عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ئه‌و رۆژانه‌ی نیشتمان هی هه‌مووان بوو، یه‌ک هه‌ڵوێست و یه‌ک چاره‌نووسمان نەبوو/ بەشی کۆتایی.
ئه‌و رۆژه‌ی هه‌ڤاڵ کوێستانی که‌لوپه‌له‌کانی پێچایه‌وه، ده‌یویست له بهرگهڵوهوه رووبکاته مه‌رگه، مه‌لا بهختیارو شێخ عه‌لی بۆ دوا دیدارییان له گه‌ڵ مام جه‌لال و مه‌کته‌بی سیاسی،گه‌یشتنه یاخسه‌مه‌ر، له‌وێ به مام جه‌لالیان راگه‌یاند: ئێمه ئاڵای شۆڕشین، جیاوازی فکری سیاسی قوڵمان له گه‌ڵ نه‌وشیروان مستهفاو سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵه دا هه‌یه، ناتوانین پێکه‌وه کار بکه‌ین، که گه‌ڕاینه‌وه کۆده‌بینه‌وه‌و کۆنفرانسی خۆمان ده‌به‌ستین، هه‌وڵ ده‌ده‌ین قه‌ناعه‌ت به هاوڕێکانمان بێنین، وه‌ک باڵێکی جیا له گه‌ڵ کۆمه‌ڵه و شۆڕشگێڕان هه‌ر له ناو یه‌کێتی دا بمێنینه‌وه.
ئه‌و به‌ڵێن و له خۆبوردنهی مام جه‌لال له‌و دانیشتنه‌دا له گه‌ڵیان نواندبووی، گوایه هه‌موو کێشه‌و جیاوازییەکانیان به له یه‌کتر گه‌یشتن و به ئاشتیانه چاره‌سه‌ر ده‌کات، هه‌موو متمانه‌یه‌کیان به قسه‌و به‌ڵێنه‌کانی به‌س، هیچ لێک دانهوهیهکیان بۆ ئه‌وه نه‌کردبوو، که سیناریویه‌ک له پشت ئه‌و بهڵێنانهوهیه، مام جه‌لال پێی وتبوون: رادیۆتان بۆ دابین ده‌که‌م.
هه‌ڤاڵ و جه‌باری پورزای چوونه خانویه‌کی مامۆستایانی قوتابخانه‌ی گوندی مه‌رگه، جه‌باریش ئه‌ندام که‌رتی رێكخستنی ئاسۆسی ناوچه‌ی مه‌رگه بوو، ئه‌میش هه‌مان راو هه‌ڵوێستی هه‌ڤاڵی هه‌بوو، به‌یانییه‌ک هه‌واڵی گرتنی مه‌لا به‌ختیار له ته‌کیه‌ی قه‌ره‌داغ و پشکۆ نهخمهدین وشێخ عه‌لی یان له مالومه له لایه‌ن هێزێکی یه‌کێتی یه‌وه به هه‌ڤاڵ گه‌یشت.
دوای ئه‌وانیش زنجیره‌یه‌ک هه‌ڵمه‌تی ترس و تۆقاندن و گرتن و راونانی ئه‌وانه‌ی گومانیان لێ بوو که بان چه‌پ بوون کرا.
هه‌ڤاڵ پێش ئه‌وه‌ی مه‌لابه‌ختیارو شێخ عه‌لی و پشکۆنه‌جمه‌دین ده‌سگیر بکرێن، له ژووره‌که‌ی خۆی پێکه‌وه دانیشت بوون، من باسی ئه‌ده‌ب و که‌رتی هاوڕێ یانی شارمان ده‌کرد، دواتر هاتینه ده‌ره‌وه به‌ده‌م پیاسه کردنه‌وه له باره‌گای رادیۆ دوور که‌وتینه‌وه، وه‌ک متمانه‌ی هاوڕێ یه‌تی بۆی گێڕامه‌وه: من له‌م ناکۆکیانه‌ی ناو کۆمه‌ڵه زۆر بێزارم، نه‌سه‌ر بهکۆمهڵهم، نه سه‌ر به ئاڵای شۆڕش، به‌ڵام دوێنێ مام جه‌لال سه‌ردانی رادیوی کرد، بۆ یه‌که‌مجار بوو ئاوا مام جه‌لال به توڕه‌یی و به توندی ببینم، باسی گۆڤاری هه‌ڵوێست و ئاڵای شۆڕشی کرد، له کاتی قسه‌کردنه‌که‌ی دا دیاربوو زۆر داخ له دڵ بوو لێیان، ناوبه‌ناو سه‌یرێکی منیشی ده‌کرد، ئه‌و وا ده‌زانێت من له گه‌ڵ ئاڵای شۆڕش دام، له‌مه‌دوا ناتوانم له رادیو بمێنمه‌وه، ناتوانم نوسین دژی ئاڵای شۆڕش بنوسم، هه‌رچه‌نده له گه‌ڵ ئه‌واندا نیم، به‌ڵام ئه‌وان هاوڕێمن، ناتوانم به‌هیچ جۆرێک نه پشتگیری و نه‌دژایه‌تی یان بکه‌م.
هه‌ڤاڵ زۆر راشکاوانه هه‌موو رووداوه‌کانی وه‌ک خۆی له یاداشته‌که‌ی دا به ئه‌مانه‌ته‌وه خستوه‌ته روو، چه‌ندان پێشمه‌رگه به تۆمه‌تی ئاڵای شۆڕش بانگ ده‌کران و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کراو چه‌کیان ده‌کردن. چه‌ککردن ناخۆشترین بێ ڕێزی یه به‌رامبه‌ر به پێشمه‌رگه، جۆرێک بوو له سوکایه‌تیکردن به شکۆمه‌ندی که‌سێتی پێشمه‌رگه.
مام جه‌لال دوا ی ده‌سگیرکردنی هاوڕێکانی، ناردی به شوین هه‌ڤاڵدا سه‌ردانی بکات، هه‌ڤاڵ له مه‌رگه‌وه چوو بۆ یاخسه‌مه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی چه‌کی نه‌که‌ن، چه‌که‌که‌ی لای جه‌بار له چایخانه‌که‌ی یاخسهمەر دانا، به هه‌ورازه‌که‌ی کانی مراد دا سه‌رکه‌وت، له‌و کاته‌دا مه‌لا به‌ختیار له پرسگه‌که‌ی مام جه‌لال زیندان کرا بوو، شێخ عه‌لی و نه‌به‌ز (مه‌حمودی جگه‌ر ) له ژوورێکی نزیک دۆشکه‌که‌ی دامێنی چیای ئاسنگه‌ران زیندان بوون، پشکۆ نه‌جمه‌دین له زیندانێکی تاکه که‌سی بوو، له به‌رزاییه‌کانی سه‌رووی گوندی هه‌ڵه‌دن.
باڵی خه‌یاڵی هه‌ڤاڵ تێکه‌ڵ به‌و سروشته جوانه‌ی به‌رزاییه‌کانی یاخسه‌مه‌ر و کانی مراد بوو، تاگه‌یشته دوا ماڵی سه‌ره‌وه، دوای تاوێ له‌وێ مام جه‌لالی بینی، دوای سڵاو، مام جه‌لال له پشتی مێزه‌که‌وه تهوقیهکی ئاسایی له گه‌ڵدا کرد، هه‌ستی کرد مام زۆر گۆڕاوه، دوای بێ ده‌نگی یه‌ک، باڵی خه‌یاڵی هه‌ڤاڵ له ژووه‌ره‌که‌ی مام جه‌لاله‌وه لهیاخسهمهرەوه وه‌ک کۆترێک له شه‌قه‌ی باڵیداو فڕی، لێره‌دا فلاش باکێکی ده‌بین، که به‌راورده له نێوان دوو زمه‌ن و دوو دیمه‌نی جیاواز:
(جاران هه‌ر مام جه‌لال نه‌بوو، به شاعیری شیعره ئاگرینه‌که‌ی ناوی ده‌بردم، زۆر رێزی لێ ده‌گرتم، ئه‌وه‌نده‌ی خۆش ده‌ویستم، زۆرجار به برازای خۆی داده‌نام، ئه‌وسا وابوو، به‌ڵام ئێستا نازانم مام جه‌لال من به کێ و به‌چی ده‌زانێت، یه‌که‌م جاره ئاوا به ساردی بیبینم، چه‌ند په‌ڕه کاغه‌زێکی له به‌رده‌ست دابوو ).
مام جه‌لال باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازاد هه‌ورامی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵه و یه‌کێیتی و به‌رپرسی ده‌زگای ناوه‌ندی رۆشنبیری کۆمه‌ڵه‌ی بۆ هه‌ڤاڵ کرد:
– ئازاد هه‌ورامی بڕیاری داوه وه‌ک جاران کار بکاته‌وه، ئازادیش له‌به‌ر کێشه‌کان ویستی واز له کۆمه‌ڵه‌و یه‌کێتی بێنێ، بڕیاری دابوو رووبکاته هه‌نده‌ران، به‌ڵام له بڕیاره‌که‌ی په‌شیمان بووه‌ته‌وه و له‌تارانه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ گوندی چاڵاوا.
مام جه‌لال روو ده‌کاته هه‌ڤاڵ: تۆش وه‌ک ئه‌و بگەڕێڕهوه سه‌رکاره‌که‌ت، چیت بوێت بۆت ده‌که‌م.
لێره‌دا هه‌ڤاڵ له هه‌ڵوێستێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراودا، بێ سڵ کردنه‌وه به هێمنییه‌که‌ی خۆی به‌مام جه‌لالی وت: من له‌مه‌ودا ناتوانم له ناوکۆمهڵهدا کار بۆ رادیۆ و رێبازی نوێ بکه‌م، له گه‌ڵ هێزێکدابم له‌سه‌ر جیاوازی بیروڕا، ئاوا به ئه‌ندامه‌کان و هاوڕێکانی خۆیان بکه‌ن و زیندانیان بکه‌ن.
مام جه‌لال زۆر به‌و قسانه‌ی توڕه بوو.
– بۆ پێت وایه به بێ تۆ، رادیۆ ناتوانێت کار بکات، یه‌کێتی جێی (ئاشی )تیا نابێته‌وه.؟
هه‌ڤال وه‌ک ئه‌وسا وتی: من ئاش نیم.
– نه‌خێر ئاشی و له ئاشیش ئاشتریت.
مام جه‌لال ئه‌و نامه‌یه‌ی نیشان ده‌دات که کاتی خۆی دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر، پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئاڵای شۆڕش هه‌ڤاڵ بۆ ئازاد چالاکی هاوڕێی ناردبو ، یه‌کێک له ماستاو چییه‌کانی رادیۆ نامه‌که‌ی له ئازاد چالاک دزی بوو، نمونه‌یه‌کی لێ گرتبوهو له شوێنی خۆی داینابوه.
لێره‌دا مام جه‌لال به توندی هێڕشی کرده سه‌ر سه‌رانی ئاڵای شۆڕش و باسی بڕیاری پلینۆمه‌که‌ی کۆمه‌ڵه‌ی بۆکرد، که به به‌شداری 64 کادر و به‌رپرس و فه‌رمانده‌ی کۆمه‌ڵه له به‌رگه‌ڵو هه‌رسێکیان سازا دراون.
پلینۆم دوو بژارده‌ی بۆ ده‌نگدان، خسته به‌رده‌م ئه‌ندامه‌کانی کۆمه‌ڵه.
له بژارده‌ی یه‌که‌مدا/ (مه‌لابه‌ختیارو شێخ عه‌لی و پشکۆ نه‌جمه‌دین )به تاوانی خیانه‌ت له کۆمه‌ڵه‌و یه‌کێتی ئیعدام بکرێن.
له بژارده‌ی دووه‌مدا/ له‌بری ئیعدامی جه‌سته‌یی ئیعدامی سیاسی بکرێن.
له پلینۆمه‌که‌دا ته‌نیا عه‌بدوڵڵا تۆفیق ده‌نگی به هه‌ردوو بژارده‌که نه‌دا بوو، ئه‌وانی تر ده‌نگیان به بژارده‌ی دووه‌م دا بوو.
مام جه‌لال ئه‌و نامه‌یه له چه‌کمه‌جه‌که‌ی خۆی ده‌رهێنا،که به‌ناوی( مه‌لا به‌ختیار و شێخ عه‌لی و پشکۆ نه‌جمه‌دینه‌وه نووسراوه، به‌خه‌تی خۆیان کۆپی کراوه، ئه‌گه‌ر له ژێره‌وه‌ش ئیمزای نه‌که‌ن، له سێداره ده‌درێن.
نووسه‌ر له یاداشته‌که‌یدا سێ په‌ره‌گرافی کورتی ئه‌و نامه‌یه‌ی که به ناوی هه‌ر سێکیانه‌وه نوسراوه بڵاو کرده‌وه‌ته‌وه:
(بۆ کۆمیته‌ی سه‌رپه‌رشتی ئالای شۆڕش )
هه‌رسێکیان په‌شیمانن له‌و ململانێ یانه‌ی له‌نێوان کۆمه‌ڵه‌و ئاڵای شۆڕش دا سه‌ریان هه‌ڵداوه، ئیدانه‌ی ئه‌و کارانه ده‌که‌ن که دژی کۆمه‌ڵه‌و یه‌کێتی کردویانه به تاوانی ده‌زانن. داواده‌که‌ین هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی ئاڵای شؤڕشن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌و یه‌کێتی و دان به‌هه‌ڵه‌کانی یان دا بنێنن و جارێکی تر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو هێزی پێشمه‌رگه. له دوابه‌شی نامه‌که‌دا هه‌رسێکیان ئاماژه‌یان به‌وه کردوه.
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه نوسیومانه هه‌ڵوێست و قه‌ناعه‌تی ئێمه‌یه، دوای گرتنمان له جه‌وێکی هێمن و ئارام و دیموکراسی داین، هیچ فشارێکمان له‌سه‌ر نی یه، ئێمه له خواره‌وه ئیمزامان کردووه، هیچ ئیلتیزامێکمان پێکه‌وه نه‌ماوه‌و نامێنێ، وه‌ک کوردێکی بێ لایه‌ن، دوور له ژیانی سیاسی و دوور له کوردستانی عێراق ژیان به‌ڕێ ده‌که‌ین.
– هه‌ڤال نامه‌که‌ی خوێنده‌وه، روخساری گۆڕا، ئازارێکی توند مێشکی دایگرت، لێره‌وه سه‌ری سوڕما، تاس بردی یه‌وه بۆ پرسیاره بێ وه‌ڵامه‌کان، بۆ ده‌بێت ئه‌م سیاسی یانه درۆکردن و به هونه‌رو زیره‌کی بزانن، له‌وکاته‌دا میکافیلی و کتێبی (میری) بیر که‌وته‌وه، روخساری سه‌رکرده کورده‌کانی له‌ناو بیر و بۆچونه ته‌ماوییه‌کانی میکاڤیلی دا لێ ون بوو، هه‌ڤاڵ به‌رده‌وام ده‌بێت له خوێندنه‌وه‌ی نامه‌که.
– ئه‌مه چ تراژیدیایه‌که، کوشتنی مرڤ به بڕیاری هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ره‌که‌ی خۆی، ئه‌بێت ئه‌م ره‌شه‌بای رق و کین و بوغزه چی بگه‌یه‌نێت، هه‌موو سنووره‌کانی به‌های مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی ده‌سڕنه‌وه و ئه‌مان به‌سه‌رکه‌وتنی ده‌زانن. چ هونه‌رێکی ئازایه‌تی یه، به زه‌بری چه‌ک هه‌موو به‌هایه‌ک له هاوڕێکانی خۆت بسڕیته‌وه.
ئه‌مجا بیری که‌وته‌وه باوکی بۆجاران رقی له چه‌ک بوو، ئه‌و کاته‌ی که رووی کرده چیا‌و بوو به پێشمه‌رگه، بێ سنوور عاشقی چه‌ک بوو، روخساری هاوڕێ شه‌هیده‌کانی هاته‌وه به‌رچاو، بێزی له سیاسه‌ت و له ئایدۆلۆژیا و له شۆڕش و له‌و دروشمه ره‌نگاو ره‌نگه بریقه‌داره‌کان ده‌کرده‌وه.
له‌و کاته‌دا مام جه‌لال دوا لاپه‌ره‌ی نامه‌که نیشانی هه‌ڤاڵ ده‌دا، ده‌ستی خسته سه‌ر هه‌ر سێ ناوه‌که به ئیمزاکانی خۆیانه‌وه و هه‌رسێکیان ده‌ڵێن: به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو ئه‌و کارانه‌ی دژ به کۆمه‌ڵه و یه‌کێتی کردومانن، خۆمان به خائین ده‌زانین و په‌شیمانین.
لێره‌دا جارێکی تر دوا فلاش باکی هه‌ڤاڵ ده‌بینین:
هه‌ڤاڵ به‌رامبه‌ر جه‌لاده‌کانی به‌عس له سلێمانی، بێ ترس و بێ سڵ کردنه‌وه ته‌حه‌دای ئه‌منه‌کان و مردنی ده‌کرد، شیعره‌که‌ی ده‌خوێنێته‌وه باسی پێشمه‌رگه و شۆڕش و هه‌ڵوێست و یاخی بوون ده‌کرد، هه‌موو پلان و زه‌بروزه‌نگی جه‌لاده‌کانی دوای هه‌ره‌سی به‌تاڵ ده‌کرده‌وه، ئه‌وسا له‌شار له به‌رده‌م به‌عسییه‌کان ئه‌مه به‌های ماهیه‌تی من بوو، ئه‌ی ئێستا له شاخ له به‌رده‌م ئه‌مان دا چۆن له مام جه‌لال بترسێت؟
ئه‌و له‌و کاته‌دا هه‌ڵوێستی شه‌هید شه‌هاب و جه‌عفه‌ر عه‌بدولواحید و ئهنورو زۆراب و هه‌موو ئه‌و شه‌هیدانه‌ی هاته‌وه یاد به سرووده‌وه، به‌ره‌و په‌تی سێداره‌و گوله بارانکردن و مه‌رگ هه‌نگاویان ده‌نا، ئێستاش دوا هه‌ڵوێستی پاکانه‌ی مه‌لا به‌ختیار ده‌بینێ، وتاره پڕ له حه‌ماسه‌کانی ئه‌وسای هاتەوه به‌رچاو و به‌ر گوێ بۆ خه‌ڵکی گونده‌کان و پێشمه‌رگه و کادره‌کان ده‌خوێنده‌وه، که‌چی ئێستا له یاخسه‌مه‌ر هه‌مووی بوون به پاکانه.
مه‌لا به‌ختیار به ناوی فکری نوێ و رێکخستنی نوێوه، به‌ناوی ئاڵای شۆڕشه‌وه، ده‌یان ئه‌ندام و کادیر و پێشمه‌رگه‌ی خاوه‌ن هه‌ڵوێستی په‌رته‌وازه‌و ته‌وه‌لا کرد، له پاکانهکهشی دا، دان به‌هه‌ڵه‌کانی خۆی دا ده‌نێت، داوا له هاوڕێکانی ئاڵای شۆڕش کردوه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو ریزی پێشمه‌رگه‌و هاوڕێکانیان له ناو یه‌کێتی.
له‌و کاته دا هه‌ڤاڵ ره‌فتار و هه‌ڵوێستی زه‌برو زه‌نگ و غه‌درو توند‌و تیژی فشاری سه‌رکرده‌کانی کۆمه‌ڵه‌و یه‌کێتی به‌رامبه‌ر به هاوڕێ و هاو سه‌نگه‌ره‌کانی خۆیان هاته‌وه به‌رچاو، رووی کرده مام جه‌لال و ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد: گه‌ر نوسین و ئیمزای ئه‌وانیش بێت، له به‌رئه‌وه‌ی له ژێر زه‌بری ئه‌شکه‌نجه‌ی جه‌سه‌دی و ده‌روونی دا ترسی مه‌رگتان خستونه‌ته به‌ر، دوور له دادگا بێ په‌یڕه‌وی دهستوورویاسا و رێسا، ره‌چاونه‌کردنی مافی مرۆڤ، ئه‌م پاکانه‌یه هیچ به‌هایه‌کی یاسایی نی یه.
مام جه‌لال به توڕه‌بوو نێکی زۆر تونده‌وه: تۆ یاسا و مافی مرۆڤ به من ده‌ڵێیت، هه‌ی ئاش، ههرئاش بویت، هه‌موو نوسینه‌کانت دژی کۆمه‌ڵه و یه‌کێتی بوون بۆ خزمه‌تی ئاش.
نووسه‌ر لێره‌دا فلاش باکێکی تایبه‌تی مام جه‌لالی خستوه‌ته روو به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئێستای که مام جه‌لال به هه‌ڤال کوێستانی ده‌گوت: من پێم خۆشه گوێ لهرهخنهی ئه‌وانه بگرم که ماستاو نازانن. هه‌ڤال جاران ئه‌م رسته‌ی مام جه‌لالی زۆر پێ خۆش بوو، که کورد سه‌رکرده‌یه‌کی هه‌یه ،له گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی تر جیاوازه وهه‌ڵوێستی ئاوا باڵای هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئێستا ئه‌و له هه‌موو ئه‌و راو بۆچونه راشکاوانه‌ی هه‌ڤاڵ توڕه‌یه.
پێی ده‌ڵێ: هه‌قه ئێستا تۆش بتنێرمه لای هاوڕێ خائینهکانت ، تۆ ده‌بێت له‌وێ بیت نه‌ک له مه‌رگه.
خامۆشییه‌ک و بێ ده‌نگیه‌ک، سه‌راپا ژووره‌که‌ی مام جه‌لال داگرت. مام جه‌لال روویکرده هه‌ڤاڵ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زوو ئه‌و شیعره‌ت بۆ پێشمه‌رگه‌و شۆڕش نوسیوه، ئێستا زیندانت ناکه‌م، هه‌ڤاڵ پاکانه‌ی نه‌کردوه، مام جه‌لال ئه‌و شیعره‌ی له بری پاکانه بۆ حساب ده کات.
هه‌ڤاڵ له ته‌مه‌نی منداڵی و گه‌نجی و پێشمه‌رگایه‌تی دا، هیچ کاتێک پاکانه‌ی نه‌زانیوه و دژی پاکانه بووه، ئه‌وه یاده‌وه‌رییه‌کانی منداڵی و ئه‌و کاته‌ی له زانکۆ خوێندکار بوو، به چه‌کی قه‌ڵه‌م و شیعر به‌رامبه‌ر به به‌عسییه‌کان وه‌ستاوه‌ته‌وه. ئه‌وه ره‌نج و هه‌ڵوێستی له 1979 تا 1985 ی پێشمه‌رگایه‌تی، ئه‌و مه‌رگی پێش مردنی خۆی قبوڵ بوو، نه‌ک پاکانه.
وشه‌ی پاکانه له زمانی مام جه‌لاله‌وه، ئازارێکی زۆر به‌سوێی به‌ناخ و هه‌ست و نه‌ست و ده‌روونی هه‌ڤال گه‌یاند، له ناو خامۆشی و بێ ده‌نگی دا، جوانترین هه‌ڵوێستی نواند. بێ ده‌نگیش هه‌ڵوێسته و وه‌ڵامی ئه‌وه بوو، کوێستانی، قه‌د هه‌ڤاڵی پاکانه نه‌بووه و نابێت.
مام جه‌لال نامه‌کانی به‌رده‌می کۆکرده‌وه و وتی: من هیچم نه‌ما تۆ چیت ماوه بیڵی، ده‌توانیت بڕۆیت.
هه‌ڤاڵ ماڵئاوایی کرد، بۆ ئه‌وەی زوتر له‌و ژووره ده‌رچێت که له ئاوێنه‌ی ده‌رونی دا، وه‌ک ژووری لێکۆڵینه‌وه‌ی زیندان وا بوو.
که له ژووره‌که‌ی مام جه‌لال هاته ده‌ره‌وه، به هه‌ورازه که‌ی کانی مرادا به‌ره‌و خواره‌وه هه‌نگاوی نا بۆ ناو یاخسه‌مه‌ر، هه‌موو شۆڕش و ره‌نجی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی وه‌ک ناخی برینداری کاڵ و کاڵتر ده‌بوه‌وه، به دڵێکی شکاوه‌وه، به هه‌ناسه‌یه‌کی پڕ له حه‌سره‌تی ناکامی یه‌وه، ملی ئه‌و رێچکه‌یه‌ی گرته‌به‌ر، که گه‌یاندیه ئه‌و رێگایه‌ی ره‌نج و خه‌ونی خۆی و هاوڕێ شه‌هیده‌کانی به‌تاڵ کرده‌وه.