زاهیر باهیر: ئایا دەکرێت ئەم سیستەمە لە ڕێگای ریفۆرمەوە چاكبکرێت؟
پێش هاتنە سەر باسەکە دەبێت ئەوە بڵێێم بە هەزاران پەرتووك و توێژینەوە و وتار لەسەر ئەم بابەتە نوسرەاون و بە دەیەهاش بڕوانامەی دکتۆرای لەسەر وەرگیراوە. لەبەر ئەوە ئەمەم نوسینە نەك ڕەنگە جێگای ڕەزامەندی گەلێك نەبێت، بە دڵنیایییشەوە مایەی قەناعەتکردن بە هیچ کەسێکیش نییە، بەڵام دەکرێت پرسیار لای خوێنەر بورووژێنێت.
هەمیشە سێ جۆر تێڕوانینی جیاواز هەبووە بەرانبەر بە سیستەمی مەوجوود.
تێڕوانینی یەکەم/ کە تێڕوانینێکی باو و سەردەمیانەیە نوێنەرایەتی ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە گۆڕانکاریی ڕەت دەکەنەوە و ڕادەستی سیستەمەکە بوون.
تێروانینی دووەم/ دەزانن کە ئەم سیستەمە کەم و کوڕی هەیە و بەڵام تا ئێستا ئەمە باشترین سیستەمێکە لای ئەمان کە بەشەرییەت بە خۆیەوە دیوە. بە ڕای ئەمان دەکرێت بە بەردەوامی لە نێو هەناوی خۆیدا ڕیفۆربکرێت و باشتر ببێت. بۆ ئەمەش باوەڕيان بە هەڵبژاردن و گروپی فشاریی و جۆرە چالاکییە چاکسازییەکان هەیە ، کە دەتوانین ناوی لایەنی ڕیفۆرمیستیان لێبنێین.
لایەنی سێیەم/ کە کەمایەتییەکی زۆر کەمن و لە لایەن زۆرینەوە بەڵگە و پاساوەکانیان ڕەتدەکرێتەوە، ئەمانەش ئەو کەس و لایەنانەن کە باوەڕیان بە گۆڕانکاریی سەرەکی/ بنەڕەتیی واتە هەڵتەکاندنی تەواوی سیستەمەکە و گۆڕینی بە سیستەمێك کە کۆمەڵی ناچیانیەتی و ناپلەبەندییە.
من خۆم لە لایەن و کۆمەڵی سێیەمدا دەبینمەوە. ڕەنگە نەتوانم جێگرەوەیەکی دروست بخەمە بەردەمی هەموو ئارگویمێنیتکەران، چونکە کەسێك نییە کە بتوانێت گوزارشت لە کۆمەڵێ ئایندە بکات، جگە لە پێشبینی ئەوەی کە مرۆڤایەتی ناکرێت هەتا هەتایە لە سای ئەم سیستەمەدا ژیان بکات بە ڕیفۆرمیش ئیسڵاح ناکرێت. بەڵام دەتوانم بە بەڵگەو بە ئامارەوە گوزارشت لە باش و خراپی کۆمەڵ و سیستەمی سەردەم بکەم.
هاوکاتیش گرانە بۆ من کە قسە لەسەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و کەنەدە بکەم، بەڵام بۆ قسە لەسەر بریتانیا گرفتێك لەوێدا نابینم.
بریتانیا کە خاوەنی یەکەم شۆڕشی پیشەسازی و دایکی سیستەمی پەڕلەمانی جیهانی و یەكێكە لە وڵاتە گەورەکان کە کۆڵۆنایزی گەلێك و ڵات و نەتەوەی کردووە، هەر ئاواش دووم یا سێیەم وڵاتی ئەوروپا و شەشەم وڵاتی دونیاییە لە دەوڵەمەندی و پێشکەوتنی پیشەسازیییەوە، دەکرێت نموونەی زیندوو و واقیعیمان بداتە دەست لە ژیانی کۆمەڵەکەی و ئاراستەو بەردەوامبوونییەوە.
من لەم نوسینەدا هەوڵدەدەم زۆرێك لە لایەنەکان و دەزگە خزمەتگوزارییەکان و ژیانی خەڵکەکەی هەر زۆر بە کورتی بە ئامار و بەڵگەوە بخەمە بەردەم ئەوانەی کە ئەم وتارە دەبینن تاکو، گەر بیانەوێت، ژیان لە سایەی سیستەمەکەدا وەکو خۆی ببینن.
یەکەم/ ژیان بە گشتی لە بریتانیا.
ژیان لێرە ڕۆژ بە ڕۆژ گران و گرانتر دەبێت. گرانییەك کە بریتانیا لە دوای حەفتاکانەوە و هەندێك لە توێژەرەوانی بواری ئابوریی دەڵێن لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە، ئەم وڵاتە نەیدیوە بە خۆیەوە. من لە زۆرێك لە پۆستە فەیسبووکییەکانما و لە نوسینەکانی دیکەمدا باسم کردووە. کەلێنی نێوانی سەرمایەداران، سامانداران لەگەڵ خەڵکەکەی تردا لە گەوەرەبوندایە، داهاتی خەڵکی لە داکشاندابووە زۆر لە پێش شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە. پێش شەڕەکە بانقی ناوەندی بریتانیا ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2023 دا داهاتی خەڵکی دەگەڕێتەوە ڕادەی داهاتی ساڵانی پێش 2010 وە، واتە پێش قەیرانە داراییەکە. بی گومان لە ئێستادا دەتوانین بڵێین بە هۆی ئەم جەنگەوە لە ساڵی 2023 دا ئەمە ڕوونادات. هەندێك لە ئابووریناسەکان دەڵێن لە ساڵی 2030 دا داهات بە داهاتی پێشس سەردەمی قەیرانی دارایی 2008 ڕێکدەبێتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم ڕۆژانە کە ڕاپرسی لەسەر کراوە لە بریتانیا 2 ملیۆن خەڵکی پێگەیشتوو [ڕوشد] ناتوانن کە هەموو ڕۆژێك خواردن بخۆن بە هۆی گرانییەوە، واتە هەر لە 7 کەسی ڕوشد یەك کەس. ئەم گرفتە لە مانگی جێنیوەری ئەمساڵەوە بە بڕی لە سەدا 57 زیادی کردووە.
وەزیرەکان بۆ حەلی ئەم بارودۆخە ناهەموارە چارەسەری سەیر سەیریان پێیە! بۆ نموونە وەزیری هاتوچۆ پێشنیاری ئەوە دەکات کە پشکنینی ساڵانەی سەیارە ببێتە هەر دوو ساڵ جارێک، گوایە ئەمە بۆ هەر سەیارەیەك 23 پاوەند دەگێڕیتەوە، بێ گویدانە پرسی سەلامەتی ڕێگاوبانی هەموان. وەزیری پەروەردە، نەدیم زەهاوی، کە کوردە پێشنیاری ئەوەی کردووە کە ساڵێك زووتر منداڵ لە قوتابخانە وەرگیرێت و تەمەنی چوونە قوتابخانە نزمبکرێتەوە، گوایە ئەمە پارەی ساڵێكی دایەن و دایەنگا بۆ دایکان و باوکان دەگێڕێتەوە.
لە ساڵی 2010 و تاکو ئێستا حکومەت بە بڕی لە سەدا 60 بودجەی شارەوانییەکانی کەمکردۆتەوە ئەمەش بووەتە هۆی داخستنی سێنتەری گەنجان، کتێبخانە گشتییەکان، کەمکردنەوەی پاسە لۆکاڵییەکان و گۆڕینی ڕێڕەویان، کارایی لەسەر ریسایکلین داناوە هەروەها لەسەر هونەر و کولتوریش.
کەلێنی نێوانی توێژاڵی دەستەبژێر [ ئێلیت] و کرێکاران بە ڕادەیەکی ئێکجار زۆر فراوانتر بووە. بە گوێرەی توێژینەوەیەك و ڕاپرسییەك کە ساڵێك زیاتر پێش لە ئێستا کراوە ژمارەی جێ بەجێەکەرانی هەندێك لە کۆمپانیاکان [ بەڕێوەبەرە گەورەکان] کە 350 کەسن بڕی موچەیان 53 جار ز یاترە لە کرێکارێکی ئاسایی. لەم ژمارەیە 43 بەڕێوەبەریان موچەیان 100 جار زیاترە لە کرێکارێکی ئاسایی. موچەی ساڵانەیان لە 15.5 ملیۆن پاوەندەوە تا دێتە سەر 8 ملیۆن، ئەوەیان کە موچەی لەوانی دیکە زیاترە جێ بەجێکاری کۆمپانیای ئەسترا زینیکە یە.
دووەەم/ وزەو سووتەمەنی.
غاز و کارەبا و بەنزین و گازۆیل بە گشتی لە هەموو ئەوروپا بەرزبوونەتەوە، بەڵام لە بریتانیا بە ڕادەیەکە کە جێگای باوەڕ نیە. لە سەرەتای مانگی نیسانەوە غاز بە ڕێژەی لە سەدا 54 چوەتە سەرەوە و لە مانگی ئۆکتۆبەریشدا دووبارە سەردەکەوێتەوە لەبەر ئەوەی کە بڕیارەکەی حکومەت لە سەر دانانی نرخی غاز بەسەر دەچێت و ئەو کاتە کۆمپانیاکان لە بەرزکردنەوەیدا ئازاد دەبن. ئەمە لە کاتێکدا کە بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم چەند ڕۆژە کۆمپانیای پیترۆلی بریتانی لە ماوەی 3 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 5 ملیار پاوەندی قازانج کردووە کە دووقاتی ساڵانی پێشووە بۆ هەمان ماوە، 3 مانگ. هەر ئاواش کۆمپانیای’ شێڵیش’ ش بۆ هەمان ماوە 7.3 ملیار پاوەندی قازنج کردووە. نرخی بەنزین و گازۆیل لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا 30 پێنس زیادی کردووە.
ڕاستە بەشێكی گرانبوونی ئەمانە و سەراپای پێداویستییەکان هاتنە دەرەوەی بریتانیایە لە یەکێتی ئەوروپا و بوونی شەڕەکە و بەردەوامبوونێتی. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانەش نەبوایە ژیان ساڵانە سەختتر دەبێت. هەڵئاوسانی پارە لە مانگی ئازاردا لەسەدا 7 بوو کە زیاترە لە 30 ساڵ لەمەوبەر و وا پێشبینی دەکرێت کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا سەرکەوێت بۆ لەسەدا 10. هەموو ئەمان لانی کەم داهاتی ساڵانەی خێزانێکی ئاسایی بە بڕی 1500 پاوەند دابەزاندووە.
ڕاستییەك هەیە کە ڕێژەی بێ کاریی زۆر نزمە، بەڵام ئەوە بە هۆی ئەوەوەیە کە خەڵکێکی زۆر ناچارن کارێك بکەن کە کرێیان لە خوار لایەنی کەمی کرێوەیە، نزیکەی ملیۆنێك کەسیش وێڕای کارکردنیان، بەڵام موچەیان ئەوەندە نزمە بە یارمەتی سێنەتەرەکانی خواردن بەخشینەوە دەژین. ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو لەوانەی کە کار دەکەن لەسەر سیستەمی زیڕۆ کۆنتراکتن واتە بێ گرێبەستیی و هیج جۆرە مافێکیان لە پارەی نەخۆشی و نەخۆشی منداڵیان و هۆڵیدەیی و خانەنشینیەوە نییە، هەموو چرکەیەکیش خاوەنکار بۆی هەیە دەری بکات و ئەمڕۆ کاری پێدەکات و بەیانی نایەوێت. هاوکاتیش خەڵکێکی زۆر خۆیان تۆمار کردووە کە کار بۆ خۆیان دەکەن تاکو لە فشار و هەراسانکردنی دەزگەی سۆشیال ڕزگاریان بێت و هیچ نەبێت یەك دوو دانەیەك لەو بیمانەی کە وەری دەگرن بەردەوام بێت.
سێیەم/ بەشی تەندروستیی.
لە ماوەی ئەم 30 ساڵەی دواییدا هەموو کارئاساییەك بۆ کردنەوەی خەستەخانە و عیادەی تایبەت کراوە تا ڕادەی فەرامۆشکردنی هەندێك بەشیان. هەندێك لە بەشەکانی خەستەخانەکانیش وەکو بەشی چارەسەری کتوپڕی و بەشی منداڵبوون کە کاتی خۆی لە هەموو خەستەخانەیەکدا هەبوون ئەوە چەند ساڵێکە کە هەر بە سێ خەستەخانە یەکێك لەو بەشانەی تێدایە . بەشی ئیسعاف و فریاکەوتن کەرتی دەوڵەوتی و کەرتی تایبەتی بە هاوبەشی بەڕێوەی دەبەن. کەرتی تایبەتی لەمەدا پارەیەکی خەیاڵی بەدەست دەهێنێت. لە سەر و 6 ملیۆن کەس لە ئینگلەنددا ، لە لیستی چاوەڕوانی خەستەخانەدان بۆ وەرگرتنی چارەسەر. خەستەخانەکان نزیکەی 5 هەزار دکتۆر و 40 هەزار نێرسی دیکەیان پێویستە. زۆر جار نەخۆش لە بەشی ئیمێرجنسی 24 کاژێر و هەندێك جاریش 48 کاژێر چاوەروان دەکات تاکو بگوێزرێتەوە بۆ قاوشەکان ، هەندێکیش کە داوای ئیسعاف دەکەن چەند سەعاتێك چاوەڕانی دەکەن تا ئیسعاف دەگات.
لە بواری دانسازیشدا ورەدە وردە لە سای حکومەتی موحافیزین و حکومەتی لەیبەردا زۆرێك لە عیادەکان کرانە کەرتی تایبەتی. لە ساڵی پارەوە زیاتر لە 2000 دکتۆری ددان کەرتی دەوڵەتییان بەجێهێلاوە، ژمارەیان 23،733 دکتۆر بووە لە کۆتایی ساڵی 2020 و دابەزیوە بۆ 21،544 . لە ئێستادا وا خەمڵێنراوە کە 4 ملیۆن کەس لە بریتانیا بێ دکتۆری ددانن. لە هەندێك ناوچەدا بۆ 100،000 کەس تەنها 32 دکتۆری ددان هەیە.
چوارەم/ پرسی خانووبەرە و بێ جێگا و ڕێگایی.
کێشەی خانووبەرە و بێ جێگایی و بێ ڕێگایی لە ساڵی 1979 وە کە مارگرێت تاچتەر هاتە سەر حوکم ئەم گرفتە لە گەورەبوون و فراوانبوودایە. هۆکاری سەرەکی بۆ ئەمە دروستنەکردنی ژمارەی خانوی تەواو بوو لە لایەن حکومەتی موحافیزینەوە، هاوکاتیش تاچتەر یەكێك لەو ڕیفۆرمانەی کە کردی سیاسەتی Right to Buy بوو واتە مافی کڕین. بۆ پیادەکردنی ئەم سیاسەتە ئەو کەسانەی کە لە خانوەکانی شارەوانی و خانوەکانی جەمعییەکانی خانووبەرەدا دەژییان، مافی کڕینی خانوەکەیان پێدارا بە داشکاندنی 15 هەزار پاوەندی ئەو کاتە. لە ساڵی 2015 دا ئەم برە پارەیە واتە خەڵاتە بەرزبووەوە بۆ 50 هەزار پاوەند. بێ گومان ئەم سیاسەتە نەك هەر وای کرد کە ژمارەی ئەو خانوانە کەمببێتەوە و سەرەی دەستکەوتنیان بچێتە سەرەوە و بەڵکو ئەمە دانیشتوانی خانووەکان بوونە خاوەن خانوو و بەستنیەوە بە خاوەنکارەوە کە لە کاتی مانگرتندا جاران یەک جار بیریان لێکردبێتەوە ئێستا دەبێت جەند جارێك بیر لە مانگرتن بکەنەوە چونکە بە مانگرتنیان یانی بێ پارەییان ، ئەمەش یانی نەدانی سلفەی عەقارەکەیان بە نەدانیشی لە لایەن بانقەوە دەست بەسەر خانووەکەدا دەگیرا. هاوکاتیش بانقی پێ دەوڵەومەندتر کرد بە هێنانی سلفەوەرگری زیاتر بۆ کڕینی خانووەکانیان.
بێ گومان هۆکاری دیکەش هەن بۆ ئەمە هەر وەکو کەمکردنەوەی بیمەی خانوو کە لە لە کاتێکدا دانیشتوان کاریان بکردایە، هاتنی خەڵکی زۆر بۆ ئەم وڵاتە و کڕینی خانوویەکی زۆر لە لایەن نەك هەر دەوڵەمەندەکانی ناوخۆ بەڵکو دەوڵەمەندەکانی شوێنەکانی تریشەوە وەکو دەوڵەمەندانی وڵاتانی کەنداو. ئەمانە هەموی کارایی خۆی لەسەر زیادکردنی کەسانی بێ خانوو و ئەوانەی کە لەسەر شەقامەکان شەو و ڕۆژ بەسەر دەبەن دانا. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ ڕێژەی ئەوانەی کە لە سەر شەقامەکان دەژین لە ساڵی 2010 وە تا ئەمساڵ بە ڕێژەی لە سەدا 38 زیادی کردووە.
پێنجەم/ منداڵان لە سای حوکمی لیبراڵدا.
لەم کۆمەڵە بەناو مەدەنییەدا منداڵان و ژنانی تەنهاباڵ [ واتە هەر خۆی لە تەك منداڵەکانیدا دەژی] و کەمئەندامان و خانەنشینان گەورەترین باج دەدەن. لێرە بە گوێرەی ڕاپۆرتی فەرمی نزیکەی 3 ملیۆن منداڵ لە هەژاریدا دەژین، بە هاتنی ئەمساڵیش 350 هەزار منداڵی دیکە لەو لیستەدا ناونوسکران. خراپی ژیان و گێرمە و کێشەکانی، ژیانی خێزانی هەڵوەشاندۆتەوە و ئیدمانبوونی زۆرێك بە مادە هۆشبەرەکان و خراپ مامەڵکردنی منداڵان تا ڕادەی لاقەی جنسی کە بەشێکی لە لایەن خودی خێزانەکە و دەور و بەرە نزیکەکەیانەوەیە، هەموو ئەمانە وای کردووە کە زۆرێك لەم منداڵانە کە ژیانێکی زۆر خراپیان هەیە یاخود مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا دەکرێت ببرێنە بەشی خزمەتگوزاری سۆشیال یاخود شوێنی بە ئاگابوون لە منداڵان. بەڵام هەندێك لەم منداڵانە لە تەمەنی مێردمنداڵییاندا ڕووبەڕوی گرفتی گەورەی وەکو مادە هۆشبەرەکان و شەڕ و چەقۆ وەشاندن دەبنەوە ئیتر دەنێرێنە شوێنێك کە پێی دەڵین Custody [ بەشی ئاگالێبوون – ڕیعایە] هەم بۆ گەورەکردن و هەم بۆ پەروەردەکردنیشیان بۆ ڕزگارکردنیان لەو گرفتانەی کە هەیانە.
بە گوێرەی راپۆرتی دیوانی محاسەبەی نیشتمانی [The National Audit Office ] کە لە ساڵی 2021 دەریکرد دەڵێت نیوەی لەسەدا 53 ئەو منداڵانەی کە لە بەشی کەستەدی-ن لە گروپە ئیتنیکییەکانن. پێشبینی ئەوە دەکرێت کە ژمارەی ئەوانەی کە لە کەستەدین لە ساڵی 2024 دووقات ببێتەوە.
هەفتە نییە لە شارێک لە شارەکانی بریتانیا چەندەها کەس بە چەقۆ یاخود گولە نەکوژرێن لە ژن و گەنج و تا دەکاتە پیرە پیاو و پیرێژن، بەشێك لەمانە مێردمنداڵانن کە بە هۆیەك لە هۆکارەکان ئاڵاون لە مادە هۆشبەرەکانەوە و لە لایەن گەوەرەکانی دەڵاڵ و قاچاخچی ئەو مادانە، ئەو منداڵانە بەکاردهێنرێن. بە گوێرەی ئامارێکی نوێ تاوانکردن بە ڕێژەی لە سەدا 14 سەرکەوتووە. کوشتنی ژنان لە لایەن مێرد و برادەر و کەسانی ناسیاویانەو ڕووداوێکە کە هەفتانە لانی کەم دوو ژن دەبنە قوربانیی.
شەشەم/ دیمۆکراتیی و ئازادیی.
کە باس لە دیمۆکراتی دەکرێێت وادەزانرێت هەر هەموو دەزگەکان لە هەموو بوارەکاندا بە هەڵبژاردنە بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هەڵبژاردنە تەنها بۆ ئەندام پەرلەمان و ئەندامانی شارەوانییە کە نە نوێنەرایەتی گەل دەکەن و نە نوێنەرایەتی کۆمۆنێتییەکە بەڵکو نوێنەرایەتی دەنگدەران دەکەن . ئەوەی کە گرنگە بە هیچ شێوەیەك دەنگی لەسەر نادرێت کە ئەویش ئەو سیاسەتە سەرەکیانەیە کە حکومەت دەیکێشێت بۆ نموونە لە دروستکردنی شەڕ و داگیرکردنی وڵاتانی دیکە ، بڕین و کەمکردنەوەی بیمەکان ، فرۆشتنی خانوەکانی شارەوانی ، دانانی یاساو ڕیساکان ، کەمکردنەوە و زیادکردنی باج و دانانی ڕاوێژکارەکانیان . لە لایەکی تریشەوە دانانی دادوەر و سەرۆکی پۆلیس و دەزگە سیخوڕییەکان و سەرۆكی بانق و بەڕیوەبەرە گەورەکانی کۆمپانیاکان و دەزگەکانی دیکە بە دەنگدان نییە.
سەبارەت بە ئازادیی-ش لەم وڵاتەدا هیچ جۆرە ئازادییەك نییە کە کاراییەکی کەم لەسەر سییاسەتی دەوڵەت دابنێت تەنانەت ئەو گروپە فشاریانەش کە دروستدەبن بە هەموو شێوەیەک لەژێر چاودێری پۆلیس و دەزگەی سیخوریدان. پۆلیس لەم وڵاتەدا دەسەڵاتی رەهای هەیە ، ئازادیی نییە لە خۆپیشاندان و پرۆتێست و مانگرتندا. کەسە چالاکە نقابییەکان یا چەپەکان و سۆشیالیست و ئەنارکستەکان لەژێر جاودێری سەر و مڕی پۆلیسدان لە کات داواکردنی ئیش دا یاخود گواستنەوە بۆ ئیشێکی تر شوێنی کاری تازە بەهۆی پۆلیسەوە کونییەی کەسەکەی لە لایە و بەو شێوەیەش ئەو کەسە لە وەرگرتنی کارەکە مەحروم دەبێت .
هەر لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی پێشووەوە بۆ نزیکەی 40 ساڵ زیاتر دەزگە سیخوڕییەکان و پۆلیس چاودێری 1150 گرپی چەپەکان کردووە و چوونەتە ناویانەوە. لەم ماوەیەدا 131 پۆلیس تێکەڵاوی گروپەکانی ژینگە و چەپەکان و ئەنارکیستەکان بوون بۆ سیخوڕیکردن بەسەریانەوە. ئەمەش لە سەرەتای ئەم چەرخەوە دەرکەوت و ئێستا پاش داوا قەیدکردنی ئەو کچە گەنجانەی کە پێیان هەڵەخەڵەتان و منداڵیان لێدروستکردن و دواتر خۆیان ون کرد ، لە سەریان لە پارەکەوە لیپرسینەوە و لەگەڵ پۆلیس و بەرپرسانیان بۆ ئەم مەسەلەیە دەکرێت. هێشتا ئەو لێکۆڵینەوەیە بەردەوامە و دووبارە بۆ بەشێکی دیکەیان لە ڕۆژی سێ شەمەوە، 09/05/ وە لێکۆڵینەوە دەستی پێکردۆتەوە. من پێشتر بە دەیەها بەڵگە و ئامارەوە بە وتار و پۆستی فەیسبوکی ئەمەم خستۆتە بەردەم خوێنەر.
حەوتەم/ گەندەڵی و ڕسوایی [ فەزیحە].
ئەو گەندەڵییەی کە لەم وڵاتەدا هەیە وێرای هەبوونی میدیا و سۆشیال میدیایەکی چالاك و لایەن و دەزگەی وەچ دۆگ و هۆشیاریی خەڵکەکە لەم وڵاتەدا هەیە، رەنگە ئەم گەندەڵییە هەر لەو وڵاتانەدا هەبێت کە کاتی خۆی کۆڵۆنی بریتانیای عوزما بوون وەکو عێراق و پاکستان و هیندستان و نایجیریا و … بەڵام تەنها جیاوازییەکە لێرە و لەوێ بە یاساییکردنی دزی و گەندەڵییە بەناوی کردنی لۆبیی-یەوە. من لەسە رئەمە لە ساڵی 20111 دا وتارێکی دوور و درێژم نوسی، بەڵام لەو کاتەوە گەندەڵییەکان زیاتری کردووە نەك کەمتر وەکو کڕینی خەڵاتی مەلیکە کە حیزبەکان بە تایبەتی حیزبی موحافزین کەسەکان هەڵدەبژرێت، کڕینی پلەی نۆبڵ و Sir خاتوون / خانم و پایە ی حکومەیی، وەرگرنتی کۆنتراکت و قۆنتەرات، بە تایبەت لەو کاتەوەی کە پەتای کۆرۆنا سەری هەڵداوە بە دەیەها ئابڕوچوون و گەندەدڵی لە حکومەت دەرکەوتووە.
هەشتەم/ پرسی ژینگە.
باوەڕ ناکەم کەس بتوانێت بەرگریی لە سەلامەتی ژینگە کە سەلامەتیی هەموو گیانلەبەر و زیندەوەرێكە بە مرۆڤیشەوە لە سای ئەم سیستەمە و دەوڵەتەکانییەوە لە هیچ شوێنیکی ئەم دونیایەدا بکات و ژینگەش پارێزراو بێت. ڕووداوە سروشتیەکانی وەکو سەرکەوتنی پلەی گەرمیی تا ڕادەی ئاگرکەوتنەوە و وشککردنی هەموو شتێك وەکو چۆن پارەکە لە کوردستاندا ڕویدا ، لافاو و تۆفان ڕوداوێکن کە بە بەردەوامی ڕوودەدەن و ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر و بە دەوامتر ڕوودەدەن. باوەڕ ناکەم کەسێك هەبێت نکوڵی لەمە بکات . ئەم بارودۆخەش مرۆڤ کردە نەك خوا کرد، سەرەنجامی سیستەمی چیانیەتی و باڵادەستی و سەروەریی و بزنسە و دەوڵەت ناتوانێت لغاوی بزنس و تەماحی کەڵەکەی زیاتری سەرمایە بکات و ژمارەی سامانداران مەحف بکاتەوە لەبری زیاترکردنیان.
ئەنجامگیریی
من لێرەدا لەو کەسانە پرسیار دەکەم کە لەم وڵاتە و وەکو ئەم وڵاتەدا دەژین کە ئەگەر ئەم هەموو گیروگرفتەی هەبێت و ساڵ بە ساڵیش خراپتر دەبیت ئایا دەکرێت ئومێدی ئایندەی باشتری لیبکەیت؟ دوای ئەوەش لەو کاتەوەی کە من لەم وڵاتەدا دەژیم فرمانداریی هەر سێ حیزبە سەرەکییەکە: پارتی موحافیزین، پارتی کرێکاران [لەیبەر] پارتی لیبراڵ دیمۆکرات هەر هەموویانمان بینی لەگەڵ پارتی سەوزی ئەڵمانی کە جیراڵد شرۆدە-ی سەرۆکی پارتی سەوزی ئەوێ بووە چانسلەر، ئێستا سەرۆکی پرۆژەی Nord Stream ئەندامێکی چالاکی بۆردی Gazprom یشە. ڕاستە ‘پارتی کرێکاران’ لێرە [ بریتانیا] کە هاتە سەر حوکم چەند ڕیفۆرمێکی کردووە وەکو زیادکردنی بیمەی منداڵان و دانانی جۆرێکی دیکە لە بیمە بۆ هاوکاری زیاتری ئەوانەی پێویستیان پێیەتی و بەرزکردنەوەی بڕێکی کەم لە داهاتی خانەنشینان، بەڵام هاوکاتیش سسیتەمی کاری هاوبەشی کەرتی دەوڵەت و کەرتی تایبەتی دانا، فرۆشتنی خانووەکای شارەوانی زیاتر کرد، بەپشتی دەوڵەتی ئێرە ئەمەریکا شەڕی ئەفغانستان کرد و عێراقی داگیرکرد، مەنحەی قوتابییانی زانکۆی بڕی و کردی بە قەرز جگە لە تۆێژاڵێکی زۆر کەم کە دەکرێت بە بەلاش زانکۆ تەواو بکەن. قەرزی قوتابییانی زانکۆ کە ساڵانە لە 9 هەزار پاوەندەوە دەسیتپیدەکات پارەیەکی ئێکجار زۆرە کە بڕێکیان تا کۆتایی ژیانیان ڕەنگە نەتوانن ئەو پارەیە بدەنەوە.
با واز لە هەموو ئەو ئامار و ئاماژانە کە من لەم وتارەدا پەنام بۆ بردوون بهێنین و بیانخەینە سەبەتەی خۆڵەوە و پشتی پێنەبەستین، بەڵام حەقیقەتێك هەیە ، واقیعێك هەیە و تەرجومەی ژیانیحاڵی کۆمەڵ دەکات کە ساڵ بە ساڵ بارودۆخی بژێوی و سیاسی و کۆمەڵایەتمییان خراپتر دەبێت. من نامەوێت لیستی ئەوانە بکەم چونکە هەموومان ئەوە لە ژیانا دەبینین. بەڵام دەکرێت پرسیارێکی دیکە بکەین هەر لەو واقیعەوە، گەر ژیانی خەڵکی باشتر بووبێت بە تێپەڕینی 12 ساڵی ڕەبەق کە 3 هەڵبژاردنی گشتی بەڕێکرد و پاش فشارێکی زۆری گروپە فشارییەکانیش ئەی بۆچی لە هەلبژارادنی ئەندامانی شارەونییەکانی ڕۆژی 5 ی ئەم مانگە [ ئایار] دەنگدەر سزای حیزبی حاکمیان دا نزیکەی 400 کورسییان لەدەست چوو؟ بڵیی خەڵکی بە هەڵە ئەمەیان کردبێت؟ یاخود بێ عەقڵ بووبێتن و هەستیان بە باشبوونی ژیانیان نەکردبێت پاش تێپەربوونی ئەم هەموو ساڵە؟ بۆچی خەڵك بە بەردەوامی لەسەر شەقامەکانن سەبارەت بە پرسی ژینگە، ئازادیی، کوژرانی ژنان، قورسبوونی ژیان، چاكسازی لە خەستەخانە و قوتابخانەکان، خانوو بەرە و بێ جێگا و ڕێگایی..؟
حوکمڕانانی بریتانی نەك هەر لە باشکردنی ژیانی هاووڵاتیانیانا شکستیان هێنا بەڵکو لە سیاسەتی دەرەوەیان و باشکردنی ژیانی هاووڵاتیانی وڵاتەکانی دیکەش لە ڕێگای گۆڕیینی رژێمەکانیانەوە شکستێکی ئێکجار گەورەیان هێنا: نموونەی زیندوو عێراق، سوریا، لیبیا، ئەفغانستان. ساڵانە لە ئەفغانستان 4.5 ملیار پاوەندیان سەرف کردووە، بەڵام لە کۆتاییدا تالیبانیان هێنایەوە سەر حوکم.
بێ گومان دەبێت ئەوەش بزانرێت ئەوانەی کە دێنە سەرحکوم جێ بەجێکەری فرمانەکان و پیدوایتستییەکانی بزنسن بۆ سەرمایەی زیاتر بە کردنی داخوازییەکانی بزنس بە یاسا بۆ هەژارکردنی هاووڵاتیان و کەلەبچەکردنی “یاسا شکێنان”.
لایەنگری لە دەوڵەت و سیستەم بە دانی لەسەدا 80 موچە بۆ ئەو کرێکارانەی کە کاریان لە سەردەمی کۆرۆنادا، دەکەنە دەسکەگوڵی دەوڵەت و باشی دەوڵەتمان پێدەفرۆشنەوە. لە ڕاستیدا ئەوە سەراپای دەوڵەتەکانی ئەوروپا هەمویان هەمان سیاسەتیان بەکارهێنا. مەسەلەکەش لە مرۆڤدۆستی و دڵسۆزی و وەلایان بۆ کرێکاران نەبوو، بەڵکو لەبەر خاتری خۆیان و پاراستنی دەوڵەت و سیستەمی کاریکرێگرتە بوو. دەتوانیت چاوەڕوانی چی بکەیت کە 28 ملیۆن کرێکار لە بریتانیادا بکەیتە بەتاڵە و فڕێیان بدەیتە سەر جادە، جگە لە پرۆتێست و ڕاپەڕین و دەستبەسەراگرتنی هەموو سوپەرمارکێت و کارگەکان و دەزگە دەوڵەتی و کەرتە تایبەتییەکان؟ 28 ملیۆن کرێکار لانی کەم 40 ملیۆن کەس بە موچە و کرێی ئەوان دەژین. ئەمە جگە لەوەی گەر موچە نەبێت خەڵك چۆن قەرزی بانق و سلفەی عەقار و کرێی خانوو قیستی کۆمپانیای تەئمین و پارەی غازو کارەبا و سوتەمەنی بداتەوە، ئایا بزنس لە دەوڵەت خۆش دەبێت لە حاڵەتی ئاوادا؟ بێ گومان نا.
بۆ ئەمە دەوڵەت 5.2 ملیار پاوەندی سەرف کرد کە لەمە 3.5 ملیاری چوونە لای کەسان و کۆمپانیا و بزنسی ساختە کە هەندێکیان هەر وجوودیان نەبوو. حکومەت لەم بڕە پارەیە 2 ملیار پاوەندی ئەو قەرزەی سڕییەوە، چونکە خۆشیان نەیاندەزانی چۆن سەرفیان کردووە. ئەوەشی کەماوەتەوە لە غەر غەرەدایە. ئەمە هاوکارییەکەی دەوڵەت بوو.