ناودار زیاد: پەرتوکی ژیانى یەسوع ى فریدریک هیگڵ.
کتێبى (ژیانى یەسوع)ى فەیلەسوفى ئایدیاڵیستى ئەڵمانى (فریدریک هیگڵ) بە تەنها خودى دەقى کتێبەکە نییە، بەڵکو لەگەڵیدا توێژینەوەیەکى پوخت و چڕوپڕى (ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل)یش لەبارەى ژیان و بەرهەم و بۆچوونەکانى (هیگڵ) سەبارەت بە ئایین دەخوێنینەوە لە تەک ڕانانێکى کورتى (د. د. ڕۆسکا) لەبارەى کتێبەکەوە. کاتێکیش دەزانین وەرگێڕەکەى (ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل)ـە ئەوا دڵنیادەبینەوە لەوەى وەستایانە کارى تێدا کراوە. بەڵام ئەگەر بەسەر توێژینەوەکەى (ڕێبین)دا باز بدەین و ڕانانەکەى (ڕۆسکا)ش فەرامۆش بکەین و، یەکاندوو بچینە سەر دەقەکە ئەوا بەسەر دەریایەک مرواریدا دەکەوین و دەتوانین چەندین ملوانکەى لێ بهۆنینەوە. ئەمەیە ئەو کتێبەى (هیگڵ).
(هیگڵ) لە کتێبى (ژیانى یەسوع)دا بە گێڕانەوەى خۆى دووبارە ژیانى (عیسا)ى مەسیحى نووسیوەتەوە. واتا لە پاڵ ئینجیلى (مەتتا و مەرقۆس و لۆقا و یوحەننا)دا ئەم کتێبە بە ئینجیلى (هیگڵ) دادەنرێت. بەڵام (هیگڵ) نەک هەر ئەم کتێبە، بەڵکو چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەى دیکەى لەبارەى ئایینەوە نووسیوە و لە هەر یەکێکیاندا ئیشى لەسەر تەوەرێک کردووە: عەقڵانیەت لاى (مەسیح). بانگەشە بۆ ئازادى و خۆشەویستى. ڕەخنە لە (مەسیح). بەراورد لە نێوان (سۆکرات و مەسیح)دا. ڕەخنە لە جوو. سەرکەوتن بەسەر بتپەرستیدا. خوێندنەوەیەکى مێژوویانەى چارەنووس. لەبارەى هەڵە و تاوانەوە.
(هیگڵ) ئەم کتێبەى لە تەمەنى لاویدا و لە ساڵى 1795دا نووسیوە. لەو تەمەنەدا ئاواتەخواز بووە ببێت بە قەشەیەکى مەسیحى و بە کارى تەبشیرییەوە سەرقاڵ بێت. ئەمەش وایکردووە ڕۆبچێتە ناو تێگەیشتن لە ئایین و گرنگى بە کەسایەتى (مەسیح) بدات. بەڵام ئەو وێنەیەى (هیگڵ) لەسەر (عیسا) و ئایینى مەسیح نیشانمان دەدات تەواو جودایە لە وێنەى باو و نەریتى و وێنەى ناو پەرتووکە پیرۆزەکان. ئەگەر بمانەوێت بە ڕستەیەک ئەم کتێبەى (هیگڵ) بناسێنین ئەوا دەڵێین (هیگڵ) لەم کتێبەدا لەژێر کاریگەرى ڕۆحى ئایینى گریکیدا پێشنیارى ئایینێکى میللى دەکات، بە مەرجێک لەسەر ڕاسپاردەکانى عەقڵ دامەزرابێت و پاڵى بە ستوونى مۆڕاڵ و بەها بەرزەکانەوە دابێت.
لەم کتێبەدا بەر حەقیقەتێکى تاڵ دەکەوین کە هەمیشە خۆى بەرهەمدێنێتەوە ئەویش ئەوەیە مرۆڤە پێشەنگ و لەخۆبردووەکان، ئەوانەى هەڵگرى پەیامى باڵا و ئایدیاڵین، لە نموونەى (عیسا)، دەوریان جمەى دێت لە کەسانى چڵێس و بەرژەوەندیخواز. ئەم کەسانە بە سەرێکەوە لە کڕۆکى پەیامەکە تێناگەن، لە سەرێکى دیکەوە بەربەست بۆ گەیشتنى پەیامەکە دروست دەکەن. هەر ئەم کەسانەشن ڕیسى زۆربەى پەیامەکانى مرۆڤایەتى دەکەنەوە بە خورى. باڵایى و ئایدیاڵێتییەکەى (یەسوع)یش لە چاکەکارى و ڕیفۆرمخوازییەکەى و وێڵبوونى بە دواى جیهانێکى میهرەبان و ژیانێکى لێبوردەدایە، بۆ ئەمەش کۆ لە تێکۆشان و قوربانى و لەخۆبردوویى ناکاتەوە. هەرچەندە (هیگڵ) وێنەى مرۆڤێکى ئاسایى بە (یەسوع) دەبەخشێت و ژیانى لە خوڕافەت و پەرجوو پاک دەکاتەوە، بەڵام لە پێغەمبەرایەتیشى ناخات.
ئەگەر بە چەند ڕستەیەکى کورتیش هێڵە سەرەکییەکانى ئەم کتێبە ڕەنگڕێژ بکەین دەکرێت ئەم چەند پەیامەى خوارەوەى لێ هەڵبگۆزین:
چاکە: ڕۆشنایى ناخى مرۆڤ و ڕووناکى بۆ جیهان.
خۆشەویستى: دوا پەند و وانەى ژیان.
خیانەت: خۆکوشتنى خود.
عەقڵى ئازاد: نامووسى پیرۆز.
کەرامەت: ڕۆحى مرۆڤ.
بێ بەڵێنى: بێڕێزى بە خۆت.
خێرکردنى بە ئاشکرا: خۆمەزن نیشاندان و ڕیابازى و شکاندنى شکۆى خێرپێکراو.
دواجاریش دەکرێت بەم گوتەزایە کۆتایى پێ بێنین کە (مەسیح) دەڵێت: لە دڵى خێرخوازەوە خێر هەڵدەقوڵێ و، لە دڵى خراپەکار و شەڕانگێزیشەوە ئاشووب.