عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: کورده‌کانی رۆژئاوا و جینۆسایدی ئابووری!
له 10- 08- 1920 به‌پێی په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ری نیوده‌وڵه‌تی له به‌ندی ( 62، 63، 64) یه‌که‌م په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بوو، مافه‌کانی کوردی له وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ، وه‌ک بابه‌تێکی سیاسیی نێو ده‌وڵه‌تی دیاری‌کرا.
دوای سێ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و په‌یمانه‌دا، له 24- 07- 1923 کۆنگره‌ی لۆزان له‌شاری لۆزانی سویسرا، له نێوان به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسا و ئیتالیا و ژاپۆن و یۆنان و رۆمانیا و سربیا و کرواتیا و سلۆنیا و تورکیا سازکرا، بۆدیاریکردنی ده‌وڵه‌تی نوێی تورکیا، زلهێزه‌کان له‌و کۆنگره‌یه‌دا به په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ردا چوونه‌وه، له‌کاتی دروستبوونی کۆماری تورکیا. هه‌رسی به‌نده‌که‌ی سیڤه‌ریان سڕییه‌وه، به یه‌ک وشه باسی کورد‌و نیشتمانه‌که‌ی نه‌کرا،کورد له هه‌موو مافه‌کانی بێبه‌ری کرا.
دوای نزیکه‌ی 100 ساڵ به‌سه‌ر سیناریۆی لۆزان، ئێستا زلهێزه‌کان دنیا و ناتۆ و روسیا‌و ئه‌مه‌ریکا به هه‌ماهه‌نگی ده‌وڵه‌تی تورکیا له سیناریۆیه‌کی تردا، دژ به مافه‌سه‌ره‌تاییه‌کانی کورد وه‌ستاونه‌وه، به‌رنامه‌و نه‌خشه و پلان و سیناریۆی نوێیان بۆ ئه‌ردوگان داناوه، بۆ گۆڕانکاری نوێ له جوغرافیای کوردستاندا.
دوای گۆڕانکاری هاوکێشە سیاسییه‌کان و سه‌رهه‌ڵدانی شه‌پۆلی داعش، ئه‌ردوگان به نهێنی و به ئاشکرا له‌گه‌ڵ داعش خاوه‌ن یه‌ک ستراتیژ بوون.
یه‌په‌گه و یه‌په‌ژه به ئیراده‌یه‌کی پۆڵاین، زنجیره په‌لاماره‌کانی داعشیان له رۆژئاوای کوردستان تێک شکاند، له‌و به‌رگرییه‌ی یه‌کینه‌کانی گه‌ل و هیزه‌کانی سوپای دیموکرات ، 11 هه‌زار شه‌رڤان دوا هه‌ناسه‌یان به نیشتمان سپارد.
له‌شه‌ڕی به‌رگری و نابه‌رامبه‌ری دژ به هیزی زه‌مینی و ئاسمانی ده‌وڵه‌تی تورکیا، ده‌یان شه‌رڤان به‌خوێنی خۆیان خاکی نیشتمانیان سوورکرد، له‌و شه‌ڕو به‌رگریانه‌ی شه‌رڤانان بوونه مایه‌ی تێڕامانی دنیا، بوون به ئه‌زمونێکی نوێی پڕ له تراژیدیای به‌رگریی بێ وێنه.
داستانی شکۆی به‌رگری تراژیدیای کۆبانی و مه‌زڵوم کۆبانییه‌کان بوون به هێمای شکۆی جیهانی، ویژدانی ئۆباما‌و زلهێزه‌کانی دنیا‌و مرۆڤایه‌تییان شه‌رمه‌زار کرد.کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و زلهێزه‌کانی دنیا، ده‌وڵه‌تی سوریا، نه‌ده‌بوو به‌ری ره‌نجی شکۆی ئه‌و رووباره خوێنه‌ی یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه بۆ پارێزگاری له نیشتمان دژ به داعشه‌کان و سوپای زه‌مینی و ئاسمانی ئه‌ردوغان بخه‌نه په‌راوێزه‌وه.
به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی به‌ریتانیاو فه‌ره‌نساو ئیتالیا، ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆبه‌رژه‌وه‌ندی سیناریۆی وڵایه‌تی موسڵ، هه‌ر سێ به‌نده‌که‌ی سیڤه‌ر و کوردیان له لۆزان سڕییه‌وه، ده‌بوایه ئه‌مجاره‌یان به‌پێی په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مافه‌کانی کوردیان له ههرێـمێکی سه‌ربه‌خۆ له رۆژئاوای کوردستان دیاری بکردایه.
حکومه‌تی سوریا ئابڵۆقه‌ی ئابووری خستوه‌ته سه‌ر کورده‌کانی رۆژئاوا‌و هه‌موو ده‌روازه‌کانی لێ داخستوون، ده‌وڵه‌تی تورکیاش هه‌موو ده‌روازه‌ی سنووره‌کانی له سه‌ر داخستوون، بۆ ئه‌وه‌ی جینۆسایدی ئابووری کورده‌کانی رۆژئاوا بکه‌ن، کورده‌کانی رۆژئاوا له‌و جوغرافیا دیاریکراوه‌دا زیندان بکه‌ن. ئه‌رکی حکومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و و حیزبه کوردییه‌کانی باشووربوو، کارئاسانی‌یان بۆ بکه‌ن بۆ گه‌یاندنی خواردن و که‌لوپه‌ل و که‌ره‌سته‌ی پێویست. به‌ڵام حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و په‌رله‌مان و حیزبه‌کانی باشوور، په‌یڕه‌وی هه‌مان پلان و نه‌خشه‌و به‌رنامه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و ئه‌ردۆغان ده‌که‌ن، ده‌روازه‌ی (سێمێلکا )و هه‌موو سنووره‌کانیان له کورده‌کانی رۆژئاوا داخستووه.
ژیانی ئێستای کورده‌کانی رۆژئاوا له بازنه‌یه‌کی داخراوی فشاری سیاسیی و ئابووری زۆر قورس و دژواردایه، پێداویستیه‌کانی خۆراک و که‌ره‌سته‌و که‌لوپه‌لیان زۆر که‌می پێ ده‌گات، نرخی پێداویستیه‌کانی رۆژانه‌یان له بازاڕدا زۆر بەرز بوهتهوەو له توانای دابینکردندا نییه. ئایا داخستنی ده‌روازه‌کانی سنووری هه‌رێم له‌کورده‌کانی رۆژئاوای کوردستان له‌م بارودۆخه دژوهرهدا له خزمه‌تی کێ دایه؟
ئایا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و په‌رله‌مان و حیزبه سیاسییه‌کانی باشوور به‌م هه‌ڵوێسته‌یان په‌یڕه‌وی هه‌مان پلان و به‌رنامه‌و نه‌خشه و سیناریۆی به‌شار ئه‌سه‌دو ئه‌ردۆگان ناکه‌ن؟
ئایا به‌م جۆره برسی کرد‌و دژواره‌ی باری بژێوی و گوزه‌رانی کورده‌کانی رۆژئاوا، کورد رۆڵی داگیرکەران نمایش ناکاته‌وه‌و کورد رۆڵی جه‌للاد نابینێ بۆ ئه‌نفال و جینۆسایدی کورد.
ئه‌رکی په‌رله‌مان و هه‌موو حیزبه‌کانی کوردستان و هه‌موو تاکێکی کورده له ناوه‌وه‌و ره‌وه‌ندی کورد له ده‌ره‌وه، وه‌ک ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و کلتووری و مرۆڤایه‌تی، به هه‌موو بیر‌و بۆچونه جیاجیاکانه‌وه، فشار بخه‌نه سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ده‌روازه‌ی (سێملکا ) و سنووره‌کان له به‌رده‌م کورده‌کانی رۆژئاوا بکه‌نه‌وه. به‌م جۆره جینۆسایده ئابوورییه نامرۆڤایه‌تی یه، با ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردی باشوور، کوردەکانی رۆژئاوا له‌مه زیاتر برسی و جینۆسایدی ئابووری و ماڵ وێران نه‌که‌ن.