ســەرکۆ یونس: بەهای دۆلـــار، مۆتەکەی ئابووری عێراق.
دوابەدوای تویتەکەی موقتەدا سەدر، سەبارەت بەبەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار، لەسەر پێشنیاری سەدر، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، داوای بانگکردنی هەریەک لەوەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران کرد.
لەوەڵامدا، عەلی عەلاوی نامەیەکی بۆ سەرۆک وەزیران نارد، لەناوەرۆکی نامەکەدا، دەعوەتەکەی ڕەدکردەوە و ووتی ئامادە نابم، بەم وەڵامەی وەزیر، حاکم زاملی داوای قەدەغەکردنی گەشتی دەرەوەی لەوەزیری دارایی بەرزکردەوە.
پارێزگاری بانکی ناوەندی، کەتاڕادەیەک لەڕەوتی سەدرەوە نزیکە، چووە ئەنجومەنی نوێنەران و لەگەڵ جێگری سەرۆک و سەرۆکی کوتلەپەرلەمانییەکان کۆبویەوە و گفتوگۆیان لەبارەی بەرزکردنەوەی بەهای دینارەوە کرد و ڕایگەیاند، کەتا سێ ساڵی تر، ناتوانن دەستکاری بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بکەن.
ئاشکرایە، بانکی ناوەندی، بەپێ ی دەستور، دامەزراوەیەکی سەربەخۆی بێ لایەنە، بەرپرسە لەسیاسەتی نەختینەیی و پاراستنی بەهای دراوی نیشتیمانی بەرامبەر دراوەکانی تر، تەنها لەبەردەم نوێنەرانی گەل(ئەنجومەنی نوێنەران) تاڕادەیەک ملکەچە.
بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار، هەروا کارێکی ئاسان و ساکار نی یە، پێویستە هەر سێ لایەن، وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی و ئەنجومەنی نوێنەران، بەڕاوێژ لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانییە دارایی و نەختینەییەکانی وەک (سندوقی نەختی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی) بەڕەچاوکردنی بارودۆخی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەنجام و جێ بەجێدەکرێت.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، لەکۆتاییەکانی(2020)دا، حکومەت و بانکی ناوەندی و ئەنجومەنی نوێنەران و بەئاگاداری لایەنەسیاسییەکان، بڕیاری دابەزاندنی بەهای دیناریان بەرامبەر دۆلار جێ بەجێکرد، بەمەبەستی چەند ئامانجێک:
یەکەم/ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی گشتی، لە2020دا، نزیکەی(58) ترلیۆن دینار کورتهێنان بووە، دوای ئەوەی نرخی بەرمیلی نەوت دابەزی بۆ نزیکەی 30 دۆلار، حکومەت توانای دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و خەرجیەگشتییەکانی نەمابوو، هەربۆیە بەم سیاسەتە، وەزارەتی دارایی لەڕێگای گۆرینەوە دیناری زیاتری دەستکەوت، کەساڵانە بە نزیکەی 13 بۆ 14 ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت.
دووەم/ کەمبوونەوەی یەدەگی دۆلار، مەترسی لەسەر دروست بوو، چونکە حکومەت ناچار بوو بۆ دابینکردنی مووچەو خەرجییەکان، دۆلاری یەدەگ بفرۆشت، بەمەش یەدەگی دۆلار بەرەوکەمبونەوە چوو، لەزیاتر(70) ملیار دۆلارەوە دابەزی بۆ نزیکەی (48) ملیار دۆلار، کەجێگای مەترسیە بۆ ئابوری گشتی عێراق. سەرەڕای قەرزەکان، کەمبونەوەی یەدەگی دراو، ئابوری عێراق بەرەو داڕمان دەبات، خەرجکردنی یەدەگ، دەرئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە.
سێ یەم/ بوژانەوەی کەرتەکانی ئابوری عێراق، هەستانەوەی بەرهەمی نیشتیمانی و کەمکردنەوەی قەبارەی هاوردەکردن لەماوەی درێژخایەندا، یەكێکە لەئامانجەئابورییەکانی ئەم سیاسەتە.
ڕاستە، بەم سیاسەتەی بانکی ناوەندی، بەڕێژەیەکی بەرز، ئاستی گشتی نرخەکان بەرزبوونەتەوە، بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، هەڵاوسان نزیک بووەتەوە لە(7%) کۆی گشتی نرخەکان، بارگرانی بۆ دانیشتوان بەگشتی وچینی ناوەندو هەژاران زیاتر بووە، هێزی شتکڕینی دینار دابەزیوە. بەڵام کێشەکان هەرئەم هۆکارە نین، توانای بەرهەمهێنانی کەرتەئابوریەکانی دەوڵەت، لەوئاستەدا نین، کەخواستی هەموولایەکی ناوخۆ لەپێداویستیەکان پڕ بکاتەوە، بۆیە عێراق بەناچاری پشت بەهاوردە دەبەستێت و ئامارەکان باس لەهاوردەکردنی ڕێژەی (90%) پێداویستیەکان دەکەن!
لەسەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی نوێدا، پێمان وایە، ئامانجی سەدر وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن، کەداوای حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکات، لێدان بێت لەئێران، بەتایبەت لەڕووی داراییەوە، چونکە وەک دەوترێت قەبارەیەکی گەورەی دۆلار لەعێراقەوە ڕەوانەی ئێران دەکرێت، عێراق بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی دەستکەوتنی دۆلار.
ئەم هەنگاوە، بەسیاسی کراوە، چونکە بابەتی بەرزکردنەوەی بەهای دینار، بابەتێکی تەواو دارایی و نەختینەیی یە، لایەنێکی سیاسی بەتەنها ناتوانێت دەستوەربداتە گۆڕینی بەهای دینار. ئەوەشمان لەبیرنەچێت، ئەم بەڵێنە یەکێک بووە لەبەڵێنەکانی ڕەوتی سەدر لە بانگەشەی هەڵبژاردنەپێشوەختەکەی ساڵی ڕابردوو.
ئەوەی ڕوودەدات لەبازاڕەکانی عێراق و هەرێمدا، تەنها پشێوی وشڵەژانە، نەبوونی متمانە ونادڵنیایی خەڵکە بەواقعی ئابوری عێراق. هەندێجار قوستنەوەی هەندێ کەس ولایەنە بۆ قازانجکردنیان لەمیانەی گۆڕینەوەی دینار بەدۆلار.
بەداخەوە ترسی تاک وکۆمەڵگا، کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەم لایەنەوە، بەشێکی زۆری هاوڵاتیان، دۆلارەکانیان دەکەنەوە بەدینار، بەمەش قەبارەی خستنەڕووی دۆلار زیاتر دەبێت.
گومانی تێدا نی یە، هەمیشە دۆلار لەدینار باشترو بەبەهاترە. دۆلار، لەئێستادا تەنها بەدراوی ئەمەریکا نەماوەتەوە، بەڵکو بووە بەدراوێکی نێودەوڵەتی و زۆربەی مامەڵە بازرگانی و دارایی و قەرزو حەواڵەکان بەدۆلار ئەنجام دەدرێت و تەنانەت وڵاتان یەدەگی دراوەکانیان بەدۆلار هەڵدەگرن.
ئەمە لەکاتێکدایە، هێشتا حکومەتی نوێ پێک نەهاتووە و عێراق یاسای بودجەی گشتی، بۆ ساڵی دارایی 2022 نی یە!
هەربۆیە، بەهای دۆلار بۆ ئابوری عێراق، بووەتە مۆتەکەیەک لەبەردەم بوژانەوەو گەشەپێدانی کەرتەئابورییەکان وبارگرانی بەسەر تاک وخێزان وکۆمەڵگاوە…
* ئابووریناس
- Latest Posts by سەرکۆ یونس
سەرکۆ یونس: پارەو بێ پارەیی.
-سەرکۆ یونس: ووردە سەرنج، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەندێ لەباجەکان.
-سەرکۆ یونس: بڕوانامە، یان مەعریفە.
- All Posts