رێباز مام شۆرش: پەیوەندى نێوان نەوەکان لە ناو یەکێتیى.
پەیوەندى نێوان نەوەکان وەک هەموو بابەتەکانی تر، لە بارودۆخێکى شێواو ئاڵۆسکاویدایە و رایەڵەى نێوانیان ئامادەبونێکى کزولاوازى هەیە. زۆرن ئەوانەى پێیان وایە پێویستە جیلێک جیلى پێش خۆى سەدلەسەد رەتبکاتەوەو هەندێکجار ئەم تێروانینە بەرگى شۆرشگێریشى بەبەردا دەکرێت، کەمیش نین ئەوانەى هەمیشە سڵ لە خوێنى نوێ دەکەنەوەو ئەزموونى کارکردنى خۆیان تەقدیس دەکەن و لاى ئەوان ئەستەمە جیلێک پێبکات وەک خۆیان ئەرکەکان جێبەجێبکات، ئەم دوو بۆچونە پێچەوانە لە ئاراستەدایە، کرۆکى ململانێێ نێوان نەوەکان لە سەرجەم کایە جۆراوجۆرەکانى ژیانى سیاسى، ئابوورى، کۆمەڵایەتیدا پێکدەهێنن.
هۆکارى دڕدۆنگى و نەبوونى پەیوەندییەکى سروشتى، بەشێکى پەیوەندیى بە کەلتوریى باوى کۆمەڵگەوە هەیە و بەشەکەى تریش بەرەژەوەندى تاک تەحەکومى پێوەدەکات، هەندێک جاریش بەهۆى غیابى نەریتى دیموکراتییەوە، لەیەکتر نەگەیشتن و یەکتر نەخوێندنەوە لە ئاستى پێویستدا نابێت، یاخود تێنەگەیشتن و نەبوونى هۆشیارى دیموکراتیى، وایکردووە هەر کەسەو راستیەکان تەنها لەلاى خۆى دەبینێت و رەهایى بە ماف و ئازادییەکانى خۆى دەدات، و ئەوانیتر بەهەند وەرناگرێت، لە کاتێکدا سەرجەم رەوتە فکرییە جیاوازەکان و رێسا نێودەوڵەتییەکانیش لە سەر ئەو پێناسەیەى ماف کۆکن، کە دابینکردنى ئازادى و مافە کەسییەکان تا ئەو راددەیە گرنگە، کە زیان بە بەرژەوەندییە گشتییەکان نەگێنێت.
ئایا چۆن نەوەیەک دەناسرێتەوە، یان بەچ پێوەرێک جیلێک لە جیلێکى تر جیادەکرێتەوە، ئایا تەمەن پێوەرە، مۆدیڵى ژیان، یان کێشەیەک ناسنامەى جیلێک دروست دەکات، رەنگە تەمەن تەنها جیاوازى بێت، کە زۆرترین راکان لە سەرى کۆکبن، بەڵام نابێت بوونى کێشەیەکى گەورەو ئامانجێکى پیرۆز لە کۆکردنەوەى نەوەیەک لە چوارچێوەى خۆیدا بە هەنت وەرنەگرین،هەر جیلێک پرسێک کۆیان دەکاتەوە و ناسنامەیان بۆ بەرهەم دێنێت، جیلێک بەرەنگارى ستەمى نەتەوەیى دەبێتەوەو جیلى دواى ئەوان لە نێو گرفتە ئابورییەکان و شەرى ناوخۆ و گەندەڵییدا دەبێتە قوربانى.
پەیوەندى نێوان جیلى پێش راپەرین و دواى راپەرین لە نێو حیزبەکانى کوردستاندا، بە یەکێتیشەوە یەکێکە لەو پرسە ، کە دەچێتە ناوئاخنى کۆمەلناسى و فەلسەفەى دواى راپەرین و گۆرانى سەردەم و تەکنەلۆژیا، هەرچەندە بە وردیى لەم بابەتە نەکۆلتراوەتەوە، بەڵام بە سەرنجدانى ئاماژەکان دوو جیهانبینى زیاترمان دەکەوێتە بەرچاو، یەکێکیان بارگاوییە بە بارودۆخى گشتى هەرێم لە پێش راپەرینداو دووەمیشیان تەواو هاوتەریبە لەگەڵ بارودۆخى دونیاى دەرەوەدا، سروشتییە، ئەگەر ئەم دوو تێروانینە جیاوازبین ، بەڵام ئایا خاڵى لێکچون و هاوبەش لە ئارادانین، بێگومان چەندین خاڵى هاوبەش هەن، کە دەکرێت بکرێنە رایەڵەو تەوەرەى بنیادنانى پەیوەندییەکى سوود بەخش بۆ سەرجەم کۆمەڵگە، بەتایبەت هێنانەدى ئامانجە گشتییەکان.
لە نێو چالاکى سیاسى و تێکرای چالاکییە ئابووریى و کۆمەڵایەتییەکاندا، وەک دەرئەنجامێکى سروشتى، ئاساییە چەندیین بیرو بۆچون و پەرژەوەندیى جیاواز ئامادەبین، چونکە جیاوازییەکان ئەگەر رێکبخرێن، لەلایەک گەورەترین سوود بە پرۆسەى دیموکراتیزەکردنى کۆمەڵگە و دەسەڵات دەگەیەنێت، لەلایەکى تریشەوە دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ پێکهێنانى پەیوەندییەکى تەندروست لە نێوان جیلەکاندا.
کێبەرکێ کە لە پێناو بەرهەمى باشتر و کارکردنى گونجاوتر لە کۆمەڵگە پێشکەوتوەکاندا ئەنجام دەدرێت، داینەمۆیەکى دروستى پارێزگاریکردن و بەرەوپێشبردنى دەسکەوتەکانە.
لە ژیانى سیاسیدا بێگومان بوونى سیستەمێکى دیموکراتى دەتوانێت ئەو فەزاییە فەراهەم بکات و زەمینەسازیى بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندیى هەمواندا برەخسێنێت، ئەگەر بمانەوێت گۆرانگەر بە ئاراستەى کۆمەڵى مەدەنى ببینین، ئەوا بەر لە هەر بابەتێک پێویستە بیر لە پەیوەندیى نێوان نەوەکان و چۆنیەتى پێکەوە کارکردنیان بکەینەوە، ئۆڵف پاڵمى وتەیەکى جوانى بەنرخى هەیە، دەلێت: پێویستیمان بە راهێنان و فێرکردنى جیلێک هەیە بۆ باشتر گەشەپێدانى ئەو ئاستەى پێیگەیشتووین.