سەلاح حسێن ئەفەندی: ژاپۆن لە چەقبەستۆییەوە بۆ وڵاتێکی پێشکەوتو/ دیموکراسی و گەشەکردن هەر خەونە یان پاشەرۆژی ئێمەشە؟ بەشی سێهەم.
.هه‌تا ساڵه‌كانی 1850 ژاپۆن وڵاتێكی دواكه‌وتووی داخراوبوو. هه‌روه‌كو چین خاوه‌نی سیستمێكی به‌ڕێوه‌بردنی فیوداڵی سیاسی و ئابوری ئهبسولیوتیست بوو. ئاینی سه‌رۆكی وڵاته‌كه وه‌كو چین بودیزم بوو، له پاڵیشیدا ئاینێكی خۆماڵی به‌ناوی شینتۆیزمهوه له ناویاندا هه‌بوو، كه به‌شێكی دانه‌براو بوو له‌و سیستمه.
ژاپۆن له چه‌ندین دوورگه‌ی دابڕاو له یه‌كتر پێكهاتبوو. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و دابڕاویهیدا له مێژووی كۆنیدا كاریگه‌ری چینی به‌سه‌ره‌وه بوو، به‌تایبه‌تی بودیزم و بیره‌كانی كۆنفۆشیزم. ئه‌م وڵاته ئه‌گه‌رچی له كۆنه‌وه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی دهورپشدابوو، به‌ڵام هه‌میشه سه‌ربه‌خۆیی خۆی پاراستبوو، هه‌تا مهغۆلهكانیش نه‌یانتوانی چۆكیان پێدابده‌ن<36 ل352\ 48>.
ژاپۆن، هه‌تا ساڵی 1867 هێشتا سیستمێكی قه‌یسه‌ری توندڕه‌ویی هه‌بوو. بنه‌ماڵه‌ی قه‌یسه‌ر پێیان ده‌وترا شۆگان. ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌وڵه‌ت توێژی سه‌ره‌وه‌ی به‌شێك له فیوداڵهكانی نزیك ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه بوون. ئه‌مانه مۆنۆپۆڵی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابوریان كردبوو، به هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌یان به فیوداڵی ناوچه‌كانی تر و چینوتوێژهكانی كۆمه‌ڵگا نه‌ده‌دا به‌شداری له بڕیاره سیاسی و ئابوریه‌كاندا بكه‌ن. سیستمێكی سه‌ربازی خاوه‌ن دسپلینی توندیان هه‌بوو، به ناوی سامۆرای. ئه‌مانه گوێڕایه‌ڵی كوێرانه‌ی سه‌ركرده‌كانیان ده‌كرد هه‌تا مردن. توێژی ده‌سه‌ڵاتدار فیوداڵهكانی ناوچه‌كانی تر و جوتیارهكانیان خستبووه ژێر باری باجی قورس و بێگاری بێسنووره‌وه. هه‌روه‌كو چین كۆنترۆڵیان هه‌بوو به‌سه‌ر شاره‌كاندا و كۆنترۆڵ و مۆنۆپۆڵی بازرگانیان ده‌كرد. بواری كه‌سیان نه‌ده‌دا كه رۆڵی له به‌رهه‌مهێنان و بازرگانی گه‌وره‌دا، به‌تایبه‌تی بازرگانی ده‌ره‌وه هه‌بێت. ڕێگه‌یان به بازرگانه بێگانه‌كان نه‌ده‌دا به ئازادی بێنه وڵاته‌كه‌وه و كاری بازرگانی بكه‌ن و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بازرگانه خۆماڵیه‌كاندا ببه‌ستن.
به‌ڵام ژاپۆن كه‌متر له چین توانای كۆنترۆڵكردنی هه‌موو وڵاته‌كه‌ی هه‌بوو. وڵاته‌كه له چه‌ندین دورگه‌ی له‌یه‌ك دابڕاو پێكهاتبوو. له هه‌ر چواردهوریەوه ده‌ریا بوو. له به‌شه جیاوازه‌كاندا به پێچه‌وانه‌ی چینه‌وه وه‌كو ئه‌وروپا فیوداڵی به‌هێز هه‌بوو، كه خاوه‌نی هێزی چه‌كداری خۆیان بوون و له ململانێی به‌رده‌وامدابوون له‌گه‌ڵ شۆگاندا و هه‌تا راده‌یه‌ك نیمچه سه‌ربه‌خۆیی خۆیان پاراستبوو. ئه‌مانه له شوێنی خۆیانه‌وه به شێوه‌یه‌كی سه‌رۆكی خۆیان بازرگانی ده‌ره‌وه‌یان ده‌كرد. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مانه بێزاربوون له باج و سه‌رانه و فشاری قورسی ده‌سه‌ڵاتی ناوەندی، هه‌میشه چاوه‌ڕوانی دەرفهتێك بوون بۆ گۆڕانكاری. به‌درێژایی مێژوو، ئه‌و ململانێ و گرژییه له نێوان ئه‌مانه و ده‌سه‌ڵاتی ناوەندیدا به‌رده‌وام بوو، كه به درێژایی سه‌دان ساڵ ببووه فاكته‌ر و هۆكاری سه‌رۆكی بۆ ماننه‌وه‌ی وڵاته‌كه له هه‌مان ئاستی دواكه‌وتوودا. به‌ڵام له‌به‌ر سروشتی فیوداڵیان و لاوازیان هێنده توانایان نه‌بوو گۆڕانكاری رهگوڕیشهیی له سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسی و ئابوری وڵاته‌كه‌دا بكه‌ن<6 ل76>.
له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی كه‌پیتالیزم و بڵاوبوونه‌وه‌ی له جیهاندا، هه‌ر وه‌كو چین ژاپۆنیش كه‌وته ژێر ته‌وژمی هاتنی ئه‌و بڵاوبوونهوەوه. له‌سه‌ره‌تادا ده‌سه‌ڵاتی ناوەندی به هه‌موو شێوه‌یه‌ك رێگربوو له كردنه‌وه‌ی كەنارئاوهكانی وڵاته‌كه بۆ بازرگانی ئازاد، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته كهپیتالیستهكاندا. بۆ تێكشكاندنی ئه‌و كۆسپه ئه‌مریكاییه‌كان ساڵی 1853 ژماره‌یه‌ك پاپۆڕی جه‌نگییان ناردە سه‌ریان و ناچاریانكردن به‌نده‌ره‌كانیان بخه‌نه سه‌رپشت بۆ زیادكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی. له دوای ئه‌وه‌ش بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌سه‌ڵاتداره‌كان خۆیان سه‌رپه‌رشتی جموجۆڵی بازرگانیان ده‌كرد و رێگه‌یان نه‌ده‌دا به‌كه‌سی تر به شێوه‌یه‌كی فراوان ئه‌و كارانه بکەن.
فیوداڵه ناڕازییه‌كان له ده‌سه‌ڵاتی ئهبسولیتستی ناوەندی، هێنده به‌هێز نه‌بوون و سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تیان یارمه‌تی دهرنهبوو، كه ئه‌و وڵاته پێشتر خۆبه‌خۆ شۆڕشی سیاسی و پیشه‌سازی تیایدا رووبدات. به‌ڵام بڵاوبوونه‌وه‌ی كه‌پیتالیستی جیهانی بۆ وڵاته‌كه بووه فاكته‌رێكی یاریده‌ده‌ر بۆ به‌هێزبوونی جموجۆڵی ئابوری و دروستبوونی چین‌وتوێژی نوێ و گۆڕانكاری مه‌زن له وڵاته‌كه‌دا.
ساڵی 1867 فیوداڵه نیمچه سه‌ربه‌خۆكانی ناوچه‌كان، به‌هۆی بازرگانیکردنی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد له‌گه‌ڵ كومپانیا و وڵاته ده‌ره‌كییه كهپیتالیستهكان و پاڵپشتی ئه‌وان بۆیان، له چه‌ند ناوچه‌یه‌ك توانایان یه‌كخست و هێزی سیاسی و سه‌ربازی هاوبه‌شیان دروستكرد و رووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتی ناوەندیی تاكڕه‌و وه‌ستانه‌وه. له دوای شه‌ڕێكی ناوخۆ فشاریان خسته سه‌ر شۆگان و ملیان پێكهچ كرد، كه رازیبێت به چاكسازی سیاسی و یاسایی و ئابوری. له‌و ساڵانه‌دا رێگه بۆ بونیادنانی سیستمێكی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسی و ئابوری به‌رفراوانتر خۆش‌بوو. سیستمی فیوداڵیان هه‌ڵوه‌شاندەوە و مافی موڵكداری و به‌كارهێنانی زه‌ویوزاریان ئازادكرد. یاسای نوێ دانرا بۆ ئازادی كاروباری به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازی و بازرگانی، پاراستنی موڵك و ماڵی خه‌ڵك. له هه‌مانكاتدا به‌شداریكردنی ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی زیاتر له بڕیاره سیاسی و ئابوریه‌كاندا. به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی له‌م وڵاته بۆ تێكشكاندنی سیستمی كۆن و دامه‌زراندنی نوێ هاوچه‌شنی شۆڕشی فه‌ره‌نسا بوو.
ساڵی 1890، ژاپۆن یه‌كه‌م وڵاتی ئاسیا بوو، كه ده‌ستوری نوێی تیادا دانرا. ده‌ستوری ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی پاشاگه‌رایی بوو، به‌ڵام تیایدا ده‌سه‌ڵاته‌كانی قه‌یسه‌ر زۆر كه‌مكرایه‌وه. ده‌سه‌ڵاته‌كانی سنوردار و ره‌مزی بوون و ده‌سه‌ڵاتی راستی كه‌وته ده‌ست په‌رله‌مانێكی هه‌ڵبژێردراو و ده‌سه‌ڵاتێكی یاسایی و دادوەریی سه‌ربه‌خۆوه.
به پێچه‌وانه‌ی چینه‌وه، ئه‌م وڵاته به‌هۆی فاكته‌ره ناوخۆییه‌كانه‌وه توانی وه‌كو پێویست سوود له بڵاوبوونه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری جیهان وه‌ربگرێت. ئه‌و چاكسازییه یاسایی و سیاسیانه‌ی، كه له‌و وڵاته ساڵی 1867 ده‌ستی پێگرت و جێگیر بوو، له چین هه‌تا ساڵی 1911 ده‌ستی پێنه‌كرد و وه‌كو بینیمان به‌هۆی لاوازی فاكته‌ره ناوخۆیه‌كانه‌وه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا شكستیان هێنا. ئه‌و چاكسازیانه‌ی له ژاپۆن جێگیربوو، رێگه‌ی بۆ گه‌شه‌كردنی ئابوری و شۆڕشی پیشه‌سازی خۆشكرد. له كاتێكدا ئه‌و وڵاته توانای بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی پێویست بۆ له‌شكره‌كه‌ی په‌یداكرد، چین به پێچه‌وانه‌وه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی له‌رێگه‌ی رووتاندنه‌وه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌وه پاره‌یه‌كی زۆریان ته‌رخانده‌كرد بۆ كڕینی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له وڵاتانی ده‌رەوە، كه له پێش هه‌موو شتێكه‌وه بۆ سه‌ركوتكردنی خه‌ڵكی وڵاته‌كه و كوشتنی یه‌كتر به‌كاریان ده‌هێنا<2 ل294>.
ئه‌و وڵات و كۆمپانیا كهپیتالیستیانهی كه روویان كرده ژاپۆن، هه‌ر به‌شێوه‌ی چوونیان بۆ چین به مه‌به‌ستی ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌كردنی ئابوری و سیاسی وڵاته‌كه و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌بوو، به‌ڵكو له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری و سیاسی خۆیان بوو. ئه‌و وڵات و كۆمانیایانه ئه‌گه‌ر بۆیان بڕەخسایه، له‌باتی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چینوتوێژه نوێیه‌کە چاكسازی خواسته‌كان هاریكاری بكه‌ن، هه‌ر وه‌كو چین له‌گه‌ڵ چینوتوێژه ده‌سه‌ڵاتداره كۆنه‌كاندا ده‌یانكرد و وڵاته‌كه‌یان تاڵان ده‌كرد و خه‌ڵكه‌كانیان ده‌ڕووتانده‌وه.
ئه‌وه‌ی له مێژووی گۆڕانكاری ژاپۆن ده‌كرێ سوودی لێوه‌ربگیرێت، بوونی گروپ و پێكهاته‌ی به‌هێزی جیاوازبوو له وڵاته‌كه‌دا، كه له ململانێ و زۆرانبازیی به‌رده‌وامدابوون له‌گه‌ڵ یه‌كدا. له‌گه‌ڵ سروشتی فیوداڵی و تاكڕه‌وی و توندڕه‌وی ئه‌وانه، ململانیه‌ی نێوانیان بووه فاكته‌رێكی گرنگ، كه رێگه‌خۆشكه‌ر بوو بۆ گۆڕانكاری مه‌زنتر و دروستبوونی چینوتوێژ و هێزی نوێ له‌كاتی په‌یدابوونی فاكته‌ری نوێ‌دا، نموونه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی كه‌پیتالیزمی جیهانی بۆ وڵاته‌كه.
بوونی چه‌ندین هێزی ناكۆك له‌گه‌ڵ یه‌كدا، به‌هۆی پاڵپشتی نوێ و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له بوژاندنه‌وه‌ی بازرگانی و پیشه‌سازیدا ناچاریكردن كه له ڕێگه‌ی په‌رله‌مانێكه‌وه چاكسازی گه‌وره‌ی سیاسی و ئابوری بكه‌ن، كه رێگه خۆشكه‌ر بۆ به‌رپابوونی شۆرشی پیشه‌سازی له وڵاته‌كه‌دا.
به‌رده‌وامبوونی پاشاگه‌ری له وڵاته‌كه‌دا و مانه‌وه‌ی هه‌ندێ ده‌سه‌ڵاتی قه‌یسه‌ر و به‌رده‌وامی ململانێ لە نێوان كۆن و نوێ‌دا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ، بەڵگەی ئه‌وه‌یه، كه گۆڕانكاری و چاكسازی كاتی پێویسته و ناكرێ به چه‌ند بڕیارێك سیستمێكی نوێی حازربه‌ده‌ست به ئاسانی داتاشرێ.