دانا مەنمی: مرۆڤ و ترس بەرگری لە ئازادی.
کاتی خۆی کتێبێکم دەربارەی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلانی ئەفریقا خوێندەوە، قسەی یەکێک لە ڕێبەرەکانم لەبیرە کە دەڵێت: هەر گەلێک بەرگری لە ئازادی خۆی نەکات، سەرکردەکانی دەبنە گەلەگورگ! لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەمڕۆ تا دێ هەڕەشەی پارتی بۆ کپکردنی دەنگی ئازاد زەقتر دەردەکەوێ، بۆیە نابێ خەمساردبین لەم پرسە گرنگە و وەک تەماشاچییەکی ڕاگوزەر سەرپێیی و بێباک بەلایدا تێپەڕین! پارتی لە بواری ئازادی دا لە حاڵەتی تەنگەنەفەسی سیاسیدا دەژی و رۆژانە مەودا و پانتایی ئازادی ڕا دەربڕین، ئازادی چالاکی سیاسی و خۆپیشاندان و گردبونەوە، ئازادی کاری میدیایی تەسکتر دەکاتەوە، ڕۆژگارێک ئەگەر پارتی بەهانەیەکی هەبووبێ بۆ تەنگ پێهەڵچنینی دەنگە جیاوازە، رەخنەگرەکان، ئەوا ئیدی لە ڕۆژگاری ئێستادا هیچ بەهانە و پاساوێکی نەماوە بۆ پراکتیزەکردنی هەڕەشە و هێرش پەلاماردان سیستەماتیکانە کار بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی ناسەقامگیرو پڕ لە ترس دەکات.
بە درێژایی مێژوو هیچ رژێمێک یان هێزێکی سیاسی بە هێرش و سەرکوتکردن و کوشتار ناتوانێت بەردەوامیی بە دەسەڵاتی خۆی بدات،کورد میللەتێکی ئازادیخوازە و خواستی بۆ ئازادی هەیە، بەڵام دەبێ قۆناغی ترس تێپەڕێنێت، لە دەوڵەتەکەی شێخ مەحموودی حەفیدەوە کورد لەناو قەیرانی ترس و ژینگەیەکی ڕەنگڕیژکراو بە ترس خۆی مانفێست دەکاتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بژی دەبێ سنورەکانی ترس تێپەڕێنیت نابێ ترس لە هەناوماندا بمێنێتەوە،کەنعان مەکی لە کتێبی کۆماری ترسدا دەڵێت: سەدام حوسێین بێدەنگی دروست نەکردووە، بەڵکو بێدەنکی سەدام حسێنی دروست کرد.کەواتە ترس پاڵنەرە بۆ بێدەنگکردنی خەلک، بێدەنگی کۆمەڵگاش حکومەت دەکاتە دیکتاتۆر.
کاتێک ترس دەبێتە قەدەری مرۆڤ، دڵەڕاوکێش دەبێتە سێبەری، پارتی چەندە هێزێکی خراپ بێت و باوەڕی بە ئازادی ئینسانەکان نەبێت هێشتا ناگاتە ئەوەی کە مرۆڤ بترسێت بوێری دەربڕینی ڕاستییەکانی نەبێت، مرۆڤبوون بوونەکەی لەسەر خۆی ڕاوەستاوە چەندێک ئیرادەی هەیە و بونێکی ئازا وئازادە، نەک بونێکی ترساو، ئەگەر تۆ بونەوەرێکی ترساو بیت كەواتە هێشتا مرۆڤ نیت و ترسێک لە هەناوی تۆدایە ناهێڵێت ئازاد بیت، ئازاد بونیش یەعنی مرۆڤبوون، هەربۆیە ڤیکتۆر هۆگۆ بە دەنگێکی مەزن دەلێت: ترسی من بە تەنیا لەو مرۆڤانەیە کە دەترسن!. هەڕەشە و هیرش و پەلاماردان بۆ ئەوەیە کە مرۆڤ لە ڕووی ناوەکییەوە بترسێنن، بەمانایەکی تر بۆ ئەوەیە ترس لەناو خودی مرۆڤدا بڕوێنن چیتر نەوێرین بە ئاشکرا دیدو ڕوانینی خۆمان بەیان بکەین ، ئەسڵی مەسەلەکە ئەمەیە کاتێک حیزبێک دەیەوێت تۆ دابماڵیت لە مرۆڤبوون تۆش مرۆڤبوونی خۆت بسەلمێنە.
سەرکوتکردن و خۆسەپاندن، هێرش وپەلاماردان، زیندانیکردن و تیرۆر، کپکردنی دەنگی ئازادیخوازان بەشێکن لە شوناسی پارتی و ئامانجی پارتیش لە سەرکوتکردن و هیرش و پەلاماردان و تیرۆری ڕۆژنامەنوسان ئەوەیە کە کۆمەڵگایەکی بێدەنگ دروست بکات، کۆمەڵگای بێدەنگیش دەربڕینەکەی کەنعان مەکییە دیکتاتۆر دروست دەبێت، ھەموو بێدەنگیەکیش نەشتەرگەری جوانکاریە بۆ ناعەدالەتی و نائینسانیەت و کولتووری مەرگدۆستی زیاتر دەکات، خواستی پارتی ئەوەیە بەسەر لاشەی ھەزارەھا دەنگی ئازاد و نوسەرو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی ڕەخنەگردا بپەڕێتەوە بۆ ئامانجە چەپەڵەکانی خۆی و بە ماسکی ساختەوە فەزاحەتی خۆیان داپۆشن، پارتی لە پاڵ تیرۆرکردنی ( سەردەشت عوسمان، سۆران مامە حەمە، عبدالستار تاهیر شریف و ویداد حوسێن ) و هەوڵدان بۆ ناوزراندنی نوسەرو ڕۆژنامەنوس و چالاکووانە دەیان و سەدان ڕهفتاری کارهساتاویتر ههن و ههر یهکهیان بۆخۆی سهرگوزشتهیهکی ڕاستهقینهی ئهو ههوڵانهن بۆ قڕوقهپ پێکردنی ئازادی ئینسانەکان.
ئهم ڕووداوانه دهمانخهنه بهردهم ئهگهره ترسناکهکان و ناو تاریکستانێکهوه ئهمسهر و ئهوسهری ههر دیار نهبێت، ڕووداوەکان بە تیرۆرکردنی (سەردەشت و سۆران و عبدالستار و ویدادو شوکری زەینەدین و نۆژیان ئۆرهان )ەوە کۆتاییان نەهات بەڵکو کوشتنی کاوە گەرمیانی و ڕێژوان و گەرمیان و چەندینی تری بەدواداهات و هێرش و پەلاماردانەکان ئاسۆس هەردی و نەبەز گۆران کۆتاییان نەهات، بەڵکو پەلاماری من و دکتۆر غالب محەمەد و ئارام مەلا نوری و چەندینی تر درا !دڵنیابن زیندانەکانیش بە شێروان شێروانی و شڤان سەعیدو گوهدار زێباری و ئەیاز ئەکرەم و مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بێریڤان ئەیوب سەرجەم ئازادیخوازانی بادینان کۆتایی نایەت، کە دواجار بە دوری نازانم ئەم نەریتە فاشیزمانەی پارتی سبهینێ یان ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕووبهڕووی تۆ و ئهو و ئهوانیش ببێتهوه! بۆ ئەوەی لەم ڕوانین و نەریت و کلتورە فاشیزمەی پارتی ڕزگارمان بێت پێویستیمان بە گوتارێکی عەقڵانی وجوڵەی کۆمەڵایەتی و کردەیەکی شۆڕشگێڕانەی مەدەنیانەیە لە پێناو ئازادی و پاراستنی کەرامەت و شکۆی ئینسانەکان.