ڕۆزا باروچ: بۆچی ئێمه دژی شه‌ڕی ڕوسیاین، به‌ڵام بۆ تورکیا بێده‌نگین؟
وەرگێرانی له ئه‌ڵمانییه‌وه: هیوا ناسیح
ڕۆزا باروچ، به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوردی باکوری کوردستانه، دکتۆرای له کۆمه‌ڵناسی سیاسیی‌دا له ئه‌ڵمانیا به ده‌ستهێناوه، له ئێستدا ئه‌ندامه له سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵناسی له شاری فلۆره‌نسی ئیتالیا. ئه‌و پسپۆڕیی له گه‌لانی بێ‌وڵات و به تایبه‌تی له سه‌ر گه‌لی کورد هه‌یه، زۆر وتار و لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی له گۆڤار و رۆژنامه به‌ناوبانگه‌کانی وه‌ک زه نیویۆرک تایمزدا بڵاوکردۆته‌وه.
ئێمه هێرشی ڕوسیا له قاودهدهین، به‌ڵام بۆمبابارانی تورکیای ئه‌ندامی ناتۆ ڕوی لێوهردهگێڕین، دەربارهی ده‌بڵمۆراڵی وڵاتانی رۆژئاوا.
وا فڕۆکه شه‌ڕکه‌ره‌کان و چه‌کی قورس به‌کار ده‌هێنرێت، بۆمبا‌باران ده‌کرێت، خه‌ڵکی سیڤیل ده‌کوژرێن و بریندار ده‌کرێن. له سێبه‌ری جه‌نگی ڕوسیادا دژ به ئۆکراینه، فڕۆکه جه‌نگییه‌کان و بێفڕۆکه‌وانه‌کانی تورکیا وا جارێکی تر ده‌فڕن به سه‌ر کوردستاندا. پاش رۆژانێکی زۆری بۆمبابارانی ئاسمانی و زه‌مینی شه‌وی دووشه‌می جه‌ژنی هه‌ستانه‌وه‌ی مه‌سیح سوپای تورکیا ده‌ستی کرد به هێرشێکی به‌رفراوان به ناوی چنگی قفڵ له ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان. ئایا ئه‌مه یاخیبوونه له کۆمه‌ڵگای نێوەدهوڵهتی؟ نه‌خێر. ناوی هێرشه‌کان به‌فه‌رمی گوایا بریتین له (جه‌نگی دژه تیرۆر). وته‌بێژی ئاکه‌په ئومه‌ر چه‌لیک ئاماژه به مادده‌ی 51 جاڕنامه‌ی نهتهوەیهکگرتوهکان دا، که‌وا (مافی داکۆکی له خۆکردن)ی تێدا نوسراوه. به‌و مانایه‌ی، که سه‌روه‌رێتی نه‌ته‌وه و سنوری وڵاتی تورکیا له مه‌ترسیدایه.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی واقعی و جدی سه‌ربازی له‌سه‌ر تورکیا هه‌بێت، بێ ده‌نگی لێکرد. له میدیاکاندا لێره‌و له‌وێ هه‌واڵێکی کورت له په‌راوێزدا ده‌بینین، که باس له ئۆپه‌راسیۆنێک بۆ سه‌ر پێگه‌کانی پارتی کرێکاران ده‌کات. خۆکه‌ڕکردن هه‌یه له باره‌ی ئه‌وه‌وه، که تورکیا ئه‌ندامی ناتۆیه و به‌م هێرشه مافی گه‌لان پێشێل ده‌کات.
له کاتێکدا هێرشی ڕوسیا بۆ سه‌ر ئۆکراینه هه‌ر زوو له قاودرا و کۆمه‌ڵێک سزای خرایه سه‌ر، که‌چی به‌رامبه‌ر هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر کورده‌کان که ده‌یان ساڵه به‌رده‌وامه، له لایه‌ن هه‌مان (پارێزه‌رانی به‌هاکانی رۆژئاواوه) چاو داده‌خرێت! سه‌رۆکایه‌تی ئه‌ڵمانیا به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی حکومه‌تی تورکیا یه‌کتر ده‌بینین و جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی هاوبه‌شێتی و په‌یوه‌ندی نێوان تورکیا – ئه‌ڵمانیا ده‌که‌نه‌وه. ئێستا تورکیا، که‌وا ڕوسیا جه‌نگی له دژی ئێمه ده‌کات، گوایه نێوه‌ندگیرێکی گرنگه.
له ئوکراینه ئۆکراینهییهکان ده‌کوژرێن، به‌ڵام له کوردستان (تیرۆرسته‌کانی پارتی کرێکاران)، نه سزا ده‌خرێته سه‌ر وڵاته دۆست و هاوبه‌شه‌كه‌مان، نه رێگای ئه‌منیش بۆ کورده‌کان ده‌کرێته‌وه لێوه‌ی ده‌رباز بن، کاتێک له بۆمباکانی تورکیا هه‌ڵبێن. له کاتێکدا سنور بۆ هه‌ڵاتوان و په‌نابه‌رانی ئۆکراینی له کاتی خۆیدا ده‌کرێته‌وه، ده‌بێت په‌ناخوازان و هه‌ڵاتوانی کورده‌کان له سنوره‌کانی بیلاروسیا و پۆڵه‌ندا گیربخۆن، له ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا بخنکێن، یان له ئه‌ڵمانیا مافی مانه‌وه‌یان پێنادرێ و ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه، ئه‌مه ده‌بڵ مۆراڵییه‌که، که ئه‌سته‌مه ته‌حه‌مول بکرێت.
تاوانه جه‌نگییه‌کانی ڕوسیا که دژ به مافی گه‌لانه، هێرش بۆ ناو ئۆکراینه، کۆمه‌ڵکوژی، کۆگۆڕهکان، بۆمبابارانه‌کانی سه‌رجه‌م شاره‌کانی شۆکێکی ئه‌خلاقی به‌دوای خۆیدا هێنا، چونکه ئه‌وروپا زۆر ده‌مێکه جه‌نگی وای به خۆیه‌وه نه‌دیوه. به‌ڵام له بری ئه‌وه‌ی که گفتوگۆ به‌دوای خۆیدا بهێنێت، چ سیاسه‌تێک پێویسته له ئێستادا، چاره‌سه‌ریی ناوه‌ند له مه‌سه‌له‌ی مافه‌کانی مرۆڤدا ناکرێت و له‌پێشینه‌یه، له بری ڕه‌وشه‌که هێمن بکرێته‌وه، یه‌که‌م جار دێن پڕ چه‌کی ده‌که‌ن. لێره ده‌رده‌که‌وێت که لایه‌نی میلیتاریزه‌کردنێکی بێ ئه‌ملاولا به‌سه‌ر ئه‌رکه ئهخلاقییهکهدا ده‌ده‌ن. دیاره ئه‌مه به‌دڵی لۆبییه‌کانی چه‌کفرۆشتنه له ته‌واوی جیهاندا، له پێش هه‌مووانه‌وه سه‌رکرده‌کانی جه‌نگ، وه‌ک له تورکیادا، که‌وا ئه‌م دیسکورسه (گوتار)ه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌کاربهێنن. پشتیوانی تورکیا به پێدانی چه‌کوچۆڵ و ته‌کنیکی نوێ له لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه، وا ده‌کات، تورکیاش هه‌مان کار له کوردستاندا بکات، که ڕوسیا له ئۆکراینه ئه‌نجامی ده‌دات. جه‌نگ به‌سه‌ر ته‌واوی دانیشتوان به به‌رده‌وامی و له ده‌ره‌وه‌ی سنوری وڵاته‌کان به‌رپا بکات.
کاتێک هاوکات ناوی جه‌نگ و هێرشه‌کان به (داگیرکاری روسیا بۆ ئۆکراینه) و (بوونی تورکیا له سوریادا) بهێنرێت، کاتێک هه‌ردوو توندوتیژییه‌کان لایه‌کیان به جه‌نگ ناوبنرێت و له لایه‌کی تر به ئۆپه‌راسیۆنی سوپا، کاتێک به کوژراوه‌کانی ئۆکراینه بوترێت قوربانییه‌کانی جه‌نگی ئۆکرانی و هی کورده‌کانیش به تیرۆریسته‌کانی پارتی کرێکاران، ئیتر ڕێک له‌م کاته‌دایه، که ئێمه تێده‌گه‌ین، که پێشێلکردنی مافی گه‌لان ڕه‌وایه، ئه‌گه‌ر له لایه‌ن ئه‌ندامێکی ناتۆوه ئه‌نجام درا، چونکه هاوبه‌شی خۆیانه.
بۆمبای تورکی خه‌ڵکی سیڤیل به‌ڕێکه‌وت ناکوژێت
حکومه‌تی تورکیا ده‌توانێت له ده‌مێکه‌وه بێ هیچ کێشه‌یه‌ک درۆن (فرۆکه‌ی بێفرۆکه‌وان)ه‌کانی و فڕۆکه جه‌نگییه‌کانی به‌سه‌ر هه‌موو پارچه‌کانی کوردستاندا بفڕێت و بۆمبابارانیان بکات، وه‌ک له ئێستادا و له ناوچه‌کانی مه‌تینا، زاپ و ئاڤاشین و هه‌روه‌ها له رۆژئاوای کوردستاندا و شاری کۆبانی ده‌یکات. ئه‌م هێرشانه هه‌میشه دژ به پێگه‌کانی شه‌ڕڤان و گه‌ریللا کورده‌کان نییه، وه‌ک ده‌گوترێت، به‌ڵکو خه‌ڵکی ناوچه سیڤیلنشینهکانیش ده‌گرێته‌وه. ئه‌مه چه‌ند نمونه‌یه‌کی پێشێلی مافه‌کانی گه‌لانه له‌لایه‌ن هێرشه‌کانی هێزی هه‌وایی تورکیاوه له ساڵانی رابردوودا: له ئابی 2011دا له ناوچه‌ی کورته‌کی باشوری کوردستان. چوار مانگ دواتر له ڕۆبوسکی له سه‌ر سنوری ئێراق – تورکیا، یان ساڵی و لە 2015دا و له ناوچه‌ی زارگه‌لی باشوری کوردستان. ئه‌م هه‌موو جارانه خۆ به ڕێکه‌وت نین، که بۆمبه‌کانی تورکیا خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ده‌کوژن.
ئه‌م سیاسه‌ته دوژمنکارانه‌یه‌ی تورکیا دژ به کورده‌کانی دراوسێ له لایه‌ن دۆسته هاوبه‌شه‌کانی رۆژئاواوه (ئه‌ندامانی ناتۆ – و.) هه‌میشه یان چاوی لێنوقێنراوه یان ڕاسته‌وخۆ پشتگیرش کراوه! کاتێک هێزه‌کانی کورده‌کان به سه‌ر قه‌ڵه‌مڕه‌وێتی (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی)دا سه‌رکه‌وتن و بزوتنه‌وه‌ی کورده فێمنیسته‌کان دیموکراتیه‌ت ئازادی ژنانیان به ده‌ستهێنا، سوپای تورکیا، که دووه‌م گه‌وره‌ترین هێزی ناتۆیه، گه‌وره‌ترین هێرشی به هاوکاری هێزه ئیسلامییه تیرۆریسته به‌کرێگیراوه‌کانی نزیک له خۆیه‌وه ده‌ستپێکرد. به‌م شێوه‌یه شاری فره‌کولتوری و تا ئه‌وکاته پارێزراوی جه‌نگی سوریا، شاری عه‌فرین ساڵی 2018 بووه شانۆی شه‌ڕێکی سه‌خت و به هێزی هه‌وایی و زه‌مینی، داگیرکاری و ده‌ربه‌ده‌رکردن و زه‌وتکردن. له‌و کاته‌وه شاره‌که به پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و وه‌ک داگیرگه‌یه‌ک له لایه‌ن تورکیاوه به‌ڕێوه ده‌برێت.
ده‌کرا له باشترین حاڵ‌دا پێش له ڕوودانی پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ وه‌ک گوله‌بارانکردنی ژنه سیاسه‌تمه‌دار هێڤین خه‌ڵه‌ف له کوردستانی سوریا له لایه‌ن هێرشی تورکیاوه ساڵی 2019 بگیرێت، لای که‌می پێویست بوو که له قاوبدرێت، سزای بخرێته سه‌ر، ئه‌م شتانه لای ئه‌وروپاوه وه‌ک شتێکی ڕاگوزه‌ر نه‌بووه، به‌ڵکو حساباتی سیاسی له پشته‌وه بووه. به‌مه‌دا مامه‌ڵه‌ی ئه‌وروپا – تورکیا به په‌ناخوازانه‌وه به‌دیارکه‌وت. بۆ ئه‌وه‌ی تورکیا زیاتر و به‌رده‌وام په‌ناخوازان له ئه‌وروپا به دوور بگرێت و رێ‌یان لێبگرێت، بۆ ئه‌مه ره‌خنه گرتن له تورکیا، جارێ ئه‌گه‌ر هه‌ر بگیرێت، و له‌سه‌ر سه‌رکێشییه‌کانی زۆر به وریاییه‌وه ده‌رده‌بڕێت. له پێش هه‌موو شتێکیشدا لێکتێگه‌یشتن و رێککه‌وتنی له‌سه‌ر ده‌کرێت. ئه‌مه‌ش هه‌ر له پێدانی چه‌كوچۆڵ به دڵێکی فراوانه‌وه به تورکیا، وه قه‌ده‌غه‌کردنی کۆمه‌ڵه کوردییه‌کان له ئه‌ڵمانیا و تا ده‌گاته ناردنه‌وه‌ی کورده‌کان که هه‌ڵاتون بۆ تورکیا، که‌وا سزای زیندانیی درێژ چاوه‌ڕوانییان ده‌کات، خۆی ده‌بینێته‌وه.
کوا (سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی فێمنیستی) حکومه‌تی ئه‌ڵمانیا له کوێدا خۆی ده‌بینێته‌وه؟
دواجار و له ئێستادا که جه‌نگی دژ به ئۆکراینه بابه‌تی مۆراڵ و ئه‌رکه‌کانی هێناوه‌ته‌وه پێشه‌وه، کاتی ئه‌وه هاتوه، که جه‌نگه‌کان به ناوی خۆیانه‌وه ناوبنرێن، به چاوپۆشین له‌وه‌ی له لایه‌ن ئێمه‌وه یان هاوبه‌شه‌کانی ناتۆوه، یان که‌سانی تره‌وه به‌رپا ده‌کرێن. سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یی فێمینیستی، که‌وا حکومه‌تی ئه‌ڵمانیا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کات، ده‌بوایه ده‌مێک بوایه هێرش و پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤی له لایه‌ن تورکیاوه ره‌خنه بکردایه، گفتوگۆی سزادانی بکردایه، کاری بکردایه بۆ ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی له تورکیادا، هه‌مئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارتی ئۆپۆزسیۆنی هه‌ده‌په بکردایه، هاوکار و پشتیوانی له دهستپێشکهریهکانی کۆمه‌ڵه و رێکخراوه سیاسیه‌کانی کۆمه‌لگای ئه‌وێ بکردایه. په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی کورده‌کانی ناوچه‌که سازکردایه، چاره‌سه‌رێکی سیاسییانه‌ی بۆ کێشه‌ی کورده‌کانی میانگیری بکردایه و جیاکاریی و تاوانبارکردنی کۆمه‌ڵه و رێکخراوه کوردییه‌کانی له ئه‌ڵمانیادان بوه‌ستاندایه.
وه له پێش هه‌موودا بۆ هه‌موو هه‌ڵاتوان و په‌ناخوازان هه‌مان پاناگه و پارێزگاری چوونیه‌ک فه‌راهه‌م بکرایه، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا بۆ هه‌ڵاتوانی جه‌نگی ئۆکراینه ده‌کرێت، کاتێک ئه‌مانه هیچی ڕووینه‌دا و نه‌کرا، ئه‌وا ئێستا حکومه‌تی ئه‌ڵمانیا ڕاستگۆیی خۆی له په‌یوه‌ند به ئه‌رکی ئه‌خلاقی و بگره سه‌رکۆنه‌کردن و دژ بوون به جه‌نگی ئۆکراینهش له ده‌ست ده‌دات.
سه‌رچاوه: رۆژنامه و سایتی (Die Zeit) ی ئه‌ڵمانی، که یه‌کێکه له به‌ناوبانگترین رۆژنامه‌کانی ئه‌و وڵاته.https://www.zeit.de/zett/politik