عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ئه‌فسانه‌ی ئه‌شکه‌وتی داری خله/ بەشی پێنجەم.
زه‌رده‌ی خۆرئاوای 19- 2- 1989 پارتیازانهکان گوێ یان له هه‌واڵه‌کانی ده‌نگی گه‌لی کوردستان بوو، مه‌لا ئه‌حمه‌د و سه‌لام له‌سه‌ر جێگه‌که‌یان راکشابوون
سه‌لام وتی: سه‌ید محه‌مه‌د ئێستا کاتی په‌یوه‌ندی یه به جیهازهکانهوه.
سه‌ید محه‌مه‌د، جیهازه‌که‌ی هه‌ڵگرت، به‌خێرای هه‌نگاوی نا بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌شکه‌وته‌که و وتی: سۆران تفه‌نگه‌که‌ت و دووربینه‌که‌ت هه‌ڵگره.
سۆران دووربینه‌که‌ی مه‌لا ئه‌حمه‌دی هه‌ڵگرت، به‌ڵام تفه‌نگه‌که‌ی بیر چوو، له گه‌ڵ سه‌ید محه‌مه‌د روویان کرده سه‌ر بهرزاییەکهی نزیک ئه‌شکه‌وته‌که، له‌پاڵ (رکهی مله‌که ).
سه‌ید محه‌مه‌د به جیهازه‌که‌ی په‌یوه‌ندی کرد به جیهازی مه‌فره‌زه پارتزانهکانهوه.
سۆرانیش به دوووربینهکهی چاودێری ده‌وروپشتی ده‌کرد، چونکه رۆژی پێشووتر سوپای عێراق کێو‌ماڵی ناوچه‌که‌ی کرد بوو.
سه‌ید محه‌مه‌د په‌یوه‌ندییه‌کانی ته‌واو کرد، هه‌موی ده هه‌نگاویان مابوو، ویستی له گه‌ڵ سۆراندا بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو ئه‌شکه‌وته‌که، له ناکاو گوێیان له زرمه‌یه‌ک بوو، ده‌نگی دایه‌وه، که روانیانه خواره‌وه، به‌رده‌می ئه‌شکه‌وته‌که‌یان بینی هه‌ره‌سی هێنابوو، لایه‌کی به‌ته‌واوی رووخا بوو.
له‌و کاته‌دا مه‌لا ئه‌حمه‌دی گه‌رمیان و حاجی حه‌مید و سه‌لام محه‌مه‌د حسین و حه‌یده‌ر محه‌مه‌د که‌ریم و نوری قادر ناسراو به پۆڵ و ره‌حیم ره‌شید و دارا قادر له ناو ئه‌شکه‌وته‌که‌دا بوون.
ناو ئه‌شکه‌وته‌که 10 مه‌تر به‌رزو 2 مه‌تر پان و 5 مه‌تر درێژ بوو، سۆران و سه‌ید محه‌مه‌د به په‌شۆکاوییه‌وه به‌ره‌و که‌ندڕه‌که رایان کرد، بانگی هاوڕێکانیان ده‌کرد، وه‌ڵام نه‌بوو.
سۆران وتی: له‌وکاته‌دا دیمه‌نه‌کانی دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌و رۆژه‌م به‌بیر هاته‌وه، هه‌ر9 پاریتزانهکه پێکه‌وه گفتووگۆمان ده‌کرد، باسی هه‌ره‌س هێنانی ئه‌شکه‌وته‌که‌مان ده‌کرد، جێ ی متمانه نییه، به‌ڵام له به‌ر کێو‌ماڵی سوپای عێراق به‌ناچاری تیایدا ماینه‌وه.
زۆرجار ده‌مان وت: ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌شکه‌وته بڕوخێ ده‌بێ به…….. گۆڕمان!
ئه‌و رۆژه 19- 02- 1989 بوو، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌شکه‌وته‌که هه‌ره‌س بێنێت، مه‌لا ئه‌حمه‌دی گه‌رمیان گومانی له روخانی ئهشکهوتهکە هه‌بوو، هه‌ر باسی هه‌ره‌س هێنانی ئه‌شکه‌وته‌که‌ی ده‌کرد.
سه‌ید محه‌مەد به به‌رده‌وامی خه‌ریکی خوێندنه‌وه بوو. ئه‌و ئێواره برنج و فاسۆلیان لێ نابوو. هه‌ر پاریتزانێک خه‌ونێکی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو. دارا و سه‌لام نوری خه‌ڵکی ناوچه‌ی نارینی خوار کفری بوون نزیک جه‌به‌ل حه‌مرین، ده‌یان وت: ماوه‌یه‌کی تر هه‌ر هه‌موومان روو ده‌که‌ینه ناوچه‌ی نارین، له‌وێ بنه‌وان ماوه، درێژه به جه‌نگی پارتیزانی و مانه‌وه ده‌ده‌ین.
ئه‌حمه‌د زه‌رداوی ده‌یوت: ئه‌م مه‌فره‌زه پارتیزانینانهی گه‌رمیان له ئاینده‌دا ده‌بنه هه‌وێنی هێزێکی گه‌وره بۆنیشتمان.
سه‌ید محه‌مه‌د، ملوانکه‌یه‌کی دۆزیبوه‌وه ده‌یوت: ئه‌م دیارییه بۆ کچه بچکۆله جوانه‌که‌م.
سه‌ید محه‌مه‌د وه‌ک جیڤارا خه‌ونی گه‌وره‌ی هه‌بوو، زۆرجار رووی ده‌کرده پارتیزانه‌کانی هاوڕێی و پێی ده‌وتن: له هه‌ر شوێنێکی دنیادا سته‌م و چه‌وسانه‌وه هه‌بێ روو ده‌که‌مه ئه‌وێ و ده‌بم به پارتیزان.
هه‌ر ئه‌و رۆژه پێش ئه‌وه‌ی ئه‌شکه‌وته‌که هه‌ره‌س بێنێ. موکه‌ره‌م ره‌شید و ئه‌حمه‌د زه‌رداوی له گه‌ڵ ئه‌و پارتیزانانهدا له ناو ئه‌شکه‌وته‌که‌دا بوون، ئه‌وان وتیان: ئێمە ده‌چین بۆ بنکه‌که‌ی خۆمان که‌لوپه‌له‌کانمان دێنین و له ئه‌شکه‌وتی داری خله ده‌مێنینه‌وه.
ره‌حیم ره‌شیدیش لەگه‌ڵیاندا رۆیشت، به‌ڵام له نیوه‌ی رێگا گه‌ڕابووه‌وه بۆ ناوئهشکهوتهکه و بوو به ژێر هه‌ره‌سه‌که‌وه.که ئه‌شکه‌وته‌که هه‌ره‌سی هێنا سه‌ید محه‌مه‌د و سۆران غازی به‌ره‌و لای مکهرهم ره‌شید و ئه‌حمه‌د زه‌رداوی که‌وتنه رێ، به‌ره‌و بنکه‌ی خۆرئاوای گوندی زاوت که‌وتبوونه رێ، هه‌ر که پێ یان گه‌یشت: هەرهسی ئه‌شکه‌وته‌که‌ی بۆ باس کردن. هوان سه‌رسام بوون، هه‌ر چواریان پێکه‌وه دیسان گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌رده‌م ئه‌شکه‌وته‌که له‌وێ به تێڕامانه‌وه چه‌ند دڵۆپه فرمێسکی حه‌سره‌ت به چاوه‌کانیاندا هاته خواره‌وه.
دنیا به‌ره‌و تاریکی ده‌چوو، هەر چواریان روویان کرده بنکه‌ی تهمشیتهکه. هو شه‌وه له‌وێ مانه‌وه، لە 20- 02- 1989 له سه‌ر مه‌وعیدی جیهاز، هه‌واڵی هه‌ره‌سی ئەشکەوتهکه، بنکه‌ی هه‌موو پارتیزانه‌کانی گه‌رمیانی هه‌ژاند.
له 01- 11- 1991 پێشمهرگهوجهماوهری تێکۆشه‌رانی گه‌رمیان، دوای نزیکه‌ی 2ساڵ و مانگ و 20 رۆژ، به‌سه‌ر تراژیدیای هه‌ره‌سهێنانی ئه‌شکه‌وتی داری خله، به شۆفڵ، روفاتی هه‌ر 7 پارتیزانهکهیان له ناو هه‌ره‌سی ئه‌شکه‌وته‌که‌دا ده‌رهێنا، له رێوره‌سمێکی شکۆمه‌ندا، گه‌یاندیانه گۆڕستانی که‌لارو له‌وی به خاکیان سپاردن.
ئه‌م که‌لوپه‌لانه له ناو ئه‌شکه‌وته‌که‌دا وه‌ک خۆیان مابوون:
رادیۆیه‌کی ناشناڵی یابانی و چەندکتێبێک و قەڵەم پارکهرێکی خاف وادیۆیهکی بچوک و مۆرت تیپی 55ی قەرەداغ و شه‌ش تاقم و هه‌شت مه‌خزه‌ن و چه‌ند شانه‌یه‌ک و چه‌ند لاقه مزهلیهکی ژه‌نگاوی و جیهازێکی راکاڵی بچوک و کڵاو جامانه‌یه‌ک و تاکێک گۆره‌وی ڕه‌ساسی وده پاکه‌ت جگه‌ره‌ی کیس و مقه‌بای به‌غداد و تاقمی ته‌راش و گوێزان و مه‌قاشێکی شکاو و لایتی گه‌وره‌و بچوک و شه‌ش چه‌قۆ و حه‌ربه‌یه‌ک و شووشه‌یه‌ک عه‌تر و کتریه‌کی قوپاو و قۆریه‌کی شکاو و دوو په‌رداخ و دوو که‌وچک و شه‌ش مه‌تاره‌ی قوپاوی ئاو و چه‌ند پێنج دیناریی و ده دیناری رزیوو. جگه له رۆژمێرێکی هاوسه‌ری مه‌لا ئه‌حمه‌د که یاده‌وه‌رییه‌کانی له ساڵی 1987 –ه‌وه تا 18- 02- 1989 تیا تۆمار کرد بوو.
(مامۆستا عه‌لی په‌رله‌مان) و هاوڕێکانی و لیژنه‌که ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه‌یان له ناو ئيشکهوتهکهدا کۆکرده‌وه و پاراستیان. له 19/3/1994دا ئه‌م که‌لوپه‌لانه‌یان له پێشانگایه‌کی تایبه‌تی دا، بۆ ماوه‌ی 5 رۆژ به بۆنه‌ی ساڵ یادی مه‌رگه‌ساتی هه‌ره‌سهێنانی قه‌ڵبه‌زه‌ی داری خله‌وه له هۆڵی کتێبخانه‌ی که‌لار خرانه روو، له گه‌ڵ وێنه‌ی فۆتۆگرافی پارتیزانه‌کانی دوای ئه‌نفالی گه‌رمیان. ئه‌م پێشانگایه‌یه له لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی رێکخستنی که‌رکوک به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا عه‌لی په‌رله‌مان خرایه روو. دوای چه‌ند مانگێک هه‌مان پێشانگا له هۆڵی میدیای شاری هه‌ولێر خرایه روو. بڕیار بوو هه‌موو ئه‌م که‌لوپه‌لانه‌ی ئه‌شکه‌وتی داری خله له مۆزه‌خانه‌یه‌کی تایبه‌تی دا وه‌ک سه‌روه‌ری شکۆی پارتیزانی کورد له تراژیدیای دوای ئه‌نفال دا بپارێزرێن. به‌ڵام ئه‌وه نه‌کرا. به‌ڵێنی سه‌رانی کورد له شوێنی خۆی دا نه‌بوو. مامۆستا عه‌لی په‌رله‌مان هه‌موو که‌ل و په‌ل و که‌ره‌سته‌کانی گواسته‌وه‌و بۆ که‌لار. له رۆژه نا ئاساییه‌کانی 31-ی ئابی 1996دا هه‌موو ئه‌و کهرهسهوکهلوپهلانه جارێکی تر به‌ده‌ستی کورد شوین بزرکران و ئه‌نفال کرانه‌وه..!
سه‌رچاوه: عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود ، ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال، به‌رگی دووه‌م
سه‌ید محه‌مه‌دی گه‌رمیان ، دڵی به‌و ملونکهیه خۆش بوو وه‌ک دیارییه‌ک بیکاته ملی کچه‌که‌ی ، ده‌یزانی هاوسه‌رو جگه‌ر گۆشه‌کانی و خه‌ڵکی گه‌رمیانه‌که‌ی ده‌سگیر کراون ، به‌ڵام له‌و کاته‌دا نه‌یده‌زانی ئه‌وان له بیابانه‌کانی ناوه‌راست و خواروی عێراق گوله باران کراون و له گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کان دا ، بێسه‌روشوێن کراون.
*مامۆستا عه‌لی په‌رله‌مان، پێشمه‌رگه‌ی دێرین و کادرێكی پشکه‌وتووی خاوه‌ن هه‌ڵوێستی دیار و روناکبیرێکی خاوه‌ن مه‌عریفه‌ی خاکی گه‌رمیان و که‌سێکی پاکی نمونه‌یی و نه‌فسیه‌ت به‌رز و سه‌ر راست، پڕاو پڕ له وه‌فاو ئه‌مه‌ک بۆ شه‌هیدان بۆ گه‌رمیان و په‌رۆش و خه‌مخۆری گه‌رمیانی ئه‌نفالکراو
* لێره‌دا من سه‌چاوه‌ی نوسین و کتێبه‌ی خۆم بۆ نوسینی خۆم لێره‌دا نوسیوه، به‌ڵام که‌سانێک نه‌ک نوسه‌ر نین، ئینشانوسیش نین، چه‌ندان نوسینیان دزیوم و به ناوی خۆیانه‌وه بڵاویان کردوه‌ته‌وه. ئه‌م دیارده‌یه زۆر کارێکی نه‌شیاو دیارده‌یه‌کی زۆرنابهجێ و ناشرینه.