سەردەشت محەمەد: لەپرسی نەوت و غازدا کێ براوەیەو کێ دۆڕاو؟
ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا مێژوویەکی قوڵ و دورودرێژیان هەیە، ئەم ناکۆکیانە تەنها خۆیان لەپرسی ڕادەستکردن یاخود ڕادەست نەکردنی دۆسێی نەوت و غازدا نابیننەوە، ناکۆکییەکان بابەتی سیاسی و ئابوری و خاک و نەتەوە و زۆر بابەتی دیکەن،بەڵام ئێستا پرسی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ قوڵبونەوەی ناکۆکییەکان لەڕیزبەندی یەکەمدایە،
ڕۆژی 15- 02- 2022 دادگایی باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارێکی لەبارەی ڕادەستکردنی نەوت و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرد و تائێستاش گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئەوبڕیارە بەردەوامی هەیە و حکومەتی هەرێم ئەو بڕیارە بە بڕیارێکی سیاسی ناودەبات و پێی وایە کۆمەڵێک مەبەستی سیاسی دیکە لە پشتی ئەوبڕیارەوە بوونیان هەیە، کە ئەمەش تاڕادەیەک بەلای شەقامی کوردییەوە ئاشکرایە، بەڵام مامەڵەی خراپی حکومەتی هەرێم لەگەڵ دۆسی نەوت بەتایبەتی و بەکارهێنانی بۆبەرژەوەندی شەخسی و حیزبی و هەروەها شاردنەوەی ناوەڕۆکی ئەوگرێبەستە نەوتیانەی کەهەرێم لەگەڵ کۆپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوتدا کردویەتی وایکردووە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەقۆناغی ئێستادا زۆر گرنگی بە مەترسییەکانی پشت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق نەدەن. ئەوەندەی بەلایانەوە گرنگە کە حکومەتی عێراق هەرچی زووە پەلەبکات لەجێبەجێ کردنی بڕیارەکەیدا و هەرچی زووە دۆسێی نەوت لە هەولێرەوە بگوازێتەوە بۆ بەغدا. ئەمە تەنها لەپێناوی دەربازبوون لەو قەیرانە دارایەی کە حکومەتی هەرێم بۆ خەڵکی کوردستانی خوڵقاندووە. بەڵام ئەگەر بێتو تۆزێک وردتر لەم پرسە بڕوانین ڕەنگە بۆ ئێستا و لە قۆناغێکی کورت مەودادا بتوانرێت بەهۆی ئەو بڕە بودجەیەی کە بەغداد لەبەرامبەر وەدەست کەوتنی نەوتی هەرێمدا ڕەوانەی دەکات، خەڵکی کوردستان گرفتی دواکەوتنی موچەیان تاڕادەیەک چارەسەرببێت. بەڵام لە قۆناغی دورمەودادا دورنییە جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان دوچاری هەمان گرفت و بگرە گرفتی گەورەتریش ببنەوە. چونکە هەموان دەزانین کە عێراق وڵاتێکی هێندە سەربەخۆ و خاوەن بڕیاری سیاسی خۆی نییە کە بتوانێت پلانی درێژخان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی دابڕێژێت. بەڵکو خودی بەغدادیش هەموکات چاوی لە هێزە ئیقلیمی و نێوەوڵەتییەکانە بۆ ئەوەی گرفتەکانی و بەتایبەت کێشە سیاسییەکانی بۆ چارەسەربکەن. ئەوەتا دەبینین ماوەی هەشت مانگە هەڵبژاردن لەعێراقدا ئەنجامدراوە و کەچی تائێستا بەهۆی دەستێوەردانی دەرەکییەوە نەتوانراوە حکومەتی نوێ لەعێراقدا پێکبهێنرێت. کەواتە لێرەوە مەترسییەکانی پشت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراقمان زیاتر بۆ ڕوندەبێتەوە و کەڕەنگە لەداهاتوودا هەمو ئەو هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیانەی کە لەعێراقیەکان زیاتر خۆیان بەخاوەنی عێراق دەزانن بیانەوێت جارێکێکی دیکە پرسێکی دیکە بۆ دروستکردنی گرفت لەنێوان هەولێر و بەغدادا بێننەوە گۆڕێ و ئەوکات تەنها ئەوەی زیانی پێدەگات و دۆڕاوی نێو ئەو ململانیانەیە خەڵکە،وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەی باجی بێپلانی و ناعەدالەتی و نەبونی شەفافیەت لەداهاتی نەوت و نانەوتی و نەبونی خزمەتگوزاری پێویست دەدات چی لە بەغداد و چی لەهەولێر تەنها خەڵکە نەک سیاسیەکان.
- بابەتەکانی تری سەردەشت محەمەد
سەردەشت محەمەد: بارین گیان، ئێمەش گریاین.
-سەردەشت محەمەد: چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.!
-سەردەشت محەمەد: هەڵبژاردنێکی سەخت، بەڵام پڕگۆڕانکاری.
- All Posts