رێباز مام شۆرش: هەندێک ئامۆژگاری و تێروانینی فانی شاعیر، لە ساڵانی 1950 بۆ خزمەکانی لە پشدەرێ، بەس لەگەڵ واقیعی ئێستا دەگونجێ و بۆ ئێستا نووسراوە.
لە هەنگاوی بەرنامە سیاسیە هۆشیار کەرەوەیدا، فانی دەکەوێتە دیاڵۆک و جەدەل لەگەڵ دەسەڵاتداران و پارەدارانی پشدەر و بە شێوەیەکی لۆژیکی و فەڵسەفی ووتوێژ یان لەگەڵ دەکاو ئاخاوتنی عەقڵی و مرۆڤی و ویژدانیان لەگەڵ دەکا.
دەڵێت پارەدار، نابێ لە حاڵی خزمانی خاکە ساری خۆی بێ خەبەر بێ و فرامۆشیان بکات، ئەمە دژی مەرجی رحم و ئاین و خزمایەتی و دۆستانەیە.
پارەو دەوڵەت تەنیا بۆ ژیان و ناو نییە، مێرەش ژنێکی دۆڵەمەندە کە لە هۆزان و تیرەش نییە. واتە لە هۆزی میراودەلی نیە.
پارەی ژیان خۆی دراوێکە پێت دراوە، بەڵام تەنیا وەک حەیوان بۆ عەیش و نۆش نییە، مرۆڤ دەبێ بۆ بەختەوەری و مەعنەوی راستەقینە تێ بکۆشێ و لە کاتێکدا گەڵەکەی خۆی بەنەخۆشی دەبینێ کارێک بکا بۆ چارەسەرێ لە خەوی بێباکی بێدار بێتەوە.
ژیان خۆی یاسای زوڵم و دژایەتی تێدایە مێروو بەو ووردیەوە ، چونکە رێک و هاومەبەست و هاوکارە دژی مارە و تەنکی پێ هەڵدەچنێ و ئەو دەکات بە مێروویەکی کەساس.
هەر لە بەرنامەکەیدا دێتە سەر ناکەس و کەس
ناکەس ئەوانەن کوێ نادەن بەکەس و خۆ بۆ کەس بەخت ناکەن، لە کاتی لێ قاوماندا خۆیان دوورە پەرێز دەگرن، وەک دڕەندەی کێوی خۆیان جیادەکەنەوە.
ناکەس ئەوانەن خۆیان بێ خەم لە ژووری ماڵ دەخەون و هاودەمی ژنەکانیانن، لە کاتێکدا کەسانی کۆمەڵ و گەڵەکەیان ژێردەستی ناحەزو ناکەسانن.
ناکەس ئەوانەن هاوبەزمی ناکەسانن و دژایەتی کەسانی چاک دەکەن و هەرەس بە بنەماکانی شەرەفمەندی و سەر فرازی دەهێنن.
ناکەس ئەوانەن هەمیشە دڵیان بەرامبەر کەسانی خۆیان پرە لەقین و گوفتاریان وەک ئاگر وایە، بۆ نانبرانی کەسی خۆیان وەک مشک وان.
کەس ئەوانەن بۆ کەسانیتر دەژین
کەس ئەوانەن دەبنە پشت و پەنای کەسانی گەڵ، سۆزو چاکە دادەهێنین، نارێکی و دووبەرەکی لەناو دەبەن، لە کاتی لێ قاومان بێ باک و خۆ ڕاگرن.
فانی شاعی دەڵێت، یەکتر مەشکێنن، مەردانە بۆ دەردی یەکتری ببنە دەرمان، مەهێڵن دوژمنانتان بە ناکۆکی و خۆخۆریتان شادبن.
لە کاتی شەر دەست رێژی مەکەنە سەر دۆست و هاوپەیمانانتان، مەهێڵن مافی هەژاران بخورێ، بەلافی کەسانی خۆ بەزل زان و بوش و نامەرد باوەر مەکەن، گوێ لە پەندو ئامۆژگاری زاناو هۆشیاران رابگرن.
یەکگرن دەبنە هێزی گەورە، هێزی گەورەش بن ئەگەر یەک نەگرن وەک مێشووڵە بێ بایەخ دەبن، پێویستە ژیرو ساکارو خوێندەوارو زانا هەموو گیانفیدای بین.
مەهێڵن ناکەسان تۆوی بەدکارو فیتنەی لە ناوتان بچێنن و جەرگی کورانی ئازا بەو داخە داڕزێنن، مەهێڵن ناکەسان تەماع بکەنە ماڵێ هەژاران بۆ خۆیان بیبەن و ریشەی درەختی رێکی و تەبایی لە ناو کۆمەڵدا هەڵکەنن.
لە رۆژانی رەزم و قارەمەنێتیدا ببنە بورکان و بجۆشن، هەمیشە لە بیرتان بێ چرای رووناککەرەوەتان رێکییە و دەست بەم چرایەوە بگرن مەیفرۆشن.
گەورەترین دەردی کوشندەی کۆمەڵ نەخوێندەوارییە، دەردێکی زۆر گرانە.
بەرایمن ئەو ئامۆژگارییانەی فانی کە لە پەنچاکانەوە کردونی، دەبوایە، لە کۆنفرانسێکی گەورەی نەتەوەی رایگەیاندبا، چونکە ئەمانە وەک ئەوە وایە سەرکردەییەکی سەرۆکی وڵات ئەو قسانەی کردبا.
ئەو بەو ئامۆژگارییانە دەیەوێت، ببینە هێزێک بۆ چاکەو چاکسازی، بۆ دابینکردنی رێکی کۆمەڵایەتی و تەبایی نەتەوەیی، بۆ خەباتی نیشتیمانپەروەری بۆ پاراستن و پێشخستنی کوردستان، بۆ پاراستنی مافی هەژاران و بڵاو کردنەوەی داد و یەکسانی، بۆ برەودان بە خوێندن و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی زانین و شارستانی.
رێک لەگەڵ واقیعی ئێستا دەگونجێ، لە هەموو روویەکەوە.
دیوانی فانی شاعیر
لە نووسین و کۆکردنەوەی دکتۆر کمال میراودەلی. کە باوکیەتی