رێباز مام شۆرش: خوێندنەوەیەک بۆ ململانێی هێز و پەیوەندی و دەسەڵات لە کۆمەڵی کوردەواری.
ساڵێکی نوێ دەستیپێکرد. ئەزمونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، پێچێکی تریشی چووە سەر. بەڵام ئەم هەڵکشانە لە تەمەنی سیاسی و کارگێڕیی هەرێمی کوردستان، ناکاتە گەشەکردن، بەڵکو بە سەرنجدان لە ئاراستەی رەوتی رووداوە سیاسی و کارگێڕی و ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکان، دەردەکەوێت کە ئەزمونی حوکمڕانیی هەرێم، پاشەکشێی جەوهەریی کردوە. پاشەکشێیەک کە زۆرینە لێی بەرپرسیارن.
چەقۆ گەیشتۆتە سەر ئێسقان، برینێکی قوڵ لە جەستەی کۆمەڵگە دراوە. بەستەرەکانی نێوان تاک و تاک، تاک و خێزان، خێزان و کۆمەڵ، کۆمەڵگە و ژیانی سیاسی، پارت و پارت، پارت و حکومەت، حکومەت و سەرەچاوەکانی دەسەڵات، سست و لاواز و بچڕوان.
سەرنجێکی خێرا لە کۆی سیستمی کۆمەڵایەتی کوردستان دەریدەخات کە “پاشەکشێی مەعریفی” گەورەترین وێنەی ناو دیمەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستانە. ئەم پاشەکشێیە، هۆکارەکەی سەلمێنراو نییە بەڵام لانیکەمی, پەیوەندی هەیە بە دواخستنێکی بەبەرنامە کە ئاکامەکەی بەخشەری بەردەوامییە بە دۆخی ئێستا. بەمانەوەی فەوزایەکی داهێنەرانە کە رێگەنادات بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، ناونیشانی نوێ وەربگرێت. لەم هەرێمە، برین گرێدراوە بە پاشەکشێی مەعریفی. گۆتکردنی توانای بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندن و بڕیاردان، لە ئامرازە سەرەکییەکانە بۆ هێشتنەوەی برینداری. کاتێکیش کە بابەتێک دەبێت بە دیاردە، زۆرینە پەسەندی دەکەن و بەمەش مەترسییەکانی، دیکتاتۆرییەتی زۆرینە، دەبنە تەواوکەری زوڵمی کەمینە، و لێرەشەوەیە کە بازنەیەک لە بەردەوامیدان بە دۆخی ئێستا ، کە پاشەکشێکردنە لە دۆخی ئێستا، لەسەر قەتماغەکان خۆی دەژێنێت.
لەم حاڵەتە نائاسییەدا، کە کوشتنی پەیوەندی مرۆڤانەیە، دەسەڵات بەرپرسیارێتی گەورەی دەکەوێتە ئەستۆ. چونکە وەک چۆن دەسەڵات رەنگدانەوەی کۆمەڵە، کۆمەڵگەش رەنگدانەوەی دەسەڵاتە. بیرمەندانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان سەلماندویانە کە بۆ تەندروستیی کۆمەڵ، دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری خودی، لە فەوزایەکی زادەی دیموکراسییە لاوازەکان باشترە. چ جای ئەوەی دەسەڵات نەتوانێت ئەرکە خزمەتگوزاری و قانونی و یەکسانگەراییەکانی سەرشانیخۆی، وەک خۆی راپەڕێنێت.
هەرێم، لەم بازنە بەتاڵەدا کە بێ پەیام و ئایدیۆلۆژیا و خەونی هاوبەش دەخولێتەوە،و گۆڕانکاری ریشەیی بەسەر چەمکی هێز دا دروست بووە. ئیستا لە کوردستان ململانێکردن لەسەر دەسەڵات، نەک لەگەڵ دەوڵەتانی سەردەستە و نەیار، بەڵکو ململانێ تا ئاستی ئێسکشکاندن بۆتە نەریتێکی باو و دیاردەیەکی ئاسایی کە نەک تەنها حزبی کوردی لە دژی حزبی کوردی و سەرۆک لە دژی سەرۆک، بەڵکو قەڵەم لە دژی قەڵەم و دەنگدەر لە دژی دەنگدەر، بەوپەڕی شانازییەوە پیادەی دەکەن. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە گەلێکی ئێسکشکاوی برینداری لێکترازاو، بە کوێ دەگات؟
لەم نیشتمانەدا کە ئاسۆ ئەمنییەکانیی بەردەمی، بریتییە لە بەردەوامبونی مەترسییە ناوخۆیی و ناوچەیی و تیرۆریستییەکان، لەم هەرێمەدا کە ،پێشکەوتنی تراژیدی، هاوسەنگیی لەگەڵ پاشخستنی بەبەرنامە راگرتوە، لەم خاکەدا کە سەرباری خوێنسەروەریی، هێشتا تەخوین زمانی رەسەنی گفتوگۆیە، ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە، چەمکی هێز و دەسەڵات و کۆمەڵگە پێناسەبکرێتەوە کە: بەهێز کێیە؟ دەسەڵات بۆچییە؟ کام جۆری ململانێ لەگەڵ کێ و قوڵایی ململانێیش تا کوێ رەوایە؟