عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: سڕینه‌وه‌ی شکۆی به‌هاکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له‌ حیزب و په‌رله‌مان و حکومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ئێوه‌ له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ساوایی تانه‌وه‌، بۆشه‌ڕی براکان، بۆ دوو که‌رتکردنی هه‌رێم، بۆ له‌تکردنی په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم، بۆ حکومه‌تی سلێمان و هه‌ولێر، له‌ ئه‌زمونی ئه‌م چه‌ند کابینه‌ی حوکمڕانیتان، چ پلان وبه‌رنامه‌و نه‌خشه‌و پرۆژه‌و کارێکتان کردووه‌، ببێته‌ مایه‌ی دابین کردنی بژێوی ژیانی ئاسایی هاوڵاتیان، جگه‌ له‌ هێنانه‌ کایه‌ی مۆدیلێکی ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌کی بنه‌ماڵه‌یی دۆگمای کارتۆنی تێک شکاو. ئه‌م مۆدیله‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌، له‌ ئه‌زمونی هیچ حکومه‌تێکی دنیا ناچێ، ئێوه‌ به‌م گرێ ئاڵۆزه‌ ده‌رونیانه‌تانه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵی دژیایه‌تی یه‌کتریی و سڕینه‌وه‌وی یه‌کترین، بێ باکان له‌ دابین کردنی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان.
جۆره‌ نه‌هامه‌تیەکتان کرد به‌ مۆدیلی عه‌قڵی ئیداری حکومه‌تەکه‌تان، هه‌رچی ئینتیهازی و جاش و خائین و جاسوسەتان‌ دامه‌زراند، ئه‌م نیشتمانه‌تان کردوه‌ به دۆزه‌خ، رۆژ به‌ رۆژ ژیانی هاوڵاتیان له‌ هه‌ڵدێرێکه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ڵدێرێکی تر ده‌به‌ن، هه‌موو هیواو تروسکایه‌کتان له‌م خاکه‌دا کوژانوه‌ته‌وه‌.
ئێوه‌ له‌شاخ گه‌ڕانه‌وه‌ خاوه‌نی چی بوون، دوای راپه‌ڕین ئه‌و هه‌موو شۆفڵ و ئامێری ویستگه‌ی جیاجیای فه‌رمانگه‌کان و هه‌موو که‌ل و په‌لی دام و ده‌زگاکانی ئه‌م نیشتیمانه‌تان ئاو دیووکرد، بوون به‌ بازرگانی گه‌وره‌ سیاسی و سه‌ربازی، بوون به‌ خاوه‌نی کۆمپانیاو کێڵگه‌ی نه‌وت و گرێ به‌ستی نه‌وت و به‌نزیخانه‌، ئەو هه‌موو ده‌سه‌ڵات و کۆشک و بانقه‌ تایبه‌تی یانه‌ی ناوه‌وده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، تارمایی خه‌ونه‌ زه‌به‌لاحه‌کانی ئێوه‌ی نه‌هێناوه‌ته‌ دی.
ئێوه‌ گه‌مه‌ به‌ کێڵگه‌ی نه‌وت و بەکرێ به‌ستی نه‌وت و گاز و کاره‌باو ئاو وداهاتی گومرگی سنووره‌کان ده‌که‌ن، کۆنترۆڵی هه‌موو بازاڕتان کردووه‌، به‌ رێگه‌ی قاچاخ و شه‌یتان بازاڕ، یاسای زانستی ئابوریتان پوچه‌ڵ کردووه‌ ته‌وه‌.
ئێوه‌ به‌و هه‌موو درۆو فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ و سیناریۆیانه‌، سامانی نیشتمان به‌ هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن، ژیانی هاوڵاتیانتان به‌ جۆرێک دژوارو ئاڵۆزکردوه‌، نیشتمانتان کردووه‌ به‌ دۆزه‌خ، خه‌ڵک لێتان بێزاره‌، وه‌ک ئه‌نفال چییه‌کان ده‌تانبینن، ره‌فتاره‌کانی ئێوه ته‌واوکه‌ری هه‌مان هه‌ڵوێست و کرده‌وه‌ی ئه‌وانه‌.
سه‌رکرده‌کانی کورد ئێوه‌ هه‌موو سامانی ئه‌م نیشتمانه‌تان تاڵان کردوه‌و خاوه‌نی هیچ نین، هه‌موو سامانه‌که‌تان به‌ ناو که‌سانی ئینتهیازی و مەقاش و ماستاچییه‌کانه‌وه‌ی لای خۆتان تۆمار کردوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی فایلی پاکی خۆتان ده‌ربخه‌ن.
گه‌ر دادگای گه‌ل، لێکۆڵینه‌وه‌ی یاسایی له‌ بواری سامانی نیشتمانی بکات، ده‌یان سێبه‌ری تاوانی تاڵانی و دزی زه‌به‌لاح و ده‌رده‌که‌وێت، ئێوه‌ی سه‌رکرده‌ی سیاسی و بازرگانی گه‌وره‌ نیشتمان، ده‌بن به‌ تاوانباری نیشتنمان، ئه‌م هه‌موو ملیاره‌ دۆلاره‌ تان له‌ کوێ حه‌شارداوه‌، ژێر زه‌مین و سه‌رزه‌مین و بانکی ده‌ره‌وه‌تان پڕکردوه‌.
گه‌نجی ئه‌م نیشتمانه‌تان به‌ جۆرێک تێک شکاندوه‌، به‌ خاک نامۆیه‌، له‌ هه‌موو مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانیان بێ به‌ری کراون، که‌سێتی تاکی کوردتان به‌ جۆرێک بریندار و هه‌پرون هه‌پرون کردووه‌، هه‌موو به‌هایه‌کی شکۆی نیشتیمانی و مرۆڤایه‌تی تان لێ سڕیوه‌ته‌وه‌.
به‌ چ ده‌ستور و یاساو رێسایه‌ک، بێ باکانه‌ گه‌مه‌ به‌ موچه‌ی ژیانی ساده‌ و به‌های که‌رامه‌ت و شکۆی عیزه‌تی نه‌فسی هاوڵاتیانه‌وه‌ ده‌که‌ن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت