عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: لەململانێی سەرۆک کۆمارەوە بۆ ململانێی کۆڕێ.
لەماوەکانی ڕابردوودا و بەئێستاشەوە زۆربەمان لەو کێبڕکێ و ململانێ نالۆژیکی و ناشەریفانەیەی نێوان یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار هێشتا گوچکەکانمان دەزرنگێنەوە بەو هەموو دەستەواژە ناشیرینانەی کەئاڕاستەی یەکتریان دەکرد وه چەندین ڕاستیشمان بۆ دەرکەوت و عەقڵیەتی زۆرێکیشمان بۆ ڕوون بوەوە کەچەندە دەمشڕو ئاستنزمن لەدەربڕین و لێدوانەکانیان لەبەرامبەر یەکدی و چەندە داماووسەرکزیشن بۆنەیارەکانی کورد.
چەند عەیبەیەکی گەورەیە خاوەن پایەبیت و پلەکەت لەئاستی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی یاخود پەرلەمانتاریدا بێت هەندێ وشەو ڕستەو دەستەواژە بنوسیت و دەرببڕیت یا بەکارییان بهێنیت کە هیچ فەرهەنگێک لەخۆی نەگرتبێت لەبەر بۆنی پیس و گەنیوبونیان.
ئەم کێبڕکێ و ململانێیە پێی وتین و ئەو ڕاستیەی بۆدەرخستین کەبۆچی تاکوئێستا ئەوەحاڵی کوردبوە و هەر وەک میزی حوشتر بۆدواوەوەگەڕاوینەتەوە.
هێشتا لەململانێی پۆستی سەرۆک کۆمار تەواونەبوون لەئێستاشدا لەسەر شەڕێک یان خۆتان وتەنی داستانێک کەبەداستانی (کۆڕێ) ناسراو، دیسانەوە گوێکانمان قاندەدەنەوە بەوشەگەلێکی نامۆ بەفەرهەنگ و ئەدەبی کوردی، تەنانەت کارگەیشتۆتە دەرچواندنی ڕاگەیەنراوو بەیاننامە لەسەر ئەو داستانەو ئەمیان خۆی بەخاوەنی دەزانێ و ئەویتریشیان دەڵێ ئێمە خاوەنی ڕاستەقینەی داستان و شەڕەکەین.
باشە لەپێناو پۆستێکی تەشریفاتی سەرۆک کۆمار، یان خۆبەخاوەنی داستانێکدا ئێوە وا بەیەکدەکەن و هیچتان داننانێن بەبەشداری ئەوی دیکەتان لەشەڕێکدا دەبێ چ چاوەڕوانیەکتان لێ بکرێت؟
ئێوە لەسێ دەیەی ڕابردوودا هێندە حوکمڕانیەکی ناشیرین و خراپتان پیشانداین کەخەڵکی خۆزگا بەڕابردووبخوازێت هەرچەندە ڕژێمێکی دیکتاتۆرو داپڵۆسێنەریش حوکمی دەکردن، هێندە ئەم هەرێمەتان تاریککردوە بەکەسێکی کۆچکردوو لەژیان دەوترێت بڕۆ ڕزگارت بوو لەم دنیا هیچ و جەنجاڵە.
ئێوەکارێکی واتانکرد کەهەستی نەتەوەیی و نیشتمانیتان لای تاکی کورد لەگۆڕنا، هیواو ئاسۆی هەموانتان گڕتێبەردا، خەڵکی چی چاندو چی دەدورێتەوە لەجێیدا، خەبات و تێکۆشانی بۆچ ئامانجێک کرد؟ و چ دەرئەنجامێکی لێکەوتەوەو بەدیهات. باشە لەخۆتان پرسیوەیان توێژینەوەیەکتان کردوە کە بۆچی زۆرینەی خەڵکی ئەم هەرێمە بەهەموو توێژەکانیەوە لەدەسەڵات و حوکمڕانیتان وەڕس و ناڕازییە؟
ئێوە کە گوێ بەخوێنی شەهیدان و خەباتی دورودرێژی ئەم میللەتە ستەمدیدەیە و قوربانی و نەهامەتیەکانی نەدەن، دڵنیابن تەمەنی حوکمڕانیتان زۆری نەماوەو نزیک بۆتەوە لەکۆتایی، کورد پەندێکی جوانی هەیەکەدەڵێ: مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە، بەڵام مانگەشەوی ئێوە زووتر دەرکەوتوە.
بۆیە کاتی بەئاگاهاتن تانە لەو خەوە غافڵگیرەتان و چیدی لەوە زیاتر ئەو خەڵکە ماندوتر مەکەن، چونکە بەتەواوی بڕسکیان لەبەربڕاوە و تواناو بەرگەی نەهامەتی و ململانێی تریان نیە.
کەمێک هوشیارو بەئاگابن و خوێندنەوەتان هەبێت بۆ ڕوداوەکانی ڕۆژ و گۆڕانکارییە ناوخۆیی هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان، خاک و خەڵکی کوردستان مەکەنە قوربانی لەم نێوەندەدا.