بورهان شیخ ره‌ئوف: دۆخی‌ عیراق چی‌ ده‌خوازێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا عیراق به‌ بارودۆخێكی‌ سیاسی‌ و ئابووری‌ و ئه‌منی‌ سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌وه‌ش عیراقییه‌كانی‌ والێكردووه‌، هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ن وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌یان بووه‌ته‌ دۆزه‌خێكی‌ پڕ له‌ گه‌نده‌ڵی‌ و بێكاری‌ و نه‌بوونی‌ ئارامی‌ و سه‌قامگیری‌ و ململانێی‌ سیاسی‌ نابه‌جێ‌.
ئه‌گه‌ر سه‌د ساڵی‌ رابردووی‌ ته‌مه‌نی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراق له‌ ئێستا باشتر نه‌بووبێت ئه‌وه‌ ئۆباڵ و هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ رژێمه‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌كه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌ سه‌رده‌می‌ پاشایه‌تی‌ و كۆماری‌ سه‌ربازی‌ كوده‌تاچیش، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌ك تائیفه‌ و یه‌ك ره‌نگ بووه‌ زۆربه‌ی‌ زۆری‌ عیراقییه‌كان په‌راوێز خراون، ته‌نانه‌ت دوا وێستگه‌ی‌ ئه‌و جۆره‌ حوكمڕانییه‌، به‌عسی فاشیست بوو.
ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ به‌ لامه‌وه‌ له‌ عیراقی‌ نوێی دوایی 2003 بۆچی ئارامی‌ و سه‌قامگیری‌ سیاسی‌ و دادگه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ وخزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان دابین ناكرێت؟ سه‌ره‌ڕای‌ نووسینی‌ ده‌ستور و به‌شداریكردنی‌ هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ حوكمڕانیدا، هه‌وڵ ده‌ده‌م وه‌ڵامی ئه‌و هۆكارانه‌ بده‌مه‌وه‌.
1. له‌ رووی‌ سیاسیه‌وه‌ هێز و پێكهاته‌كان له‌ عیراقی‌ نوێ ئالووده‌ی‌ ململانێن له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌ش درز و كه‌لێن و ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ی‌ وڵاتی‌ واڵاكردووه‌ بۆ ده‌ستوه‌ردانی‌ ده‌ره‌كی‌، كه‌ ئه‌جێندای‌ خۆیان بسه‌پێنن له‌ رێگه‌ی‌ هه‌ندێك هێز و لایه‌نی‌ عیراقیه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ وڵات بكه‌نه‌ گۆڕه‌پانی‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ململانێكانیان، ئه‌مه‌ش سازان و پێكهاتنی‌ له‌ باربردووه‌ و متمانه‌ی‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا نه‌هێلاوه‌.
2. له‌رووی ئابووریشه‌وه‌ ده‌ستوه‌ردانی‌ ده‌ره‌كی‌ و یاریكه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و ئیقلیمی‌ له‌سه‌ر خاكی‌ عیراق هه‌یه‌، له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌مه‌ش هه‌موو لایه‌ن و ره‌وته‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌ست به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بگرن و تا بۆیان ده‌كرێت پێگه‌ی‌ خۆیان له‌ به‌رامبه‌ر ركابه‌ره‌كانیان به‌هێز بكه‌ن ،هیواو ئاواتی‌ گه‌وره‌یان ئه‌وه‌یه‌ گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان و ئابووری‌ به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حسابی‌ ئابووری‌ نیشتمانی‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی‌ عیراقیش بێت.
3. له‌ رووی‌ ئاسایشه‌وه‌، ئه‌م بواره‌ش جیاواز نییه‌ له‌ سیاسی‌ و ئابوورییه‌وه‌، چونكه‌ نا ئارامی‌ سیاسی‌ و خراپ بوونی‌ دۆخی‌ ئابووری‌ بنه‌مان بۆ نائارامی‌ و نا سه‌قامگیری‌ وڵات، به‌ڵام له‌وانه‌ش خراپتر گۆڕانی‌ ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌و ململانێیانه‌یه‌ به‌ره‌و توندوتیژی‌ تائیفی‌ و ئیتنیكی‌، ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌سازی‌ و رێخۆشكه‌ره‌ بۆ دروستبوونی‌ میلیشیا و تاقمی‌ چه‌كدار دوور له‌ ده‌ستی‌ ده‌وڵه‌ت و پاشاگه‌ردانی‌ و ئاژاوه‌ و پابه‌ند نه‌بوون به‌ سه‌روه‌ری‌ یاساوه‌.
له‌ بارودۆخێكی‌ ناله‌بار و شپرزه‌ی له‌و جۆره‌دا، ده‌وای‌ ئه‌م ده‌رده‌ كوشندانه‌ی‌ عیراق ده‌بێت چی‌ بێت؟ حه‌كیمه‌كانی‌ سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌تداری‌ چ چاره‌سه‌رێك به‌ گونجاو ده‌زانن بۆ ئه‌م دۆخه‌؟ جگه‌ له‌ دیالۆگ و دانوستان و ره‌چاوكردنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی وڵات و وه‌لانانی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبیی و كه‌سییه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ شه‌و و رۆژێك نایه‌ته‌دی و پێویستی به‌ گفتوگۆی‌ نیشتمانی‌ عیراقی‌ _ عیراقی‌ هه‌یه‌، بۆ گه‌یشتن به‌ سازانی‌ نیشتمانییه‌ك كه‌ فۆرم و میكانیزمی‌ نوێ‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ عیراق پێ بێت، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ده‌ستوور و به‌گژاچوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و كاركردن بۆ سه‌روه‌ربوونی‌ یاسا.
https://knwe.org/?p=145630

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت