دلێر محەمەد نوری: شەرەف لە نێوان پیاوێتی و پیاوی بەڕێزدا.
پیاوێتی وشەیەکە، پێکهاتووە لە (پیاو) لە گەڵ پاشکری (ێتی).
پاشگری (ێتی) یش هەمیشە ئەو وێنانەمان نیشان ئەدەن کە لە هزرماندا چەسپاون و بەستراونەتەوە بەو وشانەی کە بە پێشیانەوە لکێنراون.
وشەی پیاو، ئەگەر چی بە تەنها، وا وێناکراوە کە پێچەوانەی ژنە. بەڵام لە ڕاستیدا پیاو هیچ پێچەوانەیەکی نیە و بگرە پیاو و ژن پێکەوە دوو پێکهێنەری سەرەکی مرۆڤن. کەواتا پیاو بەتەنها مرۆڤێکی ناتەواوە و ئەمە بۆ ژنیش ڕاستە. هەر کاتێکیش ژیان شتێکی بەخشی بە مرۆڤ، دەبێت بکرێت بە دوو بەشی یەکسانەوە و نیوەی بدرێ بە ژن و نیوەشی بە پیاو. ئیتر ناکرێ کۆمەڵگا و ئایین (کولتور) بێن یاڕی بەم دوو بەشە یەکسانەوە بکەن. بۆ نموونە ژیان کە ئازادی ئەبەخشێ، ئەوا ئەیبەخشێتە مرۆڤ و ناپرسێ بەشە زۆرەکەی ئەم ئازادییە تایبەتە بە کام پێکهاتەی مرۆڤ پیاو یان ژن. بەڵکو دەڵێت مرۆڤ بە ئازادی لە دایک ئەبێت. دواجار ئەو هزری کۆمەڵایەتی و ئایینی (کولتوری)یانەن، کە بڕیار ئەدەن، بەشی شێری ئازادی پیاو بیبات و بەشە کەمەکەش دیسان لە ژێر چاودێری هەر پیاو خۆیدا بدرێ بە ژن. کەواتا ئەتوانین بڵێین لەم دۆخدا مرۆڤ یان ئازادێکی نیوەناچڵە یان ئازادێکی نا یەکسانە و لەقە.
ئەگەر لە تاریکیدا بوونەوەرێکی دوو پێ ببینین، دەڵێین زەلامێک یان مرۆڤێکمان بینی، بەڵام تا لە بەر ڕووناکیدا نەیبینین ناتوانین بڵێین ئەم زەلامە یان ئەم مرۆڤە، زەلام یان مرۆڤێکی ژنە یان پیاوە.
کەواتا مرۆڤبوونی ژن و پیاو لە بنەچەدا یەکن. ئەوەی وەکو دوو پێکهێنەری سەرەکی مرۆڤ بوون جیایان ئەکاتەوە هەندێ وردەکاری پێکهاتەی لەش و وەزیفە فیسیۆلۆژی و بایۆلۆژییەکانیانە. هەر بوونی ئەم جیاوازییانەشە کە وەکو یاری پوزڵ لە مرۆڤدا کۆ دەبنەوە و یەکانگیردەبن و وێنە ڕێک و جوانەکە پێک دێنن کە مرۆڤە، نەک پیاو یان ژن بە تەنها.
کەواتا ئێمە ڕاستەوخۆ کە دەڵێین ژن یاخود پیاو هیچ جیاوازییەک نابینین و ئەتوانین مرۆڤ بێنینە بەر چاوی خۆمان یان لە مێشکی خۆماندا وێنەی مرۆڤ ئەبینین نەک بوونەوەرێکی دیکە.
بەڵام کە جەخت لە سەر مرۆڤێکی پیاو ئەکەینەوە، ئیتر لێرەوە جگە لە مرۆڤ بوون، ئەتوانین ئەوەش لە خەیاڵماندا بدۆزینەوە کە ئەم جۆرە مرۆڤە ئەشێ ماسولکەدار بێ، سمێڵی هەبێ، لەشی تووکن بێ، مەمکەکانی تەخت بن، هەرگیز سکی پڕ نەبێ، دەنگی گڕ بێ و دڵنیایشین کە چ جۆرە ئۆرگانێکی سێکسی لە ژێر جلەکانێوە شاردراوەتەوە. هەمان شتیش ڕاستە بۆ تایبەتمەندییەکانی مرۆڤێکی ژن. تا ئێرە تێگەشتنێکی گشتی بوو سەبارەت بە ماناکانی وشەی پیاو، ئیترلێرەوە ئەچینە ناو کڕۆکی کێشەکانی مرۆڤەوە. کاتێک وشەی پیاو و ژن، بە هۆی پاشگرێکەوە کە (ێتی)یە، باڵانسی هێز بەلای پیاودا ئەگۆڕێت و دونیایەک کێشە و سەرلێشێوانی خێزانی و کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا دێنێت.
وشەی (پیاو+ێتی=پیاوێتی) لە کوردیدا لە ڕاستیدا بەرانبەرە بە وشەی (Masculinity) و وشەی (ژن+ێتی=ژنێتی)ش بەرانبەرە بە (Femininity) لاتینی. لە ڕووی زمانەوانییەوە لە ژێر ئەم دوو ناونیشانە هەمان ئەو خەسڵەتە بایۆلوژی و فیسیۆلۆژی و تایبەتمەندییانەی پیاو یان ژن جێی دەبێتەوە کە پێشتر باسمان کرد لە مانای وشەی پیاودا. بەڵام پێوەرە خێڵەکی و خێزانی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان (کولتورییەکان) تێڕوانینی مڕۆڤ بۆ مانای پیاوێتی یان ژنێتی دەگۆڕن. بە جۆرێک لە کیشوەرێکەوە بۆ کیشوەرێکی دیکە و لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی دیکە و لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکەی هەمان وڵات و نەتەوە و تەنانەت لە نێو خێزانە جیاوازەکانی هەمان شار و دێهات و ناوچەش ئەم تێڕوانینانە گۆڕانی بە سەردا دێت.
(وفاء السلطان 1958ز) کە ژنێکی ئەمریکی بە بنەچە سورییە و دکتۆرێکی دەروونی ناسراو و چالاکوانێکی گەورەی بواری ئازادی ژنان و ڕەخنەگرێکی دیاری ئایینە. لە چاوپێکەوتێکی تەلەفزیۆنیدا باس لە کاریگەری پەروەردە و ڕۆشنبیری خێزان دەکات لە تێڕوانینی ئەندامەکانی خێزاندا، بۆ پیاوێتی و ژنێتی هەر لە یەکسانی بوونیانەوە تا جیاوازی نانەوە لە نێوانیاندا. ئەو دەڵێت من و براکەم لە دایک و باوکێکی زۆر ڕۆشنبیری شاری بانیاسەوە هاتووین. ڕۆژێک براکەم وێنەی دانشتنێکی ڕۆژانی پشووی خێزانی ماڵی خۆمان ئەکێشێت، لەو قوتابخانە سەرەتاییەی کە بۆی ئەچووین، بەڵام لە لایەن مامۆستاکەی و قوتابییەکان، تووشی گێچەڵ و کاڵتەپێکردن دەبێتەوە، کاتێ ئەو وێنەیەکی کێشابوو وەکو خۆی کە دیبووی، تیایدا باوکم خەریکی قاپ شتن ئەبێ و دایکیشم لە سەر کورسییەک دانیشتووە و ڕۆژنامە ئەخوێنتەوە و فینجانە قاوەیەکیشی بە دەستەوەیە. ئێمە وا فێرکرابووین کە ئەرکەکانی ماڵەوە هی هەمووانە بە بێ جیاوازی، کە ئەمە لە نێو زۆرینەی خێزانەکانی شارەکەم وا نەبوو، بۆیە کێشەی دروست ئەکرد بۆ ئێمە. ئەم نموونەیەم وەکو کاریگەری پەروەردەی خێزان لە سەر دیتنمان بۆ پیاوێتی و ژنێتی، هێنایەوە. جا کاریگەری کۆڵان و قوتابخانە و ئایین و وڵات و نەتەوەش بهێنە بەرچاوی خۆت لەم ڕووەوە، ئاستی جیاوازییەکە دەگەیێنێت بە چی؟
لە کوردستان بە گشتی و لە باشور بە تایبەتی تێڕوانینێکی تایبەتی هەیە بۆ پیاوێتی کە دەبێت چۆن بەرخورد و هەڵسوکەوت بکات. ئەم پێوەرانە لای بادینییەک و گەرمیانییەک و یەکێکی خەڵکی سلێمانی یان هەولێر جیاوازییان هەیە. ئاستی ڕۆشنبیری و وابەستەگی ئایینی و خێڵەکی خێزانەکانیش جیاوازی لە تێڕوانین بۆ پیاوێتی دروست ئەکەن.
ئەوەی من لە زمانی کوردی وردبووبمەوە گەورەکردنێکی سەیری کارەکتەری پیاو هەیە لە چاو ژندا، بۆ نموونە وشەی پیاو بەستراوەتەوە بە زۆر شتی دیکەوە و زیادەڕۆیی پێوە کراوە. لە نموونەی پیاوەتییەکم کرد واتا چاکەیەکم کرد، یان سەرمایەکە پیاو ئەتەزێنێ، واتا ژن هەر بەرگەی ناگرێت، یاخود پیاوم ئەوێت فڵان شت بکات واتا بە ژن هەر ناکرێت، لە کاتێکدا ئەکرا لە هەر یەک لەم نموونانە وشەی مرۆڤ بەکار بهێنرێ بۆ ڕەچاوکردنی یەکسانی.
نموونەیەکی دیکەش کە زۆر مەبەستە بۆ ئەم باسە ئەەیە کە زۆرجار لە هەندێک هەڵکەوتدا، پیاوانی کورد داوا لە پیاوانی بەرانبەریان دەکەن یان پێیان دەڵێن (پیاوبە…) واتا باش بە، هەڵوێستێکی جوان بنوێنە، ڕێزی خۆت بگرە، نەرم بە، ئارام بە، بە عەقڵ بیر بکەرەوە، تێبگە، باڵانس ڕابگرە، بەڕێز بە، …) کە هەموو ئەمانە ئەچنە خانەی هەڵسوکەوت و ڕەوشتی پیاوێکەوە کە لە زمانی ئینگلیزیدا پێی دەڵێن (Gentleman) یان (پیاوی بەڕێز). وە ئەگەر پیاوان بە گوێی یەکتری بکەن لەم دۆخانەدا ئەوا زۆر جێگەی ڕێز و شانازی دەبن و دەبنە نموونەی پیاوانێک کە وەکو پەند لێوەرگرتن سود لە هەڵوێستەکانیان دەبینرێن.
بەڵام گەر بێت لایەکی هاوکێشەکە ژن یان کچ بێت یان ململانێکە لە گەڵ ڕەگەزی بەرانبەر بێت. لێرەوە پیاوانی خێزان و خێڵ و ئایین و تەنانەت دەسەڵات و یاساش چاوەڕوانییەکی دیکەیان لە پیاو هەیە و بۆ چارەنووسی ژنیش هەیە. لێرەوە پیاو تکاکار و ڕجاکار و داواکار نیە، بەڵکو جێبەجێکاری فەرمانە وەهمییەکانی پیاوێتییە. لێرەوە داواکراوە لە پیاو پیاوێتی خۆی نیشان بدات، خۆی بنوێنێ بەو جۆرەی کۆمەڵگا و ئایین ئەیخوازێت. ئیتر لێرەوە پیاوێتی ئەو پێناسە گشتییەی سەرەوە لە دەست دەدات، بەوەی هەندێک جیاوازی بایۆلۆژی و فسیۆلۆژی بێت، بەڵکو پیاوێتی لەم دۆخەدا پێناسەیەکی دیکەی کولتوری وەردەگرێت کە دەبێت (دڕ بێ، توند بێ، دڵڕەق بێ، بڕیاربە دەست بێ، سنور بۆ دانەر بێ، سەرگەورە بێ،…). گەر بە نموونەی کوشتنی ژن لە سەر شەرەف ڕوونی بکەینەوە دەبینین: کوشتنی ژنێکی بیست ساڵ بە دەستی برا حەڤددە ساڵییەکەی، هەڵسوکەوتێی تەواو پیاوێتی کولتوری کوردییە نەک پیاوێکی بەڕێزی کورد.
لێرەدا پێاوێتی باوک و مام و برا لەم دۆخی کوشتنەدا، بە کەمتر لە چاوەڕوانی و داواکاری پیاوانی دیکەی خێزان و خێڵ و کۆڵان و ئایین و دەسەڵات ڕازی نابن و قبووڵ ناکەن لە ژنەی قوربانی و کوژراو. لەم دۆخەی تیرۆری ژندا لە سەر شەرەفی ڕووشاوی خێزان، ناچنە هیچ کفت و گۆیەک لە گەڵ جگەگۆشەی ژن و کچ و خوشکی خۆیان و یەک ڕێگەی بۆ دادەنێن یان خوێنی خۆی یان زیندانی لە نێو یاسا و ڕێساکانی خێزاندا، بەو پێوەرانەی کە پیاوانی کۆمەڵگا دایانڕشتووە. لێرەدا و لە دیدی کۆمەڵگاوە بێ شەرەفیە کە ژنێکی ٢٠ ساڵ داوای ١٠٪ی ئازادی برا ١٧ ساڵییەکەی خۆی بکات و ڕێزیشی وەکو براکەی بگیرێت. ئەو برایەی کە لە سمێڵ بۆرکردنەوە هەنگاوەکانی ئازادی دوورتر دوورتر دەکەونەوە، ئازادە بڕوا، بخواتەوە، سەر بکا بە مەلهادا، سێکس بکڕێ، شەو بە مەستی بێتەوە، …هتد. ژنەی کوژراویش لەو ڕۆژەوەی سینگی تەختی گۆپکە بگرێ، ئیتر هەنگاوەکانی ئازادی کورت ئەبنەوە تا چوار دیوار و بەردەرگای حەوشە، یاخود ئازادییەک کە تیایدا ئێوارە جەردی هەنگاو و هەناسەکانی ڕادەستی پیاو بکات تا ڕەزامەندی لە سەر نیشاندا. بەڵام بەلای پیاوانی کۆمەڵگاوە بێ شەرەفی نیە و شەرەف مەندییە کە مام و باوک بە پیلانێکی ڕەش بۆ شتنەوەی ئابڕوو لای پیاوانێک کە زۆربەیان تێوەگلاون لە دەیان کردەوەی ئابڕووبەرانە ( کە دەڵێم ئابڕووبەرانە، هەموو کایەکانی وڵات پیاو ئەیبا ئەیبات بەڕێوە ناپرسن بۆ وا کاولە!؟) …بۆ شتنەوەی ئابڕووی خێزان، دەستی برایەک لە هەڕڕەتی لاوێتیدا سور بکەن بە خوێنی خوشکێک لە هەڕەتی نەشونمادا. ژنێک کە ئەیتوانی کچە مۆدێل بێ لای دەسەڵات و بە جی گلاس بگەڕێتەوە ئەو کۆشکەی بە پارەی ناشەرعی بۆ باوک و برای ئەکڕی و نەیکرد. ئەیتوانی لەشی خۆی بفرۆشێ بە پیاوانی دەسەڵات و سیاسەت و خۆی لە ئێوەش بپارێزێ و بژی وەکو زۆرێکی دیکە و نەیکرد. خوشکێک نە بە ئێوە ڕازی بوو و نە بە ڕێکخراوەکانی ژنان و نە بە شێڵتەرەکان و نە بە پیاوانی سیاسەت و ئایین و نە بە کچانی کەیف و سەما. چەند ساڵێکی کوولە مەرگی ژیا لە چاوەڕوانی مەرگی خۆیدا.
پرسیاری گرنگ لێرە بۆ پیاوانی دیکەی کوردە، ماریا چەند هەزارێک ئەیناسی بە هۆی باوک و براوە ئێستا چەندین ملیۆن دەیناسێت، ماریا چەند پەیڤێکی سۆشیال میدیا بوو ئێستا بووە بە گۆرانییەکی بەربڵاو. ئەگەر بەر لە کووشتن سەد پیاوێکی خێزان و خێڵ و ئایین ئاماژەیان بۆ ئابڕووی موزەیەفی باوک و برا بکردایە، ئێستا میللەتێک تا سەددەیەکی دیکەش ئەم ئاماژەیەتان بە توڕەییەوە بۆ ئەکات. ئاخۆ نەدەکرا لە جێی ئەو پیلانە گفت و گۆبووایە و لە جێی ئەو فیشەکە گڕدارانە باوەشێکی گەرم و دلسۆزی خێزانی بووایە؟ ئاخۆ نەدەکرا لە جێی ئەوەی لە جێی پیاوێتی کوردی هەڵوێستی پیاوی بەڕێز (Gentleman) بنوێنن و ماریاش نەکەن بە سیمبول و بە گۆرانی.