عەبدولڕەحمان عەلی: کەس تۆمەتبار مەکەن، بەخۆتاندا بچنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی لە 14- 4 لەمۆنۆمێنتی چەمچەماڵ و ئەوەی لە 20- 4 – 2022 لەلەندەنی پایتەختی شانشینی بەریتانیا لەماوەی کەمتر لەهەفتەیەکدا ڕوویاندا، ئاماژەیەکی ڕوون و ڕاشکاوانەی خەڵکی هەرێم و کوردانی تاراوگەیە بۆحکومەت و دەسەڵاتی کوردی لەبەرامبەر نادادی، نایاسایی، گەندەڵی، ناشەفافی، بەرتەسکردنەوەی ئازادی و دەیان قەیران و تەنگەژەکان کە ڕۆژانە بەرۆکی خەڵکی ئەم هەرێمە دەگرن.
تاوانبارکردنی ئەو کەسانەی کەچ لەهەرێم و چ لەتاراوگە بەشداری ناڕەزایی و خۆپیشاندان دەکەن بەبەکرێگیراو توندڕەو و تیرۆریست لەلایەن دەسەڵاتی کوردی و کارەکتەرەکانیەوە جگە لەئیفلاسی سیاسی هیچی دیکەنیە.
بەپێچەوانەوە دەبێت حکومەت و دەسەڵاتی کوردی بەم هەڵوێست و ناڕەزایەتیانە ڕابچڵەکێت و چیتر هێندەبێ باک نەبێت لەئاست ژیان و گوزەران و دابینکردنی پێداویستیە ژیارییەکان بۆ هاوڵاتیان. چونکە ئەوەی ئێستا لەم هەرێمە هەیە بەهیچ پێوەرو پێودانگێک ناتوانرێت پێی بوترێت حوکمڕانی و ئیدارەدانی هەرێم،
چونکە خەڵک ژیانێکی شەرەفمەندانەی دەوێت، ئارامی و ئازادی دەوێت، حوکمدارییەکی ڕاست و ڕەشیدی دەوێت.
نەک هێندە لەم ژیان و هەرێم و حوکمڕانیە توڕەونیگەران بێت ئاوات بەمەرگ بخوازێت و نەفرەت لەو خاکەش بکات کەتێدا هاتۆتەبون و چاوی بەژیان هەڵهێناوە
کاتیەتی دەسەڵات و حکومەتی کوردی ئەم ناڕەزایی و توڕەیی و خۆپیشاندانانەی هاونیشتمانیان بەهەند وەربگرێت و واز لەتۆمەت و تاوانبارکردن بهێنێت، دۆخەکە هەستیارە، ناوچەکە دەکوڵێت، تا کار لەکارنەترازاوە بێنەوە هۆش و واز لەو خەوەغا فڵگیرەتان بهێنن.
سێ دەیەیە خودا ئەم میللەتە بەسەبرو تەحەمولەی پێداون لەجیاتی دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی و ئازادی و بەختەوەری بۆیان، کەچی توشی دەیان نەهامەتی و بارگرانی و دەردەسەری و نەخۆشی بوون بەدەستانەوە.
بۆیە لەبری تاوانبارکردن و تۆمەت بەخشینەوە بۆ هاونیشتمانی خۆت، پەندوعیبرەت وەربگرن و بەخۆتان و شێوازی حوکمڕانیتاندا بچنەوە باشترە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت