عەتا قەرەداخی: ناسیونالیزم و رەگوڕیشەکانی یان بنەماو پایەکانی/ بەشی سێیەم.
بێگومان گفتوگۆی ئەوەی کە ئایا نەتەوە ناسیونالیزم بەرهەم دەهێنێت و دروستی دەکات، یان ناسیونالیزم نەتەوە دروست دەکات بابەتێکە هەتاکو ئێستا توێژەرانی مێژوویی و کۆمەڵناسی ئەو بوارەی کردووەتە دوو سەنگەرو هەریەکەش بۆچوون و لێکدانەوەی تایبەتی خۆیان بۆ ئەو بابەتە هەیە. دیارە کاتێک باسی رەگوڕیشەی ناسیونالیزم دەکەین، رووبەڕووی جیاوازی ئاشکرایی نێوان روانینی ئەو دوو ئاراستەیە دەبینەوە. هەر ئاراستەیەک لەسەر بنەمای روانینی خۆیی و ئەو کەرەستانەی کە کاری لەسەر دەکات بۆ سەلماندنی بۆچوونی خۆی، ناڕاستەوخۆ باسی رەگوڕیشەی ناسیونالیزم بە پێی ئەو ئاراستەی بڕوای پێیەتی دەکات. بەڵام دەبێ بزانین بنەماکانی نەتەوەو رەگوڕیشەی ناسیونالیزم بۆ هەر یەکێک لەو دوو ئاراستەیە بنەمای مادی و بەرجەستەن. ئەوەش وا دەکات هەر ئاراستەیەک بتوانێت بەڵگەی بابەتی بۆ سەلماندنی بۆچوونی خۆی بهێنێتەوە. ئەمە سەرباری جیاوازی بۆچوونی هەر ئاراستەیەک لە باسکردنی رەگوڕیشەی ناسیونالیزمدا، یەکتربڕین و تیکەڵاویش لە بۆجوونیاندا سەبارەت بە شوناسی نەتەوەیی دروست دەبێت. بەڵام ئەمە هەرگیز ئەوە ناگەیەنێت کە جیاوازی لە نێوان ناسیونالیزم و شوناسی نەتەوەیی، یان شوناسی نەتەوەیی و نەتەوەو نەتەوەییبوون و ئایدیۆلۆجیای نەتەوەیدا نیە. راستە سنووری نێوان ئەم چەمکانە زۆر پتەو و بەهێزنین، بەڵام سنوورگەلێکن کە دەتوانن ئەرکی جیاکردنەوەی پێناسەو گەوهەرو رەهەندی نێوانیان ببینن.
ئێرنیست گیلنەر گفتوگۆی ئەوەی دەکرد کە: نەتەوەکان و شوناسی نەتەوەیی و ناسیونالیزم بەرهەمی مۆدێرنێتەن(14). هەروەک مۆدێرنیستەکان وای دادەنین کە نەتەوە لە گەوهەردا دیاردەیەکی سیاسیە(15). هانس کۆهن و ئیلیا خەدوری ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسی پێناسە دەکەن کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا دەرکەوتووە(16). مەبەستمان لە هێنانەوەی ئەم وتانە کە پێداگری لەسەر رۆڵی مۆدێرنێتە لەسەر دەرکەوتنی ناسیونالیزم و پێکهاتنی نەتەوە دەکەن، بەو مەبەستەیە کە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین لە روانگەی ئەم ئاراستەیەوە نەتەوەو ناسیونالیزم رەگوڕیشەیەکی دێرینی نیەوە بەرهەمی دوای شۆڕشی پیشەسازین. ئەم بۆچوونەش تەواو ناکۆکە لەگەڵ بۆچوونی نەریتخوازەکاندا، کە ئەوان مێژووی نەتەوە زۆر بە کۆن دەزانن و هاوکات نەتەوە بە یەکەم و ناسیونالیزم و دەوڵەتی نەتەوەیی بە دووەم دادەنێن.. نەریتیەکان بڕوایان وایە ناسیونالیزم زۆر پێش دەرکەوتن و هاتنی مۆدێرنێتە دەرکەوتووەو شێوەی خۆیی وەرگرتووە(17). ئەم بۆچوونەی نەریتیەکانیش پەیوەندی بە گەوهەری تێڕوانینی ئەوانەوە هەیە بۆ بوونی نەتەوە، کە پێیان وایە نەتەوە مێژوویەکی دێرینتری هەیە لەچاو شۆڕشی پیشەسازی و دروستبوونی دەوڵەتی نەتەودا.. لای زۆربەی ناسیونالیستەکان، نەتەوەکان ئەو رێکخراوە سروشتیانەن، کە بە سروشتی و زۆر لە پێش دروستبوونی دەوڵەتەوە هەن(18). لێرەوە تەواو ئاشکرا دەبێت کە رووبەرێکی فراون لە نێوان تێڕوانینی نەریتیەکان و مۆدێرنیستەکاندا هەیە بۆ دەرکەوتنی نەتەوەو ناسیونالیزم. بەوپێیەش وەکو لەسەرەوەش ئاماژەمان بۆ کرد دەشێ لە روانگەی هەر ئاراستەیەکیانەوە باس لە سەرچاوە، یان رەگوڕیشەی ناسیونالیزم بکرێت.
دایڤد هیوم گفتوگۆی ئەوەی دەکرد کە کەسێتی نەتەوەیەک- بەو پێیە ناسیونالیزمەکەیشی- تەنیا وەستاوەتە سەر فاکتەرە رەفتاری و کۆمەڵایەتیە- سیاسیەکان و هەروەها هەندێ بنەمای تری کردووە بە پاشخان بۆ خاسێتی نەتەوەیی- ناسیونالیزم- وەکو زمانی هاوبەش و ئایینی هاوبەش و نەریتی کەلتوری و ژێردەستەیی و بوونی یەک حکومەت(19). دایڤد هیوم باس لەو بنەما هاوبەشانە دەکات کە لە روانگەی نەریتیەکانەوە وەکو بنەما یان رەگوڕیشەی نەتەوەو ناسیونالیزم دادەنرێن. ئەو بایەخ بە فاکتەرە رەفتارییەکان دەدات و تا ئەندازەیەک شۆڕدەبێتەوە بۆ قوڵایی بنیادی کەسێتی و ئەوەش دەبەستێت بە ئەو زەمینە جوگرافیەوە کە هەر پێکهاتەیەکی تێدا دەژی و رۆڵی جوگرافیاو کەش و هەواش لەسەر تاکەکەس و گروپەکانیش بەهێند وەردەگرێت. ئەو باس لەوە دەکات کە خەڵکی باشوری ئەوروپا بە تایبەتی ئیسپانیا و ئیتالیا ژیرترن لەچاو خەڵکی باکوری ئەو کیشوەرەدا، کە ئاو وهەوایەکی ساردی هەیەو هەتاوی لێهەڵنایەت و تەمومژاوی و خەماویە. ئەو پێیوایە خەڵکی باشور چالاکترن و ئارەزووی زیاتریان بۆ شەروشۆڕ هەیەو سەرئەنجام ئەو چالاکی و جوڵەیە رۆڵیان دەبێت لە زەمینەسازیدا بۆ نزیکبوونەوەو یەکگرتنی زیاتر، کە ئەوەش وەکو بنەمایەکی نەتەوەو ناسیونالیزم سەیر دەکرێت.
ئاراستەی نەریتیەکان زیاتر پێداگری لەسەر بوونی نەتەوەو بەو پێیەش سەرهەڵدانی ناسیونالیزم دەکەنەوە لە پێش شۆڕشی پیشەسازیداو لەوێشەوە دەیانەوێت بیسەلمێنن ئەو بۆچوونەی مۆدێرنیستەکان راست نیە کە پێیوایە نەتەوەو ناسیونالیزم بەرهەمی مۆدێرنێتەن. نەریتیەکان پێیان وایە کە نەتەوە لە قۆناغێکی زووتردا پێکهاتووەو شێوازی تایبەتی خۆیی وەرگرتووەو بووەتە دامەزراوەیەک یان کۆمەڵگایەکی سیاسی کەلتوری. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەش ئاماژە بۆ کۆمەڵگای ئینگلیزی و سویدی و فەڕەنسی و هۆڵەندی دەکەن. لەبارەی کۆمەڵگای ئینگلیزیەوە ئەندریان هاستینگ دەڵێت: ئینگلیز نموونەیەکی بنچینەیی لە نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوە دەنوێنێت کە هەستی یەکێتی نەتەوەیی تیایدا لە کۆتایی سەدەی دەیەمەوە دەرکەوتووە(20). ئاشکرایە کە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازی لە بەریتانیا دەستیپێکرد و هەر بەوپێێەش لە روانگەی مۆدێرنیستەکانەوە دەوڵەتی نەتەوە لەو وڵاتە لە پێش شوێنانی ترەوە دروستبووەو نەتەوەو ناسیونالیزمیش ئەگەر وەکو بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی سەیربکرێن، ئەوا دیسان سەرەتای دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا. لەپاڵ ئەم بۆچوونەدا لێکدانەوەی لەوجۆرەش دەکرێت گوایە لە سیستێمی فیودیالی و لە چوارچێوەی ئیمپراتۆرێتە خێڵایەتی و ئایینەکانیشدا کە خاسێتی دەوڵەتیان هەبووە، بە جۆرێک نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوەش دەشێت ببینرێن، واتە نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوە بەو پێیە دەگەڕێنەوە بۆ قۆناغی پێش شۆڕشی پیشەسازی.
هەر لەسەر بنەمای ئەم بۆچوونەی سەرەوە، رستەیەکی دیار لەسەر زمانی ناسیونالیستانەوە بەردەوام دەبیسترێت کە دەڵێت: هەستی نەتەوایەتی- ناسیونالیزم- رەگوڕیشەی بەقوڵی رۆدەچێتە ناو مێژووی مرۆڤایەتیەوە. ئەمەش بەو مانایە دێت کە گوایە نەتەوەو ناسیونالیزم مێژوویەکی کۆنیان هەیە.. گەڕان بە دوای دەسەڵات و سامان و هەژمووندا ئارەزووی مرۆڤە، کە زیاتر بەشێک لە پێکهاتنی بۆماوەیی-جێنەتیکی- مرۆڤ و بناغەی ناسیونالیزم پێکدەهێنێت کە لە مێژووی دوورو درێژی مرۆڤایەتیدا پێکهاتووەو دەرکەوتووە(21). لێرەدا بابەتی نەتەوەو ناسیونالیزم پەیوەست دەکرێت بە بنەمای بۆماوەوە، یان وەکو خاسێتی خۆڕسکی مرۆڤ سەیردەکرێت و بەلای ئەو بۆچوونەدا دەچێت کە مەسەلەی نەتەوەو هەستی نەتەوایەتی و ناسیونالیزم پەیوەندی بە هیچ قۆناغێکی مێژووییەوە نیە، بەڵکو دیاردەیەکە پەیوەندی بە بوونی مرۆڤەوە هەیەو وەکو خاسێتی دیاری مرۆڤ لێی دەڕوانرێت. باسکردنی نەتەوەو ناسیونالیزم و گێرانەوەیان بۆ مێژوویەکی کۆنتر لەوەی مۆدێرنیستەکان دیاری دەکەن، زیاتر پشت بە هەندێ بنەما دەبەستێت کە وەکو رەگوڕیشەی ناسیونالیزم سەیر دەکرێن.