بورهان شێخ ڕەئوف: مه‌یلی وڵاتانی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل بۆ روسیا له قه‌یرانی ئۆكرانیادا.
یه‌كێك له‌و كێشه گه‌ورانه‌ی كه به‌ره‌وڕووی هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا بۆته‌وه بۆ گه‌مارۆدانی روسیا، هاوسۆزی و مه‌یلی هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكایه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ مۆسكۆ له جه‌نگی دژ به ئۆكرانیا، ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی روون راشكاوانه‌ش نه‌بێت.
هه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی دۆسته‌كانی ئه‌مریكا هه‌فته‌ی پێشوو ئه‌نتۆنی بلنكین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكای ناچاركرد گه‌شتێكی خێرا بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا بكات.
بلینكن هه‌ر له دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی خێرا له وارشۆ له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا، رووی كرده ئیسرائیل و له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه گرنگه‌كانی كۆبووه كه پێده‌چێت رۆڵی كارایان هه‌بێت له وێنه‌كێشانی ئه‌و ململانێیانه‌دا كه له داهاتوودا دێنه‌پێش، ئه‌و وڵاتانه‌ش كه ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نه‌قه‌ب بوون، پێكهاتبوون له ( میسر و ئیمارات و به‌حرێن و مه‌غریب و ئیسرائیل)، دواتر سه‌ردانی ریباتی پایته‌ختی مه‌غریب و كۆشكی محەمه‌د بن زایدی حاكمی ئیماراتی كرد.
ئه‌م گه‌شته‌ی بلنكین بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاماژه‌ی كاریگه‌ریی ده‌ستوه‌ردان و په‌لاماردانه‌كه‌ی روسیایه بۆ ئۆكرانیا له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی ناوچه‌كه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاوپه‌یمانه‌كانی واشنتۆن له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێچه‌وانه‌ی هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكان له ئه‌وروپا و ئاسیا، هه‌ڵوێستی بێلایه‌نیان هه‌ڵبژارد له جه‌نگه‌كه به ره‌سمی و به زاره‌كی، به‌ڵام له راستیدا وه‌كو سۆزدار و لایه‌نگری مۆسكۆ ده‌رده‌كه‌ون وه‌كو له راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی (زه تایمی) به‌ریتانیدا هاتووه.
ئاماژه‌كانی مه‌یلداری هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا بۆ مۆسكۆ
هیچ كام له هاوپه‌یمان و دۆسته‌كانی ئه‌مریكا له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پابه‌ند نه‌بوون به‌و سزایانه‌ی كه خرانه سه‌ر روسیا له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه، به‌تایبه‌تی هه‌ڵوێستی ئیمارات كه ئێستا ئه‌ندامی ناهه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه، ئه‌وه‌ش دیپلۆماتكاره خۆرئاواییه‌كانی زۆر تووڕه كرد كاتێك له مانگی شوباتی رابردوودا ده‌نگی نه‌دا به سه‌ركۆنه‌كردنی په‌لاماردانه‌كه‌ی روسیا بۆ ئۆكرانیا.
له‌لایه‌كی تره‌وه وڵاتانی كه‌نداوی هه‌نارده‌كه‌ری نه‌وت قایل نه‌بوون به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت زیادبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر به به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت بگرن.
هۆكاری ئه‌م لایه‌نگرییه بۆ مۆسكۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كو فلادیمێر پوتین نیگه‌ران بێت لێیان، له هه‌مان كاتیش‌دا په‌یامێكه بۆ واشنتۆن كه وڵاته‌كه‌یان هاوپه‌یمانێك و هاوبه‌شێكی جێ متمانه نییه، له‌گه‌ڵ درێژه‌کێشانی قهیرانهكهشدا بۆ ئه‌و وڵاتانه ئاسان نییه به بێلایه‌نی بمێننه‌وه، له‌گه‌ڵ گوشاره‌كانی ئه‌مریكا بۆ هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نگری لێ بكه‌ن، به‌ڵام پێناچێت ئه‌و گوشارانه‌ش ئه‌و وڵاتانه ناچاربكات بۆ هاوسۆزی و لایه‌نگری له‌م جه‌نگه‌دا.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێك بۆ دواوه بده‌ینه‌وه به دیاریكراوی بۆ سه‌رده‌می جه‌نگی سارد، ئه‌وا ده‌بینین ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌كو زۆربه‌ی ناوچه‌كانی تری جیهان دابه‌ش ببوون به‌سه‌ر هه‌ردوو جه‌مسه‌ری ناتۆ به سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا و وارشۆ به سه‌ركردایه‌تی سۆڤێتی جاران، به‌تایبه‌تی زۆربه‌ی شانشین و میرنیشینه‌كانی كه‌نداو لایه‌نگری ئه‌مریكا بوون، وڵاته كۆمارییه‌كانیش لایه‌نگری سۆڤێت بوون، دواتر له‌پاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت له 1990 ئه‌مریكا بووه هێزی سه‌ره‌كی و تاك جه‌مسه‌ر له جیهاندا و به‌ڵێنی به وڵاتانی كه‌نداو دابوو بیانپارێزێت له‌هه‌ر هه‌ڕه‌شه و ده‌ستدرێژییه‌ك، هه‌روه‌ها ته‌واوی پشتیوانی سیاسی و سه‌ربازیشی ده‌به‌خشییه ئیسرائیل.
گله‌یی و گازنده‌ی هه‌ردوولا
هه‌ردوو لایه‌ن ئه‌مریكا له‌لایه‌ك و هاوپه‌یمانه‌كانی به عه‌ره‌ب و ئیسرائیله‌وه گله‌یی و گازنده‌ی زۆریان له یه‌كتری هه‌یه و یه‌كتری تاوانبار ده‌كه‌ن، ئه‌مریكا نیگه‌ران و تووڕه‌یه له هاوپه‌یمانه‌كانی كه به‌رامبه‌ر په‌لاماردانی ئۆكرانیا له‌لایه‌ن روسیاوه بێده‌نگن و كاردانه‌وه و هه‌ڵوێستیان نییه، هاوپه‌یمان و هاوبه‌شه‌كانی ئه‌مریكا وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسرائیلیش ئه‌مریكا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به نه‌رمی و كارئاسانیی ئیداره‌ی ئۆباما بۆ رێكه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا.
دواتریش هه‌ڵبژاردنی دۆناڵد تره‌مپ به سه‌رۆكی ئه‌مریكا مژده‌یه‌كی خۆش نه‌بوو بۆ هاوبه‌شه‌كانی ئه‌مریكا، به‌تایبه‌تی كاتێك حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن به درۆن و رۆكێت په‌لاماری دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی ئارامكۆی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌یان دا له 2019 و ئه‌مریكا بێده‌نگ بوو و كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌بوو بۆ به‌رگریکردن لێیان.
له سه‌رده‌می ئیداره‌ی بایدنیش دۆخه‌كه گۆڕانكاریی وای به‌سه‌ردا نه‌هات، ته‌نانه‌ت بایدن ناخوازێت قسه له‌گه‌ڵ شازادەی جێنیشین محه‌ممه‌د بن سه‌لمان بكات. له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌و لێدوان و ده‌نگۆیانه‌ی كه باس له‌وه ده‌كه‌ن ئیداره‌ی بایدن ته‌نها گرنگی به ململانێكانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئاسیا و چین ده‌دات، ئه‌مه‌ش وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ناچاركردووه كه خۆیان مشووری خۆیان بخۆن و متمانه به ئه‌مریكا نه‌كه‌ن، كه هه‌ر كاتێك بۆی بلوێت بەجێیان ده‌هێڵێت.
روسیا هه‌ڵه‌كه‌ی بۆ خۆی قۆستۆته‌وه
هه‌موو ئه‌وانه وای له روسیا كردووه بۆ خۆی دۆخه‌كه بقۆزێته‌وه و پێگه‌ی خۆی به‌هێز بكات، به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی له سوریا كردی توانی حكومه‌تی سوریا بپارێزێت له رووخان، ئه‌مه‌ش هه‌لێك بوو بۆ وڵاتانی نزیك له خۆرئاوا كه زیاتر له روسیا نزیك ببنه‌وه، ته‌نانه‌ت شا سەلمان-ی پادشای سعودیه بۆ یه‌كه‌مجار له 2017 سه‌ردانی مۆسكۆی كردوو بۆ ماوه‌ی چوار رۆژ له‌و وڵاته مایه‌وه، میسریش كه سێیه‌م وڵاته له‌سه‌ر ئاستی جیهان بۆ وه‌رگرتنی كۆمه‌ك و هاریكاری سه‌ربازی ئه‌مریكا، رێكه‌وتننامه‌ی له‌گه‌ڵ مۆسكۆ به‌ستووه بۆ كڕینی فڕۆكه و سیستمی به‌رگریی ئاسمانی روسی، له ئیسرائیلیش سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو ناتانیاهو پێش له كاركه‌وتنی بۆ هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن دۆستایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك پوتین به‌كارده‌هێنا.
ده‌كرێت بپرسین ئایا روسیا جێگه‌ی ئه‌مریكا ده‌گرێته‌وه بۆ وڵاتانی كه‌نداو؟ هه‌رچه‌نده وڵاتانی عه‌ره‌بی نیگه‌رانن له ئه‌مریكا و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی، به‌ڵام ئه‌وه باش ده‌زانن كه روسیا نابێت به ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئه‌مریكا، چونكه هه‌زاران سه‌ربازیی سوپای ئه‌مریكا له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جێگیركراون ، هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه چالاكن و ده‌خولێنه‌وه بۆ پاراستن و ئاسایشی هه‌موو به‌نداو رێڕه‌وه ئاوییه‌كان، له كاتێكدا روسیا هه‌رگیز ناتوانێت ئه‌و رۆڵه گرنگه ببینێت له ناوچه‌كه‌دا، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی سوپای روسیا له ئۆكرانیا نه‌یتوانی ئامانجه‌كانی به‌دیبهێنێت، ئه‌وه سه‌لما كه روسیا ناتوانێت رۆڵی ئه‌مریكا ببینێت.
ئه‌م سۆز و لایه‌نگرییه‌ی وڵاتانی كه‌نداوی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا بۆ مۆسكۆ، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌مریكا كه‌مێك مه‌یلی زیاتریان بداتێ و لایه‌كیان لێ بكاته‌وه، بۆ په‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرش و مه‌ترسییه‌كانی درۆن و مووشه‌كی حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن كه ئێران كۆمه‌كیان ده‌كات.