بورهان شێخ ڕەئوف: لێكەوتەكانی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا.
هێرش و پەلاماردانەكەی روسیا لە 24 شوباتی 2022 بۆ سەر ئۆكرانیا، كاردانەوە و كاریگەری زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە بۆ سەر كۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، هەموو دۆسێ جێوسیاسییەكانی تێكەڵ كرد، مۆسكۆ لەسەر ئاستی جیهان تاك و تەریك كەوتووە و مایەی نیگەرانی و بێزاری زۆرێك لە وڵاتانە، وڵاتە ئەوروپییەكانیش یەكیان گرتووە لە بەرامبەر سەرۆك پوتین، بە تایبەتی دوای هەڕەشەكانی و فەرمانی بە هێزی رۆكێتە ئەتۆمییەكانی لەوەی بكەونە دۆخی ئامادەباشییەوە، ئەمەش پێشهاتێكی مەترسیدارە لە دوای جەنگی ساردەوە.
پەلاماردان و دەستدرێژی روسیا بۆ سەر خاكی ئۆكرانیا خاڵێكی وەرچەرخانە لە مێژووی ئەوروپادا و كۆتایی بەو هیواو ئاواتانە هێنا، لە دوای جەنگی ساردەوە بەوەی كە ئیتر ببڕای ببڕ جەنگی گەورە لە ئەوروپادا روونادات، بەتایبەتی كە داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن روسیای دراوسێیەوە پێشێلكارییەكی روون و ئاشكرای یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكانە.
خۆرئاواییەكان زۆر بە توندی و خێرایی وەڵامی دەستدرێژییەكانی روسیایان بۆ سەر سەروەری ئۆكرانیا دایەوە، بە لێشاوێك لە رێكار و سزای ئابووری بێ وێنە، سزای ئابووری كە خودی پوتین و لاڤرۆفی وەزیری دەرەوەشی گرتەوە، بزنسمانەكانی نزیك لە كرملینیشی گرتەوە، ئەمە چ جای داخستنی ئاسمانی وڵاتەكانیان بە رووی فڕۆكەكانی روسیادا و دوورخستنەوەی روسیا لە هەموو یارییە وەرزشییە جیهانییەكان.
ئیمانۆیل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا لە ساڵی 2019 وتی، هاوپەیمانی ناتۆ لە دۆخی مردنی مێشك و ئیفلیجبووندایە بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی ئەندامەكانیەوە، هەروەها بەهۆی خراپی بەرێوەبردنی ناتۆ وە لەلایەن سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا (ترەمپ) كە سەردەمەكەی خراپترین پەیوەندی تێدابوو لە نێوان هەردوو بەری ئۆقیانووسی ئەتڵەسی.
سەرەتای ساڵی 2021 كاتێك سەرۆك بایدن دەست بەكاربوو لە كۆشكی سپی، هەرزوو هەوڵی دا پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە ناتۆ ئاسایی بكاتەوە، لە هەمان كاتیشدا خوازیاربوو كە هاوپەیمانەكانی لە ناتۆ ببنە بەشێك لە ململانێی ستراتیژی هەژموون لە گەڵ چیندا، بەڵام ئەم داخوازییە لە لایەن ئەندامانی ناتۆەوە جێی نیگەرانی بوو، چونكە ئەوان لەو باوەڕەدا بوون، كە ئەم بڕگەیە لە هۆكارەكانی سەرەتای دامەزراندنی ناتۆ نەبووە، چونكە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە و سەرەتای جەنگی سارد، كە هاوپەیمانی ناتۆ دامەزرا بۆ ئەو مەبەستە بوو كە ئەمریكای خاوەن هێزی ئەتۆمی كیشوەرە پیرەكەی ئەوروپا لە مەترسیی شەپۆلی كۆمونیستی سۆڤێتی بپارێزێت، ئێستاش لە دەمی سەرهەڵدانی جەنگی روسیا و ئۆكرانیا جارێكی تر ناتۆ رۆڵی مێژوویی خۆی دەگێڕێت لەبەرامبەر مۆسكۆدا، ئەم پەلامارەی روسیاش بۆ ئۆكرانیا، گیانی كردەوە بەبەر هاوپەیمانی ناتۆدا، هەردوو بەری ئەتڵەسی بە یەك گەیاندەوە، جارێكی تریش ئەوەی سەلماندەوە كە ئەم هاوپەیمانییە لە دوورمەودادا هێشتا پێویستە بۆ پاراستنی ئەوروپا لەهەر فراوانخوازیەكی روسیا.
لە لایەكی ترەوە وڵاتانی وەكو یابان و ئوسترالیا و سەنگافورە و كوریای باشوور، بەرەیەكیان دژ بە جەنگەكە راگەیاندووە، هیندستان لای خۆیەوە بێدەنگی هەڵبژاردووە لە ئیدانەكردنی روسیا، سەرەڕای فشاری ئەمریكاش، روسیا دۆست و هاوپەیمانی هەیە لەسەر ئاستی جیهان وەكو فەنزویلا و ئێران.