سەردەشت محەمەد: 9ی نیسان، بەردەوامی دەبێت.
ئەمڕۆ 9ی نیسان ساڵیادی کەوتن و لەناوچون و کۆتایی هاتنی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسە، ڕژێمێک کە بەدرێژایی زیاتر لە سێ دەیە لە دەسەڵاتدارێتی جگە لەماڵوێرانی و کوشتن و بڕین و بەهەدەردانی سامانی وڵات و هەڵگیرساندنی جەنگ و بەهەدەردانی توانا مرۆیەکانی خەڵکی عێراق هیچی دیکەی لەپاش خۆی بەجێ نەهێشت، ڕژێمێک نەیتوانی بەردێک بخاتە سەردیواریی پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوە لە عێراقدا، ڕژێمێک لەبری سود وەرگرتن لەو هەموو توانا ئابوری و مرۆیەی کە لەبەردەستیدا بوو کەچی تەنها جەنگ و سڕینەوەی ئەوانی دیکەی بەهۆکاریی مانەوەی خۆی دەزانی.
دەسەڵاتدارێتی بەعس لەعێراقدا کۆتایی پێهات و ئێستاش سینارۆکانی پشت ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس بۆ هەمووان ئاشکرا بووە، ئەوە ڕونبوتەوە کە تۆمەتبارکردنی عێراق و ڕژێمەکەی “صدام حسین” بە هەبوونی چەکی کۆمەڵکوژ هچ نەبوو جگە لە بیانوییەک بۆ کۆتایی هێنان بەو ڕژێمەدروستکراوەی کە ئەمەریکاو ئەوروپا لە سەردەمانێکدا بەدەستی خۆیان دروستیان کردبوو دواجاریش کە هەڵسوکەوتەکانی بەعس لەگەڵ بەرژەەندییەکانیاندا یەکی نەدەگرتەوە خۆیان کۆتاییان پێهێنا.
کۆتایی هێنان بە ڕژێمێکی دروستکراوی وەک بەعس ئەو خاڵە نییە کە ئەمەریکا و ئەوروپا دایان نابێت بۆ دەستپێکردنی سەرەتایەکی نوێ لەعێراقدا، بەڵکو ئەوەی ئێستاش لەعێراقدا دەگوزەرێت هێشتا درێژکراوەی ئەوگەمە بێزراوەیە کەئەمەریکا سەرپەرشتی دەکرد، نەک هەرئەوەندە، بەڵکو ئێستا گۆڕەپانی ململانێیەکان لەعێراقدا فراوانتربوون و وڵاتانی ئیقلیمیش هاتونەتە ناو کایەکەوە، ئەوەی لێرەدا غایبە و ناتوانێت لەم گەمە سیاسییەدا ڕۆڵ ببینێت کۆی هێزە سیاسییەکانی عێراقە، ئەو هێزانەی کەخۆیان بەخاوەنی ڕاستەقینەی خاک و خەڵکی عێراق دەزانن.
ئەم پەراوێزخستن و لەدورەوە تەماشاکردنەی هێزە عێراقییەکان وانەیەکی گەورەیە بۆ ئێمە لەهەرێمی کوردستان، چونکە ئیدی بەوڕاستییەگەیشتوین کە هەوڵدان بۆگۆڕانکاری و کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتدارێتیی سیاسی لەناوخۆی هەرێمدا پێویستی بە خۆ ماندوبونی زۆر ناکات، ئیدی پێوست بەوەناکات چۆن کاتێکی زۆر تەرخانبکرێت بۆئەوەی کە پشتگیری ئەمەریکاو ئەوروپا بەدەست بهێنرێت بۆئەوەی گۆڕانکاری لەسیستمی سیاسی لەهەرێمی کوردستاندا بکرێت، چونکە بایی ئەوەندە و بگرە زیاتریش بیانو لەبەردەستی هێزە دەرەکییەکاندا هەیە بۆئەوەی گۆڕانکاری پێ ئەنجام بدەن. بەتایبەت لەئێستادا کە دابڕانێکی گەورەو فراوان لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا دروست بووە، قەیرانێکی دروستکراو هێنراوەتە ئاراوە، ململانێ سیاسییەکان لەسەر بەدەستهێنانی پۆست گەیشتۆتە لوتکە، ژیانی خەڵک کەم بایەخ تەماشادەکرێت و ململانێیەکان تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندی شەخسن، هەنگاوەکانی سیاسییەکان بۆ ساغکردنەوەی نەوت و غازی هەرێم پێچەوانەی ویست و بەرژەوەندی هەندێک لەوڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتین، ئەم هەنگاوە هەڵانە چی لەناوخۆ و چی بەرامبەر بە هێزەدەرەکییەکان هەموویان ڕێگە خۆشکەرن بۆئەوەی 9ی نیسان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەردەوامیی هەبێت.
- بابەتەکانی تری سەردەشت محەمەد
سەردەشت محەمەد: بەهاری ڕۆژئاوا و زستانی قەندیل.
-سەردەشت محەمەد: بارین گیان، ئێمەش گریاین.
-سەردەشت محەمەد: چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.!
- All Posts