پشتیوان جەمال: سێکوچکەی”صەدر و حەلبوسی و بارزانی” زۆرینەی نیشتیمانی، یان بیری” تۆڵە”؟
دیمەنی سیاسی عیراق ئاڵۆز بووە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی بەروارە دەستوورییەکان هیچ نیشانەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان کوتلە سیاسییەکان، بەتایبەت تەیاری صەدری و چوارچێوەی هەماهەنگی شەپۆل نادات و، ڕێگاکە تا ئێستا تەنگەتاو و نیگەرانە. عێراق لە دۆخێکی خراپدایە لە نێوان زنجیرەیەک قەیران، هیچ مەبەستێک نیە بۆ گەیشتن بە کۆدەنگی بۆ ڕزگارکردنی ئەم دۆخەی عیراقی تێکەوتووە.
ململانێیەکان گەیشتونەتە ئاستێک کە حکومەت لەبەرژەوەندی هەرلایەنێک پێک بێت، لایەنی بەرامبەر بەئاشکرا هەڕەشەی تێکدانی دۆخەکە بکات و مەترسی لەسەر سیستەمی سیاسی دروست بێت. وەلائیەکانی ئێران نایانەوێت ددان بەو شکستەکەدا بنێن کە لەو هەڵبژاردنە دوچاری هاتوون، صەدر براوەی هەڵبژاردنەکانەو خۆی وەک پاڵەوانی ساحەکە دەبینێت، هیچ ساشزێکی قبووڵنیە.
سەدر لەگەڵ ئەوەی براوەی هەڵبژاردنەکانە، پشت بەستن بەسێکوچکەی” بارزانی، حەلبوسی، شیعەی صەدری” لەبیری تۆڵەی مێژوویی دایە، کە چەند ساڵێکە خەونی پێوەدەبینێت. کوشتنی ” محەمەد سەدری” باوکی وەک چاودێران باسی دەکەن، سەدر بەبەڵگەوە دەزانێت ئەوەی باوکی کوشت، ئێرانیەکان بوون، نەک سەدام حسین. مالیکی لەساڵی 2008 سەردەمی زێڕینی بوو، ئۆپڕاسیۆنی سەربازی لەژێرناوی ” نوێژی سوارچاکان ” کردە سەر سوپای مەهدی صەدر و گەورەترین زیانی گیانی و مادی بەو سوپایە گەیاند.
ئێستا کە سیاسەتی صەدر ڕوونەو لەبیری تۆڵەدایەو نیازی چەک کردنی میلیشیاکەنەو لێدانە لەستراتیژی دەست و پێوەندکانی ئێران، لایەنی سونەش دەرفەتی لە سیاسەتی دوژمنی دوژمنم دۆستمە وەرگرتووەو، توانیویانە لەقۆناغی پەراوێزخستنەوە بێنەوە ساحەکە. کەواتە کورد بەتایبەتی بارزانی کە هاوپەیمانیانە چی دەست دەکەوێت، یاخود دەکرێت بپرسین بارزانیش لەدوای بیری تۆڵەکردنەوەیە لەشکستی دۆڕانی سەرکۆمارە لە2018، یان هەر بەڕاستی پێوایە ئەم دوو بەرەیەی هاوپەیمانی باڵادەستیان لەحکومەت دەتوانێ بەبێ گرێ و گۆڵە ماف و شایستە دارییەکانی کورد لەبەغدا بدەن؟
کورد لەڕابردودا سەرکردەکانی شیعەی تاقیکردەوە بەوانەی لەدەسەڵات بوون، بەوانەشی لەدەرەوەی دەسەڵات بوون هەرگیز بە باشی نە بۆ عێراق و نە بۆ هەرێمی کوردستان هەوڵیان نەداوە بۆ چارەسەرکردنی مافەدەستوریەکانی کورد. صەدر کاتێک لەدەرەوەی دەسەڵات بوو، هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بەمیلیشیا ناوبردوو، داوای چەکداماڵینی کردووە، زۆرترین ئەندامی لەئەنجوومەنی نوێنەران هەبوو، لەگەڵ حەلبوسیدا لەناو پەرلەمان بەبێ بەرژەوەندی کورد یاسای بودجەیان تێپەڕاند لە حکومەتی پێشوو.
ڕەنگە بارزانی لەهەمووان باشتر ئاگاداری ئەم ڕابردووە بێت، لێ سەندنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری لەساڵی 2016 بەهۆی پرسی گەندەڵیەوە، صەدریەکان سەرمەشقیبوون. کەواتە بارزانیش گرێی دۆڕانی سەر کۆماری 2018 ی هەیەو لەبیری تۆڵەکردنەوەدایە لەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەگەرنا باش دەزانێ بەهانەگرتن بەکەسایەتی دکتۆربەرهەم هیچ پاساوێک هەڵناگرێ، لەچوارساڵی ڕابردوو سەلماندوویەتی کە سەرۆک کۆماری هەمووانەو چەندین جارسەردانی بارزانیشی کردووە، بەڵام بیری تۆڵەکردنەوە ڕێگا بەبارزانی نادات حساب بۆماف و داخوازیەکانی کوردبکات و خەمی یەک ڕیزی ماڵی کوردی بێت، نەچێتە هاوکێشەیەکەوە کە دەرئەنجامەکانی ئەم تەرەف گیریەی لایەنێکی شیعە کە خەریکە پڕیشکی ئاگرەکەی ناوماڵی شیعە دەگاتە هەرێمی کوردستان و، کێشەی ئەمنی و ئابوری بۆ دروست دەکەن، ڕاگەیاندراوەکەی، هەریەک لە فالح فەیاز و عامری، مەسجێکی ڕوون بوو وەک بەرخوردی داهاتوو، تا کورد لەوەتێبگات ئەگەر ئەوان تەداخولی ململانێی ناوماڵی شیعە بکەن، ئیدی هەرێمی کوردستان سەلامەت نابێت.