نەوزادى موهەندیس: لەسایەى ناکۆکى و گرژیەکانى جیهانەوە، نرخەکانى نەوت بەرەو کوێ؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
لەسەرەتاى دەستپێکى ململانێ و ناکۆکیەکانى نێوان ڕوسیا و ئۆکرایناوە نرخەکانى نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا بەرەو بەرزبونەوە ئاڕاستەیان گرتوە.. ئایا هۆکارەکان چین بۆ ئەم بەرزبونەوانە کە لەساڵى 2014وە بەم شێوەیە نرخەکانى نەوت بەرزنەبونەتەوە:
لەئێستادا ڕۆژى هەینى 4- 2- 2022 نرخەکان بەم شێوەیە بوون:
1. نرخى 1 بەرمیل نەوتى برنت 92.00 دۆلار
2. نرخى 1 بەرمیل نەوتى خاوى تەکساس 91.42 دۆلار
هۆکارەکان چین:
گەلێک هۆکار ڕۆڵ و کاریگەریان هەیە لەوانە:
1. زیادبوونى داواکارى و خواست لەسەر نەوت و غازى سروشتى: لەبەر ئەوەى دەرکەوت کە جۆرى گۆڕاوى ڤایرۆسى کۆرۆنا (ئۆمیکرۆن) ئەو کاریگەریە گەورەیەى نەبوە لەسەر گەشتو و گوزار و هاتۆچۆکانیشى پەکنەخستوە وەکو ڤایرۆسى کۆرۆنا-19 ساڵى 2020 لەبەر ئەوە دواکارى و خواست لەسەر سووتەمەنیەکان بۆ هۆکارەکانى گواستنەوە زیادیکردوە.
2. ڕێگریەکان لەبەردەم خستنە بازاڕى نەوتەوە: بەهۆى بڕین و وەستاندنى ناردنى نەوتى لیبیا و کازاخستان و ئەکوادۆرەوە بۆ ناو بازاڕەکان ئەمەش وایکردوە کە بڕى نەوت کەم ببێتەوە و خواستیش لەسەرى زیاد بکات. ڕێکخراوى ئۆپیک + ناتوانێت بڕى نەوتى زیادە بخاتە بازاڕەوە هەرچەندە هەریەکە لە سعودیە و ئیمارات و عێراق تواناى بەرهەمهێنانى زیاتریان هەیە.
3. ناکۆکى و گرژیەکانى نێوان ڕوسیا-ئۆکراینا: کاریگەرى گەورەى دەبێت و هەیە لەسەر بازاڕى نەوت چونکە گەر ئەو شەڕە هەڵایسێت ئەوا لەلایەک ڕوسیا و وڵاتانى هاوپەیمانى و لەملاشەوە ئەوروپا و ئەمریکا (ناتۆ) بەشداردەبن کە هەردوولایان هەم بەرهەمهێنەرى سەرەکى و هەم بەکاربەرى سەرەکیشن بۆ نەوت و غازى سروشتى و ئەمەش واى چاوەڕوان لێدەکرێت کە نرخەکان هێندەى تر بەرزببنەوە.
4. گرژیییەکانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست: مەبەست گرژیەکانى نێوان ئێران – سعودیە یە کە دوو ڕکابەرى سەرەکى و دوو بەرهەمهێنەرى سەرەکیشن بەهۆى هێرش و پەلامارە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بۆسەر سعودیە و ئیمارات، هۆکارن بۆ ناجێگیرى و بەرزبونەوەى نرخەکان.
5. ململانێ و پێکدادانەکانى بازاڕەکانى دراو: بەتایبەتیش بازاڕى (وۆڵ ستریت) و بەرز و نزمى نرخى دراوەکان ئەمیش هۆکارێکى ترە.
بەم شێوەیە نرخەکان پەیوەستن بە ئاستى جێگیرى و سەقامگیرى سیاسى و ئابورى و تەندروستى و ئەمنیەکانى جیهانەوە بەتایبەتیش ناوچە پڕ ململانێکان و سەرچاوەکانى وزە لە نەوت و غازى سروشتى کە ئێستا خۆیان لەهەریەکە لە ناوچەى قەوقاز و کەنداوى عەرەبیدا دەبیننەوە.
پێشبینیەکان بۆ نرخەکان لە ئایندەدا:
هەموو پێشبینیەکان گریمانەیین و مەرج نیە ڕاست دەربچن، چونکە هەموانیان پەیوەستن بە گۆڕانکاریەکانى ڕۆژ و ناجێگیرى سیاسیەوە، بەڵام لە پەراوێزى هەموو ئەو گۆڕانکاریانەى ئێستا لە دونیادا گەرموگوڕن چاودێران لە کۆمپانیا نەوتیەکان و بانکە جیهانیەکان وایبۆدەچن کە لەم ساڵى 2022دا نرخەکانى نەوت 100 دۆلار تێدەپەڕێنێت بەهەمان شێوەى ساڵى 2014 کاتێک نرخى 1 بەرمیل نەوت بە 115 دۆلارەوە مامەڵەى پێوەدەکرا..
عێراق و کوردستان چى قازانج دەکەن لەم بەرزبونەوانەدا؟
بەکورتى هەردوولا قازانج دەکەن، چونکە هەم عێراق بڕێکى باش نەوت دەفرۆشێت مانگانە زیاد لە 100ملیۆن بەرمیل دەکات بەتێکڕاى 3 ملیۆن بەرمیلى ڕۆژانە و زیاتریش و نرخەکانیشى لە 7 ملیار دۆلار تێپەڕیان کردوە کە ئەمە داهاتێکى گەورەیە بۆ عێراق کە پشتى بەڕێژەى 93-95% بەستوە بە داهاتى نەوت و غازى سروشتى.
هەرێمى کوردستانیش گەر ڕۆژانە بڕى 500هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت ئەوا لە 1 مانگدا دەکاتە 15 ملیۆن بەرمیل و گەر بە 10 دۆلاریش کەمتر لە عێراق بیفرۆشێت، ئەوا بۆ بەرزبونەوەى 1 دۆلار ڕۆژانە بڕى 500 هەزار دۆلار قازانج دەکات و داهاتى زیاد دەبێت، ئەگەر 15ملیۆن بەرمیل بە 82 دۆلار بفرۆشێت لە مانگێکدا ئەوا کۆى پارەکەى دەکاتە 1،230 ملیار دۆلار، بەڵام لەبەرئەوەى ڕێژەى 58% داهاتە نەوتیەکان دەدرێتەوە بە خەرجى کۆمپانیاکان کە دەکاتە 713400000 ملیۆن دۆلار و تەنها نرخى ڕێژەى 42% کە دەکاتە 516600000 ملیۆن دۆلار بۆ حکومەتى هەرێم دەمێنێتەوە.
بەڵام لەگەڵ:
• داهاتە نا نەوتیەکان 164000000000دینار
• 200ملیار دینارەکەى عێراق
• 31500000000 ملیاردینارەکەى هاوپەیمانان بەدڵنیاییەوە حکومەتى هەرێم دەتوانێت موچە و تەواوى خەرجیەکانى حکومەت و پڕۆژەکانیش دابین بکات و جێبەجێشیان بکات.
ئەى غازى سروشتى هەرێم چیە؟ و چەندە؟ و چیلێدەکرێت؟
بەپێی پێشبینى و خەمڵاندنەکان هەرێمى کوردستان زیاد لە 5 تریلیۆن مەترسێجا غازى سروشتى هەیە کە تاکو ئێستا وەبەرهێنانێکى سەرکەوتووى تیادا ئەنجامنەدراوە، هەرچەندە لە ساڵى 2015وە وەزارەتى سامانەسروشتیەکان لەهەوڵى دۆزینەوەى کۆمپانیاى تایبەتمەند بە ڕاکێشانى بۆرى و وەبەرهێنان لەو بوارەدا سەرقاڵى مامەڵە و ڕێکەوتن بوون، بەتایبەتیش لەگەڵ کۆمپانیاى بۆتاشى تورکیدا. بەڵام تائێستا زانیاریەکى وورد و باوەڕپێکراو نیە لەو بارەیەوە کە بە کوێ گەیشتوە. بەڵام خۆشبەختانە غازى سروشتى کوردستان هەم نرخەکەى هەرزانە و لەجۆرى زۆر باشى شیرینە و نزیکیشە لە بازاڕەکانى تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا و بەیەکێک لە سەرچاوەکانى هێڵى غازى سروشتى نابۆکۆش دادەنرێت کە پڕۆژەیەکى گەورە و گرنگى غازى سروشتیە بۆ ئەوروپا لەڕێگەى تورکیاوە کە دەتوانرێت بڕى 31ملیار پێ سێجا بۆ ئەو پڕۆژەیە ئامادە بکات،کە ئەمەش بۆخۆى هێندەى تر گرنگى هەرێمى کوردستان و بەستنەوەى بە بازاڕەکانى نەوت و غازى سروشتى جیهانەوە گەورەتر دەکات، بەڵام بەهۆى ڕاپەڕینەکانى بەهارى عەرەبى و شەڕى داعشەوە ئەو پڕۆژەیە دواکەوتوە کە بڕیار وابوو لەساڵى 2011دا تەواو بکرایە.
تورکیا کڕیارێکى گەورەى غازى سروشتیە و لە ئێستادا لە ئێران و ڕوسیا و ئازەربایجانەوە پێداویستى خۆى دابیندەکات، بەڵام بەهۆى سەرما و سۆڵەى لەڕادەبەدەرى ئەمساڵ و وەکو ئێران دەڵێت: بەهۆى کێشەى تەکنیکیەوە 10-15 ڕۆژ ئێران غازى سروشتى لە تورکیا بڕى و بەمەش کێشەیەکى گەورە بۆ تورکیا دروستبوو تەنانەت بڕیاریدا گەر درێژە بکێشێت غازى سروشتى ناداتە کارگە پیشەسازیە گەورەکان. هەربۆیە ئەردۆگان ڕایگەیاند بۆ جێگرتنەوەى ئێران دەتوانین کە غازى سروشتى لە عێراق و هەرێمى کوردستانەوە دابین بکەین.
بۆیە غازى سروشتیش بەسەرچاوەى دووەمى وزە دادەنرێت و هیچى کەمتر نیە لەنەوتى خاو و ئەویش گەر بە ڕێکەوتنامە و گرێبەستى عەقڵانى و یاسایانەى توندوتۆڵ بفرۆشرێت و هەرزان و تالان فرۆش نەکرێت، دەبێتە سەرچاوەیەکى ترى گرنگى داهات بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان. وەک مەزەندە کراوە ئەو بڕە غازە سروشتیەى هەرێمى کوردستان 5 تریلیۆن مەتر سێجا بەشى 50 ساڵى ئایندەى پێداویستى تورکیا دەکات.
بۆیە ئیدى هیچ بیانویەک بەدەست حکومەتى هەرێمەوە نامێنێت کە مووچە دوابخات و بازاڕ نەبوژێنێتەوە و کار و هەلى کار بۆ گەنجان نەڕەخسێنێت.
بەو هیواى ئەم بەرزبونەوەیە سەرەتایەکى دڵخۆشکەر بێت بۆ ئایندەیەکى گەشتر و ڕوونتر بۆ گەلەکەمان و وڵاتەکەمان.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی