عیماد عەلی: بیرکردنەوەی کاڵ و کورتمەودای دەسترۆیشتووانی کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی لە زۆرێک شیکاری و شرۆڤەی جوان و ئاڵۆز و هەندێک زانستیانەی چاودێرانی سیاسی و رۆشنبیران لەمەر هەڵسەنگاندنی وەزعی کوردستان و پەیوەندی هەردوو حزبی دەسترۆیشتوی کوردستان و بیرکردنەوەی سەرکردەکانیان دبینین و دەخوێنینەوە، جێگەی سەرسورمانە، نەک لەبەر ئەوەی بێ ئاستن و شرۆفەکان وا نین و بەهەڵە هەلسەنگاندن دەکەن، بەڵکو لەبەر ئەوەی سیاسەت و مامەڵەی ئەم دوو حزبە بەدوور لە هەموو حساباتێکی ورد و لێکدانەوەی کارلێکە سیاسیە گرنگ و یەکلاییکەرەوەکان بەرێدەکرێت و تەنها خالێک لەبەرچاودەگرن وەکو کەس و سەرکردە و حزب چەندیان دەست دەکەوێت و بەس و ئەوەی نزیکی ناکەونەوە و بەهیچ شێوەیەک بیری لێناکەنەوە بەرژەوەندی دەرەوەی بازنەی سودی کەسی و حزبیە. بۆیە تا ئێستا دەرئەنجام و دەرکەوتەی رەفتارە کورتبینیەکانیان ئاڵۆز و تەنانەت پێشبینیکراوی خۆشیان نیە، بەڵگەی سەلمێنەری ئەمەش ئەوەیە نە دۆستایەتیان بۆ ماوەیەکی زۆر بردەکات و نەش دوژمنایەتیان و ئەوەی بەرێوەدەچێت تەنها سەرپێی و کاتیە و لەسەر هاوبەرژەوەندی حزبی و کەسیەکان لەنگەری بەستووە. بە تایبەتی لە رووی ستراتیجیەتی بیری نەتەوەیی و بەرژەوەندی باڵاو و خەتی سوور و بیری دوورمەودا ئەوەندە هەنگاو دەنێن کە تەنانەت بەرچاوی خۆیان نابینن، نەک دراسەتی رەوت و رێرەو و فاکتەر و جەوهەری پرسەکە وچۆنێتی رەفتاری گونجاو و دروستی رێبەری راستەقینەی سەرکەوتن بکەن. بۆیە تەنانەت پرزانیاری وبلیمەت و شارەزاترین بیریاری سیاسی و فکری تەنانەت جیهانیش ناتوانێت پێشبینی دەرئەنجامی هەلًوێستیان لە ئایندەیەکی کورتی سیاسەتی ئەم دوو حزبە بکات و رای راستی خۆی لەمەر کردەوەکانی داهاتویان دەربرێت.
بۆیە دەکرێت بە راشکاوی بڵێین ئەو خەتە راست و زانستیانەی سیاسەتی حزب و لایەن و دەسەڵاتدارانی ولاتانی پێکەوتوو لە سەری دەرۆن زۆر روونترە تەنانەت لەبەرچاوی نەک تەنها خەڵکەکانیان بە خۆیان، بەڵکو لای چاودێرانی ئاسایی هەموو لایەک و تەنانەت کوردستانیش، بەڵام ئەوەی لە کوردستان و لای ئەم دوو حزبە و دەسەڵاتی کوردستان دەگوزەرێت بەهیچ شێوەیەک دەرئەنجام و ئایندەی پێشبینیکراو نیە و تەنانەت پرشارەزایی و لێهاتووترین کەسی چاودێری تەنانەت بیانیش ناتوانێـت شرۆفەی راستودروستی وەزعی کوردستان و پێشبینی واقعی ئایندە و دەرئەنجامی رەفتاری سیاسیەکانی بکات. تۆ تەماشای کێشەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری عیراق و نەبونی مووچەی فەرمانبەران و گرانی و نەداری و بێدەرامەتی خەڵکی کوردستان و پەیوەندی هەردوو حزب و هاوپەیمانی و جەمسەربەندی و هەڵوێست و راوبۆچوونیان لەم کاتەدا بکە و ئەوجا رەحمەت بنێرە بۆ سەرکردایەتیە زۆر بە سەلیقە و زانیاری و پر لە حورمەتەکانیان.
بۆیە، ئەوەی ئێستا لە لای خەڵک بە مەحاڵ دادنرێت و پێشبینیکراو نیە لەوانەیە لەچرکەیەکدا لە لایەن ئەم دوو حزبەوە جێبەجێبکرێ و سەرجەم پێشبینی و لەیەکدان و حساباتە سیاسیە زانستیەکان لنگەوقوچ ببنەوە و هاکازانیت دوژمنایەتی بووە دۆستایەتی و پەیوەندی نادروست بووە برایەتی و دەست لەملان و هاورێیەتیەکی ئەوتۆ کە موو نەچیت بەبەینیاندا. بۆیە ئەمان لە پرێکدا رەفتارێک دەکەن و هەنگاوێک دەنێن بۆ هەنگاو و رەفتاری دووەم بەجێی دەهێلن بۆ خوا، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە سەرجەمسەرە ناوچەییەکانیان فەرمان بەسەردا بکەن، ئەمان راستەوخۆ بە بەڵێ گەورەم وەڵام دەدەنەوە. هەر بۆیە بەردەوام خەڵک جگە لە نەبوونی و کەمدەرامەتی و ناجێگیری دەروونی لە دڵەراوکێ و نیگەرانی و نائارمی سیاسیی بەردەوامدا دەژێت. ئەم وەزعە بێ دەربەستیەی لە لایەن دەسەڵات و ئەم دوو حزبە هاتۆتە ئاراوە لە دەرئەنجامی کال بیرکردنەوەی فەریکە سیاسیەکانی خۆ بە سەرکردەزانی ئەم دوو حزبەدا هاتۆتە ئاراوە، بۆیە تەنانەت هیچ بلیمەتێکی سیاسی ناتوانێت پێشبینی وەزعی سیاسی سبەی و دوو سبەی کوردستان بکات و ئایندەی نزیکیش بخەمڵینێت. شرۆڤەی ئەو خەڵکە بە توانا و دلسۆز و لێهاتووەش بێ سەرئەنجام دەبێت و هیچ پێشبینیەکی راستی لێهەڵناکرێنرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت