سەرکۆ یونس: هەرێم و ئابوری کرێخۆر.
ئابوری هەرێمی کوردستان، لە(30) ساڵی ڕابردودا، چەندین هەورازو نشێو و سەرووخواری کردووە، لەهەمانکاتدا بەدەست چەندین کێشە و دیاردەی گەورە و گرانەوە دەناڵێنێت.
زاراوەی ئابوری کرێخۆر، لەسەدەی بیست بەربڵاو بوو، بە ئابوری ئەو وڵاتانە دەوترێت، کەدەوڵەمەندن بەسەرچاوەی زۆری دەرامەتە سروشتییەکانی وەک نەوت وغاز، کانزاکان.
سەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵات، بەڕێژەیەکی زۆر لەیەک سەرچاوەوە دێت، وەک نەوت یان غازی سروشتی.
لەم شێوازە ئابوریانەدا، چینێکی کەمی دەسەڵات، دەست دەگرن بەسەرداهات ودەستکەوتەکاندا، خێروبێری سامانەسروشتییەکە دەستەیەک لێ ی سوودمەند دەبن. هەروەها جیاوازی چینایەتی دروست دەبێت، ڕێژەی بێکاری و هەژاری بەئاشکرا لەهەڵکشاندا دەبێت. خزمەتگوزارییەگشتییەکان، سنوردار دەبن، بەتایبەتی ئاو وکارەبا و ڕێگاوبان و خزمەتگوزارییەشارەوانییەکان.
لەدە ساڵی ڕابردوی ئابوری هەرێمی کوردستاندا، سەرچاوەی داهاتەکانی هەرێم، ڕێژەی سەرەکی پشتی بەنەوتی فرۆشراو بەستوە، سەرەڕای بوونی کەرتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی وگەشتوگوزار وتاڕادەیەک پیشەسازی، بەڵام هەر نەوت بەشادەماری داهاتەکان ئەژمار دەکرێت.
داهاتی نەوتی فروشراوی هەرێم، سەرەڕای کەموکوڕییەکانی لەگرێ بەست و فرۆشتن و نرخەکەی، بەڵام پشکی شێری لەدابینکردنی مووچەدا بەردەکەوێت.
هەرچەندە، ئامارێکی دروست و زانستی لەبەردەستدا نیە، بەڵام وا دەردەکەوێت، ڕێژەی بەشداری کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، لەنزمترین ئاستدایە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی پلان و سیاسەتی ئابوری لەهەرێمدا.
نەبوونی سیاسەتی ئابوری
ئابوری هەرێمی کوردستان، لەدوای ڕاپەرین وپێکهێنانی یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێمەوە، بەدرێژایی 30 ساڵی ڕابردوو، بەدەست نەبوونی سیاسەتی ئابوری دەناڵێنێت، تائێستاش دیار نی یە، پەیڕەوی کام لەجۆرەکانی سیاسەتی ئابوری دەکرێت!
گواستنەوەی ئابوری هەرێم، لەسۆشیالیستیەوە بۆ بازاڕی ئازاد گەورەترین هەڵەی مێژووی ئابورییە لەهەرێمدا.
تاپێش پرۆسەی ئازادی عێراق، هەرێمی کوردستان سەرەڕای گەمارۆی ئابوری و شەڕی ناوخۆ و بڵاوبونەوەی گەندەڵی ودوو ئیدارەیی، دەتوانین بڵێن، خاوەنی خۆژێنی سەربەخۆ بوو لەسەبەتەی خۆراک وخواردەمەنیەکاندا.
بەدرێژایی تەمەنی کابینەکانی حکومەتی هەرێم، هیچ جۆرە پلانێکی زانستی دوورمەودا نەبووە بۆ بەڕەنگاربونەوەی مەترسییەکان و قەیرانەکان، ڕاستە هەندێ لەوەزارەتەکان پلانی پەرەپێدانی کەرتێک یان بەرهەمێکیان داڕشتوە، بەڵام لەواقیعدا خاڵ وبەندەکانی پلانەکە جێ بەجێ نەکراوە.
هەربۆیە لە 15 ساڵی ڕابردودا، نەوت لەهەرێم، بەشادەماری داهاتەکان دانراوە، ڕێژەی(80%) داهاتی خەرجی ساڵانە لەنەوتی فرۆشراوەوە بەدەستهاتووە.
هەرچەندە لێرەو لەوێ، حکومەت هەوڵی فرەسەرچاوەکردنی داهاتەکان دەدات، بەڵام وادەردەکەوێت هەر نوسراوی سەر کاغەز بێت، چونکە ئەم هەوڵانە، پێویستە بەپلانی زانستی و واقیعی بێت، کەلەگەڵ بارودۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی هەرێمدا بگونجێت.
بەپێ ی هەندێ ئامار، لەساڵی 2003 ەوە نزیکەی 100 ملیار دۆلار هاتوەتە ناو هەرێمەوە، بەڵام بەهۆی گەندەڵی سیاسییەکان و نەبوونی پلان، بەفیڕۆدانی سەدان ملیار دۆلار، نەتوانرا هیچ یەکێک لەکەرتەکانی تری وەک کشتوکاڵ و گەشتوگوزارو پیشەسازی پەرەیان پێ بدرێت.
بەپێ یاسای بودجەی ساڵانی پێشوو، لە(70%) تەرخان دەکرا بۆ خەرجی بەگەڕ(مووچە) و ڕێژەی (30%) بۆ بواری وەبەرهێنان بووە، لەساڵی 2014 حکومەتی هەرێم، یاسای بودجەی گشتی نی یە.
نەوت وغازی سروشتی، لەئەولەویەتی کارەکانی حکومەتی هەرێمە و کەرتەکانی تری وەک کشتوکاڵ وپیشەسازی وگەشتوگوزار، پشتگوێ خراون. گرنگی دان بە نەوت وغاز دەدرێت، لەئاستی باڵادایە وهەرچی سێکتەرەکانی ترە پشتگوێ خراون، هەرئەمەش مەترسیەکە گەورەتر دەکات، چونکە هەرگۆڕانکارییەک لەنرخی نەوت، ڕووبدات راستەوخۆ داهاتەکانی هەرێم کەمدەبنەوە.
هەروەها، کێشەسیاسیەکانی نێوان هەولێرو بەغدا، دیسان کاریگەری لەسەر داهات و بودجەی هەرێم دەبێت.
لەئێستادا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەهەوڵی هەناردەکردنی غازی سروشتی یە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپی، بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەیەکی خێرای غازی سروشتی رووسیا وئێران.
ئەم هەنگاوانە گرنگن بۆ ئابوری وداهاتی هەرێم، پێگەی ئابوری سیاسی هەرێم لەناوچەکەو جیهاندا بەهێزتر دەکات، بەڵام نابێت مەترسی و دەرئەنجامەکانی پشتگوێ بخرێن، بەتایبەت لەڕووی سیاسی و یاساییەوە.
ئەگەر بەم سیاسەتەی ئابوری بڕۆینە پێشەوە، ئەوا ئیتر بەتەواوەتی ئابوری هەرێم، دەبێتە ئابورییەکی کرێخۆر، بۆ نەوت وغازی سروشتی.
کەرتەکانی تری هەرێم، تووشی داتەپین و داڕوخانی تەواوەتی دەبن، ناچار بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ژیان، پشت بەهاوردە دەبەستین، ئاشکرایە، هاوردەکردنی شمەک وپێداویستیەکان، ئاسەواری خراپ بۆ ئابوری هەرێم دەهێنێت، وەک هەڵاوسان و چوونەدەرەوەی پارەو داهات، لەدەرئەنجامدا، ڕێژەی بێکاری زیاتر هەڵدەکشێت و کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی و تەنانەت سیاسیش دەخوڵقێنێت.
پێویستە لەسەر حکومەت ولایەنەسیاسیە باڵادەستەکانی هەرێم، لەهەوڵی ئەوەدا بن، ئەو داهاتانەی لەفرۆشتنی نەوت وغازەوە بەدەست دێن، بخرێنە خزمەت کەرتەکانی تری ئابوری وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار. پەرەپێدانی بەردەوام پەیڕەو بکەن بۆ ئەوەی داهاتەکانی هەرێم فرە چەشن و فرەسەرچاوە بن، چونکە بەمێژوو سەلمێنراوە ئابوری کرێخوری وڵاتان، بەردەوام نابێت و مەترسی زۆر هەیە لەسەر ئایندەی وڵاتانی ئابوری کرێخۆر.
بۆ ئەوەی ئاسایشی خۆراک دابین بکرێت، کەلەئێستادا هەرێم ئاسایشی خۆراک و خۆژێنی لەدەستداوە، پێویستە گرنگی زیاتر بەکەرتی کشتوکاڵ بدرێت، خوای گەورە نیعمەتی زەوی وزاری باش و سەرچاوەی ئاوی زۆر ودەستی کاری باشی بەخشیوە بەهەرێم، تەنها ئەوەی کەپێویستە پلان و سیاسەتی ئابوری و پاڵپشتی ئەم کەرتەستراتیژییە بێت.
بۆ ئەوەی پشت بەستن بەهاوردە کەمبکرێتەوە، پێویستە پەرە بەکەرتی پیشەسازی گەورەو ستراتیژی بدرێت، هەلی کار بۆ دەستی کار لەهەرێمدا برەخسێنیت، بەتایبەت لەئێستادا ڕێژەی بێکاری لەوپەڕی ئاستدایە و ساڵ لەدوای ساڵ قەبارەی بێکاران زیاتر دەبن.
بێ گومان، داهاتەکانی نەوت و غاز، گرنگن، شادەماری ئابوری هەرێمن، بەڵام مەترسییەکانیش کەم نین، هەر بۆیە پێویستە لەگەڵ دەستکەوتنی داهاتی نەوت وغازدا، پەرە بەکەرتەکانی تر بدرێت، بۆئەوەی مەترسییەکانی سەر ئابوری کرێخۆری کەمتر ببنەوە، وەک وڵاتانی کەنداو، بەپلان و بەرنامەی زانستی خۆیان لەمەترسییەکان بەدوورگرتووە و لەپاڵ دەستکەوتی داهاتی نەوت و غازدا، کەرتەکانی تری ئابوری وڵاتەکانیان پەرەپێداوە و لەگەشەسەندندان، وەک سعودیە و ئیمارات و قەتەر.
بۆ ڕزگاربوون لەئابوری کرێخۆر، زۆر گرنگە حکومەتی هەرێم، بەو داهاتانەی کەلەفرۆشتنی نەوت و غازەوە دەستی دەکەوێت، پەرە بەکەرتەکانی تری ئابوری هەرێم بدات. چیتر هەموو داهاتەکان نەڕۆن بۆ خەرجی بەگەڕ(مووچە).
پەرەپێدان بەکەرتەکانی تر زامنی سەرکەوتنی ئابوری هەرێم دەکات، پێویستە زیاتر بیر لەوەبەرهێنان بکرێتەوە و هەلی کار برەخسێنرێت، تائابورییەکەمان بەرهەمدار بێت.
* ئابووریناس
- Latest Posts by سەرکۆ یونس
سەرکۆ یونس: پارەو بێ پارەیی.
-سەرکۆ یونس: ووردە سەرنج، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەندێ لەباجەکان.
-سەرکۆ یونس: بڕوانامە، یان مەعریفە.
- All Posts