دانا مەنمی: بارەگای بارزانی و عەقڵی خێڵ مێراتێک بۆ بارزانی.
بارەگای بەرزانی یەکێکە لە ئۆرگانە نایاساییەکانی هەرێم بەشێکی زۆری گەندەلییەکانیانی لە ئەستۆدایە ئەم بارەگایە بووەتە ماڵێک بۆ سەنگەر گواستنەوەی کادیرانی لایەنەکانی تر و بەشی زۆری لیدوان و بەیاننامەکانی بارەگای بەرزانی نازانستی و نالۆژیکی وناپێویست و زۆر خۆھەڵقورتاندنە لە مەسەلەکان، بوونی بارەگای بەرزانی بونێکی نامەعقولە و ڕۆڵێکی خراپی گێراوە لە لێکترازانی کۆمەڵگەو قوڵتربوونەوەی کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنەکان، هەقە ئەم بارەگایە ڕۆڵی خۆی ھەڵسەنگێنێت و ڕەخنە لە خۆی بگرێت و سەر لەنوێ خۆی پێناسە بکاتەوە و مامەڵەی مەسعود بەرزانیش ناتەندروست و ناعەقڵانیەو بێمتمانەیی چاندووەو کۆمەڵگەی لەبەریەك ترازاندووە.
بارەگای بەرزانی پێکهاتووە لە چەندین بەش و ئۆرگانی جیاجیا کە کاروبارەکانی کاک مەسعودمان بۆ جێبەجێ دەکەن، یەکێک لەو بەشانەی کە مەسعود بەرزانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی دەکات میدیای سێبەروئەکاونتی فەیکە (شەڕە جنێو)، بارەگای بەرزانی بەسەدان کۆلکە نوسەرو فەریکە رۆژنامەنوس و رۆشنبیری خۆفرۆشی لە خۆخڕکردووەتەوە، ئەوانەی لەم ژورەدا کاردەکەن شارەزاو پسپۆڕن لە هۆنینەوەی تۆمەت و بوختانی سیاسی و چهواشهكاری و بهلارێدابردنی كۆمهڵگا، کاک مەسعود بەرزانی لێرەوە رق و کینەو شەری خۆی تەوزیف دەکات، لەپشت هەر ووشەوڕستەو وتارو بابەتێکەوە لە میدیای سێبەری پارتی و ئەکاونتە فەیکەکان قووهتی زاتی و ماددی و سیاسی مهسعود بەرزانی ڕۆڵ دەگێڕێت، رێنماییهكانی مهسعود بارزانی لەم بارەگایەوە دەگوازرێتەوە بۆ مهكتهبی سیاسی حزبەکەی و مەکتەبی ڕاگەیاندن و گوتهبێژی پارتی، ئۆرگانەکانی ترو راگهیاندنه سێبهرهكان!
ئەوەی بارەگای بەرزانی هەڵدەسوڕێنێت عەقڵی خێڵە و نەخۆشیەكی ویراسییە کە بە میرات بۆ کاک مەسعود بەرزانی ماوەتەوە و دەستی پێوەگرتووە، عەقڵی خێڵ ئینجازی هەبووە بۆ کاک مەسعود بەرزانی و بەرژەوەندی خۆی و بنەماڵەکەی پاراستووەو لەبەر چاو گرتووە، ئەم بارەگایە بەم عەقڵیەتەوە لەسەردەمی مەلا مستەفادا کۆسپێکی گەورە بوو لەبەردەم دۆزی کوردو پێشکەوتنی هزری نەتەوەیی و نیشتیمانیدا، ئەوکاتیش مەلا مستەفا بەم عەقڵیەتە تاکڕەوانە بیری دەکردەوەو لە بازنەی خێڵایەتی نەدەچووە دەرو نەیتوانی سود لە هیچ فرسەتێك ببینێت و ڕووداوی مێژووی بكاتە پرۆژەیەكی نەتەوەیی و نیشتیمانی.
دوای شکستی ڕیفراندۆم کاک مەسعود بەرزانی هەستی بە فەشەلی توانای خۆی کرد، هیچ متمانەو سەنگ و قورساییەکی لەناوخۆی کوردستان لای خەلک و لای هێزە سیاسییەکان و لای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەمابوو، خۆیشی گۆشەگیر بوبوو، کاک مەسعود بەرزانی بۆ ئەوەی بێ کارو وەزیفە نەبێت بارەگای بەرزانی لەبەردەم کۆمەلگای هێزە سیاسییەکاندا قووت کردەوە، بارەگای بەرزانیش وەک ئەوەی کە بۆ بانگەشەو پیاهەڵدانی کاک مەسعود بەرزانی دروست بوون دەستی کرد بە پیاهەڵدانی جەنابی سەرۆک! من هەمیشە گوتوومە کاک مەسعود بەرزانی ئەگەر گەورە بێت پێویستی بە پیاهەڵدان نییەو ئەگەرگەورەش نەبێت بەپیاهەڵدان گەورە نابێت و نابێتە مەرجەع! گەورەبونیش لای من ئەوەیە کە بچوکەکان لەبەرامبەریدا هەست بە گەورەی بکەن.
ناو بە ناو بارەگای بەرزانی پێناسەی کاک مەسعودمان وەکو کەسێکی نەتەوەیی بۆ دەکێشێت ،گەورەی دەکات لەبەرچاومان و پێمان دەڵی دوایین قسە بەرزانی دەیکات هەمووان بێدەنگ بن و واحید الئەحەد کاک مەسعودەو کەسایەتی کاک مەسعودمان بۆ دەخەمڵێنت کە باوکی کوردو رەمزو سیمبولە، وروژاندنی مەرجەعبوونی کاک مەسعود بەرزانی بەراورد بە قەدوباڵای نایەتەوە یەک، لە ڕووی ئاکارییەوە کاک مەسعود بەرزانی بچوک بیردەکاتەوە و شتی بچوك دهیجوڵێنێت نهك شتی گهوره ، بەنموونە لەریفراندۆم دا بیرکردنەوەو خوێندنەوەی کاک مەسعود بەرزانی هێندەی قاچی کورسییەکەی ژێر خۆی بوو، لەبابەتی کەرکوکیش دا کاک مەسعود زۆر بچوک سهیری دۆخی كهركوك دهكات لهكاتێكدا رۆژانه خهڵكی ئهو شاره له پێناو ناسنامهی كوردبووندا جینۆساید دهكرێن، ئاکارێکی تری خراپی کاک مەسعود بەرزانی ئەوەیەکە كێچێك دهكاته گایهك و دژ بە نەیارەکانی دەیگهیهنێته مریشكه ڕهشه! ئەمەش بە دیوێکدا بچوکبونەوەی کاک مەسعود بەرزانی و دیوەخانەکەیەتی کە ناتوانێت عەقڵی خێڵ تێپەڕێنێت و مەترسیە لەبەردەم دۆزی نەتەوەیی و پرسە نیشتیمانیەكان، وە ڕێگرە لەبەردەم پێشكەوتن و ئازادی تاك، دووركەوتنەوەیە لە یاساو بنەماكانی پێشكەوتنی ژیان بەگشتی.