عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ئه‌نفال.
تراژیدیای تاوانی ئه‌نفال، پرسیارێكی قوڵی بێ وه‌ڵامی له سه‌راپا ناخ و هۆشما هه‌ژاند. دوای راپه‌رین هێشتا گونده خاپورهکان ئاوه‌دان نهکراببوونهوه، به قه‌ڵه‌مێک و چه‌ند په‌ڕه کاغه‌زێکه‌وه رووم کرده گه‌ڕه‌که میللییه‌کانی خه‌بات و حاجی ئاوا و وڵوبه، دوای هه‌واڵ پرسین، چه‌ند لێکۆینهوهیهکم له گه‌ڵ ئه‌و ژن و پیاوانه‌دا ساز کرد
له‌که‌ناری گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌کانی بیابان به ڕیکه‌وت له تۆڕی ئه‌نفال چییه‌کان ده‌ربازببوون. له‌و زنجیره به‌دواداچوون و دیدارانه‌دا چه‌ند پرسیارێکم ئاڕاسته‌ی ئه‌و پیره ژن و پیاوانه ده کرده‌وه چه‌ند مانگێک له نوگره‌سه‌لمان له گه‌ڵ حه‌جاج و سه‌گه برسییه‌کانی بیابان تاڵاوی مه‌رگیان چه‌شت بوو، بۆ یه‌که‌مجار یه‌که‌م نوسینم له‌سه‌ر ئهنفالبه ناوی (چاره‌نوسێکی نادیار ) له ساڵی 1992 له ژماره [36]ی کوردستانی نوێ بڵاوکرده‌وه، ئه‌ویش عیزه‌دین عوبێد ره‌باتی پورزای باوکم بوو خه‌ڵکی گوندی هه‌زارکانی ره‌باتی سه‌ر به ناحیه‌ی سه‌نگاو بوو، 16 کەس له ئه‌ندامانی خانه‌واده‌که‌ی بێ سه‌روشوین کرا بوون، له روخساریدا خه‌مێکی قوڵ به قه‌د قوڵای ده‌ریایه‌کی بێ سنوور تراژیدیای بێسه‌روشوێنه‌کانی گه‌رمیان ده‌بینرا.
دواتر چه‌ندان نوسینی ترم له‌سه‌ر ئه‌نفال بڵاوکرده‌وه، بۆ هه‌ر خانه‌واده‌یه‌ک، ژماره‌یه‌کی رۆژنامهکهم ده‌کڕی و چیرۆکه‌که‌ی خۆیانم بۆ ده‌خوێندنه‌وه، له ناخی خۆم دا هه‌ستم به گه‌وره‌ترین ئاسوده‌یی ده‌روونی و ویژدانی ده‌کرد که ده‌توانی به چه‌ند وشه‌یه‌ک گوزارشت له‌و ئازاره په‌نگ خواردوه به سوییه بێ کۆتاییه‌ی ناخیان بکه‌م.
له ساڵی 1993 دا کاک نه‌جمه‌دین فه‌قێ عه‌بدوڵڵا لێپرسراوی کۆمیته‌ی قوربانیانی ئه‌نفال ئه‌و زنجیره نوسینه‌ی لێوه‌رگرتم، خۆی یه‌ک به‌یه‌ک نوسینی رۆژنامه‌کانی له‌سه‌ر په‌ره‌یه‌ک مۆنتاژ کرد‌و به‌ناوی (چاره‌نوسێکی نادیار)، وه‌ک یه‌که‌م کتێبی تایبه‌ت به ئه‌نفال به تێراژی 500 پەڕە بۆ چاپ و بڵاوکردمه‌وه.
به هۆی هاوڕێ ی ئازیزم کاک ئازاد ئه‌حمه‌د، خاتوو هێڤی عیززه‌ت له‌رێکخراوی میدکۆ وه‌ریگێڕایه سه‌ر زمانی ئینگلیزی و ره‌وانه‌ی هه‌نده‌ران کرا.
له ساڵی 1995 روومکرده پێشانگایه‌کی هونه‌رمه‌ند عه‌تا قه‌زاز له سلێمانی ناونیشانی چاره‌نوسێکی نادر_ م، به سه‌ر یه‌کێک له تابلۆکانه‌وه بینی، پرسیاریی ناونیشانی چاره‌نوسێکی نادیارم لێ کرد وتی: بیرۆکه‌ی به‌رهه‌مێکه له باره‌ی ئه‌نفاله‌وه به ئینگلیزی خوێندومه‌ته‌وه، له‌و کاته‌دا باڵی خه‌یاڵ گه‌ڕاندمییه‌وه بۆ ساڵی 1992، بۆ لای ئه‌و خانه‌واده‌یه‌ی گه‌ڕه‌کی خه‌بات، چه‌ند ئه‌ندامێکیان ئه‌نفال کرابوون، ئه‌و کاته چه‌ند پرسیارێک سه‌ریان ههڵداوو له وه‌ڵامه‌کانی دا، چیرۆکێکی زۆر سه‌رنج راکێشه‌رم لا گه‌ڵاڵه بوو وتیان: به‌یانی وه‌ره‌وه وێنه‌ی ئه‌نفالکراوه‌کانت بۆ ئاماده ده‌که‌ین. ئه‌و شه‌وانه کاره‌با نه‌بوو، له به‌ر چرا که‌م بابه‌ته‌که‌م به زمانێکی دراماتیکی داڕشته‌وه،
سه‌عات 10 _ی به‌یانی روم کرده ماڵه‌که‌و لهدهرگاکهیانم دا، ژنێک ده‌رگاکه‌ی ئاواڵا کرد. تا هێزی تیا بوو هاواری کرد به‌سه‌رما: بۆ وازمان لێ ناهێنیت، به‌ر ده‌رگات لێگرتوین، ئێمه خۆمان هیچمان نییه، ره‌سمی ئه‌نفاله‌کانمان بده‌ین به تۆ ئازوقه‌ی پێ وه‌ربگریت، له شوینی خۆم چه‌قیم! هیچ وه‌ڵامێکم پێ نه‌بوو، هه‌نگاوه قورسه‌کانم به‌ره‌و دواوه کێش کرد، بارانی بەتاو جه‌سته‌ی تهڕکردم، بێ ئه‌وه‌ی هۆشم لای خۆم بێت،کاتێ به‌خۆم زانی گه‌یشتومه‌ته ئاستی ئه‌و سه‌ری کۆڵانه‌که.کاتێ به ئاگا هاتمه‌وه، ئه‌و چه‌ند لاپه‌ره‌ی نێو ده‌ستم، پارچه پارچه کردوه‌و له گه‌ڵ جۆگه‌له‌ی باراناوهکهو قوڕاوی ناو کۆڵانه‌که دا تێکه‌ڵ بووه.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts