سەرکۆ یونس: هۆشیاری کڕیار، لەقەیرانەکاندا.
بەشێوەیەکی گشتی، ئابوری هەرێم، بەردەوام لەهەڵکشان و داکشاندایە، قەیرانەکانی هەڵاوسان و بێ بازاڕی سیمای سەرەکی بازارەکانی هەرێمن، زۆربەی کڕیاران باجی گۆڕانکارییەکان دەدەن و باری سەرشانیان قورستر دەبێت.
ئابوری هەرێم، لەجۆری ئەو ئابوریانەیە، کە کرێخۆری تاکەسەرچاوەن، بەم ئابوریانە دەوترێت ئابوری فشەڵ، پشت بەستن بەیەک سەرچاوە، وادەکات کەدیاردەو قەیرانەکان، بەردەوام ڕوو لەئابوری و بازاڕەکان دەکەن، هەرجارەو بابەتێک یان شمەکێک لەبۆنە و مانگێکدا، دەبنە کێشەوئاریشەی هاوڵاتیان و کڕیاران.
هەربۆیە زۆر گرنگە، کڕیاران و بەکاربەران، لەم بارودۆخانەدا کەگۆڕانکاریەکان بەئاراستەی نێگەتیڤی ئابوریدا ڕوودەدەن. پێویستە بەوپەڕی هۆشیاری و ڕۆشنبیری ئابورییەوە هەڵسوکەوت بکەین و بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانمان ئاگایانە بچینە بازاڕەکانەوە.
بەهەڵەبازاڕکردن و هەڵپەکردن و ناهۆشیاری، لەوانەیە ڕێژەیەکی گەورەی داهاتی خێزانەکانمان، لەدەست بدەین. پێویستە لەئاست هەر گۆڕانکارییەکدا، ووریایانە کڕینەکانمان ئەنجام بدەین.
لەگەڵ هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، سەرەڕای کەمبونەوەی داهاتی تاکەکەس و خێزانەکان، ناسەقامگیری ئاستی داهاتی نەختینەیی، کەزیاتر (21%) ی دانیشتوانی هەرێم پشت بەمووچە دەبەستن، لەکۆی شەش ملیۆن دانیشتوانی هەرێم، یەک ملیۆن 295 هەزار و109 کەس مووچەخۆرن و دواکەوتنی پێدانی مووچە ونەبوونی هەلی کار. جموجوڵی بازاڕەکان لەهەرێمدا زیاتر دەبێت. ئەویش دەرئەنجامی خواستێکی گەورەی هاوڵاتیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان، لەمانگی رەمەزاندا، یاسای خواستی کڕیاران بەپێچەوانەوە کار دەکات، واتە سەرەڕای بەرزبونەوەی نرخەکان، بڕی خواست زیاد دەبێت.
لەلایەکی ترەوە، بەهۆی لاوازی ئابوری هەرێم ونەبوونی بەرهەمی ناوخۆیی لەسەرجەم پێداویستتەکان و پێداویستیە خۆراکییەستراتیژییەکان، وەک برنج و پاقەلەمەنییەکان، ناچار پەنادەبریتە بەر هاوردەکردن، بەپێ ی داتا نافەرمییەکان، زیاتر (85%) پێداویستیەکانی هەرێم، لەدەرەوە هاوردە دەکرێت.
لەم لایەنەوە، دامودەزگاکانی حکومی، تەنها چاودێری بازاڕەکان دەکەن، ئەویش سەرەڕای کەموکوڕی ولاوازی کاری لیژنەکانی چاودێریکردن، گلەیی و گازەندەیی کڕیاران لەئاست بەرزی نرخەکان، تابێت زیاتر دەبێت.
بەداخەوە، بەشێک لەبازرگاکان و فرۆشیاران، ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە بۆ گرانکردنی و بەرزکردنەوەی نرخی شمەک و کاڵاکانیان. لەم بوارەدا، زۆر گرنگە هاوڵاتیان لەهەر دوکان و مارکێت ومۆڵێک، خراپی شمەک و خواردەمەنی و بەرزی نرخەکانیان هەست پێکرد، ڕاستەوخۆ لیژنەکانی قائیمقامیەت و دەزگاتایبەمەندییەکانی لێ ئاگادار بکەنەوە، لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا.
ئەوەشمان لەبیرنەجێت لەسەرئاستی جیهان، نرخی بەروبومی خۆراکی، دەرئەنجامی کۆرۆناڤایرۆس و ووشکەساڵی و شەڕوناکۆکییەجیهانییەکان، ئاستی گشتی نرخەکان بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینوە، لەئێستادا هەڵاوسان، بەڕێژەی جیاواز بەرۆکی زۆربەی ئابوری وڵاتانی جیهانی گرتوەتەوە.
لەلایەکی ترەوە، لەم بارودۆخەدا هۆشیاری و ڕۆشنبیری تاک و خێزانەکان زۆر گرنگە، پێویستە بەهۆشیارانە پێداویستیەکانیان دابین بکەن دوور لەهەڵپەو پەلاماردان.
ڕێکخستنی خەرجییەکانی خێزان، یەکێکە لەو هەنگاوانەی کەپێویستە پەیرەو بکرێت، لەپێناو سەلامەتی داهاتەکانیان، بەدەستهێنانی پێداویستیەکان بەکەمترین تێچوون، هەر ئەمەش ئامانجی گەورەی ئابورییە، بۆیە پێویستە لەم مانگەدا، خەرجییەلاوەکی و جوانکارییەکانیان کەمبکەنەوە.
لەهەمانکاتدا، تاکەکەس باشترە هەوڵبدات شمەکەکانیان لەشوێن ومۆڵ ومارکێتێک، بکڕن کەنرخەکانیان کەمترە لەنرخی شوێنەکانی تر. خۆشبەختانە، دابەشکردنی برەخۆراکی مانگانە، لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە، تاڕادەیەک باری سەرشانی خێزانەکانیان سووک کردووە، بەڵێنیش دراوە لەم مانگەدا دوو بڕەخۆراک دابەشبکرێت.
ئومێدەوارین، لەم مانگە پیرۆزەدا، هاوڵاتیان و کریاران بتوانن بەبێ کێشە پێداویستیەکانیان دابین بکەن، حکومەت و لایەنەپەیوەندیدارەکان بەئەرکی خۆیان هەستن و چیتر بارگرانی بۆسەرشانی خەڵک و هاوڵاتیان دروست نەکرێت، بەتایبەت کەمکردنەوەی باج ورسومات لەسەر خۆراک و خواردەمەنییەکان.
* ئابووریناس
- Latest Posts by سەرکۆ یونس
سەرکۆ یونس: پارەو بێ پارەیی.
-سەرکۆ یونس: ووردە سەرنج، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەندێ لەباجەکان.
-سەرکۆ یونس: بڕوانامە، یان مەعریفە.
- All Posts