عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: مامه ریشه، ئه‌فسانه‌که‌ی گه‌رمیان/ بەشی چوارەم.
چۆن بوو به مامه ریشه؟
پایزی 1979 که‌رتی 4ی جه‌باری دروست کرا، مام رۆسته‌م فه‌رمانده‌ی که‌رت بوو، بێستون بارۆیی فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی هه‌مه‌وه‌ند بوو، مه‌ولود گوربازی فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه بوو، حه‌مه ته‌له ناسراو به [شاهۆ ] فه‌رماندی مه‌فره‌زه‌ی جه‌باری بوو، نه‌جمه‌دین زیاتر هۆگری شاهۆ بوو، زیاتر جه‌وله‌ی له گه‌ڵ ئه‌ودا ده‌کرد، له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌جمه‌دین عه‌زه ڕه‌شی خه‌ڵکی چه‌مچه‌ماڵ ده‌بینێ و سه‌ره‌تادا لێی ده‌که‌وێته گومانه‌وه، که بۆی ده‌رده‌که‌وێت مرۆڤێکی شۆڕشگێره له لای خۆی به پێشمه‌رگه وه‌ری ده‌گرێت. خه‌ڵکی ناوچه‌که سه‌ریان سوڕما، چۆن وازوو عه‌زه ره‌ش به پێشمه‌رگه وه‌رگیرا، بوو به هاورێی نزیکی نه‌جمه‌دین. زۆر جار مام رۆسته‌م عه‌زه ره‌شی له گه‌ڵ خۆی ده‌برد بۆ جه‌وله، که‌سیه‌تیه‌کی رووخۆش و نمونه‌یی بوو.
نه‌جمه‌دین هه‌موو هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی عهزهرهشی به‌دڵ بوو، هه‌ردوکیان بوون به دوو هاورێی زۆ خۆشه‌ویست و نزیکی یه‌کتری. رۆژێکیان نه‌جمه‌دین و عه‌زه‌ڕه‌ش و ئه‌حمه‌د کانی مسته‌فایی و فه‌خره‌دین ئاوه بۆره‌که‌یی و خالید هه‌ناره‌یی له ده‌وروبه‌ری ته‌کیه‌ی جه‌باری له جه‌وله‌دا بوون، دواتر ڕوویان کرده گوندی مۆرانه و مۆفه‌ر و نوره و قه‌ره‌تامور شه‌وه‌که‌ی له قه‌ره‌تاموور مانه‌وه، به‌یانییه‌که‌ی روویان کرده گوندی داره‌توو، له رێگا عهزهرهش به نه‌جمه‌دین وت :
-ئه‌مشه‌و خه‌وێکی ناخۆشم بینی، له خه‌وه‌که‌م دا خۆشه‌ویسته‌که‌م شیوه‌نی به‌دیارمه‌وه ده‌کرد، تۆش وه‌ک من به هه‌مان شێوه، دڵم ده‌ڵێت :یه‌کێکمان شه‌هید ده‌بین.
نه‌جمه‌دین بزه‌یه‌ک گرتی و هیچی نه‌وت دواتر روویان کرده تاڵه‌بان و قرخ. شه‌وه‌که‌ی چونه ماڵی حه‌مه‌ساڵح له [دێ ڕەشه]، تاریک و لێڵی به‌یانی روویان کرده ژاڵه .
جاشه‌کان زووتر خۆیان گه‌یاندبووه ناو ئاوایی ژاڵه، نه‌جمه‌دین و هاورێکانی به تراکتۆر گه‌یشتنه نزیک گونده‌که‌و دابه‌زین، هه‌موویان پێکه‌وه روو یان کرده ناو ئاواییه‌که، جاشه‌کان تێ یان ده‌خوڕن: ئێوه کێن، بۆکوێ ده‌چن؟
نه‌جمه‌دین ده‌ست بۆ چه‌که‌که‌ی ده‌بات، ئه‌وان زووتر دێنه ده‌ست، له یه‌که‌م دهسرێژدا عه‌زه ڕه‌ش ده‌پێکرێ و برینداریی ده‌که‌ن، نه‌جمه‌دین و فه‌خره‌دین و خالید هه‌ناره‌یی ده‌کشێنه‌وه، فه‌خره‌دین رووده‌کاته ئاوه بۆره‌که و مه‌مله‌حه، ئه‌حمه‌دیش رووه‌و چه‌مه‌که هه‌ڵدێ، نه‌جمه‌دین و خالید هه‌ناره‌یی رووه‌و به‌کر باجه‌لان هه‌ڵدێن، جاشه‌کان کۆده‌بنه‌وه‌و دوایان ده‌که‌ون، خالید هه‌ناره‌یان له نزیک باسه‌ره به برینداری گرت، ته‌سلیم به ئیستیخباراتیان کرد‌و به‌کۆپته‌ر بردیان بۆ زیندان، دواتر جاشه‌کان ده‌چنه سه‌ر عه‌زه ڕه‌ش، ئه‌ویش به‌ده‌م ئازاری برینه‌که‌یه‌وه ده‌ستیان لێ ده‌کاته‌وه و جاشێکیان ده‌کوژێت، جاشه‌کان زۆر دڕندانه هه موو جه‌سته‌ی به گوله ده‌بیژن.
ئه‌م ڕووداوه زۆر کاری کرده‌سه‌ر نه‌جمه‌دین، سوێندی خوارد ریش نه‌تاشێت تاکو تۆڵه‌ی عه‌زه ره‌ش نه‌کاته‌وه.
ئه‌وه‌بوو له ده‌یان نه‌به‌ردی دا شوین ده‌ستی له هه‌ڵمه‌ت و زه‌بر وه‌شاندن له دوژمن دیار بوو، بووه مایه‌ی تێرامانی هاورێکانی ناویان نا مامه ریشه.
دوای 3مانگ مامه ریشه کرا بە جێگری فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه، دواتر پله‌کانی پێشمه‌رگایه‌تی بڕی تا بوو به فه‌رماندی که‌رتی 4 ی جه‌باری.
ته‌رمی مام شکور دۆزرایه‌وه
ئه‌و کاتانه‌ی مامه‌ریشه و که‌رتی 4 ی جه‌باری زه‌بری زۆر کاریگه‌ری پارتیزانانه‌یان، له هێزه‌کانی سوپای عێراق و جاشه‌کانی ده‌دا، جاشه‌کان ئازاری باوک و دایک و خوشک و براکانی ده‌دا، ده‌یان جار جاشه‌کان چوار ده‌وری ماڵی مامه ریشه‌یان ده‌گرت و هه‌ڵس و که‌وتی دڕدانهیان له گه‌ڵ کردون، له ساڵی 1980 دا ته‌حسین شاوه‌یس ده‌گاته تاڵه‌بان و مام شوکری باوکی مامه ریشەی ده‌سگیر ده‌کات و به‌ره‌و لیوای چه‌مچه‌ماڵی ده‌بات، له‌رێگا لێ ده‌داو باڵی ده‌شکێنێت، دیباته به‌رده‌م که‌ریم حه‌مدان ی ئامر لیواو ده‌ڵێت :ئه‌مه باوکی مامه ریشه‌یه .
ئه‌ویش که‌ده‌بینێت پیاوێکی پیره ئازادی ده‌کات، به‌ڵام جاشه‌کان ده‌ست به‌رداری نه‌بوون به به‌رده‌وامی ئازاریان ده‌دا، چه‌ند جارێكی تر گرتیان، ئه‌ویش بۆ ده‌رباز بوون لێیان رووی کرده که‌رکوک، له‌وێش ده‌ست به‌رداری نه‌بوون، له شه‌وی 28- 08- 1981 مام شوکریان ده‌سگیر کرد، له‌و کاته‌وه بێسه‌روشوین کراو هیچ سۆراخێکی نه‌بوو، له 20- 12- 1981 ئه‌حمه‌د کرداری سه‌رقاڵی پاک کردنه‌وه‌ی بیره کشتوکاڵیه‌کانی [ته‌رجیل – له‌یلان ] بوو، ته‌رمێکی له ناو بیره‌کاندا بینییه‌وه، به خێرایی روو کرده ئه‌منی ناحیه‌ی له‌یلان و ههواڵەکه ی پێ گه‌یاندن، که ته‌رمه‌که‌یان ده‌رهێنا، روخساری به ته‌واوی شێوا بوو، که‌س نه‌یده‌ناسییه‌وه، شاره‌وانی که‌رکوک جه‌سته‌یان به‌خاک سپارد .
دواتر هه‌واڵیان گه‌یاند به‌مامه ریشه . به دوای باوکتا مه‌گه‌رێ ئه‌و ته‌رمه‌ی دۆزرا یه‌وه مام شوکری باوکت بوو.
داستانی حه‌مک
تاریک و لێڵی به‌یانی 1- 05- 1982 بوو، 12 پێشمه‌رگه له ناو ئاوایی حه‌مک دا له‌خه‌وی قوڵدا بوون،،له‌و کاته‌دا ژنێک رووی کرده لایان وتی :هه‌ستن وا سوپا‌و جاش وا ده‌گه‌نه ئاوایی، پێشمه‌رگه‌کان به‌خێرایی خۆیان به‌ست و له‌ماڵه‌کان هاتنه ده‌ره‌وه‌و روویان کرده لای مامه ریشه، له‌و کاته‌دا موکه‌به‌ره‌ی جاشه‌کانیان به‌ر گوێ که‌وت :ئاگاداریی – ئاگاداری خه‌ڵکی حه‌مک ده‌که‌ین به خێرایی ئاواییه‌که چۆڵ بکه‌ن، مامه ریشه‌و جهماعهتهکهیمان حه‌سر کردوه، ئه‌مرۆ دوا رۆژی ژیانیانه.
خه‌ڵکی گونده‌که به ترس و له‌رزه‌وه روویان کرده ده‌ره‌وه‌ی گونده‌که، ته‌نیا پێشمه‌رگه‌کان مانه‌وه، نه RPG و نه BKCیان پێ نه‌بوو، پێشمه‌رگه به 12 کڵاشینکۆف و له 15ماڵی کوێره گوندێکی جه‌باری دا بوون، شوێنی هه‌ڵکه‌وتنی جوگرافیای حه‌مک چاڵ بوو، چه‌ند گردۆڵکه‌یه‌ک له ده‌وری ئاواییه‌که‌دا بوو، ده‌یانروانی به‌سه‌ر ماڵه‌کانا، به‌رزایی گردۆڵکه‌کان بۆ دوژمن له بار بوو، هێزيکانی سوپای عێراق پێک هاتبوون له [ سریه‌ی مغاویری که‌رکوک و قوات خاسه‌و جاشه‌کانی سه‌نگاو و چه‌مچه‌ماڵ و له‌یلان و قه‌ره‌هه‌نجیر، جه‌یش شه‌عبی دوزو قه‌ره‌هه‌نجیر، به سه‌رپه‌رشتی که‌ریم حه‌مدانی ئامرلیوای چه‌مچه‌ماڵ، هه‌زار سه‌ربازو جاش، به‌رزاییه‌کانی چوارده‌وری ئاواییه‌که‌یان ته‌نی بوو.
12 کۆپته‌ریش به‌سه‌ر ئاسمانی گونده‌که‌وه به نزمی ناو گونده‌که‌یان له ئاسمانه‌وه ده‌پێکا، له کاته‌دا مامه ریشه به حه‌ماسه‌وه وه‌ستابوو، جامانه‌یه‌کی له مل پێچا بوو، کڵاوه‌که‌ی له سه‌ردابوو، قژی سه‌ری و ڕیشی تاڵ تاڵ وه‌ستابوو، رووی کرده پێشمه‌رگه‌کان وتی: ئێمه پێشمه‌رگه‌ین، ئه‌مڕۆ دوا هه‌ناسه‌ی ژیانمانه، با به‌رگرییه‌کی وا بکه‌ین گه‌له‌که‌مان شانازیمان پێوه بکات.
له‌کاتژمێر 6 ی به‌یانییه‌وه، شه‌رێکی قورسی نابه‌رامبه‌ر له ناو ماڵه‌کانی حه‌مکه‌وه به‌رپابوو، سوپا به تۆپی قورس و هاوه‌ن و هه‌موو جۆره چه‌کێکه‌وه ئاگر بارانی ئاواییه‌که‌یان کرد،کۆپته‌ره‌کان له ئاسمانه‌وه به بۆمبی فسفۆریان داده‌باراند، پێشمه‌رگه‌کان بوون به دوو به‌شه‌وه، به‌شێکیان له‌لای رۆژهه‌ڵاتی حه‌مکه‌وه به سه‌رپه‌رشتی عه‌له ره‌ش، له 10 ی به‌یانی دا ته‌واوی خانوه‌کانی حه‌مک روخان به‌سه‌ر یه‌کدا، ئاواییه‌که له ناو باروت و گڕ و دوکه‌ڵدا ون بوو .
له بهرچڕی و سه‌ختی شه‌ڕه‌که، مامه‌ر ریشه نه‌یتوانی هه‌موو سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌کان به سه‌ر بکاته‌وه. دوژمن هیچ بوارێکی له‌به‌ر ده‌ما نه‌هێشتبوونه‌وه. قورسایی شه‌ڕه‌که له سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی گونده‌که بوو، تا سه‌عات 12 ی نیوه‌ڕۆ، عه‌له ره‌ش و هاوڕێکانی رۆڵی جوامێرانه‌یان نواند له به‌رگری کردن، له‌و قۆڵه‌وه عه‌له ره‌ش و ستار باوهفهتهیی و ئەحمهد عه‌بدولره‌حمان عومه‌ر ناسراو به هاوار که‌رکوکی شه‌هید کران، ئازاد بیلال چاوێکی له‌ده‌ست دا، ئامۆزا تاڵه‌بانی بریندارکرا. ته‌نیا مامه ریشه و که‌ریم شێخ جیری ناسراو به سه‌رکه‌وت شێخ جیری و نه‌سره‌دین خاڵۆ بازیانی و سه‌ید ئیبراهیم و دلاوه‌ر لالۆبوون.
له‌وشه‌ڕه‌دا 62 سه‌ربازو جاش کوژران، عاسی ره‌ئوف لێ پرسراوی جاشه‌کانی سه‌نگاو کوژرا، له شه‌ڕه‌که‌دا پێشمه‌رگه‌کان RPG و قه‌ناسیان ده‌سگیر کرد، مامه ریشه به‌قه‌ناس مشتی له کۆپته‌ره‌کان گرته‌وه، کۆپته‌رێکی پێکا و ئه‌وانی تریش بڵاوه‌یان لێ کرد، به FM گوێیان لێ بوو وتیان :مقاوه‌مه‌یان به‌هێزه.
سه‌عات 7 ی ئێواره بوو، سوپا‌و جاش شپرزه بوون، به‌جۆرێک شکان ته‌رمی 43 سهربازوجاش و جه‌یشی شه‌عبیان لێ به‌جێ ما‌و کشانه‌وه. 25که‌سیان بریندار بوون، خه‌ڵکی حه‌مک له خۆشی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه ماچ بارانی مامه ریشه‌و پێشمه‌رگه‌کانیان کرد، ته‌رمی شه‌هیده‌کانیان له تاڵه‌بان به خاک سپارد.
له‌و شهڕەوه لێپرسراوانی سوپای عێراق به‌مامه ریشه‌یان وت: الرجل الحدیدی.
گه‌ر شه‌ڕی حه‌مک، دووه‌م شه‌ڕی ناو ئاوایی بێت، دوای شه‌ڕی ژاڵه، ته‌نیا جیاوازییه‌ک له نێوانیاندا ئه‌وه‌یه، له‌شه‌ڕی ژاڵه‌دا پێشمه‌رگه‌کان توانیان له بازنه‌ی ئابڵۆقه‌ی قایمی سوپای عێراق و جاشه‌کان ده‌ربازبن. به‌ڵام له‌شه‌ڕی حهمکدا پێشمه‌رگه‌کان توانیان بازنه‌ی قایمی سوپای عێراق و جاشه‌کان تێک بشکێن و پاشه‌کشه‌یان پێ بکه‌ن.
له داستانی ژاڵه‌و حهمکدا سوپای عێراق و جاش نه‌یانتوانی کۆنترۆڵی ناو ئاوایی ژاڵه‌و حه‌مک بکه‌ن.
سه‌رچاوه: عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود/ کتێبی پێشمه‌رگه پۆڵاینه‌که
+هونه‌رمه‌ند کاک جه‌لیل زه‌نگه‌نه، دوای کتێبی پێشمه‌رگه پۆڵاینه‌که‌ی کرد، بۆ سیناریۆی درامای گه‌رده‌لوول.
هه‌موو سه‌رچاوه‌ی کتێبه‌که‌و زۆر نوسینی ترمی له زنجیره دراماکه‌ی دا کردوه به سیناریۆ، بێ ئه‌وه‌ی به ئه‌مانه‌ته‌وه، ده‌ست نیشانی بکات. به‌ڵام کاتێ که له رۆژنامه‌ی کورداستانی نوێ دا، ره‌خنه له درامای گه‌رده‌لول ده‌گرن، ده‌ڵێ: ئه‌و زانیاریانه‌م له کتێبی پێشمه‌رگه پۆڵاینه‌که‌ی عه‌بدولا که‌ریم مهحمودەوە وه‌رگرتووه.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts