حەمەئازاد بەرزنجی: ناسری ڕەزازی بەخشندەیەکە لە پێشکەشکردنی هەڵوێستی شۆڕشگێڕی و نمونەی بەرز لە هونەری کوردی.
ناسری ڕەزازی لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردودا لە ڕێگەی گۆرانی ( ئای چەندم خۆشدەوێی مامۆستا عەلی مەردانەوە )، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، خۆی بەباشوری کوردستان ناساند. ئیتر لەو کاتەوە بەگۆرانی و بە هۆنراوەی نوێوە گوێچکەو دڵ و هزری پاراو دەکردین. گۆرانیەکانیش فۆڵکلۆری، یان وەرگیراو لەهونەرمەندانی دیکە، یان لە ئاوازی تایبەت بە خۆی یان لەڕێگەی ئاواز دانەرەکانەوە بۆی چڕیوین. بە مەقام یان بەبەستەی خاو، یاخود بەبەستەی خێراو شادی. هۆنراوەکانیش تێکەڵاو بون لە فۆلکلۆری و زۆربەی شاعیرانی کورد. ئیتر بەسرود بوبێ حەماسەتی شۆڕشگێڕی جۆش داوین، بە هۆنراوەی ڕۆمانسی و دڵداری بوبێ دڵی شاد کردوین و وەسفی جوانی سروشتی پرژاندوە بەڕومانا. بە ئاوازی جوان بە خوێندن و وتن و قوڕگێکی پاراوی کوردەواریانە گوێچکەی زرنگاندوینەتەوە. ئیتر ئەو ناسری ڕەزازیەی لێکەوتەوە، کە هەمو کورد دەیناسێ و جێگەی ڕێزێکی زۆر زۆر بەرزە لای هەمو شەرەفمەندێکی کورد. گۆرانیەکانیشی بەتاک یان لەگەڵ هونەرمەندانی دیکەدا چریویەتی، بەبێ مۆسیقا یان بەتەپڵ و دەفێکەوە بوبێ، لە گەڵ تیپێکی ئاسایی یان لە گەڵ تیپە بەهێزو بەتواناکانی کوردستاندا بوبیێت یان لە دەرەوەی وڵات، خزمەتێکی ڕاستەقینەی خاوێنی بە میلەتەکەی و خاکەکەی کردوە لەڕێگەی هونەری گۆرانی وتنەوە. خاوەن شەخسیەتێکی بەرزەو هاوتەریب و تێکەڵیش بوە لەگەڵ خەباتی ڕزگاری خوازی گەلەکەیدا و هونەرەکەشی خستۆتە ئەو خزمەتەوە. هیچ کاتێ چۆکی بۆ دوژمنانی گەلەکی دانەداوە و هیچ کاتێکیش هونەرەکەی نەخستۆتە خزمەتیان . ئەمە بێجگە لەوەی خوێنەرێک و ڕۆشنبیرێکی بەسەلیقەیە و شارەزاییەکی باشیشی لە وشەڕۆنان و وشەسازی و فەرهەنگی زمانی کوردیدا هەیە. تا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بواری هەبوبێ بەسەربەرزی ژیاوە، کە تاویش دراوە لە ڕێگەی حزبە شۆڕشگێرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، چەکی پێشمەرگایەتی کردۆتە شان و هەم بە هونەر و هەم بە چەک بەرگری کردوە. کەزۆر گوشاریشیان بۆ هات هاتنە کوردستانی باشور، لە پێشەوە لە ناوچەی شارباژێر و لە گوندی کونەماسی لە بارەگای کۆمەڵە بون. دوایی هاتە سلێمانی و ماوەیەکی زۆر لە شارەکانی کوردستانی باشور مایەوە و دواتر بەرەو هەندەران و دواتریش گەڕانەوە بۆ سلێمانی. لەم هەمو کات وگەشتانەدا بۆ یەک ڕۆژ لە خزمەتی هونەری کوردی دانەبڕاوە. لە بیرمە یەکەم جار کە هاتە سلێمانی لە هۆڵی یەکێتی کرێکاران ( شوێنی خەستەخانەی ئێستای سەفین ) لە گەڵ تیپی مۆسیقای یان مەولەوی بو یان هونەرووێژەی کورد- لقی سلێمانی بو چەند گۆڕانییەکی چڕی لە سەرەتای هەشتاکانا بو، بە چەپڵەڕێزانێکی زۆر پێشوازی لێکرا چەپڵە هۆڵەکەی دەلەرانەوە، عەرشی بەعسی دەهێنایە لەرزین. چەند نامە ڕۆیشت بۆ ڕێکخەری ئاهەنگەکە لە خەڵکی بەشەرەف و شؤڕشگێڕی سلێمانیەوە بۆیان نوسیبو کە ئێمە ئامادەین تاوئەو کاتەی کاک ناسر لە باشوری کوردستان یان لە سلێمانی بێت هەمو مەسروفێکی بگرینە ئەستۆی خۆمان و داڵدەی بدەین. دوایش لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی چەند بەرهەمێکی ناوازەی پێشکەشکرد و دواتریش لە گەڵ گروپ و تیپەکانی تردا، چ بە ئاشکرا یان نهێنی چەندان گۆرانی ڕۆمانسی و شۆڕشگێڕی تۆمار کرد.
جا ئەم هونەرمەندە بەڕێزە ئەوەندە بەشکۆیە، ئەوەندە خۆشەویشتە، خۆشەویستیەکەی و شکۆکەشی بەهۆی هونەرەکەو هەڵوێستە جوانەکانیەوە بوە. کەس پێی نەوتوە تۆ لەسەر چ دێنێکی. ئایا ئێمە کە گوێ لە گۆرانی و مۆسیقا دەگرین هیچ کاتێ ئایینی گۆرانی بێژ یان مۆزیک ژەنەکەمان پرسیوە. قەت پرسیومانە بۆ باکوری و سێوە و ولیەم یوحەناو فرەنسیس داود و ئەلبێرت و فەرید عیسا و مەسیحین و هارود بالەنجیان بۆ ئەرمەنی بوە و بۆ نازدار و ئەسمەر فەرهاد جولەکە بون. ( کەدو خوشکی جولەکە بون لە ڕادێوێی بەغداد چەند گۆڕانیەکیان چڕیوە و ناوی تریان هەبوە خوالێخۆشبو عەلی مەردان وتویەتی من ناوتان دەنێم، ئەو دو ناوە کوردییەی بۆ هەڵبژاردون ).
ئایین و بیروڕاو بۆچونی فەلسەفی وئایدۆلۆجی و حزبی، پەیوەندی بەتاک خۆیەوە هەیە چی هەڵدەبژێریت. بۆ کەس نییە بەزۆر بیرێک بخزێنێتە ناو مێشکیەوە. بۆ دەبێ کەلەسەر بیرو ڕای حزبی یان ئایینیەکەی تۆ بم پیاو، کوڕی باش و کچ، ژنی چاک بێ. کەلای تۆیش نەمام هەمو شتێ قڵپ بێتەو سەرەونوخنی بکەیت.
بەرێز ناسری رەزازی لە گرتەیەکدا وتویەتی ئیتر من یارسانم و موسڵمان نیم. ئێ ئەمە شتێکە پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە. نە لەم دنیاو نە لەو دنیاش کەس ناچێتە قەبری کەسەوە. هەتا لە یەک گۆڕیشدا بن هەر کەس بە کردەوە باش و خراپەکانی خۆی هەڵسو کەوت و حساباتی لەگەڵدا دەکرێ. هەرچەندە هەندێ قسەی تری کردوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێ ئەو قسانە کە کردومن قسەی تایبەتی و شەخسی خۆمن و لە ماڵێ خۆمدا کردومن. بۆ بڵاوکردنەوە نەمکردون، لە شوێنێکی گشتیدا رامنەگەیاندوە. هەمو کەسێ لەماڵی خۆیدا چەندەها جار قسە دەکات و لەوانەیە لە خۆشەویسترین کەسیشی توڕە بێت وقسەی پێ بڵێ. جاری وا هەیە لەوانەیە کفریش بکات. بەڵام ئەمانە قسەی ئەو کاتەیە و دەربڕینێکیە بۆ ئەو بارودۆخە دەرونییەی قسەکەرەکە، کە قسەکەی تیاداکردوە، چ بە ئاگایی یان بەبێ ئاگایی وبە خەیاڵیشەوە بوبێ، نەک دەربڕینێکی سەد دەرسەدی کاتی بە ئاگابون وکەشی ئاسایی بێ فشاری دەرونی بوبێ. وەک عەرەب دەڵێ ( کلام اللیل تمحوها النهار ) ( واتە قسەی شەو کە ڕۆژ هات دەسڕێتەوە ). وە بەرێز ناسری ڕەزازی خۆیشی دەڵێ: زۆر ناخوشە کەسێ بێتە ماڵەکەم و بە ناوی میوانەوە ودوایی قسەی تایبەتی خۆم لە ماڵی خۆمدا و بێ ئاگاداری من بڵاوبکاتەوە. زۆر بە داخەوە لەسەر هەندێ وشە ئاوا ئیحراجیان کردوە. کار گەیشتۆتە ئەوە مەلایەک لە خوتبەی جومعەی شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ( وابزانم شاری بانەیە ) هێرش بکاتە سەری. ئەی جەنابی ئەو مەلا بەڕێزە بۆ نازانێ ئەو هونەرمەندە زیاد لە 50 ساڵە دورە لەشارو زێدی خۆی و ئاوارەیە بۆ جارێ بە دزیشەوە بێت باسێکی نەکردوە و نایکات، خێرە وا ئێستا و بەئاشکرا دەیکاتە خوتبەی جومعە. یان بە داخەوە لە هەندێ لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان قسەی نابەجێ و کۆمێنتی وا ناشرین لە لایەن هەندێ کەسەوە دەنوسرێن ، کە لەو بڕوایەدام ئەو جۆرە کەسانە لە ژیانیاندا، نە چونەتە هۆڵێک کە گۆرانی ومۆزیکی تیا پێشکەشکرابێ و لە ژیانیاندا چەپڵەیەکیان بۆ گۆرانیەکی کوردی یان بۆ هونەرمەندێکی کورد لێنەداوە. هۆڵێکی ئاهەنگێرانیان نەبینیوە و لە گۆشە نیگای چاویلکە ڕەشە تاریکەکانی خۆیانەوە دەرواننە هەمو جیهان. ئەمەش دوبارە نیشانەی کاڵفامی پێنەگەیشتویی هزری نەتەوایەتیمان دەگەیەنێ. لەگەڵ ئەوەی بەهیچ جۆرێ لە گەڵ ئەوەدا نین کە سوکایەتی بەهیچ ئایین و بیروڕایەک بکرێت و لە پیرۆزیەکانیان بدرێت و هێرش بکرێتە سەر هیچ شارو نەتەوەیەکی دیکە. لە یەکێ لە تێچانەکاندا کەبۆیان نوسیوە: ( جا خوا چ پێویستیەکی بە تۆ هەیە موسڵمان بیت یان نا ). سەیرکە هەر ئەم دەربڕینە خۆی لە خۆیدا، تێنەگەیشتن و نە شارەزییمانە لە بواری ئایینیشدا. وا دەزانن کە ئەو وتی ئیتر من یارسانم و موسڵمان نیم، بڕوای بەیەک تا پەرستیش نەماوە، کە بو بەیارسان ئیتر کافرە و بڕوای بە خوایش نەماوە. بابە خوای یارسانەکان و زەردەشت و جولەکەو مەسیحی و ئیسلام یەک خوایە. جیاوازی دینەکان لە هەڵبژاردنی پێغەمبەرەکان و پەیامەکانیاندایە دایە نەک خواکەدا.