زمناکۆ ئیسماعیل: زاراوەی کوردی ناوەند، بەهەڵەیەکی گەورەوە، لەنێو گۆگڵ دابەزی.
ئەوکاتەی هەواڵی دابەزاندنی بەشێکی نوێی زمانی کوردی، لە کۆمپانیایی جیهانی گۆگڵ، کەوتە بەرگوێم، زۆر دڵخۆشیکردم، بەدوایی سەرچاوەی هەواڵەکەدا گەڕام، زانیم کە گەنجێکی ماندوو نەناسی ئەم نیشتیمانە، بەناوی (بۆکان جاف) و ستافێکی هاوکاری، بەئەو کارە هەڵساون، هەرزوو لەنێو گۆگڵ و یوتوب و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بەدوایی ناسنامەی ئەم بەڕێزەدا گەڕام، چەند چاوپێکەوتنێکیم کەوتە بەرچاو، گومانم نەما لەڕاست و دروستی هەواڵەکە، ئەم چەند رۆژەی دوایش، بەردەوام چاودێری بەشی وەرگێڕانی گۆگڵ (google translate)م دەکرد، لەکۆمپانیایی گۆگڵ، هەتا ئەوکاتەی، زاراوەی کوردی ناوەندم بینی، لەنێو بەشی وەرگێڕانی کۆمپانیایی گۆگڵ، سازو ئامادە بوو بۆ کارکردن، ئالێرەوە گومانەکانم بوون بەڕاستی، ئاخر ناهەقم مەگرن، کە توشی ئەو هەموو قەلەقییە بووم، چونکە دوژمنی کورد زۆرە و خۆشیان نایشارنەوەو دەڵێن: کورد لەئەرفیقیاش خێمەیەک هەڵبدات، ئێمە دژی دەوەستینەوە”، ئالەو دژمنبوونەی ئەوان ترسام، کە ڕێگربن لەدابەزاندنی وەرگێڕی کوردی لەگۆگڵ، کەواتە سەرکەوتنی ئەو کارە، دەستکەوتە، پێزانینی تەواومان هەیە بۆ هەوڵەکانی بۆکان جاف و هاوکارەکانی، پشتیوانی دەکەین، بەڵام ئەوەی دڵتەنگی کردم، ئەو هەڵە گەورەیە، کە (زمان و زار و لق)، تێکەڵکراوە و زاری ناوەند بچوککراوەتەوە بۆ لقەزار، وەک چۆن چەندین ساڵە هەمان هەڵە دەکرێت و دوبارە دەبێتەوە، هەمان هەڵە بەسەر هەمواندا تێپەڕ دەبێت و کەس باسی ناکات و کەسیش قسەی لەسەر ناکات، تەنانەت کەمترین هەڵگرانی بڕوانامەکانی دکتۆراو ماستەرەکانی نێو زمانی کوردیش، بەبیانووی هەڵەی باو، چاوی خۆیان لەئاستیدا نوقاندووەو باسی ناکەن، ئالێرەوە بۆ من گرنگە، کە ئەو هەڵەیە ڕاست بکەینەوە، نەهێڵین بەسەر وەرگێڕانی کوردی ناوەند لەگۆگڵ تێپەڕ ببێت.
هەر کەس شارەزا بێت دەزانێت، لەڕوویی زانستییەوە زمان دابەش دەبێت بەسەر چەند ئاستێکدا، پێکهاتەی (زمان)، چەند (زار) ێکە، کە بە لاتینی پێی دەڵین (دیالێکتیک)، بەعەرەبیش پێدەڵێین (لەهجە)، پێکهاتەی زاریش چەند (لق) ێکە، هەندێک ناوچەش پێی دەهێژن (شێوەزار)، کە من لای خۆمەوە (لقەزار) بەڕاستتر دەزانم، هەموو زمانەکانی دونیا، بەو چەند ئاستەدا دەڕۆن، زمانی کوردیش پێکدێت لەچەند زارێک و سەرجەم زارەکانیش پێکدێت لەچەند لقەزارێک، کەهەریەکەو بەجۆرێک دابەشبووەو بەهەموشیان دەبنە زمان.
ئەو هەڵە زۆر گەورەیەی کەلەوەرگێڕانە کوردییەکەی نێو گۆگڵ دەبینرێت، بریتییە لە (زاری کوردی ناوەند بەهەموو لقەکانییەوە دانراوە، بەڵام بەناوی لقی سۆرانییەوە)، کە ئەمەش لەڕوویی دابەشکاری زانستی زمانی کوردی هەڵەیە، ناکرێت زارێک بکرێتە نێو گۆگڵ، بەناوی لقێکی وەک (سۆرانی)، ڕەنگە درک بەو هەڵەیە نەکەین هەتا نەبینە خوێنەری نوسینەکانی نوسیارانی بواری زمانی کوردی وەک (تۆفیق وەهبی، موحهممهد ئهمین زهکی بهگ، ئایهتوڵڵای مهردۆخی کوردستانی، شێخ موحهممهدی خاڵ) و (عهلادین سهجادیی، تایهر سادق، عهبدولڕهحمانی زوبێحی، مهسعود موحهممهد) و (موحهممهد ئهمین ههورامانیی، زوبێر بیلال ئیسماعیل، دکۆر جهمال نهبهز، کەریم زەند، دکتۆر عیززهدین مستهفا رهسووڵ) و (دکتۆر مارف خهزنهدار، دکتۆر کهمال فوواد، دکتۆر ئهورهحمانی حاجی مارف) و (دکتۆر فوئاد حهمهخورشید و د.حسێن موحەمەد عەزیز و پڕۆفیسۆر کوردۆییڤ و خوا لێخۆشبوو د.ڕەئوف ئالانی و شێرکۆ بێکەس و نەوشیروان مستەفا)، هەریەکە لەو نوسیارانەی سەرەوە کەناوم هێنان، لەنوسینەکانیاندا سۆرانی بە لقەزار ناو دەبەن نەک بە زمان و زار، بەڵام بەتێڕوانینی جیاوازو لەژێر ناوی جیاوازدا باس لە زار (دیالێکتیک – لەهجە)، ی ناوەند دەکەن.
لەتێڕوانینی زمانزان و نوسیار (تۆفیق وەهبی)، زمانی کوردی دابەش دەبێت بەسەر چوار زاراوەی وەک ( کورمانجی، لوڕی، گۆران، زازایی)، ئەو کورمانجی کردووە بەدوو بەشی (کورمانجی ژووروو، کورمانجی خواروو)، لەنێو کورمانجی خواروو (سلێمانی و سۆرانی و مەهابادی و ئەردەڵانی و موکری و هەولێری و کەرکوکی و سنەیی)، وەک لقەزار نوسیوە، لەهەمانکاتدا سۆران و سلێمانی بەجیا نوسیوەو لەیەکتری جیا کردونەتەوە، ئالێرەدا دەبێت لەیادی نەکەین، زۆربەی نوسینی کوردی، بەهەردوو بەشی (ووێژەیی و زانستی)، نوسینەکانی نێو میدیا و پەڕتۆکسازی، دەربڕینەکانی نێو هونەرەکانی فیلم و شانۆو گۆرانی کوردی، بە لقەزاری سلێمانی گۆتراوە، نەک لقەزاری سۆرانی، بەڵام زۆرینەی کوردزمان، بە نەزانی دەبێژین سۆرانی قسە دەکەین، هەرچۆن ساڵانێکی زۆریش لەبری ئەوەی بە کورمانج زمانەکان بڵێین (کورمانجی) قسە دەکەن، دەیانگۆت بە (بادینی)، قسە دەکەن.
لەهەمانکاتدا نوسیاران و ئەکادیمانی سەردەمی ئێستای بواری زمانی کوردی، سۆرانی وەک لقەزار هەڵدەسەنگێنن، نەک وەک زمانێکی سەرەکی یاخود وەک زارێکی سەربەخۆ، پڕۆفیسۆر دکتۆر فوئاد حەمە خورشید، لەپەڕتۆکی (زمانی کوردی و دیالێکتیکەکانی)، لقەزاری سۆرانی، بەبەشێک لەکورمانجی ناوەند هەژمار دەکات و سلێمانیش بەجیا وەک سۆرانی بەلقێکی سەربەخۆ هەژمار دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کەبەتەنیشت ئەوانەوە هەریەکە لە لقەزارەکانی (موکری، ئەردەڵانی، گەرمیانی) پۆلێن دەکات، لەتێڕوانینی د.فوئاد، لقە زارەکانی کورمانجی ناوەڕاست، بەلقی سلێمانی و لقی سۆرانی، دەبێت بەپێنچ لقەزار.
لای خۆیشییەوە زمان زان و پڕۆفیسۆر، د.حسێن موحەمەد عەزیز، لە گۆتارێکیدا لەژێر ناونیشانی، (دیالێکتیکەکانی زمانی کوردی)، سۆرانی وەک لقەزارێک لەبەشی کورمانجی خواروو ناوزەد دەکات، کەڕەنگە هەمان تێڕوانینی تۆفیق وەهبی بەسەریدا زاڵبێت، بەڵام بەکۆی گشتی و بەخوێندنەوەی پەڕتۆک و نوسینی سەرجەم ئەو بەڕێزانە، سەبارەت بەزمانی کوردی، گەیشتومەتە ئەو باوەڕەی کەئێمە کوردی ناوەڕاستین و وەک زمان کوردی دەپەیڤین، بەڵام وەک زار (دیالێکتیک، لەهجە)، کورمانج نین، بەڵکو کوردی ناوەندین، لە لقەزارەکانی ( سلێمانی، سنە، موکریان، سۆران، گەرمیان، ئهردهلان)، پێکدێن.
لەو ڕوانگەیەوە دەبێت ئەو وەرگێڕانەی گۆگڵ، بەکوردی ناوەند ناوببرێت، نەک بەسۆرانی، چونکە وەک باسمکرد، سەرجەم نوسیارانی ئەو بوارە سۆران وەک لقەزار ناو دەبەن و بەنەزانی و دەربڕینی هەڵە (زار)ی کوردی ناوەند، کراوە بە لقەزاری سۆرانی.