لوقمان مستەفا: قەیرانێکی یاسایی بەرۆکی ھەرێمی گرت.
بەداخەوە ئەوەی هەرێمی کوردستانی پێ پناسەدەکرێت و پێی دەناسرێتەوە قەیرانە هەمەجۆرەکانیەتی، ھەر لە بواری ( دارایی، سیاسی، یاسایی وخزمەتگوزاری و… هتد ).
گومانی تێدانیە کە هۆکاری ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵیش بەزۆری دەگەرێتەوە بۆ خراپ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت لەلایەن هەرێمەوە، بە ھۆی تاکڕەوی و ملھوڕی ھەلپەرستەکانی بازرگانی نەوت، کە ھەمو سەروەت و سامامانی ئەم میللەتەیان حەپەلوشکرد و بەشێکی زۆریشیان خستۆتە بەر دەستی دوژمن بەکورد.
پێشتر بە سیاسەتی حەکیمانی خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلال زۆر بە وردی و لەسەرخۆو ژیرانە کاری لەسیاسەتی نەوتیدا دەکرد، بۆ ئەوەی ببێتە ژێرخانێکی ئابوری بەھێز بۆ ئایندەی کوردستان، بفەرموون کەمێک بگەرێینەوە بۆ « ساڵی 1994 تا ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەعس، بەهیمەتی ڕەوانشاد سەرۆک “مام جەلال” و حکومەتی هەرێم توانرا؛ سێ گرێبەستی نەوتی ئەنجامبدرێت لە کێڵگەکانی (تەق تەق) لە جۆری گرێبەستی خزمەتگوزاری لەگەڵ کۆمپانیای (جینڵ ئینێرجی) کە یەکێک لەگرێبەستەکان خودی سەرۆک “مام جەلال” واژۆی لەسەرکردووە ئەمە گرێبەستانە بوونە بنەما بۆ ئەوەی نهوت و غاز ببنە سەرچاوەی داهاتی “هەرێمی کوردستان”. لەدوای ڕووخاندنی ڕژێم و پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی لە “ئێراق” لەساڵی 2005 و سەلماندنی مافی وەکو یەکی (کورد و عەرەب) لە بەڕێوەبردنی نەوت و غاز لە ئێراق و جێگیرکردنی ئەم مافە لە ماددەکانی (111 ،112)ی دەستووری هەمیشەیی “ئێراق” کە بەهیمەتی لیژنەی نوسینەوەی دەستوور کە ژمارەیەکیان کوردبوون و دیسانەوە سەرۆک “مام جەلال” پشکی شێری هەبوو.»
بەڵام مەخابن میراتگرە بازرگانەکان، سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستانیان لە 10 ساڵی رابردودا بە چەند قۆناغێك پەلکێشکرد، كە دیارترینیان بریاردان بو لە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت، كە بەهۆیەوە ناكۆكیەكانی هەولێر و بەغدا گەیشتنە ترۆپك و چەندین لێكەوتە و بریاری بەدوای خۆیدا هێنا. لەبری خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکەی بوو بە ماڵوێرانی و دەردەسەری لە ئەنجامدا
ھەموویان دابە ئاوا.! تاکار گەیشتە ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیارەکەی کە بە نەفەسێکی سیاسی توندی ھەست پێکراو تەنانەت ماددە دەستوریەکانیش بەو رەھایە مافی نەداوە بە حکومەتی ناوەند.
ھەرچەندە بریاری دادگای فیدراڵی باتەو تانەی لێنادرێ، بەڵام سەبارەت بە ناوەرۆکی بریارەکە پێچەوانەی دەستورە، چونکە بەرەھایی یاسای نەوت و غازی ھەرێمی بە پێچەوانەی دەستور داناوە.! لە کاتێکدا دەستور دەسەلاتی زۆری داوە بەھەرێم و پارێزگاکان.
دەسەلاتی ھەرێمەکان ئەگەر لە ھی ناوەند زیاتر نەبێ کەمتر نیەو ئەگەر ھاوبەشیش بێ بەگوێرەی مادەی 115 ئەولەویەت لە حالەتی دژ بەیەکی یاسای ھەرێم و یاسای فیدرال بۆ ھەرێمە.
مادام تاکو ئێستا یاسایەک نیە تایبەت بە نەوت و غاز لەعیراق، کەواتە یاساکە بەڕەهایی نادەستوری نیە. چونکە دەستوریش دەڵێت بەیاسا ڕێک دەخرێت، نەك بە میزاج و بەلێکدانەوەی دادگای فیدراڵی.!
حكومەتی هەرێم لە كابینەی هەشتدا کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی بوو روبەروی شكستێكی گەورەی ئابوری بویەوە، لە سایەی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتدا، كە ئەنجامەكەی ئەوە بو دەست برا بۆ موچەی فەرمانبەران و بەتێكرا 10 ملیار دۆلار لە موچەی فەرمانبەران لە ژێر ناوی پاشەكەوتدا بڕا، ئەوە سەرەرای ئەوەی نزیك بە 20 ملیار دۆلاری تر قەرز ، ھەرێم كەوتە ژێر قەرزێکی زۆرەوە،كە پارەی ھی كۆمپانیاكانی نەوت و بانكە بازرگانیەكان و وەبەرهێنەكانی كوردستان بوو.
لە ئێستادا کە ھەر دوو حیزب « یەکێتی و پارتی »کە دەسەڵات و حوکمرانی ھەرێمیان بە دەستەوەیە و لە ھەمان کاتیشدا بەردەوام لە کێشەدان و لەئستادا لە ململانێیەکی سەختدان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەم بریارەی دادگای فیدراڵیش شۆکی کردن، بە تایبەت پارتی کە ھێشتا لە شۆکی وەلانانی بەربژێرەکەی «ھۆشیار زێباری» کە ھێشتا بەتەواوی بەری نەدا بوو .
ئەگەر ھەردوولا کێشە لاوەکیەکانیان وەلاوەنەنێن و بەرژەوەندی گشتی نەخەنە پێش بەرژەوەنی حیزبی و نەکەونە خۆیان و یەکگرتوونەبن بە تایبەت لە پرسە چارەنوس سازەکاندا پێناچێت بەم وەزعەی ئێستایانەوە وابە ئاسانی بتوانن روبەروی ئەم قەیرانە یاساییەببنەوە، باجە قورسەکەش بێگومان میللەتەکە دەیدات.
- بابەتەکانی تری لوقمان مستەفا سالح
لوقمان مستەفا: هەڵبژاردن تەنھا ڕێگایە بۆ گۆڕانکاری.
-لوقمان مستەفا: لە پشتی یاساوە لە کەرکوک چی دەگوزەرێ!
-لوقمان مستەفا: داگیرکاریەک بە بەر چاوی جیھانەوە.
- All Posts