بورهان شێخ ڕەئوف: دەر و دراوسێ، قورەیشی بە دەردی بەغدادی چوو.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی كوشتنی (عەبدوڵڵا قەرداش) ناسراو بە ئەبو ئیبراهیمی هاشمی قورەیشی، خەلیفە و ئەمیری بەناو (دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام) داعش، لەلایەن هێزێكی كۆماندۆی ئەمریكییەوە لە باكووری سوریا، لە نێوان ئیدلب و دێهاتەكانی كۆبانی، نیشانەی گرنگی ئەو كەسەیە بە لای ئەمریكاوە.
هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەكانی بەئامانجگرتنی سەركردەكانی قاعیدە و داعش لە ساڵانی پێشوودا لەڕێگەی (درۆنەەوە) دەكرا، بەڵام ناردنی تیمی تایبەت لەلایەن ئەمریكاوە بۆ ئۆپەراسیۆنی ئاوا كارێكی پڕ مەترسییە، ئەمریكا پەنای بۆ نابات لە دۆخی زۆر پێویست و بۆ ئامانجی زۆر گەورە و گرنگ نەبێت، دیارترین نموونەش ئەو ئۆپەراسیۆنە بوو كە ئەمریكا لە 2011 لە پاكستان بۆ كوشتنی (بن لادن) كردی.
ئەمریكا لە كاتێكدا ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە بەڕێوە دەبات، كە بیەوێت كەسێك بە زیندوویی بگرێت، یان زانیاریی هەواڵگری ورد لەو شوێنانەدا هەبن، مەبەستی بێت كۆیان بكاتەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنەش بێ مەترسی گەورە نەبوو، تەنانەت باس لە تێكشكانی هێلیكۆپتەرێكی ئەمریكیش دەكرێت، بەڵام هیچ هەواڵێك لەسەر كوژرانی سەربازی ئەمریكی نییە.
لە ئۆكتۆبەری 2019 هێزێكی كۆماندۆی ئەمریكا لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا (ئەبوبەكر بەغدادی) خەلیفەی داعشیان لە سوریا گەمارۆدا، بەڵام ئەو خۆی تەقاندەوە، هەواڵەكانی ئێستاش باس لەوە دەكەن (قورەیشیش) خۆی تەقاندۆتەوە.
سەركردەكانی داعش هەمیشە پشتێنی بۆمبڕێژكراویان لە خۆیان بەستووە بۆ ئەوەی لەكاتی پێویستدا خۆیان لە ناوبەرن و نەكەونە دەست نەیارەكانیان، بۆئەوەی زانیاریی و نهێنییەكانی رێكخراوە تیرۆریستیەكەیان بپارێزن.
هەرچەندە زانیاری زۆر لەسەر( قورەیشی) بەردەست نییە، وەكو ئەوانی پێش خۆی، بەڵام هەندێك زانیاری هەیە بەوەی ئەفسەر بووە لە سوپای پێشووی عیراق لە سەردەمی سەدامدا، دواتر لە ساڵی 2003 دوای پرۆسەی ئازادیی عیراق چۆتە رێزی تاقم و گروپەكانی دژ بە ئەمریكاوە و سەرەتا لە ریزی رێكخراوی ئەلقاعیدە و دواتر داعش.
ئەمریكا پێشتر پاداشتێكی راگەیاندبوو بۆ هەر كەسێك زانیاری پێویستی بداتێ لەسەر (قورەیشی) ، لەبەرئەوەی یەكێك بوو لە سەركردە دڕندە و دیارەكانی ئەلقاعیدە لە عیراق، پێش راگەیاندنی داعش، دواتر پلە بەپلە سەركەوت لەناو رێكخراوەكەدا تا بووە جێگری خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی و دوای كوژرانی بەغدادیش، كرا بە خەلیفەی داعش.
لەلایەكی تریشەوە ئیبراهیم قەرداش كە لە توركمانەكانی تەلعەفەربوو بە یەكێك لە گەورە ئایدیۆلۆژیستەکان (فەقیهەكان)ی قاعیدە و داعش بوو، مامۆستای كوشتن و بڕینی كەمینە نەتەوەیی و ئیتنیكییەكان بوو، بە تایبەتی جینۆسایدی ئێزیدییەكانی شەنگال، هەروەها سەرپەرشتی زۆر كاری تیرۆریستی گەورەی كردووە لەسەر ئاستی جیهان.
دوا كاری تیرۆریستی قورەیشی پەلاماردانی زیندانی (غویران) بوو لە حەسەكە، ئەمریكا بەم ئۆپەراسیۆنە دەخوازێت بەر بە خۆڕێكخستنەوە و سەرهەڵدانەوەی داعش بگرێت كە مەترسیی هەرماوە.