سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق: عێراق و هەرێمی کوردستان بەرە و کوێ..؟
دوای بەهێزبونی خێرای هەمەلایەنەی چین و زیندوبونەوەی ورچە سپیەکەی ڕوس جارێکی تر گۆڕینی ڕەسمی هێزە گەورەکانی دنیا لە تاک جەمسەریەوە بۆ فرە جەمسەری و پاشەکشەی ناتۆ و ئەمریکا و تێکچونی بازاڕی ئابوری جیهان دادەڕێژرێتەوە. هیچ دۆسیەو وڵات و جوگرافیا و دەستەڵاتێک لە دەرەوەی کاریگەری ئەم گۆڕانکاریانە نین و دەکەونە سەر نەخشەی بەشێک لەم ململانێیانە، خۆ ئەگەر بازنەکە بچوک بکەینەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەوا لە کورترین پێناسەدا لە هەردو جوگرافیاکەدا هێزێک نیە خاوەنی ئیرادەی سەربەخۆی خۆی بێ، هەرێمی دوو زۆن کارتی دەستی وڵاتانی زل هێزی ناوچەییە و لەوێوە نەخشەی دابەشکاری دەستەڵاتەکان دیاری دەکرێ، لە عێراقیش وڵاتانی ناوچە بە ڕێککەوتنیان لەسەر وڵاتانی بچوکتر کارت بە کارتی پێ دەکەن، ئێستە جەمسەری ئێران و ڕوس و چین باڵادەستن و شەڕێکی هەمەچەشنی فرە سەر هەیە کە جوگرافیاکەی ئۆکراینایە، کاتێک ڕوس شەڕی وزە دەکات و تورکیاش بە ناچاری دەچێتەوە سەر هێڵی ڕوسی ( پێویستی بە غازی ڕوسی و ئێرانی هەیە ) ئەوا کوردستانیش ( زۆنی زەرد) دەبێتە بەشێک لە سیاسەتی تورکیا و لەوێوە ئاراستە دەکرێ، هەرێم لە نێوان ئێران و تورکیادا بۆ ئێران جێهێڵراوە لەبەرامبەر سوریادا، واتا هەرێم هەر کات بیەوێ بەرژەوەندیەکانی ئێران تێپەڕێنێ ئێران بچوکی دەکاتەوە بێ ئەوەی تورک هیچ بڵێ چونکە ئێرانیش بۆ سوریا و کاردانەوەی تورک هیچ ناڵێ ، واتا دابەشکاریەکە بە پێی ڕێککەوتنامەی ستراتیژیە و پۆست و سنور و ئابوری و جوگرافیا بەش کراوە، سەرۆکی هەرێم لە بەرامبەر سەرۆکی عێراقدایە تا پارتی سەرۆکی هەرێم نەدا بە یەکێتی ئێران ناهێڵێ سەرۆک کۆماری عێراق وەربگرێ و تورکیش هیچ ناڵێ، چونکە وا ڕێککەوتون. خۆ ئەگەر هەرێم بیەوێ وەک دەرفەتێکی جەنگ غاز بنێرێ ئەوا دەکرێ کورتهێنانی غازی تورکی بە ڕەزامەندی ڕوس و ئێران پڕ بکاتەوە، بەڵام بیەوێ کورتهێنانی غازی ئەوروپی پڕبکاتەوە، ئەوا وەک ڕیفراندۆمەکەو غەزەبی نەوتەکە جارێکی تر هەرێم دەکەوێتە بەردەم هەڵەیەکی تری قورس (وەک بینمان سعودیە هەمان هەڵەی کردو حوسیەکان ئارامکۆیان وێران کرد)، هەرێم دەبێ بزانێ چۆن مامەڵەی سیاسی لە نێوان جەمسەرەکاندا دەکات، دەبێ بە ئاراستەی پێچەوانەی ڕوس و ئێران سیاسەت نەکات ئەو کات دەچێتە سەر بلۆکی ناتۆ و ناتۆش لە پاشەکشەدایە وەک لە ئۆکراینا بینیمان، بەڵام تورک سەرەڕای ئەندامی ناتۆ هێشتا دەڵێ ناهێڵین هەمو پردی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ڕوس بپچڕێ، هەر بۆیە هەردو زۆنەکە و عێراقیش لەژێر هەیمەنەی ڕوس و ئێراندایە هەر کوتلە و هێزێک پێچەوانەی ئەمە یاری بکات هەمان چارەنوسی زلینیسکی دەبێت و ناتۆ و ئەمریکا هیچ هەڵوێستێکیان نابێت، لە عێراقیش ئەگەر چی سونە هاتوتە پێش، بەڵام هەر دەبێت لە ژێر هەیمەنەی ئێران و ڕوسدا بێ و تورکیش بۆ ئەوەی کاریگەری لە سوریا هەبێ گڵۆپی سەوزی بۆ ئێران و ڕوس هەڵکردوە، عێراق تا ئێستاش لەژێرحکومی تەوافقدایە و ڕێکەوتنی ناوچەیی لەسەرە بە گڵۆپی سەوزی جیهانیەوە، بۆیە بە پێی ئەمری واقع حکومی زۆرینەی نیشتمانی بۆ عێراق جگە لە خەونی کیسەڵ هیچی تر ناکات، چونکە دابەشکاریەکە (پەرلەمان بۆ سونە، سەرۆک کۆمار بۆ کورد، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شیعە و … هتد) ڕێکەوتنی گشتی لەسەرە، بە خاڵبەندی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم کۆمەڵێک سەپاندندایە:
1- هەرێم کاتێک دەتوانێ غاز بفرۆشێ کە ڕەزامەندی ڕوس و ئێرانی لەسەر بێت.
2- هەرێم دەبێ بزانی تورکیا هەرێم بە عێراقیشەوە کارت بە کارتی پێ کردوە لەگەڵ سوریا و وە سوریا گرنگترە بوێ و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی لەگەڵ ئێران مامەڵە لەگەڵ زۆنی زەرددا دەکات.
3- پارتی گەر بیەوێ چی لە کوردستان و چی لە عێراق هەژمونی خۆی زاڵ بکات ئەوا بڕینی هێڵی سوری ڕێککەوتنی ستراتیژیە کە هی تورکیا و ئێرانە، ئەوا ناتوانێ یەکێتی تێپەڕێنێ.
4- لە عێراق شیعەکان هەمویان سەر بە ئێرانن و دابەش بون بەسەر هێزی نەرم و ڕەقدا، ئێران زۆر کات یاری بەم هێزانە دەکات لە بەرامبەر نەیارەکانی دواجار هەر دەبێ ڕێکبکەون.
5- هێزە سونیەکان پشکی خۆیان دەبێ، بەڵام هەر دەبێ لە ژێر هەژمونی ئێراندا بن، وەک چۆن عەلەویەکانی سوریا لەگەڵ تورک کێشەیان نیە.
دواجار هەمو یاریەکان لە دەرەوەڕا دێت و چەند دژ بن چەند ناکۆک بن دەبێت لەسەر مەبدەئی تەوافق ڕێک بکەون و دابەشکاریەکە دەست پێ بکات، هەر کات چی پارتی و چی سەدریەکان هەندێ سەرکێشی وەک ڕیفراندۆم و زۆرینەی نیشتمانی بکەن(ئەگەر بۆ عێراق و هەرێم باشیش بێ)، بەڵام دواجار هەر دەبێ بچنەوە سەر ڕێکەوتنە دەرەکیەکان.
شتێک نیە لە عێراقدا خاوەنی ئیرادەی عێراقی بێ و هەمو هێزەکان دروشمەکانیشیان نیشتمانی عێراقە و لەسەر شاشەکەش لا غەربی و لا شەرقی ئیمارتیە و ئەوانی تریش یان تورکین یان ئێرانین.