پشکۆ ئەمین: جەنگەکەی ئۆکراینا بەرەوکویێ؟
جەنگ مانای کارەسات و ماڵ ویرانی بۆ هەموان، مرۆڤایەتی ماوەی دوو ساڵە بە دەست ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەناڵێنێت، هێشتا رزگاری نەبووە لێی، تازە ژیان بەرەو ئاسایکردنەوە دەڕوات، جگە لە کێشەی گۆرینی کەش و هەواو لەناوچوونی ژیان لەسەر گۆی زەوی، وا جەنگێکی خوێناوی وێرانکەریش بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتەوە. بۆ دەبێت، مرۆڤ هێندە درندەبیت، گیانی هەزاران گەر نەڵێین ملێۆنان مرۆڤ تیایدا ببێتە قوربانی ئاوەزی کەسانێکی دڕندە.
پۆتین زیاتر لە 150.000 سەربازی رووسی بردۆتە سەرسنوری ئۆکرایناو بەنوێترین چەک و جبەخانەوەو تانک و زرێپۆشەوە، لە سێ لاوە دەوری ئۆکرانیای داوە، بە دەریای رەشیشەوە.
ئەمرۆ پۆتین وتی: دەبێت لەگەڵ ئەنجامەکانی جەنگدا بژین، ئەم وتەیە بەمانای هەڵگیرساندنی جەنگ لێکدەدرێتەوە.
2014 پۆتین هێرشی کردە سەر ئۆکراینا و جزیرەی کرمی داگیرکرد، ئەوروپاو ئەمریکا لەمکارەی روسیا بێدەنگ بوون، پێدەچێت ئێستا نیازی زیاتری هەبێت، مانۆرە سەربازییە یەک بەدوای یەکەکانی روسیا، تەنها مانای شەڕ دەدات، پۆتین دواترین داخوازی لە نامەیەکدا دایە دەست ئەمریکاو ناتۆ، کە تیایدا داوای لە ئەمریکا کرد، (هێزەکانی ناتۆ لەهەموو ئەوروپای رۆژهەڵات و ناوەڕاست بکشێنەوە، لەو وڵاتانەدا نەمێنین کە تازە چوونەتە ناو پەیمانی ئەتڵەسیەوە. نابێت هیچ یەکێک لەو وڵاتانەی کۆن ئەندامی یەکیەتی سۆڤیەت بوون لەناو ناتۆدا وەربگیرێن. ئەمانە دەریدەخات کە لای پۆتین شەرو کوشتار باشترین رێگە چارەبێت، دەنا هەموو کەسێک دەزانیت ئەم داوایانە جێگەی قبوڵکردن نیە، نە لای ئەمریکاو نەلای ناتۆ. بۆیە دەڵێن ئەوەی پۆتین داوای دەکات، جێگەی گفتوگۆکردن نیە.
ئەمریکا دەڵێت: ئێمە دەتوانین پەیمان بە پۆتین بدەین، کە هیچ وڵاتێک دژی روسیا نیەو دەوری ناگرێت، هەموان پێمان باشە لەگەڵ روسیادا بۆ ئاشتی کاربکەین، بەڵام وڵاتان دەبێت ئازادبن چ هاوپەیمانیەک هەڵدەبژێرن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتونی بلینکن لەکۆبونەوەی مەجلیس ئاسایشدا نەتەوە یەکگرتوەکاندا کە لەسەر داوای روسیا بەسترا، وتی: رووسەکان جێ گورکیان بەسوپا کردوە و سوپایان نەکشاندۆتەوە، بەڵکوو زیادیان کردوە. بەم کارە دەیانەوێت خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک. بەم زوانە رووسیا هێرش دەکاتە سەر ئوکراینا. هەڵگیرساندنی جەنگ لەئان و ساتدایە، ئەو بارگرژیەی ناوچەکە تەنها شەری لێچاوەڕوان دەکرێت. دەنگ هەیە رۆژی پینج شەمە لەگەڵ وەزیری دەرەوی روسیادا سیرگی لاڤرۆڤدا یەکترببینینەوە.
لە وەڵامدا سیرگی فیرشینین نوینەری دەرەوەی روسیا دەڵێت: زۆر بە داخەوە کە باس لەو هەموو هێزەی ناتۆ ناکەن، کە لەسەر سنورەکانی رووسیا کۆکراونەتەوە، ئەمریکاو ناتۆ هەواڵی ناڕاست و ناخۆش بڵاو دەکەنەوە، ئێمە نیازی داگیرکردنی ئۆکراینامان نیە، ئەوان نیازی پەلاماردانی رووسیایان هەیە،
ئۆکراینا دەڵێت: رووسەکان سوپاکەیان زیاتر کردوەو رەوشەکە بۆنی هێرشی لێدیت، ئەوەی دەبینرێت رووسیا لەسێ لاوە دەوری ئۆکراینای داوەو زیاتر 120.000 سەربازی هێناوەتە سەرسنورەکە، ئەمە پێچەوانەی ئەوەیە کە روسیا دەیڵێت.
دوێنی رووسیا جێگری دووهەمی باڵوێزی ئەمریکای لە مۆسکۆ دەرکرد، چەند رۆژێکە شەرە تۆپ و ڕەشاش لە دومباس روودەدات، کە تیایدا تۆپێک بەر باخچەیەکی ساوایان کەوت لە شاری ستانتسيا لۆهانسكا،کە سێ کەسی ئیشکەری تێایدا برینداربوون.
ئەوسنورەی شەرو ئاژاوەکانی تیدایە 400 کم دریژە، بەباریکترین و دژوارترین شوینی شەرەکە دادەنرێت. چاودێران دەڵێن: گەر شەر هەڵبگیرسێت، ئەوا یەکەم هێرش لێرەوە دەکرێت، چوونکە گرووپە جەکدارە جووداخوازەکانی سەر بەرووسیا لێرەدا جێگیرن و هەوڵی هەڵگیرساندنی شەرەکە دەدەن، پیشێلی رێکەوتنی مینسکی 2015 دەکەن،کە لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیاو ئەلمانیاو فەرەنسادا مۆرکرا.
لە 2015 وە تاکوو ئەمرۆ رێکخراوی ئاشتی و ئاسایشی ئەوروپا (OSCE) سەر پەرشتی و چاودیری راگرتنی ئەو رێکەوتنە دەکات، لەو ناوچەیەدا 500 چاودێری بێ چەکی ئەوروپی چاودێری راگرتنی ریکەوتنەکە دەکەن.
لەگوندی Lebedynske کە لەسنوری شەرەکەدایە، چاودیرەکانی ئاشتی دەڵێن هەردوو لای شەرەکە رێگریمان لێدەکەن لەکارەکانماندا، هەندێک لە وڵاتان نوێنەرەکانی خۆیان کشاندۆتەوە لە ترسی جەنگ. ئۆکراینا ئەم تاوانە دەخاتە ئەستۆی جوداخوازە رووسەکان کە دەیانەوێت ناوچەی دومباس لەئۆکراینا جیاکەنەوە، بەپاڵپشتی رووسیا.
فلادمیر پۆتین لە کۆنگرە رۆژنامەنوسیەکەیدا لەگەل کانزلەری ئەڵمانیادا زۆر بە توڕەیەوە وتی، ئۆکراینا هەستاوە بە کۆمەڵکوژکردنی ئەو روسانەی لەوناوچەیەدا دەژین.
وتەبێژی کرملین دیمتری بوسکۆف دەڵێت: ئۆکراینا کاری نابەجێ وخراپ دەکات دەیەوێت شەر هەڵگیرسێنێت، سوپا کۆدەکاتەوە نیازی هەیە ئەو ناوچانەی لە شەری 2014 دا رزگارکراون بگەڕێنێتەوە ژێردەستی خۆی، ئەمە یاریکردنە بەئاگر.،ئەم هەواڵ و تاوانبارکردنەی لاکانی شەر،،تا ئێستا هیچ لایەکی بیلایەن،پشتراستی نەکردۆتەوە کە کێ تیایدا تاوانبارە و دەست پێشخەرە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تونی بلینکن دەڵێت: رووسەکان دەیانەوێت ئەم ئاژاوانەی دومباس بقۆزنەوە تا بە ناوی پارێزگاریکردن لە رووسەکانی ئەو ناوچانە، هێرش بکەنە سەرئۆکرایناو داگیری بکەن.
ئەمڕۆ لەکاتێکدا وڵاتانی ئەوروپا و ناتۆ خەریکی کۆبونەوەی ئاسایش بوون لە میونشن (MSC)، لە رووسیا بەسەرپەرشتی و چاودێری سەرۆکی روسیا کە سەرۆک ئەرکانی سوپاشە، فلادمیر پۆتین و هاوڕییەتی ئەلیکسەندەر لۆکاشینکۆی بەلا رووس، مناوەرەی سەربازی دەستپێکرد و تیایدا ساروخی پلاستیکی کە هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمیە تاقی کردەوە، وە ساروخێکی تازەتری لە جۆری خەنجەر (Dolch)، کە خێراترە لە خێرای دەنگ، بەسەر کەوتووی تاقی کردەوە.
ئەم مناوەرەو تاقی کردنەوەی کڵاوە ئەتۆمیە، بووە هۆی رەخنەی زۆری وڵاتانی بەشدار لە کۆنفرانسی ئاسایش لەمیونشن.
هەر ئەمرۆ لە وتاری کۆنفرانسی ئاسایشدا لە میونشن،کانزلەری ئەڵمانی شۆلتز وتی: خوازیارین رووسیا هێرش نەکاتە سەر ئۆکراینا، بەمە رووسیا باجێکی قورسی سیاسی و ئابوری جیوستراتیژی دەدات، هێڕش لە سەر روسیا زۆر دەکەوێت. کانزلەر وتی: ئێمە تا ئەوپەڕی توانامان هەوڵی دۆزینەوەی رێگە چارەی دبلۆماسیانە دەدەین، ئێمە جیاوازی دەکەین لەنێوان داواکانی روسیا کە جێگەی قبوڵکردنین و ناتوانین هیچ پارێزگاریەکی لێبکەین لە گەڵ بەرژەوەندیە رەواکانی روسیا لە پارێزگاریکردن لە ئەمنیەت و سەروەری وڵاتەکەیان.
ئەمرۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کامالا هاریس لە وتەکەیدا لە کۆنگرەی ئاسایش، دەربارەی ئۆکراینا وتی: ئێمە لە بەردەم هێرشی روسیاداین بۆ سەر ئۆکراینا،ریگە بۆ رووسیا چۆڵناکەین کەهیرش بکات. ئەم کارەی روسیا دەبێتە هۆی سزادانێکی قورسی چاوەروان نەکراو، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی پێکەوە بەخێرای سزایەکی خراپی رووسیا دەدەین. سزای دارای بەسەر هەناردە کردنیدا بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ دەسەپێنین. کارگەکانی شوێنە پیشەسازیەکانی هەموویان سزادەدین، تەنانەت سزای ئەو کەسانە دەدەین کە لەو هێرشەدا بەشداردەبن، ئەمریکا بەپێدان و ناردنی سەرباز هاوکاری هاوپەیمانەکانی، لە رۆژ هەڵاتی ناتۆدا دەکات.
کامیلا وتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەپێی مادەی 5 هاوپەیمانەکانی ناو ناتۆ دەپارێزێت، وە وتی میلەتان هەقی خۆیانە چ دەسەڵاتێک و هاوپەیمانیەتێک و رێکەوتنێک، هەڵدەبژێرن، نابێت سنورە نیشتیمانیەکان بە زەبری هێز بگۆرێن. هەروەها سکرتیری ناتۆ شتۆڵتسن بێرگ لە کۆبونەوەی میونشندا وتی: داوا لە رووسیادەکەین هێزەکانی لەسنوری ئۆکراینا بکشێنێتەوەو کۆتای بەم بارگرژیانە بهێنیت. هێشتا کات لە بەردەستایە کە رووسیا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت.
ئەمرۆ گەورەترین هێز لەئەوروپادا کۆکراوەتەوە، لە پاش کۆتایهاتنی جەنگی ساردوە ئەمە نەبینراوە، هەروەها وتی هەمیشە کار بۆ ئەوە دەکەین کە هاوکار و پاڵپشتی یەکتربین، بۆیەگەر روسیا کاربۆ ئەوە دەکات، ژمارەی وڵاتانی ناتۆ لە سنورەکەی کەم کاتەوە ئەوا پێیدەڵێین زیاتردەبیت.
هەر ئەمرۆ فولودیمیر زیلینسکی گەیشتە میونشن بۆ بەشداری لەکوبونەوەکەدا، پرسیاری لەیەکیەتی ئەوروپا کرد وتی: ئەو سزایانەی داتان ناوە هی رووسیا بدەن کامانەن؟ بۆ بەئاشکرا باسی ناکەن و ئێوە چ هاوکاریەکی ئۆکراینا دەکەن؟
ئیوە دەڵێن شەردەبێت، بەڵام هیچ کارێک دژی ناکەن، چاوەڕێی چیدەکەن؟ ناتوانین لەمەزیاتر ژیان لە ژێر هەڕەشە و ترسی شەردا بەسەربەرین،
زیلینسکی وتی: رووسیا راست ناکات کە ئێمە پەلامارمان داوە، ئێمە لەژێر هەڕەشەداین، ئێمە ئامادەین بەندەکانی رێکەوتن نامەی مینسک وەک خۆی جێبەجێبکەین و پاریزگاری لەئاشتی بکەین. رۆژانە پەلاماردەدرێین لێمان دەکوژرێت. ئوکراینا لەئەوروپا پرسی کرد تاکەی وەرگرتنی ئۆکراینا لە ناتۆ و یەکیەتی ئەوروپا دوادەخەن؟ ئۆکراینایەکان چاوەروانین بە ئاشکرا وەڵایان بدەنەوە.