرد- سوننه‌) پێكهاتبوون. به‌درێژایی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی مام جه‌لال، فایلی كورد له‌ عێراق، لای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو. سه‌رۆك كۆمار، به‌هۆشیاری، نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و پێگه‌یه‌ی ده‌كرد. دوای هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییەكه‌ی ساڵی 2022، یه‌كێتی زۆر هه‌وڵدەدات ئه‌و پێگه‌یه‌ له‌ به‌غدا بپارێزێت. و‌ ململانێیه‌كی سه‌ختی له‌سه‌ر سه‌رۆك كۆماری نوێ، له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بەرێتەوە، به‌ڵام یارییه‌كه‌ لێره‌ ته‌واو نه‌بوو. پارتی ته‌ریب به‌ یه‌كێتی له‌ به‌غدا چالاك بووه‌. په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ سوننه‌ و شیعه‌ی باڵاده‌ست گرێ داوه‌. ته‌نانه‌ت له‌ جموجوڵه‌كانی هه‌فته‌ی رابردوو، له‌نێوان به‌غدا و هەولێر و ئەنبار دەبینرێت كه‌ پارتی بیه‌وێت یه‌كێتی له‌ناو سێگۆشه‌ی بڕیارده‌ر له‌ عێراق، ده‌رپه‌ڕێنێت و گۆشه‌كه‌ی پڕكاته‌وه‌. لاوازبوونی یه‌كێتی له‌ به‌غدا، سیناریۆیه‌كی مه‌ترسیداره‌ و به‌ یارییه‌ لۆكاڵییه‌كان، قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌.

ئێستا: ئه‌مڕۆ یه‌كێتی له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ختدایه‌ له‌ به‌غدا.
خراپترین سیناریۆ: ئه‌گه‌رچی یه‌كێتی چۆته‌ به‌ره‌یەک له‌م دۆخه‌دا، هێشتا (شیعه‌ی ده‌سه‌ڵات) كه‌ چه‌ك و دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌كان و زۆرینه‌ی سیاسییان له‌به‌ردەستە.
لاوازبوونی یه‌كێتی له‌ به‌غدا، یه‌كسانه‌ به‌ لاوازبوون له‌ فایله‌ هه‌ستیاره‌كانی كه‌ركوك و ناوچه‌ی كێشه‌ له‌سه‌ر. یه‌كسانه‌ به‌ لاوازبوونی مه‌سه‌له‌ی كورد له‌ عێراقدا، به‌ڵام یه‌كسان نییه‌ به‌ دوركه‌وتنه‌وه‌ی هه‌موو كورد له‌ عێراق. چونكه‌ له‌ پاشه‌كشێی یه‌كێتی دا، پارتی په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ (شیعه‌ی سەدری ده‌سه‌ڵات و کوردی زۆنی زەرد، سوننه‌ی پاشكۆ) په‌ره‌پیداوه‌، و په‌یوه‌ندییه‌كی حزبی‌ سه‌رپێ خستوه‌، كه‌ ده‌توانێت سه‌رئه‌نجام، له‌ دانوستانه‌كانی داهاتوویدا، نوێنه‌رایه‌تی كوردی پێ بكات.
له‌م سیناریۆیه‌دا، هاندان و گوشار كردن و پشتیوانیكردن له‌سه‌ر سه‌رۆك كۆمار بۆ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه له‌ پۆسته‌كه‌ی‌، بێ نیشاندانی ئه‌لته‌رنه‌تیڤی واقیعی، یه‌كسانه‌ به‌ پاشه‌كشێ كردن به‌ پێگه‌ی یه‌كێتی له‌ هاوكێشه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات له‌ عێراق.
دەبێت چاوەرێ 7ی شوبات بکەین ئایا سەدر دەچێتە ژێر باری دەنگدان بە کەسێک کە پێشتر خۆی لە سەر گەندەڵی دووری خستەوە، یان ئەوەتە سەدریش خۆپێشاندانەکانی بۆ ئەوە بوو، دەسەڵات وەربگرێت و خەڵک بگەوجێنێ. بۆیە سەدریش لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە، لە سێ لاوە.
یەکیان/ دەنگدان بەکەسێک کە گەندڵبووە، لە بەردەم جەماوەرو قایدەی خۆی تووشی گرێیەک دەبێت.
دووەمیان/ رێکەوتنە سێ قۆلیەکەی دەکەوێتە مەترسی لە کاتی پێکهێنانی حکومەت لەلایەن سوونەو پارتی.
سێیەمیان/ چوارچێوەی هەماهەنگی کە خاوەنی هێزوو پارەو کورسین و ئەجێندای دەرەکیش پشتیوانیانن. لە لایەکیتریش مەسەلەی سەرۆک کۆمار، یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێشی تووشی جۆرە متبوونێک کردووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت