عەتا قەرەداخی: گەڕان بە دوای بەهاکانی جوانیدا لە شیعری گۆران‌دا/ بەشی سییەم.
شاعیر له ڕێگاى لێكچواندنی به‌شه‌كانی جه‌سته‌ى ژنەوە، كه ئەوی ژن به په‌رى ناوى ده‌بات، به ڕه‌گه‌زه جۆراوجۆره‌كانی سرووشت، تابلۆیه‌كی ره‌نگاوره‌نگ له چه‌ندین وێنه پێشكه‌ش ده‌كات كه پێكه‌وه به‌رهه‌مهێنی ئاستێكی به‌رز له جوانین و هه‌ردوو ڕه‌گه‌زى سرووشت و به‌شه‌كانی جه‌سته‌ى ئافره‌ت له‌به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و جوانیه‌دا به‌شدارى ده‌كه‌ن. شاعیر ده‌ڵێت:
قۆڵ و مه‌چه‌ك ساف و سپی وه‌ك شووشه
سه‌رپه‌نجه‌كان یاقووتێك بوون به ورشه
بێینه سه‌ر چاو: چاوێك… بڵێم چ چاوێك؟
كانی سیحر، ده‌ریاى عیشوه، گێژاوێك
كه‌وا كه‌وته به‌ر شه‌پۆلی هه‌ستی من
له‌و ڕۆژه‌وه هه‌ر نقوم ئه‌بێ به‌ره‌و من.
ئه‌وێك كه له عه‌باوه پێچراوه، ئه‌می شاعیر وه‌سفی قۆل َو سهرپهنجهكانی ده‌كات. قۆڵ ده‌چوێنێت به شووشه‌ی سپی و ساف و بێ خه‌وش، سه‌رپه‌نجه‌كانیش ده‌چوێنێت به یاقووت. لێره‌دا شووشه‌و یاقووت وه‌كو دوو ڕه‌گه‌زى سرووشتی كه هێماى سپێتی و سافی و دره‌وشانه‌وه‌ن، خاوه‌نی پێناسه‌ى خۆیانن و ناسراون، قۆڵ و سه‌رپه‌نجه‌ى ئه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وان لێكچواندنیان پێده‌كرێت به‌مه‌به‌ستی ده‌رخستنی جوانی ئه‌می ئافره‌ت. هه‌روه‌ك چاوه‌كانیشی لێكچواندنیان پێده‌كرێت له‌گه‌ڵ كانی سیحر‌و ده‌ریاى عیشوه‌و گێژاو. له لێكچواندنی قۆڵ و مه‌چه‌ك و سه‌رچه‌نجه‌دا، توخمه كانزاییه‌كانی سرووشت وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام له لێكچواندنی چاودا ئه‌و توخم و ڕه‌گه‌زانه وه‌رده‌گرێت كه په‌یوه‌ندییان به ئاوه‌وه هه‌یه. قۆڵ و مه‌چه‌ك و سه‌رپه‌نجه جێگیرن، هه‌مان شێوه‌ى جێگیریى كانزاو ڕه‌گه‌زه ئۆرگانیه‌كانی تر‌ى ناو سرووشت، به‌ڵام چاو به نیگا‌و بینین و په‌خشكردنی نهێنی و هه‌ست و حه‌زو ئاره‌زوو له جوڵه‌ى به‌رده‌وامدایه وه‌كو ئاو كه وه‌ستانی نیه. چاو كانی سیحره، واته سه‌رچاوه‌ى نهێنی و كه‌مه‌ركێشكردنی ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ره، چاو ده‌ریاى عیشوه‌یه، دیاره عیشوه لێره‌دا بریتیه له حه‌زو ئاره‌زووى دنیایی. به‌م پێیه چاو سه‌رچاوه‌ى نیشاندانی حه‌ز و ئاره‌زووه دنیاییه‌كانه. چاو گێژاوه، واته چاو ئه‌و قوڵایی و ونكه‌رو حه‌شارده‌رو راكێشه‌ره‌یه كه هه‌م شته‌كان په‌رده‌پۆش ده‌كات هه‌م ئاڵۆزیان ده‌كات و هۆكه‌شی ئه‌وه‌یه كه هاوشێوه‌ى گێژاوى ناو ده‌ریاو ئۆقیانووسه‌كان ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ر راده‌كێشێت و له‌خۆیدا ونی ده‌كات. لێره‌دا شان به‌شانی به‌رهه‌مهێنانی جوانی ئه‌م وێنه یه‌ك له‌دواى یه‌كانه ئاماژه‌ى حه‌ز و ئاره‌زووى جه‌سته‌یی ئه‌وى ئافره‌ت ده‌رده‌خه‌ن و ئه‌وه‌ش نیشان ده‌ده‌ن كه چۆن كاریگه‌رى خۆى له ڕێگاى چاوه‌وه له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ر داده‌نێت و به‌دواى خۆیدا كێشی ده‌كات و ده‌یخاته گێژاوى ده‌ریاى بێبنه‌وه. لێره‌وه ئه‌و ده‌لاله‌ته به‌رهه‌م دێت كه ده‌ڵێت سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه ڕه‌گه‌زى نێر چه‌ند خۆى به‌هێز نیشان بدات و چه‌ند هێماى پته‌ویى و تووندوتیژى و نه‌چه‌مانه‌وه بێت، به‌ڵام هێشتا نیگا‌و حه‌زو سیحرى چاوى ئه‌وى ئافره‌ت هه‌ژموونی به‌سه‌ر ئه‌می پیاو یان ڕه‌گه‌زى نێردا ده‌كات و موگناتیس ئاسا به‌لاى خۆیدا رایده‌كێشێت و له گێژاوى حه‌ز و ئاره‌زووه‌كاندا ونی ده‌كات. هه‌رئه‌وه‌ش واده‌كات كه ئه‌می شاعیر له‌و ڕۆژه‌وه ئه‌و به‌ژن و باڵا‌و ئه‌و چاوه ئه‌فسووناوییانه‌ى بینیووه كه‌وتووته ناو ئه‌و گیژاوه قوڵه‌وه‌و به‌دوایدا ده‌ڕوات. لێره‌وه ئه‌وه ئاشكرا ده‌بێت كه مرۆڤـــ به سرووشتی عیشقی جوانیه. پاڵنه‌رى ئه‌م عیشقه‌ش دوو ئاسته له چێژ، چێژى رۆحی و چێژى جه‌سته‌یی. یه‌كه‌میان ره‌هه‌ندێكی سۆفیانه‌ى هه‌یه و دووه‌میشیان ره‌هه‌ندێكی دنیایی هه‌یه. مرۆڤ به سرووشتی پێكهاته‌یه‌كه هه‌ردوو ره‌هه‌نده‌كه له بوونی ئه‌ودا كۆده‌بنه‌وه‌و ئه‌گه‌ر جۆرێك له هاوسه‌نگی له نێوان ئه‌م دوو ره‌هه‌نده‌دا درووستبوو، ئه‌وا كه‌سێتی مرۆڤـــ هاوسه‌نگ ده‌بێت و ئه‌م هاوسه‌نگبوونه‌ش هاوشێوه‌ى هارمۆنیاى سرووشته. ئه‌گه‌ر ناهاوسه‌نگیش له په‌یوه‌ندى ئه‌م دوو ره‌هه‌نده‌دا هه‌بێت ئه‌وا ناهاوسه‌نگی كه‌سێتی درووست ده‌كات و ئه‌مه‌ش هاوشێوه‌ى تێكچوونی هارمۆنیاى سرووشته كه مه‌به‌ست له هارمۆنیاى سرووشت پێكه‌وه گونجاندن و پێكه‌وه كاركردن و ته‌واوكردنی یه‌كترى توخم و ڕه‌گه‌زه‌كانی نێو سرووشته.
جوانی لاى گۆران شتێكی بێ لایه‌ن و بێ كاریگه‌رى نیه، به‌ڵكو سه‌ربارى ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى به‌رهه‌مهێنانی چێژه‌و چێژ ده‌به‌خشێت، هه‌روه‌ها رۆڵی كاركه‌رو پاڵنه‌ریش ده‌بینێت له ژیاندا یان به ده‌ربڕینێكی تر وه‌كو مۆتیڤی ژیان كارده‌كات و ده‌بێته هۆى درێژه‌دان به ژیان و زینده‌گانی به تایبه‌تی گۆران دیمه‌نێك پێشكه‌ش ده‌كات كه تیایدا كه‌سێك به‌رجه‌سته ده‌كات كه هیچ چاوه‌ڕوانیه‌كی نه‌ماوه له ژیاندا‌و ته‌نیا چاوه‌ڕوانی مردن ده‌كات، به‌ڵام جوانی ده‌بێته ئه‌و مۆتیڤه‌ى كه هیواى ژیانی لادرووست ده‌كاته‌وه‌و ئومێدپه‌یداكردنه‌وه به ژیان به‌سه‌ر بێ ئومێدى و چاوه‌ڕوانی مردن‌دا زاڵ ده‌بێت. له هه‌ڵبه‌ستی (نیاز)دا گۆران ده‌ڵێت:
چاوه‌نواڕم، سا كه‌ى گه‌ردوون، گه‌ردوونی بێ باك
جانه‌وه‌رى گۆڕ هان ئه‌دا بمكاته خۆراك؟
به‌ڵام ئه‌ى یار، یارى نازدار، شۆڕه‌ژنی شۆخ
به لێوى ئاڵ، به‌چاوى ره‌ش، چاوى ره‌شی تۆخ
به باڵاى به‌رز، به‌ئه‌ندامی نه‌رم و شل و جوان
ڕه‌وتی شیرین، عیشوه‌و نازى گفتوگۆ و جوڵان
به‌م جوانیانه كه زینه‌تی به‌هه‌شتی دنیان
به‌م جوانیانه كه له تۆدا هه‌موویان په‌یدان
له‌و ڕۆژه‌وه دیوومه سیحرى زه‌رده‌په‌ڕى تۆ
دنیاى ده‌روون مه‌له‌كانی هاتووه‌ته‌وه گۆ
سه‌رچاوه‌كه‌ى عومرى جوانیم هاتۆته‌وه قوڵ
باغچه‌ى ژینم پڕ بۆته‌وه له نه‌مامی گوڵ.
ئه‌م له چاوه‌ڕوانی مه‌رگدایه، واته هیچ ئومێدێكی ژیانی نه‌ماوه، به‌ڵام ئه‌وى ژن به جوانیه‌كانی كۆتایی به بێ ئومێدییه‌كانی ئه‌م ده‌هێنێت و ده‌یگێڕێته‌وه‌بۆ ژیان. شاعیر له وه‌سفی ڕه‌گه‌زه جۆراوجۆره جوانه‌كانی جه‌سته‌ى ئه‌وى ژن‌دا هه‌وێنی زینده‌گانی و درێژه‌دان به‌ژیان رامده‌كات. كاتێ باسی به‌شه‌كانی جه‌سته‌ى ژن ده‌كات، وه‌كو هۆكارى گێڕانه‌وه‌ى كه‌سێكی بێئومێدبوو بۆ ئامێزى ژیان سه‌یریان ده‌كات. ئه‌می شاعیر له ڕێگاى نیشاندانی دیمه‌نه جوانه‌كانی جه‌سته‌ى ژن یان ئافره‌ته‌وه ده‌یه‌وێت ئافره‌ت وه‌كو پێكهاته‌یه‌ك له جوانی پێكه‌ش بكات. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه ئه‌و ژن وه‌كو یارو یارى نازدار ده‌دوێنێت. كه‌واته لێره‌دا جۆرێك له هۆگرى و په‌یوه‌ندى له نێوان خۆى و ئه‌وى ژن‌دا نیشان ده‌دات كاتێك به ده‌ربڕینی یار ده‌یدوێنێت و له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا وه‌سفێكی به‌رزى ده‌كات به ده‌ربڕینی شۆڕه‌ژنی شۆخ كه ئه‌مه‌ش ماناى كۆبوونه‌وه‌ى گه‌لێك سیفاتی جوانیه تیایدا. كه دواتر ئه‌و سیفاته‌نه ورد ده‌كاته‌وه‌و هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی گونجاندن و رۆڵبینین بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی تابلۆیه‌كی جوان كه ببێته سه‌رچاوه‌ى به‌خشینی چێژى جوانی به‌كارده‌هێنێت. لێوى ئاڵ، چاوى ره‌شی تۆخ،باڵاى به‌رز، ئه‌ندامی نه‌رم و شل و جوان، ڕه‌وتی شیرین، عیشوه‌ى ناز له گفتوگۆ‌و جوڵانا. ئه‌وه‌ى تێبینی ده‌كرێت له ڕێگاى ده‌ربڕینی زمانه‌وه، گۆران كۆگایه‌ك له خاسێـت و سیفاتی جوانی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى بیانداته پاڵ هه‌ر شتێك كه ده‌یه‌وێت وه‌سفی بكات. هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكارى سه‌ركه‌وتنی ئه‌م شاعیره‌یه له‌به‌رهه‌مهێنانی چه‌ندین وێنه‌ى شیعرى ره‌نگاوره‌نگدا كه هه‌ریه‌كه له‌و وێنانه‌ش به‌و ئه‌ندازه‌ى كه به‌شدارى ده‌كات له به‌رهه‌مهێنانی جوانیدا، به‌شداریش ده‌كات له به‌رهه‌مهێنانی شیعریه‌تی ده‌قه‌كانیداو به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش ده‌بێته ڕه‌گه‌زى یه‌كه‌می زمان یان ده‌ق بۆ هه‌ڵگرتنی ده‌لالات و ماناى جۆراوجۆر به‌پێی ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ى كه تیایدا به‌كار ده‌هێنرێت.
ئاوهڵناوهكانی (ئاڵ، ره‌ش، تۆخ، به‌رز، نه‌رم، شل، جوان، شیرین)، كه وه‌سفی لێو و چاو و باڵا و ئه‌ندامانی تر‌ى له‌شی ئه‌وى ژن ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ك به‌رهه‌مهێنی تابلۆیه‌كن له جوانی، له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ڵگرى ده‌لالاتی مێێتین و له‌پشتی ئه‌مه‌شه‌وه جۆرێك له رۆچوون و شۆڕبوونه‌وه بۆ ئاماژه‌ى سێكسی هه‌یه كه هه‌ستی بینین یان بیستن و به‌ركه‌وتن له‌م ڕه‌گه‌زانه‌ى جه‌سته‌ى مێ یان ئه‌وى ژن‌دا هه‌ستی پێده‌كات یان ده‌یبینێت. شاعیر هه‌موو ئه‌م جوانیانه كۆده‌كاته‌وه‌و به جوانی به‌هه‌شتی دنیا باسیان ده‌كات و هه‌موویشیان له‌وى شۆڕه‌ژنی شۆخ یان له‌وى یاردا هه‌ن. ره‌نگه ئێستا سه‌رنجمان بۆ ئه‌وه بچێت و بپرسین مه‌به‌ست له به‌هشتی دنیا چیه؟ ئاشكرایه ئه‌وه‌ى باوه‌و پێی راهاتووین به‌هه‌شت به‌پێی چه‌مكی ئایین ئه‌و پاداشته مه‌زنه‌یه كه خودا له دواى ڕۆژى لێپرسینه‌وه ده‌یبه‌خشێت به‌و كه‌سانه‌ى كه بڕوادارن و به‌دڵسۆزیه‌وه فه‌رمایشته‌كانی ئه‌ویان جێبه‌جێكردووه. ئه‌م به‌هه‌شته به‌هه‌شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌و ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ى له‌باره‌وه ده‌زانین كه دنیایه‌كی بێ وێنه‌یه‌و بۆ مرۆڤی زیندوو خه‌ونێكی ئاینده‌ییه. به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌م به‌هه‌شته‌دا گۆران باسی به‌هه‌شتی دنیایی ده‌كات. بێگومان مه‌به‌ست له به‌هه‌شتی دنیایی درووستكردنی دنیایه‌كی هاوشێوه‌ى ئه‌و به‌هه‌شته‌یه كه خه‌ونی ئاینده‌یه. ئه‌میش واته به‌هه‌شتی دنیایی درووستكردنی فه‌زاو دنیایه‌كه با بچو‌وكیش بێت كه خاسێته‌كانی به‌هه‌شتی ئه‌و دنیاى هه‌بێت. واته دنیایه‌ك مرۆڤ تیایدا بگات به‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى كه ئاره‌زووى ده‌كات. گۆران ئه‌و به‌هه‌شته له ئه‌وى ژن‌دا ده‌بینێت، كه‌واته لێره‌دا گۆران ژن هاوشێوه ده‌كات له گه‌ڵ به‌هه‌شتی خودادا. خاوه‌ن بڕوا‌و گوێڕایه‌ڵه‌كانی فه‌رمانی خودا به ئومێدى ئه‌وه‌ن له به‌هه‌شتدا هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان بۆ ده‌سته‌به‌ر ببێت كه دڵیان ده‌یخوازێت. ئه‌می شاعیریش وه‌ها سه‌یرى ئه‌وى ژنی شۆخ و شه‌نگ ده‌كات كه جه‌سته‌ى ئه‌و و جوانیه‌كانی ئه‌و ئاماژه‌و جوڵه‌و ڕه‌وتی ئه‌و كه هه‌موویان به‌هه‌شتی فراوانترى جوانی ئه‌ویان پێكهێناوه، ئه‌مى ژن ده‌كه‌ن به‌و به‌هه‌شته‌ى كه هه‌موو خواسته‌كانی دڵی ئه‌مى تێدا دهستهبهرو فه‌راهه‌م ده‌بێت، كه ده‌شێ گه‌یشتن بێت به لوتكه‌ى چێژى جه‌سته‌یی و لوتكه‌ى چێژى رۆحی كه دووه‌میان چێژوه‌رگرتنه له جوانیه‌كانی جه‌سته‌و هه‌موو خاسێتێكی ژن. لێره‌دا له ئاستی قوڵتردا هاوشێوه‌بوونێكی ئاشكرا له نێوان به‌هه‌شتی ژن و به‌هه‌شتی ئه‌سڵیدا درووست ده‌بێت كه هه‌ردووكیان له‌به‌خشینی خۆشی و چێژدا هاوشێوه‌ن.
دنیاى پڕ له‌جوانی و چێژى ژن هه‌رئه‌وه نیه چێژ به‌م ببه‌خشێت، به‌ڵكو له‌به‌رده‌م ده‌روازه‌كانی مه‌رگه‌وه ده‌یگێڕێته‌وه بۆ ژیان. هه‌روه‌كو خۆى ده‌ڵێت له‌و ڕۆژه‌وه سیحرى زه‌رده‌په‌ڕى ئه‌وى شۆڕه‌ژنی شۆخی بینیووه، هه‌موو شتێك به لایه‌نی ئه‌رێنیدا گۆڕاوه. واته له‌و ڕۆژه‌دا كه ئه‌مى شاعیر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ى ده‌كرد جانه‌وه‌رى گۆڕ یان ئاشكراتر بڵێین ئیزرائیل بێت و گیانی بكێشێت، پاڵنه‌رى ژیان و به‌رده‌وامبوون له ناخیدا زیندوو بوونه‌وه‌و چالاك بوون و جانه‌وه‌رى مه‌رگیان به‌زاندووه. ته‌نانه‌ت به‌جۆرێك وه‌سفی خۆى ده‌كات نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ى زیندوو بووه‌ته‌وه، به‌ڵكو گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ قۆناغی لاوێتی، بۆ ئه‌و سه‌روه‌خته‌ى كه هیواو ئاوات و حه‌ز و خۆزگه‌و دنیاویستی هه‌موو بوون و ژیانی ئه‌میان داگیركردبوو. ئێستا ئه‌م وه‌كو لاوێكی خاوه‌ن خه‌ون و خه‌یاڵی مه‌ودا قوڵ و وه‌كو مرۆڤێكی چالاك خۆى نمایش ده‌كات. هه‌روه‌ك باس له‌وه ده‌كات كه سه‌رچاوه‌ى عومرى جوانی ژیاوه‌ته‌وه. ئه‌م خۆى ده‌چوێنێت به سرووشت، به‌ڵام سرووشتی به‌هار كه كانی و سه‌رچاوه‌كان ده‌ژێنه‌وه. هه‌روه‌ك ژیانی وه‌كو باخچه‌یه‌ك وه‌سف ده‌كات كه پڕبۆته‌وه له نه‌مامی گوڵ. ئاشكرایه كه گوڵ به‌رهه‌می وه‌رزى به‌هاره، كاتێك ئه‌م ژیانی خۆى ده‌چوێنێت به باخچه‌ى گوڵ، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سه‌رده‌می لاوێتی. هۆكارو پاڵنه‌رو مۆتیڤی سه‌ره‌كی ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه له كه‌نارى مه‌رگه‌وه بۆ چالاكترین قۆناغی ژیان، ئه‌وى یاره واته ئه‌وى شۆرهِژنی شۆخ به هه‌موو جوانیه‌كانیه‌وه. كه‌واته گۆران بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ژن یان جوانی ژن كه سه‌رچاوه‌ى چێژى جه‌سته‌یی و رۆحیشه مۆتیڤی سه‌ره‌كی ئه‌م ژیانه‌وه‌یه. هه‌ر لێره‌وه ئه‌و ده‌لاله‌ته بهرهههم دێت كه ژن به جوانیه‌كانیه‌وه، وه‌كو گۆران پێناسه‌ى ده‌كات به گشتی بریتیه له جوانی، نه‌ك هه‌ر بارگاوى كراوه به ڕه‌گه‌زه‌كانی ژیاندۆستی، به‌ڵكو مۆتیڤى ژیاندۆستیه‌و له‌م ده‌قه زمانیه تابلۆئامێزه‌دا به‌جۆرێك هه‌ژموونی ژیان به‌رفراوان و باڵاده‌ست ده‌كات كه مۆتیڤی مه‌رگدۆستی له‌به‌رده‌میدا پاسیڤ ده‌بێت و له‌جوڵه ده‌كه‌وێت و له نێوان دوانه‌ى ژیاندۆستی- ئیرۆس و مه‌رگدۆستی -تاناتۆسدا- ئیرۆس سه‌رده‌كه‌وێت و تاناتۆس ده‌به‌زێت كه سه‌رچاوه‌ى ئه‌م باڵاده‌ستبوونه‌ى ئیرۆس جوانیه‌كانی ژن و خودى ژنه.
- Latest Posts by عەتا قەرەداخی
عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی چوارەم و کۆتایی.
-عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی سێیەم.
-عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی دووەم.
- All Posts