عەبید مەحمود محەمەد: هاوسەرو جگەر گۆشەکانم لەکوێن؟
ئامادەکردنی: عهبدوڵا کەریم مهحمود
کاک عەبید مەحمود محەمەد خەڵکى گوندى سێوسێنانى کیمیاباران و ئەنفال کراوە، بەم جۆرە باسى گوندەکەى و تاوانى بەعسىیە دڕندەکانى گێڕایەوە!..
گوندى سێوسێنان سەر بەناحیەى(قەرەداغ)ە، کەوتۆتە ڕۆژئاواى دەربەندیخانەوە، ئەم گوندە لەپێش هێرشى ئیستعمارى ئیستتانى عەرەبى نزیکەى 290 ماڵ بوو، قەرەباڵغترین گوندى ناوچەکەبوو، لەڕووى ئابوورىیەوە، وەک شارۆچکەیەک وابوو، ژمارەیەکى زۆر خەڵکى ناوچە داگیرکراوەکان پەنایان هێنابووە، ئەم گوندە ئازاد کراوە، سێوسێنان دوو قوتابخانەى سەرەتایى و ناوەندى و نەخۆشخانەیەکى شۆڕشى تیابوو، کە(20)تەختى نووستنى گرتبووە خۆى، سێ پزیشک و چەند یاریدەدەرێکی پزیشکی و چەند برینپێچێک کاریان تێدا ئەکرد. سێوسێنان دووجار بەگازى ژەهراوى لێى درا.
جارى یەکەم/ لەئایارى 1987 دابوو، بەشى تۆپخانەى عیراق نزیکەى 170 گوللـە تۆپى بە ناوچەکەدا باران، هەموو گوللـە تۆپەکان گازى ژەهراوى بوون، بەڵام دوو کیلۆمەتر لەدوورى ئاوایى دا ئەکەوتنەوە، لەئەنجامدا تەواوى گژووگیاى ناوچەکەى ووشک کرد، گەڵاى درەختەکانى وەراند، پەلەوەرو باڵندەکانى لەناو برد.
جارى دووەم/ لە 23- 03- 1988 دا دووبارە کیمیا بارانى کردەوە، سەعات شەشى ئێوارە بوو بەمەبەستى ڕەسەد گرتن، دوو ساروخى ئیشارەتى بۆ سەر ئاسمانى گوندەکە هەڵدا، یەکێکیان لەڕۆژهەلات و ئەوى تریان لەڕۆژئاواى گوندەکەدا بەئاسماندا تەقینەوە، دوکەڵێکى سپى یان لێ پەیدا بوو، دوا بەدواى ئەو دوو ئیشارەتە، لە دەربەندیخانەوە کەوتنە کیمیا بارانکردنى سێوسێنان، دەمەو ئێوارە بوو، خەڵکى ئاوایى لەسەر کێڵگەو زەوییەکانیان دەگەڕانەوە، منداڵانى ئاوایى لەسەربان و کۆڵانەکان سەرگەرمى یارى کردن بوون، مەڕو ماڵات گەڕابوونەوە ناو ئاوایی، لەو کاتەدا تەنانەت، پەلەوەرو مارو مێروش نەچووبوونەوە هێلانەى خۆیان، 40 ساروخى کیمیاى تەواوى گوندەکەى ئێمەیان کوتا، سەرەتا هەستمان بەوە نەکرد، گازى ژەهراوى یە، هەریەک بەرەو پەناگاو کونە تەیارەکان هەنگاویان ئەنا، بەڵام دەرکەوتنى دوکەڵێکى سپى زەردباو بڵاوبوونەوەى بۆنى میوە، دەریخست کە ئەوە گازى کیمیاوى یە، لەوکاتەدا لە کونە تەیارەکە هاتمە دەرەوە، هەتا هێزم تیابوو، هاوارم کرد، خەڵکینە وەرنە دەرەوە لەپەناگاکان، گازى کیمیاییە، ئاوایىەکە چۆڵ کەن، دوا بەدواى من (پەیمان و تابان)ى کچم لەپەناگاکە هاتنە دەرەوە، باوەشیان بەقاچما کــــــرد، بەگریانەوە هاواریان دەکرد، بابە گیان توخوا مەیەڵە بمرین، پەیمان و تابانم لەباوەش کردو بەپەلە هەنگاوم نا، تا لەئاوایى دوور بکەومەوە، بەڵام سەرم گێژ بوو، لەشم داهێزرا، ئەژنۆکانم ئەلەرزین، تواناى جوڵەم نەما، هەناسەم تەنگ بوو، کاتێک هۆشم هاتەوە، براومەتە ناوچەیەکى تر، لەگەل کۆمەڵێک بریندارى ترى کیمیایى دا، دکتۆر ناسح و دکتۆر فایەق لەژوور سەرمانەوە بوون، چارەسەریان ئەکردین، گوێم لێبوو، لەوکاتەدا کە قسەیان ئەکردو وتیان جۆرى گازەکان”خەردەل- فازجین- سیانید”ە دوژمن بەوەندە وازى نەهێنا، لەهەموو لایەکەوە هێرشى هێنا، سوپاو گەلە جاش بە سەر لاشەى خەڵک دا خەریکى تاڵانى بوون، کۆپتەر کوێرانە ناوچەکەى بۆردومان ئەکرد.
سەرەنجام 69 کەس گیانیان لەدەست دا، 80 کەس بریندار بوون، سامانى کشتوکاڵى و ئاژەڵى هەمووى لەناو چوون، شەهیدەکانمان بە جل و بەرگى خۆیانەوە لە”ئەستێڵ “و” کۆشکى سەروو”و کۆشکى خوارو” بەخاک سپارد. لەو کاتەدا بەهیچ جۆرێک هەواڵى ژن و مناڵەکانم نەدەزانى، چاوەڕوانى ئەوە بووم بگەنە لام، بەئازارەوە دەمناڵاند، حسێن محەمەد ڕەسول یەکەم کەس بوو لەسلێمانى یەوە بەنهێنى هاتبوو تا فریامان بکەوێت، گوێم لێبوو وتى: هەواڵى عوبێد، پى یان وت: تەنیا خۆى دەرچووە، ژن و منداڵەکانى شەهید بوون، ئالە و کاتەدا ئەو هەواڵە جەرگ بڕەم بیست، باوەڕم نەئەکرد، وام ئەزانى خەو ئەبینم، یەک بەیەک ڕووخساریان دەهاتە بەرچاوم و تێکەل بەئازارەکانم ئەبوون، ئەمەى بۆتان باس ئەکەم، شانۆگەرىیەکى تراژیدى نی یه، زنجیرە ڕووداوى ڕۆمانێکى جیهانى نى یە، ئەمە زنجیرە تاوانێکى داگیرکەرانەیە بەرامبەر ئەو گوندە بى تاوانە.
هەرگیز ئەو دوو مرۆڤە خاوەن هەڵوێستە لەبیر ناکەم، لەو شەوە ئەنگوستە چاوەدا فریامان کەوتن”ساڵح حاجى ئەحمەد و ئەحمەد محەمەد ڕەسول” بەسوارى تراکتۆر لەچەمى دێوانەوە توانیان بمان گەیەننە تانجەرۆ، هەواڵمان پێ گەیشت، کە هێزەکانى ڕژێم لەسلێمانى و لە سەیتەرەکان خەڵکى ئاوارەى گوندەکان ئەگرن و ونیان دەکەن، پەنامان بردە بەر دەواجنەکەى خوار زڕگوێزەڵە لەوێدا خۆمان شاردەوە”مەلا هیدایت عەلى داریزاین”ى کەلە دەواجنەکە بوو، کەوتە یارمەتى و شاردنەوەمان: ووتى: ئامادەم خۆم بەخت بکەم بەو مەرجەى ئێوەى پێ ڕزگار کەم، ئێوارەیەکى درەنگ لە سەرووى سەیتەرەکەى تانجەرۆوە بەنهێنى خۆمان کرد بەشاردا، زۆربەمان لە گهرهکی[ حاجى ئاواو خەبات] دا لەماڵى خزمان خۆمان شاردەوە، بەڵام لەناو سلێمانى دا ژمارەیەکى زۆرمان دەسگیر بوون و ئەنفال کران، من بەبریندارى لەماڵى خاوەرى خوشکم خۆم حەشاردا بوو، هەرچەندە هەندێ دەرمان و چارەسەریان بۆ دیارى کردم، سەرەنجام دواى شەش مانگ بەدەم ئازارو برینەکانمەوە ئەتلامەوە، برینەکانم ووردە، ووردە بەرەو سارێژ بوون دەچوون، بەڵام برینى ئەنفال کردن و ژەهرى کیمیابارانى هاوسەرو جگەر گۆشەکانم و خەڵکی گوندەکەم، هەرگیزاو هەرگیز سارێژ نابن!!..
ئەمانەش ناوى هاوسەرو جگەر گۆشەکانمە، کەبەکیمیاى لەگوندى سێوسێنانى ئەنفال دا شەهید کران.
ناو و ساڵى لەدایک بوون
1- مه لیح عبدولقادر 1955
2- پەیمان عوبێد مەحمود محەمەد 1980
3- تابان عوبێد مەحمود محەمەد 1981
4- ڕۆژگار عوبێد مەحمود محەمەد 1983
5- ڕزگار عوبێد مەحمود محەمەد 1984
6- لیرە عوبێد مەحمود محەمەد 1986
7- یادگار عوبێد مەحمود محەمەد 1987
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
-عهبدوڵا کهریم مهحمود: رهشهبای ژه هروئەنفال، سێیهمین تاوانی جینۆسیده له جیهان – بەشی کۆتایی.
-عهبدوڵا کهریم مهحمود: رهشهبای ژههرو ئەنفال، سێ یهمین تاوانی جینۆسایده له جیهان – بەشی سێیەم
- All Posts