دانا مەنمی: سیناریۆی تویتەکەی نایف کوردستانی.
ئەمە جاری دووەمە بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغداد دەسووتێنرێت، هەردوو جارەکەیش بەهۆی هەڵەی پارتییەکان خۆیانەوە بارەگاکەیان دەبێتە سوتماک، جاری یەکەم لە مانگی 10ی ساڵی 2020 بەهۆی تویتێکی هوشیار زێباری لە هەژماری تایبەتی خۆی هێرشی کردبووە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و بە داعشی چواندبوو، هەرچەندە هەر زوو زێباری پەشیمان بووەو داوای لێبوردنی لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد، بەڵام تازە کار لە کارترازابوو بارەگای لقی پێنجی پارتی سوتێنرا، سوتاندنی بارەگاکەی پارتی لە بەغداد بۆ جاری دووەمیش شەوی 27ـی ئەم مانگە دوای ئەوە هات کە ڕاوێژکارێکی مەسعود بەرزانی بە ناوی نایف کوردستانی لە تویتێکدا سوکایەتی بەمەرجەعی شیعەکان عەلی سیستانی دەکات، هەرچەندە پارتی لە راگەیەنراوێکدا خۆی بێبەری کرد لە کادرەکەی و هەوڵیدا پێنەی بکات، بەڵام لایەنگرانی سیستانی هێرشیان کردە سەر بارەگای پارتی لە بەغداد و سوتاندیان.
پارتی حەفتا ساڵە کار لەسەر پارتییەکان دەکات چۆن سوکایەتی بە خەڵک بکەن و چۆن جنێو بدەن و تۆمەت بۆ خەلک بهۆننەوە! حەفتا ساڵە پارتی كون و كهلهبهری دنیا دهگهڕێ بە دوای جنێوفرۆش و خەڵکی بێ موراڵدا خەڵاتی دەکات و باوەشی بۆ دەگرێتەوە! حەفتا ساڵە پارتی سهرچاوهی حهیا وشك دەکات و شەرم ناهێڵێت، حەفتا ساڵە پارتی بەهاو ئەخلاقی سیاسی لە خۆی و لە حیزبەکانیتر دادەماڵیت! دەرئەنجامی ئەو پەروەردە سیاسییە ساقیتەی پارتی بێ شەرمی سیاسی لێدەکەوێتەوە و بێ شەرمی سیاسیش مانای شەرمنەکردن لە درۆ لە فێڵ و لە ساختەکاریی و سەد ڕوویی کە ئیتر سنورێک بۆ ئەخلاق ناهێلێتەوە وهیچ شتێکیش نابێتە عەیبە و ئۆباڵی هەموو عەیبەیەکیش دەخەنە ئەستۆی یەکێکی تر و خۆیان لێی دەردەچن.
دیوێکی تویتەکەی نایف کوردستانی راوێژکاری مەسعود بەرزانی پەیوەستە بە ڕێکەوتنی تاکڕەوانەی پارتی لەگەڵ سەدرییەکان و بەرەی سوننی (حەلبوسی و خەنجەر) لەژێرچاودێری (تورکیاو قەتەر) دا کە پارتی ئامانجی لەم ڕێکەوتنە دەستکەوتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و لێکترازاندنی نێوماڵی شيعەکان بوو، وادیارە لێکترازاندنی نێوماڵی شێعەکان کارێکی ئاسان نییە و لای ئیرانییەکان هێڵی سورە، گرنگ نییە جەمسەرێکی شیعەکان (ڕەوتی سەدر) دژ بە دەستێوەردانەکانی ئیرانن لە عێراق، بەڵام دواجار ئێرانییەکان ڕێگەنادەن کە هێزێکی وەکو پارتی بەچاوساغی بەرەی تورکی و قەتەری درزو کەلێن بخاتە نێوماڵی شیعەکان.
دیوێکی تری توییتەکە لە ڕووی دەربڕینەوە سوکایەتییە بە مەرجەعی شیعەکان و ناچێتە خانەی ئازادییەوە، بەڵام ئەم جۆرە لە سوکایەتیپێکردنە زیاتر بەرگێکی سیاسی لە بەردایەو کە ئەگەری هەیە گەمەیەکی نابەجێی پارتی بێت بۆ ڕازیکردنی دڵی ئێرانیەکان و دواجار پاشەکشەی هاوپەیمانیەتی نێوان (بارزانی لەگەڵ سەدرو حەلبوسی و خەنجەر) ی لێ بکەوێتەوە، لەچەندین وێستگەی تردا شایەتی بینی خۆگۆڕینی پارتی بووین و گەمە سیاسییەکانی خۆی نابیناکردووە و دونیای واقیعی بە سیناریۆی سیاسی دادەپۆشیووە، پارتی یاریزانێکی لێزانە لە خۆگۆڕینی سیاسی دا هەروەک چۆن لە ڕیفراندۆم دا لهچركه ساتێكدا مژدهی دروستكردنی دهوڵهتی بۆ ڕاگەیاندین و له چركهساتێكی تر ئومێدو خهونی دهوڵهتی لهناوبردو بووە هێزێکی پارێزەر بۆ پاراستنی یهكپارچهی خاكی عێراق! بە دوری نازانم تویتەکەی نایف کوردستانی سیناریۆی خودی بارزانی بوبێت تا بە بیانوی نەپاراستنی بارەگاکانیان لە هاوپەیمانەتیەکەی (سەدرو حەلبوسی و خەنجەر )بکشێنەوە و دڵی ئێرانیەکانیش ئاشت بکەنەوە.